په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠٢٠

هەڵمەتی ''ماچ تاوان نیە'' و چەپی بۆرژوازی.

 

 

  حەمیدی تەقوایی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: کاوە عومەر

لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵمەتی ماچ تاوان نییە لە لایەن (مینا ئەحەدی)ەوە دوو دەستە لە دژی هاتوwنەتە مەیدان. دەستەی یەکەم لایەنگرانی حکومەت یان ئۆپۆزۆسیۆنی ئاینی حکومەتە. کە حیزبوڵایی و موجاهیدین و هەتا (دووی خورداد)ییەکان و هیترن دەستەی دووەمیش هەڵسوڕاوانێک کە خۆیان ناو دەنێن چەپ و کۆمۆنیست. دەستەی یەکەم ئەرکەکەیان ئاشکرایە. ماچ یاساغە بەرهەمی کلتووری کەڕوهێناوی ئەوانە و هەڵمەتی ماچ تاوان نییە هەر ئەم کۆنەپەرستانە و حکومەتەکەیانی کردوەتە ئامانج و بە دڵنیایی ئەوانیش بۆ بەرگری لە خۆیان بەئاگاهاتونەتەوە. بەڵام دەستەی دووەم "سنووربەندیان" هەیە لەگەڵ دەستەی یەکەم و هۆکار یان لە ڕاستییدا پاساوی تریان هەیە ئەوان دژی هەڵمەتی ماچ تاوان نییە راوەستاون چونکە خۆیان بە لایەنگری کرێکار دەزانن. چونکە لەو باوەڕەدان کە کرێکاران کێشەی گرنگتریان هەیە. باوەڕیان بەوەیە کە ماچ کارێکی شیک (لوکس)ە، لاوەکییەوە پەیوەندیی بە چینی کریکارەوە نییە. ئەگەنە ئەوەی بۆ هەڵمەت بۆ زیادکردنی کرێ بەڕێناخەن؟ زۆرێکێش لەو دۆستانە پێیانوایە کە لە بنەڕەتدا هەڵمەت بەڕێخستن کاری ڕێکخراوە گشتییەکانە نەک حیزبەکان! هەندێکیش پێیانوایە کە ئەوە هەمووی پیلانی وەزارەتی ئیتلاعاتە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی و خەباتی چینی کرێکار.


لە پشت هەموو ئەم تیئۆری چنینانەوە هەست و هاودڵیەکی قوڵ لەگەڵ کلتووری ڕۆژهەڵاتی و ئیسلامیی بە تایبەتی لە نیگایاندا سەبارەت بە پەیوەندیی نیوان ژن و پیاو خۆی شاردۆتەوە. یەکێک بە پشت بەستن بە قورئان و یاسا و ئەخلاقیاتی کەڕوهێناوی ئیسلامیی ڕێپێنەدروای ماچ ڕادەگەیەنێت وە ئەوی تریش بە پشتبەستن بە چینی کرێکار هەڵمەت لە دژی بە تاوانبوونی ماچکردن بە ڕێپێنەدراو ناودەبات! و هەست و فەرمانیان وەکو یەکە، ڕێنوێنییەکان جیاوازە.

سەرەتا ئەبێت ئاڵا یان بیانووی چینی کرێکار لە دەستی ئەم چەپە ڕۆژهەڵاتییە دەربهێنین. لە ڕوانگەی ئەم چەپەدا کرێکار چینێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو دەستەیەکە. ڕیک هەر بەو شێوەیەی کە بۆرژوازی سەیری چینی کرێکار دەکات، ئەوانیش کرێکار وەک دەستەیەک دەبینن کەلانی زۆر مۆڵەتی هەیە کە لە بارەی فرۆشتنی هێزی کارەوە چەندوچوون بکەن یان ناڕەزایەتی دەربڕن. کۆماری ئیسلامیی ڕایگەیاندوە کە خەباتی سیاسی بۆ کرێکاران نایاساییە و دۆستەکانمان هەڵمەت بۆ هەندێک کێشەی "ناکرێکاریی"، یەک هەڵوێستێک لە دوو پێچراوەدا.

ئەم هێنانەخوارەوەی چینی کرێکار بۆ دەستە لە دوو ڕووەوە خۆی نیشاندەدا:

١- لایەنی یەکەم ئەوەی کە کرێکاران تەنها لە کارگە و لە شوێنی بەرهەمهێناندا هەن و بەس. نە بەحیجاب و ئاپارتایدی ڕەگەزی و چەوسانەوەی ژنان دەرد و مەینەتی دەکێشێت و نە لە بەردەبارانکردن و یاسای تۆڵەسەندنەوە و نە لە بێمافیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نە لە چەوسانەوەی سەر کەمینە سەر بە نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانەوە و نە لە بێ مافی منداڵان و نە لە تێکدانی ژینگە و نە لە دژی هەڵاواردنی دژی هاوڕەگەزخواز و و پەلکە زێڕینەکان و نە لە بنەڕەتدا لە هیج کێشەیەکدا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەرهەمهێنان و چەوسانەوە و نەبێت. گوایە کوێرەوەریی و بەبارمتەگرتنی کۆمەڵگە هیچ پەیوەندییەکی بە کرێکارەوە نییە. وا دیارە کە کرێکار نە ژنە و نە منداڵەکانیان دەچنە قوتابخانە و نە هاوڕەگەزبازن و نەوەک بەهایی و سونی و ئەفغانستانی دەچەوسێتەوە و نە لە بنەڕەتدا وەک هاوڵاتییەک لە دەرەوەی کارگە ئازار و کێشەی هەیە. لەم ڕوانینەدا کرێکار خاوەنی بوون و شوناسی کۆمەڵایەتی نییە بەڵکو دەستەی بەرهەمهێنەرە، کۆیلەی کاری کرێگرتەکە ئەبێت لانی زۆر خەبات بکات لە پێناو زیادبوونی کرێ و مافی ڕیکخراوبوون و کێشە پیشەیەکانی تریدا و بەس! باقی کیشەکانی تر یان لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بەوەوە نییە یان لاوەکی و لابەلان، بە ڕادەی مەسەلە پێشەییەکان گرنگی نییە، ئەگەر لە کۆمەڵگە و لە بیروڕای گشتیدا خرایەڕوو ئەوە بە دڵنیایی پیلانگێڕیەک لە ئارادایە کە کێشە گرنگەکانی کرێکاران بخاتە ژێر کاریگەریەوە! لەم دیدگایەدا کرێکار وەک هاوڵاتی، کرێکار وەک چینێکی کۆمەڵایەتی، کرێکار وەک داواکارێکی سیاسی بە گشتی ئامادە نییە. بە هەمان ئەو تێگەشتن و لێکدانەوەی کە بۆرژوازی هەیەتی بۆ کرێکار.

بە تەنها لەم هەڵمەتی دژی قەدەغەکردنی ماچدا نییە کە ئێمە ئەم چەپە بورژوازیە لە بەرامبەر خۆماندا ئەبینین. لەگەڵ هەر ئەم جۆرە ڕێنیوێنیانە لەگەڵ هەڵمەتی دژی بەردەبارانکردنیش بوون. نەیارەکانی هەڵمەتی ماچ تاوان نییەش هەر ئەوانەن کە هەڵمەتی ڕزگارکردنی (سەکینە محەمەد ئاشتیانی) لە بەردەبارانکردن، هەڵمەتێکی سەرکەوتوو کە لە ئاستی نێونەتەوەیدا سەرکەوت و بویە هۆی هەڵوشاندنەوەی سزای بەردەبارانکردنی سەکینە و بە هەڵوەشاندنەوەی بە کردوەی سەنگەسار لە ئێراندا کۆتایهات.

دیسان هەمان ڕێنوێنی نادروستیان کرد. هەر ئەوانەی کەلە ساڵی ٧٩ ناڕەزایەتی جەماوەری دژی حیجابیان بە ناڕەزایەتی ژنانی باکووری شارەکان ناودەبرد و لە ساڵی ٢٠١٨ جوڵانەوەی ییکچانی شەقامیان بە کاری کرێکاران نەدەزانی. لە ٨ی مارسەکانیشدا لە کرێی یەکسان بەرامبەر کاری یەکسان زیاتر نەدەڕۆشتن. ئەمە هەر ئەو چەپەیە کە لەگەڵ بزووتنەوەی (ئیکس موسلیم)، کە بووەتە جوڵانەوەیەکی جیهانی و لە لایەن ئاتەئیستەکان و هەڵگەڕاوەکان لە ئیسلام لە زۆرێک لە وڵاتانی لە ئیسلام گیراودا بە گەرمی پێشوازیی لێکراوە، ناکۆکە و لە بەرامبەریدا دەوستێتەوە. دوایین شاکاری ئەم چەپە بۆرژوازیە دژایەتیەتی لەگەڵ هەڵمەتی دژی کرۆنا و چالاکی ستادی رووبەڕووبوونەوەی کرۆنا، بەو پاساوە بریقەدارەی گوایەکە دامەزراوەیەکی خێرخوازیە. کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکاری سەرەکی کرۆنا بووە و کرۆنای کردوەتە کێشەیەکی سیاسی-ئاسایشی بەڵام چەپی ڕۆژهەڵاتی نەک تەنها هەڵناسێت بە وەستانەوە بەڵکو لەم ڕوەوە خەباتیش بە ناسیاسی و خیرکردن ناودەبات. کاتێک ئەرک و هەستەکانتان لە ڕۆژهەڵاتی بون ئیسلامی بوون گیرابێت لە سیاسەتیشدا بتانەوێت یان نا ئەبنە هاومەبەست لەگەڵ حکومەتی ئیسلامیدا.


٢- تایبەتمەندی دووەم دیدگایەکە کە چینی کرێکار دەهێنیتە خوارەوە بۆ پیشە و دەوروجێگای چینی کرێکار وەک ڕزگارکەری هەموو کۆمەڵگەنابینێت. کرێکار نەک تەنها خۆی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی لە ژێر هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و بێ مافی و نەهامەتیدا دەچەوسێتەوە بەڵکو ناتوانێت لەو نەهامەتیانە ڕزگاری بێت مەگەر ئەوەی کە هەموو کۆمەڵگە ڕزگار بکات. ئەم حوکمە بنەڕەتییە لەسەر ئەو ڕاستیە بنیاتنراوە کە لە سەردەمی ئێمەدا سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و هەڵاواردنە ئابووریی و سیاسیی و حقوقی و میللی و نەتەوەیی و ئاینی و ڕەگەزی و هیتر و هیترەکان نیزامی سەرمایەداریە و بۆ ڕزگاری هەموو کۆمەڵگە ئەبێت نیزامی کۆیلایەتی کرێگرتە ڕێشەکێش بکەیت. ئەم ڕاستیە لە مانیڤێستی کۆمۆنیستدا ڕاگەینراوە و ئەمڕۆ ڕاستی ئەم حوکمە لە دروشم و قسەوباسە گشتیەکانی نەوەد و نۆ لەسەدەکاندا لە بەرامبەر لەسەدایەکەکاندا زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆی نیشانداوە.

پێویستی و خواستی حیزبی چینی کرێکار ڕێک لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. حیزبی کۆمۆنیست ڕێکخراوێکە کە چینی کرێکار بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە ئامادەدەکات. حیزب لە کۆمەڵگەدا نوێنەر و بڵندگۆی چینی کرێکارە. خەبات بۆ زیادبوونی کرێ و مافی ڕێکخراوبوون و خواستەکانی تری چینی کرێکار ئەرکی بەردەوام و بنچینەیی هەر حیزبێکی کۆمۆنیستە بەڵام مانەوە لە چوارچێوەی ئەم خەباتەدا ناتوانێت چەوسانەوەو کاری بەکرێ تووڕهەڵدات. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئەبێت چینی کرێکار پێ بنێتە مەیدانی سیاسەتەوە، ئەبێت کۆمەڵگە لەدژی جینی دەسەڵاتدار ئامادەبکات و بیهێنێتە مەیدان وە ڕێک هەر بەو هۆیەوەیە کە پیویستی بە حیزبە کەلە خەباتتدا نەک تەنها لە دژی چەوسانەوە بەڵکو لە دژی نەبوونی دڵنیایی ئابووریی و لە دژی هەژاریی و دەستەنگی گشتی، دژی ئاین و بێ مافی ژنان و ئاپارتایدی ڕەگەزی و حیجاب و دواکەوتووی فەرهەنگیی و هەر هەڵاواردن و نایەکسانییەکی تر پیشەنگ و لە ڕیزی پێشەوە بێت. نەوەد و نۆ لەسەدەکان دەتوانن و ئەبێت لە ژێر ئاڵای ڕەخنەی چینایەتی چینی کرێکار لە دژی هەموو نەهامەتی و هەڵاواردنێک یەکگرتوو ڕێکخراوبن و دژی دەسەڵاتدارێتی لەسەدا یەکەکان بێنە مەیدان. چەپی بۆرژوازی لە بنەڕەتدا ئەمە تێناگات چونکە کرێکاری لە کۆمەڵگەو لەسیاسەتدا خستوەتە لاوە. ئەگەر لە لایەنی یەکەمەوە چەپی بۆرژوازی هێڵ بۆ کرێکار دادەنێ لە کۆمەڵگەدا. لێرەدا هێڵ لە سیاسەت ئەدات. ئەم دووانە بە تەواوەتی پەیوەندییان بە یەکەوەیە. کاتێک دەڵێن قەدەغەکردنی ماچ یان سزا و تۆڵەی بەردەبارانکردن یان وەستانەوە لە بەرامبەر کرۆنا یان خەبات لە دژی حیجاب پەیوەندیی بە کرێکارەوە نییە لە ڕاستییدا ڕایدەگەیەنێت کە سیاسەت پەیوەندیی بە کرێکارەوە نییە. ئەم چەپە لە باشترین دۆخدا سەر لە سەندیکالیسم و ئانارکۆ پاسیفیسمەوە دەرئەهێنێت و ئەمە لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئێراندا کە تەنانەت گۆرانی وتنی ژنان و سەماکردن و شادبوون سیاسییە لە کردەوەدا واتای بەهێزکردنی کۆماری ئیسلامییە.

کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە شەقامدا بە دروشمی بەهێز و هەمەلایەنە لە ناویاندا "ژیان و شکۆمەندیی مافی سەلمێنراومانە" وەڵامی دەستبەجێ ئەم چەپە بۆرژوازیەیان داوەتەوە. قەدەغەبوونی ماچ، وەکو قەدەغەبوونی خۆشی و قەدەغەبوونی ئاواز و قەدەغەبوونی پەیوەندیی ئازادانەی نێوان ژن و پیاو بەڵگەی ئاشکرای پێشێلکردنی شکۆمەندیی مرۆڤەکانە. چەپێک کە لە خەباتی کرێکارییدا هێڵ دەهێنێت بەسەر بەرگریکردن لە شکۆمەندیی مرۆڤ، ناشتوانێت بەرگریی لە شکۆمەندیی ئەو بکا.

 


٢٩\٥\٢٠٢٠
kawa552000@yahoo.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک