٣٠\١١\٢٠١٢
هەڵفڕینی قەلەکان
و بەزمی پشیلەکان؟!

ستار محەمەد قادر
ئەگەر نێو ماڵی کورد لە چرکە ساتە هەستیارەکاندا رێکبخرێت، بە
دڵنیاییەوە کورد فریای هەڵفڕینیش ناکەوێت، هەر چەندە سەرۆکی هەرێمی
کوردستان بەر لە هەشت مانگ پەیامی خۆی گەیاندو ویستی بەرچاو روونی
بداتە نەتەوەکەی و هاوڵاتیانی هەرێمەکەی بۆ ئەوەی بە رێگای هەڵەدا
نەڕۆن و نەکەونە داوی دوژمنانەوە، چونکە جەنابیان هەر زوو درکی بەو
مەترسیانە کردبوو و دەمامکی لەسەر روخساری بە نێو هاوپەیمانەکەانی
کوردەوە هەڵماڵیبوو، بەڵام مخابن زۆربەی هێزو لایەنە سیاسیەکان ئەو
هۆشداریەی سەرۆکیان بە هەند وەرنەگرت و ئامادە نەبوون لە پێناو
بەرژەوەندی باڵای گەلەکەیان دەسبەرداری کێشە شەخسیەکانیان ببن،
هێندێکیش لە هەوڵی ئیفتیعالکردنی ئەزمەدا بوون و ئەوەیان بەردەوام
دووپاتدەکردەوە گوایە سەرۆکی هەرێم دەیەوێت باز بەسەر کێشە نێو
خۆییەکاندا بداو هاوڵاتیان و ئۆپۆزسیۆن بە بەغداوە سەرقاڵ بکات!
ئەم رووداوەیش رێک بە پێچەوانەی بەسەرهاتی ئەو قەلەوە دێت کە ئامۆژگاری
بێچووەکانی دەکاو پێیان دەڵێت: هەر کاتێک بینیتان کەسێک دانەویەوە بۆ
بەرد ئێوە هەڵبفڕن، یەکێک لە بێچووە قەلەکان دێتَە وەڵام و لە دایکی
دەپرسێت: ئەی ئەگەر بەردەکە لە بن باخەڵیدا بێت؟ دایکی لە وەڵامدا
دەڵێت، هیچ کەواتا ئێوە لە من زیرەکترن؟!
کورد نابێت ئەوەندە پشت ئەستوور بێت بە عێراقێک بە نێو فیدڕاڵ و
دیمۆکرات، چونکە دیمۆکراسیەت لە عێراقدا، جگە لە بەزمی ئەمریکا، ناکرێت
هیچ جۆرە خوێندنەوەیەکی بۆ بکەین، عێراقی پەرلەمانی و دیمۆکراتی،
عێراقی ژێر هەژموونی ئەمریکایە، نەک زادەی واقیعی حزب و هێزە سیاسیەکان
بێت!
دیمۆکراسیەت تا نەبێت بە کلتوورو لە نێو فەرهەنگی میللەتاندا جێگیر
نەبێت، بە دڵنیاییەوە لە ژێر پەرچەمی دەستووردا نا چەسپێت، بە تایبەتیش
بۆ وڵاتێکی وەکو عێراق کە حاڵی حازر بووە بە گۆڕەپانێک بۆ تەسفیەی
حیساباتی وڵاتە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەکان!
رەوشی سیاسی و دەستووری ئەم وڵاتە لە ئێستادا رێکو رەوان بە بەزمی
پشیلەکان دەکات، دەگێڕنەوە مەلیک هۆرمز بەر لە مردنی بە ئەنەوشێروانی
کوڕی دەڵێت، کوڕم دوای مردنی من تۆ دەبیت بەفەرمانڕوای ئەم وڵاتەو چی
جۆرە گۆڕانکاریەت پێ باشە دەتوانیت ئەنجامی بدەیت، بەڵام یەک داوایەکم
لە تۆ هەیە، ئەویش بە هیچ شێوەیەک فڵان وەزیر لە پۆستەکەی مەگۆڕە،
چونکە مرۆڤێکی دڵسۆزو بەهرەمەندە!
دوای مردنی باوکی، ئەنەوشێروان دەنێرێتە شوێنی ئەو وەزیرەو لێیدەپرسێت:
تەبیعەت دەگۆڕێت؟ وەزیرەکە لە وەڵامدا دەڵێ نەخێر گەورەم،
ئەنەوشێروانیش فەرمانی پێدەکات بۆ ماوەی یەک ساڵ لە ماڵەوە دابنیشێت،
پاش تەواو بوونی ساڵەکە دەنێرێتەوە شوێنی و لێیدەپرسێتەوە تەبیعەت
دەگۆڕێت؟ وەزیرەکە هەمان وەڵامی پێشووی دەداتەوە، ئەنەوشێروانیش فەرمان
دەکات پشیلەکان بهێنن، چەند پشیلەیەک لەسەر پێکانیان دەڕۆن و مۆم بە
دەستەکانیانەوەیەو بە دەوری پاشادا دەسووڕێنەوە، ئەنەوشێروان رووی دەمی
دەکاتە وەزیرەکەو لێیدەپرسێت، ئێستا چیدەڵێیت؟! شالیارەکە داوای مۆڵەتی
یەک هەفتە لە پاشا دەکات، دوای هەفتەکە دێتەوە داوا لە پاشا دەکات
فەرمان بکات پشیلەکان بهێنن، لە گەڵ هاتنی پشیلەکاندا شالیارەکە جاغێک
لەبن باخەڵی دەردەهێنێ و رووەو خوار دایدەتەکێنێت، چەند مشکێک دەکەونە
سەر زەوی پشیلەکان مۆمەکان فڕێدەدەن و پەلاماری مشکەکان دەدەن،
شالیارەکە لەپاشا دەپرسێت: گەورەم ئێستا چیدەڵێیت؟! ئەنەوشێروان هیچ
ناڵێت، شالیارەکە دەڵێت گەورەم تەبیعەت لە گەڵ رۆحدایە، تۆ ئەو
پشیلانەت فێری بەزم کردووە، ئەگەر بتەوێت دەسکاری رۆحیان بکەیت، ئەوە
جگە لە خالق لە تواناو هێزی ئینساندا نیە!
کورد دەبێت پێشبینی ئەوەی بکردبایە بۆ جارێکی دیکە لە لایەن حکومەتی
بەنێو فیدڕاڵ و دیمۆکراتی عێراق و لە ژێر پەرچەمی دەستووردا رووبەڕووی
هەڕەشەو بەکارهێنانی هێزو لە باربردنی خەونەکانی دەبێتەوە، چونکە ئەو
دیمۆکراسیەتەی ئەوان ئیدیعای دەکەن، جگە لە بەزمی ئەمریکا ئەوان هیچ
قەناعەتێکیان پێی نیە، بۆیە هەر کاتێک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت،
دەمامکەکانیان فڕێدەدەن و حەقیقەتی خۆیان ئاشکرا دەکەن، ئەگەر بڕوایان
بە دیمۆکراسیەت هەبێت، ئەوا باوەڕیشیان بە رەشنووسی دەستوور دەبوو،
بەڵام ئەوەی دەیبینین، هیچ جیاوازیەکی ئەو تۆی نیە لە گەڵ رژێمی
پێشوودا، بەڵکو جیاوازیەکان شکڵین و سیمای دیکتاتۆرێک لابراوەو یەکێکی
دیکە لە هەوڵی ئەوەدایە شوێنی بگرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا حکومەتی
دەوڵەتی قانوون نە خاوەنی ئەو هێزە سەربازیەیە تا هێڕش بکاتە سەر
هەرێمی کوردستان و نەش ئەو ئیمکانیەتەی هەیە ئەمە کردەوەو
بیرکردنەوەیەتی، ئەی ئەگەر بیبێت؟ بۆیە لە جێی خۆیدایە گومانمان لە
هەموو شتێک هەبێت، با نەکەوینە داوی بەزمی ئەمریکاوە، دوایی فریای
هەڵفڕینیش ناکەوین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|