٣٠\٧\٢٠١٩
هەڵە ستراتیژییە
سیاسییەکان کوشندەیە.

جیهاد محەمەد
هەڵەی ستراتیژیی، هەڵەیەکی کوشندەیە، دەبێت
بە نەخۆشیەکی درێژخایەن، هەتا ژیانی سیاسیی ئەو حیزبە، یان ئەو
بزووتنەوەیە، یان هەڵگرانی ئەو فەلسەفە و دیدگایە بمێنێت لە کۆڵیان
نابێتەوە، وەک دەڵێن هەتا مردن لەگەڵ نەخۆشەکەدایە و نەخۆش ناتوانێت
خۆی لێ ڕزگار بکات. هەڵەی تاکتیکیی، کە زۆر جار دەشێت ئەم هەڵەیەش
کوشندە بێت، شکستهێنەر بێت، وەلێ ئاسانترە لە هەڵەی ستراتیژیی و
دەتوانرێت لە قۆناغێکدا حیزبی هەڵەکار خۆی لێ دەربارز بکات. هەڵەی
ستراتیژیی لە دەستدانی دەرفەت و بواری جێبەجێکردنی دیدگا و جیهانبینیە
بەلسەفییەکانە، بۆ هەرچ حیزب و بزووتنەوەیەکی هەڵەکار. جگە لە
لەدەستدانی دەرفەت و بوار و دەریچەکانی ڕزگاری و ئازادی و سەرفرازی چین،
یان نەتەوەی چەوساوە، کە حیزب و بزووتنەوە هەڵەکارەکان هەڵگری ئەو
دروشمانە بوون،لە پێناویاندا هاتوونەتە ئاراوە. جار هەبووە حیزبی
هەڵەکار خاوەنی خەباتێکی دوورودرێژ بوون و بە مەلاینخەڵکی ستەمدیدەی
چینە چەوساوەکان، یان نەتەوە چەوساوەکانیان کردووە بە سوتەمەنی خۆیان،
بەڵام بە هەڵە ستراتیژییە سیاسییەکانیان، چ لە تیۆرییدا، یان لە
پراکتیکیدا، هەرچییان کردووە و هەرچیان هۆنیوەتەوە و چنیویانە بە جارێک
هەڵوەشێنراوتەوە و، هەموو خەڵکە ستەمدیدەکەش بوون بە ئاردی ناو دڕک و
پەرت و پەرتەوازە بوون لە یەکتری. ئیتر ئەم دەردە کوشندەیە دەیان ساڵی
خایاندوە و بێ متمانەیی و بێ باوەڕیەکی زۆر گەورە لە ناو خەڵکدا
تەشەنەی کردووە، هەم بە ڕابەر و پێشەوا و حیزبە سیاسییەکان، هەم بە
ئیرادەی خۆیان. ئەم بێ متمانەیی و بێ باوەڕیە تەنها خودی حیزبەکانی
نەگرتووتەوە، بەڵکو درێژەی کێشاوە بۆ بێ متمانەبوون بە فەلسەفە و
جیهانبینیەکەیان، بە ئایدۆلۆژییەکەیان، بەو بنەما تیۆریانەی کە لەسەری
کاریان کردوە.
بۆ نموونە حیزبە ناسیۆنالستیەکانی کوردستان، جگە لەوەی خۆیان کرد بە
ئامانج و مەسەلە نەتەوەییەکەیان کرد بە ئامڕاز بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و
درێژەدان بە حوکمڕانییەکی هەتا بڵێی خراپ و نادادپەروەر و نایەکسان، کە
ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە بوو کردیان. جگە لەم هەڵە ستراتیژیە
ئیداریی و سیاسییە، هەڵەیەکی ستراتیژیی سیاسیی گەورەتریان کرد، بە
دانانی سەرۆکی حیزبەکانیان بە فریادڕەس و کاریزمایەک بە وێنەی "خواوەند"
بۆ پەرستن. کاتێکیش کە سەرۆک و ڕابەرە فریادڕەسە خواوەندیەکەیان تووشی
شکستی سیاسیی دەبێت، وەک مەلا مستەفای بارزان، یان تووشی مردن و نەخۆشی
کوشندە دەبێت وەک جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، ئیتر حیزبەکانیان
تووشی شکستی گەورەی سیاسیی و ئیداری دەبن و خۆیان بۆ ڕاستناکرێتەوە،
ئاخر کە "خوا" مرد، لە نێوان خەلیفەکاندا بۆ مێراتگریی و جێگرەوە جەنگ
بەرپا دەبێت. ئەم حیزبە ناسیۆنالیستانە، وەک پارتی و یەکێتی و لەم
دوایانەشدا بزووتنەوەی گۆران جگە لە قسەکردن بۆ چاکسازی و هەوڵدانێکی
بێ سوود بۆ گەڕانەوە بۆ حیزبێکی مەدەنی سیاسیی، بە هیچ جۆرێک ئەم
قسەکردنانەیان بۆ ناکرێت بە پراکتیک و ناتوانن ڕزگاریان بێت لەو
تەنگەژە سیاسی و فەسادیەی تووشی بوون. ئەوەتا نەک هەر ناتوانن دوای ئەو
ئامانجە بکەون کە لە پێناویدا دروست بوون، بەڵکو خودی حیزبەکانیشیان
تووشی گەندەڵی و دەستەگەریی و ناکۆکیی گەورە بوون لە نێوان خۆیاندا.
هەرچ دەستە و گروپێکیان، هەرچ سەرکردە و کەسی دیاریان ناچار بۆ خۆ
پاکردنەوە، کە ناتوانن خۆیان پاکبکەنەوە، دەستە و گروپەکانی تر و
کەسەکانی تر تۆمەتبار دەکەن و دەستی چەوری خۆیان بەیەکتری دەسڕن.
حیزبە ناسیۆنالستیەکانی کوردستان، دوو دەیە و نیو زیاترە بەردەوام
هەڵەی ستراتیژیی دەکەن، بەردەوام وازیان لەو ئامانجە هێناوە کە لە
پێناویدا دروستبوون، خودی خۆیان و حیزبەکانیان بوون بە ئامانج، خەریکی
خۆدەوڵەمەندکردنن. خۆ دەوڵەمەندکردن و گوێنەدان بە هیچ ڕەخنەیەکی خەڵک،
وای لێکردن تووشی دەیان فەسادی ئیداری و سیاسیی و حیزیی بوون، خەڵکیان
تووشی دەردیسەری کردووە، بە هەمان شێوەی خۆیان خەڵکیان تووشی فەساد
کردووە، بە تایبەتی چینی بازرگانەکان و دەوڵەمەندەکان و کاسپکارانیان
تووشی فەسادی کردووە. ئێستا وا خەریکە لەسەر دەوڵەمەند بوون و پێگە
فەسادیە گەورەکەیان دەبێت بە شەڕ و ئاژاوەیان، هەرچ رۆژە و لە
کەناڵێکەوە کەسێکی سەرکردە بە ئاشکرا دەردەکەوێت و دەیەوێت خۆی بکات بە
فریادڕەسی حیزبەکەیان و خەڵکی کوردستان.
ئەم حیزبانە بە تایبەتی یەکێتی و پارتی ناتوانن هیچ جۆرە چاکسازییەک
بکەن، ناتوانن ببن بە حیزبی مەدەنی و سەردەمیانە لەگەڵ دنیای سەردەمدا
بڕۆنە پێشەوە. هەرچی دەیڵێن و دەیکەن هەمووی وەک بڵقی سەر ئاو دوای
ماوەیەک فش دەبێتەوە.
یەک ڕاستی هەیە کە ئەتوانم بڵێم هەموو کەس لە کوردستاندا ئەگەر خۆی گێل
نەکات دەیزانێت! ڕزگاربوون لە فەسادی ئیداری و حیزبیی و ماڵیی، ئەم
حیزبانە بچووک دەکاتەوە و ئەم قەوارە گەورە زەبەلاحەیان نامێنێت،
ئەمەشیان پێ قبووڵ ناکرێت، بۆیە ناتوانن خۆیان و حیزبە فاسیدەکانیان
ڕاستبکەنەوە. ئەمان ناتوانن ئەم هەنگاوانە هەڵبنێن: ١- لە پێش هەموو
فاسیدەکانی کوردستاندا، خۆیان بچنە بەردەم دادگایەکی عادیلانە و
لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پرسیاریان لێبکرێت"ئەم دەوڵەمەندی و
بزنسکاریی و بازرگانیەتیەت لە کوێوە هێنا؟" ٢- دەست هەڵبگرن لە دەیان و
سەدان پرۆژەی بازرگانێتی. ٣- واز لە دەیان کەناڵی تەلەفزوێنی و
ڕۆژنامەی ڕاستەوخۆ و سێبەر بهێنن. ٤- واز لە دەیان هەزار موچەخۆری
بندیوار بهێنن، کە بوون بە لەشکرێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاریان
دەهێنن بۆ دەنگدان بەم حیزبانە. ٥- دەستبەرداری فڕوفێڵی سیاسیی و ئەژنۆ
شکاندنی یەکتری بن. ٦- واز لە تێکەڵکردنی دەستی چەپەڵیان بهێنن لەگەڵ
وڵاتانی دەوروبەر و عێراقدا. ٧- درۆ نەکەن و ڕاستگۆیانە داوای لێبوردن
بکەن لە خەڵکی کوردستان، هەرچیان هەیە لە پارەوپول و سەروەت و سامانی
دزراو و قایمکراو لە ناو بانکەکانی ئەوروپا و دەوڵەتانی دەوروبەردا
بگێڕنەوە بۆ خەڵکی کوردستان. ٨- یاسا سەروەر بکەن و خۆشیان وەک هاوڵاتی
ئاسایی یاسا بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت. ٩- لە هەڵبژاردنەکاندا ساختە
نەکەن. ١٠- یاسای هەڵبژاردنەکان بگۆڕن بە یاسایەکی دیموکراتیانە. ١١-
باج و خەراج بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخەنە سەر هەموو بازرگان و
دەوڵەمەندەکان. ١٢- ژێرخانی ئابووری ببوژێنەوە١٣/دیموکراتی بن لەگەڵ
هەموو هاوڵاتیاندا وەک یەک ١٤- فەزڵی حیزبییەکانی خۆیان، یان
سەرکردەکانی خۆیان نەدەن بەسەر خەڵکی تردا ١٥-پاکسازی بکەن لە زیاتر
٤٠٠٠چوار هەزار ڕێکخراوی بەناو مەدەنیدا، کە لە سەدا ٩٧ی ئەم ژماریە
فاسیدە و هی خۆیانە. ١٦- کێشەکانیان لە گەڵ پەکەکە و حیزبەکانی
ڕۆژهەڵاتدا بە شێوەیەکی عەقڵانی و سیاسیانە چارەسەر بکەن.١٧-
پەروەردەیەکی دیموکراتی و نوێ دامەزرێنن کە بنەمای ئیدارە و حوکمڕانی و
دیموکراتی پێشکەوتووە. ١٨- واز لە تووندووتیژی بهێنن. ١٩- دیموکراتیانە
لەگەڵ خۆپیشاندەراندا مامەڵە بکەن. ٢٠- لە خودی خۆیانەوە وەک سەرۆکی
هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی حیزبەکانیانەوە دەستپێبکەن بە چاکسازی
و پاکسازی و لێپرسینەوە. ئەمەی ئەمان کردویانە لەماوەی حکومڕانیاندا،
هەڵەی ستراتیژیی گەورەیە، خۆیان بۆ ڕاستناکرێتەوە، ناتوانن بۆ هەتا
هەتایە خۆیان لەو نەخۆشییە کوشندەیە ڕزگار بکەن.
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|