په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٩\٢٠١٣

هەڵمەتى هەڵبژاردن یان هەڵمەتى هەڵفریواندن.


نەجم محەمەد     


بیست و دوو ساڵ خەڵکى ئەم هەرێمە ئەزمونى هەیە لەتەک هەڵبژاردن داودەست و پەنجەى لە تەک هەڵبژاردندا نەرم کردوە لە سیاسەتى وبەرنامەى فریوکارانەى حیزبەکان تێگەیشتوەولە وادە و بەڵێنە بریقەدارو درۆئامێزەکانیان گەیشتوە بیست و دووساڵە خەڵکى ئەم هەرێمە بەهەڵمەتەکانى هەڵبژاردن گوێ ى کاس دەکرێ ...بیرى قاڵ وبێزار دەکرێ....چاوى پڕدەکرێت و چاوبەستى لێدەکرێت ودوابەدواى هەڵبژاردنەکانیش دەرئەنجام سادەترین و بچووکترین ئاڵوگۆڕلە ژیانى خەڵکید نەک هەر ڕوونادات بەڵکو مەینەتیەکانیان زیاتر دەبێت و بێ مافى زیاتر یان بەرابەر دەکرێت و ئازادیەکانبان زیاتر بەرتەسک دەکرێتەوەوپێشێل دەکرێت ونابەرابەریەکان فراوانتردەبێتەوە لە بەرابەریشدا کۆمەڵێ کەسانى حیزبى دەست ڕۆیشتووسوود مەند دەبن و دەبنە حاکم بەسەرخەڵکیەوە وپلە و پایە و ئیمتیازیات وەردەگرن بەسەردەنگى خەڵکیەوە وەک پاشاکانى کەنداو دەژین و دواتر ئەو خەڵکە ناناسن و ئاوڕلە خەڵکە نادەنەوە وگوێ لە دەنگى ئە و خەڵکە ناگرن ئەمانە ئەوە ندە خەڵکیان دەوێت کە دەنگیان پێبدەن و لەڕێ ى سندوقەکانەوە بیانخەنە سەر کورسیەکانى دەسەڵات دواتر ئەمانە دژ بە داواو ماف و ئیرادەى خەڵک دەوەستنەوە دەبنە دژەخەڵکى لە کاتى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردندا ئەمانە سەرى زمان و بنى زمانیان هەر ناوهێنانى خەڵکیە و هە رنوێنەرایەتى کردنى خەڵکیەوتێکەڵ بەخەڵکى دەبن ولەنزیکەوە خەڵک بەسەردەکەنەوە لە شوێنى کارو ژیانیان تەنانەت دەرگا بەدەرگا لە ماڵان دەدەن و دەکەونە سواڵى دەنگدان لە خەڵکى ئەمانە هێندە سادە و کۆمەڵایەتى دەبنەوە کەخەڵک دەکەنە سەرشان و کۆڵیان وبەرەو سندوقەکانى دەنگدان دەیانبەن بەڵام دواى هەڵبژاردن و دەرچونیان سوارى سەرشان و کۆڵى خەڵکى دەبن دەبنە بار بەسەرشانى خەڵکیەوەولەسەرووهەموو خەڵکیەوە دەژین وخۆیان دەبیننەوە وهێندە لە خەڵک دوور دەکەونە کەکەس دەستى پێیان ڕاناگا ئەزمونى هەڵبژاردنەکانى ڕابووردوى ئەم هەرێمە گەواهى ئەم ڕاستیەدەدەن کەهەرچى لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا دەگوترێت تەنها بۆ فریوودانى خەڵکیە تادەنگ بدەن و هیچى ترلە م هەڵمەتانەدا دونیایەک لە یۆتۆبیاو خەیاڵ بۆ خەڵکى کوردستان سازدەکرێت ودەخرێتە بەرچاو دونیایەکى ئازاد ویەکسان وپڕعەدالەتى کۆمەڵایەتى وپڕ خۆشگوزەرانى وخزمەتگوزارى و کامەرانى و جێ بەجێکردنى مافەکانى مرۆڤ و دونیایەک کەخەڵکى لە هیچى کەم نەبێت نان .. کار.. زەوى ..خانوو... هتد، کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەخرێنەوە سەرهەرێم و... هتد، کە ئەمانەش خەونێکن وەک بڵقى ئاو دواى هەڵبژاردن نامێنن تەنها لە سەر زەوى خەونێکى فریوو دەرانەدا هەن نەک زەوى واقعى ڕاستەقینە دونیایەک بەرنامە و پرۆژەى ڕەنگاوڕەنگ دەخرێنە ڕوو ئاوڕ لە هەموو شتێک و لەهەموو کەسێک دەدرێتەوە وگوێ لە هەمووکەس دەگیرێت بەرپرسەکان سادەو ساکاروکۆمەڵایەتى دەبنەوە وڕوویان گەش دەبێت وبەدەم خەڵکەوە پێدەکەنن ودادەبزن بۆ ناو بازاڕو گەڕەک وشەقامەکان و ماڵەکان وخەڵک بەسەردەکەنەوە لەم هەڵمەتانەدا بەگرنگیەوە باس لە کرێکارو خەڵکى هەژارو زەحمەت کێش دەکرێت باس لە خانووەقوڕەکان و مناڵانى بەش مەینەت و مناڵانى دەست فرۆش دەکرێت وباس لە ژنانى ستەمکێش ودەست فرۆش دەکرێت و بەسەردەکرێنەوە تەنها بۆ ڕیکلامى هەڵبژاردن و دەنگ دان وبەس دواتر ئەم ئینسانانەى ماندووى ڕەنج و قوربانى نێوکۆمەڵگا فەرامۆش دەکرێن و ئەمانە تەنها و تەنها لە کاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا دان بەوە دا دەنێن ودەزانن کە لە نێو کۆمەڵگادا خەڵکى کرێکارو هەژارو زەحمەت کێش هەیە وژنان ومناڵى بەش مەینەت هەیەوخەڵکانێکى زۆرى بێ مەسکەن هەن و خەڵکانێکى زۆریش هەن لە گەڕەکە هەژار نشینەکاندا لە نێو خانووى قوڕدا ژیان دەگوزەرێنن دەنا لە کاتى ئاسایدا دان بە بوونى ئەم ئینسانانەدا نانێن وباسیان لێوە ناکەن ئەمە چ شەرمەزاریەکە ؟؟ ئێ باشە پێمان ناڵێن لە ڕۆژانى ئاسایدا بۆباس لە م پرۆژە و بەرنامەى کارانە ناکەن و جێ بەجێ ى ناکەن کێ دەستى گرتون کێ ڕێ ى لێ َگرتون بۆ نایکەن؟؟!!!

 

باشە ئەگەر ئێوە خۆتان بەنوێنەرى خەڵک دەزانن بۆ خۆبەخشانە ئەو نوێنەرایەتیەناکەن لە دەرەوەى پەرلەمان و حیزبەکانتان لە نێو کۆڵان و شەقامەکانى شارولادێکانى کوردستان ئەو کارە ناکەن ئەمە چ نوێنەرایەتیەکە کەتۆ مانگانە بڕى (٧) ملیۆن دینار کرێ ى نوێنەرایەتیکردنى خەڵک وەربگریت لەپەرلەمانداو دواتر بەسەر دەنگى خەڵکیەوە بەمووچەى پەرلەمانتار خانەنشین بکرێیت لەولاشەوە خەڵکى هەژارو دەست تەنگیش پارەى کرێ خانوو وژەمەخواردنێکى نەبێت و ئەمە نوێنەرایەتیە یان کاسپیە بەڕاستى کاندیدى کاسپى چەورە لە پڕێ دەبیتەکوڕى بەڕاستى سەیرە ئایا ئەمە بەهەدەردانى قوتى خەڵکى نیە ئایائەمە گەندەڵى نیە؟؟!!!ئاخر پێم بڵێَن لە کامە گۆشەى دونیادا نوێنەرایەتیکردنى خەڵکى بەکرێ ى مانگانە بێت ئەمە بازرگانى کردنە نەک نوێنەرایەتى کردن..یان ئەو هەموو قوماش و پەڕۆیە دەکرێتە ئاڵاو لۆگۆى حیزبى و دروشمى لیستەکان ئە گەر لەبرى ئەمە بکرێتە جل و بەرگ َ بۆ مناڵانى هەژارو ڕەش وڕووتى ئەم کوردستانە باشتر نیەکەلە کوردستاندا بەهەزاران منداڵ هەن بەهرەمەند نین لە جلو بەرگ وخەون بە جل وبەرگێکى جوانەوە دەبینن..لەهەمووى سەیرتر لەم هەڵمەتى هەڵبژاردنانەدا فتوا دەرانى کوشتنى ژنان باس لە ئازادىو یەکسانى نێوان ژن وپیاو دەکەن و دەبنە داکۆکى کەرى سەرسەختى مافەکانى ژنان ودژى توندووتیژین دەرهەق بە ژنان ڕۆژگارێکى سەیرە!!!!!


لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا باس لە هەل ومەرجى خراپى بارو گوزەرانى خەڵکى دەکەن بەڵا م لە کاتى ئاسایدا لە ڕاگەیاندنەکانەوە هاوار دەکەن کەوەزعى ژیانى خەڵکى کوردوستان زۆر باشە و بارى ئابوورى خەڵک باشە و لە هەمووى کۆمیدى تر کوردستان دەشوبهێنن بە دوبەى و بەئەوروپا سەیرە !! ئەوان ڕاس دەکەن ئاخروایەکوردستان بۆ بەرپرسەکان و سەرکردەکان وخاوخێزان و کەس و کاریان دووبەى و ئەورپایە بەڵام بۆ خەڵکى کرێکارو هەژارو زەحمەتکێش و کەم دەست سۆماڵ و نێجیریایە هەرلەهەڵمەتى هەڵبژاردندا تاوانى ئەنفال و هەڵەبجە دەکرێنە ئامرازێک بۆ ڕیکلام کردن وکاندیدەکان و حیزبەکانیان خۆیان دەکەنە نوێنەر و خەمخۆرى کەس و کارى ئەنفال و کیمیاباران.

 

هەربۆیە من پێم وایەهەڵبژاردن وپەرلەمان هیچ ئاڵوگۆڕێکى جدى و ڕیشەیى لە بارو گوزەرانى خەڵکى کرێکارو هەژارو زەحمەت کێش و بەش مەینەتدا ناکات وخەڵکى کوردستانیش ئەم ڕاستیە دەزانێت و ئەزمونى کردووە تەنانەت سەردەمانێک خەڵکى کوردستان گەیشتنە ئە و قەناعەتە و بڕیاریاندا چى دى بەشدارى هەڵبژاردنەکان نەکەن وپەنجەکانیان ببڕن گەر دەنگى پێبدەن بەڵام کە ئۆپۆزیسیون دروست بوو ئەم قەناعەت و بڕیارەى خەڵکى ناڕازى گۆڕى و هیواو ئومێدێکى پێ بەخشینەوە دیسانەوە خەڵکیان فریودایەوە وڕاکێشایەوە بۆ سەر سندوقەکانى دەنگدان بە ئومێدى گۆڕانێک لە وەزع و گوزەرانى خەڵکیدا بەڵام دیسان ئەم هیواو ئومێدانەى خەڵکى بە ئۆپۆزیسیون زوو ڕەویەوە چونکە ئۆپۆزیسیونیش لە پێناو گەیشتن بە کورسى و دەسەڵات وبەرژەوەندیە حیزبیەکانى خۆیاندا ئەمانیش وەک دەسەڵات کە وتنە فریوودانى خەڵکى ونەیانتوانى بچووکترین گۆڕان لە ژیانى خەڵکیدا بکەن بە ڵێ بیست ودوو ساڵە دەسەڵات لەهەڵمەتەکانى هەڵبژاردندا فریووى خەڵک دەدەن وهەروەها چوارساڵە ئۆپۆزیسیۆنیش فریوى خەڵک دەدات لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات وکورسى وسوارى ناڕەزایەتیەکانى خەڵک بوون هەر بۆیە نەدەسەڵات ونە ئۆپۆزیسیۆن کەسیان نوێنەرى ڕاستەقینەى خەڵک نین و هەردوولا فریووى خەڵک دەدەن دەسەڵات لە پێناو درێژەدان بەتەمەن و مانەوەى لە دەسەڵاتدا ئۆ پۆزیسیۆنیش لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵاتدا بۆ خۆى نەک خەڵکى ئەمە ناوەرۆکى مەسەلە کەیە هەربۆیە دەبێت خەڵکى کوردستان لە دەرەوەى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا دواى خەون و داخوازى و مافەکانى خۆى بکە وێت و ڕیزى خۆى جیا بکاتەوە لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و ڕیزەکانى خۆى یەک بخات وبەهێزبکات لە شوێنى کارو ژیان لە شارو گوندوو گەڕەکەکان و شەقامەکاندا بچێتە مەیدان ووبێتە فشارێکى گەورە وڕێپێوان و ناڕەزایەتى گەورە و فراوان ساز بدات لە پێناو بەدەست هێنانى خەون و هیواو داواکارى ومافەکانیدا دەبێت بەردەوام بێت لە و خەباتە مەدەنیانە چونکە ماف دەسەندرێت نادرێت ئە و مافانەش کە ئینسانە کان لە زۆرێک لە ووڵاتانى پێشکەوتوداپێ ى گەیشتون بەرهەمى خەباتى چەند ساڵەى ئینسانەکان خۆیانە نەک خێرو سەدەقەیەک کە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێونى ووڵاتەکانیان پێ ى بەخشیبن دیارە مافیش دەسەنرێت نادرێت دەبێت خەڵکى کوردستان بەهێزى فشارێکى گەورەى مەدەنیانە مافە کانى خۆى بستێنێت وچاوەڕێ ى بەخشین و مەکرەمە نەکات لەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن تا پێ ى ببەخشن چونکە چاوەڕوانیەکانى بێهودە دەمێنێتەوە تەنها خەڵک خۆى دەتوانێت نوێنەرى خۆى بێت نە دەسەڵات نە ئۆپۆزیسیۆن ناتوانن ئەو نوێنەرایەتیە بکەن و نوێنەرى خەڵک نین خەباتى خەڵک لە نێو هۆڵى پەرلەماندا نیە بەڵکو لەسەر شەقام و گەڕەک و شوێنى کارکردن و ژیانیاندایە وهەڵبژاردن بچووکترین ئاڵوگۆڕلە ژیانى ئە و خەڵکەداناکات لە کورد ستان...هەڵبژاردن هەرگیز فریاد رەس نیە.
 

ماڵپه‌ڕی نه‌جم محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک