په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٩\٢٠١٠

هەڵمەتی لەناوبردنی مین لەسنووری خانەقین دەستیپێکرد.

سەلام عەبدوڵا   

عەقید حەمید حەسەن: ئێمە بە چاوقایمی ئەم کارە دەکەین.


پاش پێکهێنانی (دەستپێشخەری هاوڵاتیان بۆ لەناوبردنی مین) لە 2/9/2010 کە پێکهات لە هەر یه‌ک له‌ رێکخراوی کارکردن لەپێناو ئاشتی، کۆمەڵەی گەشەپێدانی ئەرتەمیتا، رێکخراوە دیموکراتەکان، تالب محەمەد (سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە)، دلێر سایە (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، قائیمقامی قەزای خانەقین) هەوڵی جۆراوجۆر بۆ لەناوبردنی مین لە سنووری خانەقین - مەندەلی درا.


بەم بۆنەیەوە، دوێنێ و ئیمڕۆ بە ئاگاداری نازم شەریف(ئامر لیوای8ی پۆلیسی پاسەوانی سنووری دیالە، عەقید حەسەن حەمید(ئامر فەوجی1، لیوای8ی پاسەوانانی سنووری دیالە)، پێکەوە لەگەل نەقیب هۆشیار ئەحمەد و ئەفسەر ئەحمەد بارام، هەستان بە هەڵمەتی کۆکردنی 82مین لە نزیک قوڵە یەهودی.


لەم بارەیەوە لیوا نازم وتی: (گەرچی لابردنی ئەو مینانە دەبێتە هۆی خۆشکردنی رێگا قاچاخ، بەڵام زۆر باشترە لەوەی بکەونە بەردەستی تیرۆریستان و خەڵکی بێتاوانی پێ بکوژن).


لەلایەکیترەوە ئیمڕۆ هەر یەک لەسیروان نەورۆز بەناوی(رێکخراوی ئەرتەمیتا) و ئیبراهیم کەرەم بەناوی(رێکخراوە دیموکراتەکان لەخانەقین) سەردانی(عەقید حەسەن)یان کرد و دەستخۆشی گەرمیان لە هەڵمەتەکەی کرد.


قائیمقامی قەزاى خانەقین بەناوی دانشتوانی قەزاکەوە سوپاسی گیانی بەرپرسیارییەتی هێزی پاراستنی سنووری دیالەی کرد بۆ ئەو هەڵمەتە.


شایانی باسە، دلێر سایە(ئەندامی ئەنجومەنی پارێزکا و جێگری لیژنەی ئەمنی لە پارێزگا)، رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای دیالە جەخت لەسەر لەناوبردنی(جبەخانەی مین لەسەر سنوری خانەقین و مەندلی) کرد کە قاعیدە بەخۆڕایی دەستی دەکەوێت و لە کوشتنی هاوڵاتیانی بێتاوان لە باقوبە و بەغدا و جەلەولاو سەعدیە و خاڵس بەکاریان دەهێنێت.


هەروا لە درێژەی قسەکانی وتی: بەهەموو توانایەکم کار لەسەر ئەم کێشە قورس و ترسناکە دەکەم. عەقید حەمید لەبارەی هەڵمەتەکەوە وتی: لە راستیدا ئێمە بە چاوقایمی ئەم کارە ئەنجام دەدەین، چونکە شارەزای باشمان نییە، بەڵام دڵسۆزیمان بۆ گەلەکەمان و رزگارکردنی لە دەستی تاوانی تیرۆریستان وامان لێدەکات، مین لەناوچەکە بنەبڕ بکەین.
 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا