١٦\٢\٢٠١٦
ھەڵسەنگاندنی
لیبرالیزم لە روانگەی سۆسیالیستییەوە.

توێژینەوە: د. کامەران ئەمین ئاوە
- بەشی یەکەم -
پێشەکی.
بە دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و بلۆکی خۆرھەڵاتی سۆسیالیستیی لە
کۆتایی سەدەی ڕابردوودا، لە بەرامبەر ھێزی چەپ گەلێک پرسیاری جیددی
سەبارەت بە سۆسیالیزم و ھۆی سەرنەکەوتنی لەم وڵاتانە، زاڵبوونی
سەرمایەداری بەسەر چەندین قەیرانی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی،
گەشەسەندنی سیستەمی خزمەتگوزاریی بە تایبەتیی لە ولاتە ئەورووپاییەکان
و ھتد ... ھاتە پێش و داھاتووی سۆسیالیزم کەوتە ژێر ڕەخنەی توندی
لیبڕاڵەکان و تەواوی ھێزە دژەچەپەکانی جیھانی. ئەوان بە پێداگریی لەسەر
ئەم خاڵە کە ڕووخانی وڵاتە سۆسیالیستییەکان بە مانای سەرنەکەوتنی بیر و
ھزری سۆسیالیستیی بە یەکجاری و سەرکەوتنی بیری لیبڕاڵییە، بەم
ئاکامبەندییە گەیشتوون کە مێژووی بەکارھێنانی چەمکی سۆسیالیزم بە
یەکجاری کۆتایی پێھاتووە. بەم پێیە پێویستە ئاورێک لە مێژوو و بیری
لیبڕاڵیزم بدەینەوە تا ببینین تا چ ڕادەیەک لیبڕاڵیزم توانیوێتی
وڵامدەری ویستی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بێو بتوانێ خۆی وەک
بەدیلێکی بەھێز بۆ سۆسیالیزم پێناسە بکات؟ سۆسیالیستەکان بە گشتی و
کوردی سۆسیالیست بە تایبەتی، لە ڕەوتی چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و
چینایەتیی لە کوردستاندا، پێویستە چ ھەڵوێستێکی لە بەرامبەر بە
دێموکراسیی بۆرژوایی یان لیبڕاڵی ھەبێ؟
ھەڵسەنگاندنی لیبرالیزم لە روانگەی سۆسیالیستییەوە.
مێژووی سەرھەڵدانی لیبڕاڵیزم دەگەرێتەوە سەدەی ١٧ی زایینیی کە ھاوکاتە
لەگەڵ لەناوچوونی پێوەندیی فیوداڵیی و پێکھاتنی کۆمەڵگەی تازە
پێگەیشتووی سەرمایەداری. پرۆتێستانە ڕادیکالەکان ھەوەڵین لیبڕاڵەکان
بوون کە بە نێو بەرگریی لە ئازادیی تاک لە بەرامبەر پلەو پایەی
نائایینیی و ئۆلیی ڕاوستان و بەم باوەڕە بوون کە خەڵکی ئاسایی توانایی
داوەرییان سەبارەت بە کاروباری دەوڵەت و ھەڵبژاردنی ڕێگەی گەیشتنیان بە
ڕزگاریی ھەتاھەتایی ھەیە. ھەر لەو کاتەوە لیبڕاڵەکان بوون بە ڕێبەری
بەشێک لەو بزووتنەوانەی کە ئامانجیان ڕزگاریی تاک لە ھەلومەرجی دژوار و
ئاستەمی سیاسی، ئۆلیی، ئابووریی و ھتد ... بوو. بە باوەڕی ھێرۆلد لاسکی
١ "لیبڕاڵیزم "... بیرۆکەیەک بوو کە چینی مامناوەندی نوێ بە یارمەتیی
ئەو بە دەستەڵاتی سیاسیی گەیشت". لیبڕاڵیزم بە تەواویەتی بە شۆرشی
جیھانی سەرمایەداری پێوەند دراوە، لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە بەرگری لە
مافی کۆکردنەوەی دارایی خۆیی دەکەن و تا کۆتایی سەدەی نۆزدە دژ بە
دەستەڵاتی ئەریستۆکراتەکان٢ بوون. بە وتەی لاسکی، "ئەم ئایدۆڵۆژییە
ناچار لە ئاکامی ئەو بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتیانە پێکھات کە پێوەندییان
پێیەوە بوو".
چەمکی لیبڕاڵ تا سەرەتای سەدەی ١٩ زۆرتر لە چوارچێوەی ئازادبیرکردنەوە
و سازاندا خۆی نیشان دەدا، بەڵام لەوە بەولاوە وشەی "لیبڕاڵیزم" لە
پێوەندیی لەگەڵ حیزب و بزووتنەوکاندا بە کار ھێندرا. سەرەرای ئەوەی کە
مێژووی لیبڕاڵیزم تا ڕادەیەکی زۆر مێژووی خەبات بۆ وەدیھێنانی ئازادی
لە بەرامبەر حکوومەتی خۆسەرانە، وشکەڕۆیی ئایینیی، مافە ناڕەواکانی
ئابووریی و بێبەشبوونی نادێموکراتیکی تاک لە مافێ دەنگدان بە ھۆی
سەرمایەداری سەربزێوە. خوێندنەوەی لیبڕاڵەکان لە ئازادی، لە درێژایی
مێژوودا، یەکسان نەبووە و لە نێوان خوێندنەوەی پارێزکارەکان و
سۆسیالیستەکاندا لە نەوەسان ماوەتەوە. لیبڕاڵە سەرەتاییەکان لە خەباتی
دژ بە حکوومەتی خۆسەرانە و مافە تایبەتەکانی ئەریستۆکراتەکان،
دەیانویست چوارچێوە و سنووری دەستەڵاتی دەوڵەت کەم کەنەوە و پاشگەزیان
بکەنەوە. ئەوان بەم باوەڕە بوون کە ئازادیی تاک بەستراوە بە
بەھرەمەندبوون لە بەشێک لە ئازادییە مەدەنییەکانە بە دوور لە
دەستێوەردانی دەوڵەت ـ وەکو ئازادیی کۆکردنەوەی سامان و دارایی و مافی
دەربڕینی بیروڕا و پێرەویکردن لە بانگی ویژدان لە کاروباری ئایینیدا.
بە وتەیەکی دیکە ئازادی یانی نەبوونی کۆسپی جۆراوجۆرە و کۆمەڵێک (Collective)
کاتێک ئازادە کە ھەر کەس بتوانێ بە کەمترین دەستێوەردانی خەڵکی دیکە
یان دەستەڵاتی گشتیی، خاوەن دەسەڵاتی خۆی و "دارایی"یەکانی (بە وتەی
جان لاک ٣) بێ. ئەم چەشنە ئازادییە کە وەکو "ئازادیی نەرێنیی" پێناسە
دەکرێ و بیرمەندەکانی کلاسیکی لیبڕاڵیزم وەکو جان لاک، بێنیامین
کۆنستانت٤ و جان ستوارت میل٥ تیۆریزەیان کردووە، پاکانە بۆ دوکترینی ٦
"دەوڵەتی لانیکەم" دەکات. بە باوەڕی ئایزا بێرلین ٧ مەبەست لە ئازادیی
نەرێنیی ئەو بارودۆخەیە کە تێدا وێچوونی گەشەکردنی تاک بێخورتی
دەرەکیی ھەبێ. لەوە دەچێ خورتی دەرەکی لە لایەن مرۆڤێک، ڕێکخراوەیەکی
کۆمەڵایەتی یان حکوومەتەکان و تەنانەت ئایدۆڵۆژیای زاڵ بەسەر کۆمەڵگە
یان تاکدا بێ. بەم پێیە ئازادیی نەرێنیی ھەمیشە وەکو کارێکی
ئازادیخوازانە لەقەڵەم دراوە و دەکرێ وەکو ئازادیی لە دەستەڵاتی
دەرەکیی پێناسە بکرێ. ئیمانوێل کانت٨ ئازادیی نەرێنیی وەکو سەربەخۆیی و
ڕەتکردنەوەی ھەرچەشنە بەستراوەیی پێناسە دەکات. لەم پێوەندییەدا مارتین
ھایدیگێر٩ پرسیار دەکا "سەربەخۆیی لە چی ناوی ئازادی بە خۆ دەگرێ؟" بە
وتەیەکی دیکە ئەم سەربەخۆییە چۆن دیاریی دەکرێ؟ لە ئازادیی نەرێنییدا
گوڕگ و مەڕ ھەر دوو مافێکی بەرامبەریان ھەیە و ناکرێ گۆڕانکارییەک لە
کوژرانی مەڕ بە دەستی گوڕگ بکردرێ.
یەکێک لە لاوازییە سەرکییەکانی چەمکی "ئازادیی
نەرێنیی" مانای نەبوونی بەرتەسکی، واتە "نەبوونی کۆسپە". بە تەواویەتی
دەرھێنانی بەشێک لە بوارەکان، بۆ وێنە چوارچێوەی خاوەندارێتی لە بڕیارە
گشتییەکان، نە تەنیا نابێتە ھۆی پەرەسەندنی ئازادیی تاک و لەناوبردنی
کۆسپەکان، بەڵکوو تەنیا جێگای کۆسپەکان دەگۆڕێ و لە ناوی نابا. بۆوێنە
دەکرێ ئاماژە بە پێشگیریی ڕەھای لیبڕاڵیزمی زێدەخواز لە مافی
خاوەندارێتی بکرێ. بەپیرۆززانینی مافی خاوەندارێتیی بڕیاردەری بۆ
خاوەندارێتی لە چوارچێوەی بڕیارە گشییەکان دەردێنێ و کۆسپێکی تازە بۆ
گەیشتن بە سامان و دارایی و سەرچاوە ئاراییەکان بۆ ئەو کەسانە پێک
دەھێنێ کە خاوەندار نین. ئازادیی نەرێنیی بە باوەڕێک نە تەنیا چەمکێکی
ورد نییە بەڵکوو چەشنە ئوستوورەیەکی شیاوی تێگەیشتنە کە ڕەخنەگرتن لەو
کارێکی ھاسانە. بۆ تێگەیشتن لەم مەسەلەیە دەکرێ لە بۆچوونێکی
ژیربێژانەی ساکار کەڵک وەربگیرێ کە ھانز کێلزێن١٠ یەکێک لە فیلۆسۆفە
قانوونناسەکانی ھاوچەرخ شی کردۆتەوە و لە ڕوانگەی ژیربێژیەوە گەلێک
وردە. بە پێی ئەم بۆچوونە ھەر چەشنە مافێکی قانوونی و ھەر ئیزندانێک،
بەرامبەر بە یەک ئەرک یان کۆسپێک بۆ کەسانێکی دیکەیە. "دەستوور و ڕێسا
کاتێک ئیزن و ماف [بە کەسێک] دەدا کە ئەرک، کار و خزمەتێکی دیاریکراو
بەسەر کەسانێکی دیکەدا داسپێنێ". ھەر چەشنە ڕێسا یان قانوونێک بۆ کار و
چالاکیی ئازادانەی تاک، دەبێتە ھۆی پێکھاتنی بەربەست و کۆسپێکی نوێ. بە
وتەی ئایزا بێرلین، نووسەری ناودار و بیرمەندی لیبڕاڵ، بۆ ئەو کەسانەی
کە لایەنگریی لە ئازادیی نەرێنیی دەکەن "گرینگ ئەوە نییە چ کەسێک ئەمر
دەکا، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە لە چ بوارێکدا (بێ دەستێوەردانی خەڵکی دیکە)
دەستەڵاتدارم". بەم مانایە، لیبڕاڵە سەرەتاییەکان، بە ڕەواڵەت پێرەوی
ئەو بیرە پارێزکارانە بوون کە "ئازادیی لە کۆمەڵگەیەکدا گەشە دەکا وا
خەڵکەکەی خاوەنی ئازادیی کەسپوکارێک بن کە ڕادەی داسەپانی
بەرتەسکییەکان لە بەرامبەر بەرزەفڕیی تاک لە ئاستێکی زۆر نزمدا بێ".
لە بەرامبەر "ئازادیی نەرێنیی"دا باس لە "ئازادیی ئەرێنیی" دەکرێ، بە
پێی وتەی نۆربێرتو بۆببیۆ١١ مافناسی ئیتالیایی، ئەم چەشنە ئازادییە بە
مانای "توانایی ملنەدان بە یاساکان، بێجگە لەوانەیە کە من خۆم پابەند
بە ڕێزگرتنیان دەزانم". لە لایەکی دیکەش ئازادیی ئەرێنیی بە مانای
ڕادەی بەشداریی تاک لە دەستەڵاتی گشتی و دیاریکردنی بڕیار و یاساکانی
دەربەستیھێنەر بۆ ھەموانە. بە باوەڕی ئایزیا بێرلین مەبەست لە ئازادیی
ئەرێنیی ناسین و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی ئارایی بۆ گەیشتن بە
ئامانجە دیاریکراوەکانە. لە چوارچێوەی ئازادیی ئەرێنییدا بۆ
بەرتەسککردنی کۆسپەکان، پێویست بە ڕەوشت و قانوونگەلێک بۆ بەرتەسککردن
یاخود ڕێ پێ نەدان بە کوشتنی مەڕ بە دەستی گوڕگە. لە ڕوانگەیەکەوە "کارل
مارکس"١٢ وەکوو بیردارێژی ئازادیی ئەرێنی پێناسە دەکرێ، ئەستەڤانۆ
پێترۆچیانی١٣ فیلۆسۆف و سیاسەتوانی ئیتالیایی، پێیوایە مارکس لە چەمکی
لیبڕاڵیی مۆدێرنی ئازادیی وەکو نرخێک (ئەرزش) دەست پێدەکا تا پیشان
بدات کە چۆن لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینەی بۆرژوازیدا حاشا لەم نرخە کراوە و
خەیانەتی پێکراوە. مارکس نیشان دەدات کە وەدیھاتنی بە بەھرە و تەواوی
ئازادیی تاکەکان، پێویستیی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بنەماکانی ئابووری و
سیاسیی کۆمەڵگە ـ یانی دابەشکردنی خاوەندارێتیی و دەزگاکانی دەوڵەتیی
ھەیە. مارکس نە بەپێی چەمکەگەلێک وەکو بەرامبەری و دادپەروەری ڕەخنە لە
پێوەندییە ئاراییەکان دەگرێ، بەڵکوو بەردەوام ڕەخنەی ئەو لە ئاستێک لە
پێوەندییە ئاراییەکان بووە کە بە باوەڕی وی ئازادیی تاکی
پێشێلکراوەتەوە. مارکس لە کتێبی"بنەماڵەی پێرۆز"دا دەنووسێ: "ئازادیی
مرۆڤ نە بە پێی توانایی نەرێنیی پارێزکردن لەم یان ئەو [شت]، بەڵکوو بە
پێی توانایی ئەرێنیی بایەخدان بە تاکیەتیی تایبەتمەند بە خۆیەتی".
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، بەشێکی زۆر لە لیبڕاڵەکان ـ کە لیبڕاڵی "پێشکەوتوو"
یان "نوێ"یان پێ دەگوترا ـ بەو ڕاستییە گەیشتن کە نابەرامبەریی زەقی
سەرمایەداری خوازیاری ڕکابەرکێ، تێکدەری ئازادیی خەڵکێکە کە ھەوڵدانیان
بۆ زیندوومانەوە کات و ساتێکی وەھایان بۆ کەڵکوەرگرتن لە توانایی خۆیان
ناھێڵێتەوە. ئەوان بە مەبەستی ھێنانەخوارەوەی ئاستی بێکاری و
بەرزکردنەوەی مووچە، بوون بە لایەنگری دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری
ئابوری، ھەروەھا پێداگرییان لەسەر دەرمان و مافەکانی خۆشبژیویی دیکە بۆ
ھەموان دەکرد. ئەم لیبڕاڵانە، ھەر چەند لە پێوەندیی لەگەڵ وەلانانی
باوەڕی پێشینییانی خۆیان بە سەرمایەداری سەربزێو و بێزار لە
نابەرامبەرییەکانی زەقی ئابووریی بازار، ھاوبیری سۆسیالیستەکان بوون،
بەڵام ھاوکات ئامادەی وەلانانی تەواوی فەڕزکراوەکانی پێشینییانی خۆیان،
یەک لەوان ئەوەیکە "سیستێمی ئابووریی لەسەر بنەمای پێشبڕکێ، کاتێک
دادپەرەورانەیە کە مووچە بە پێی لێھاتوویی تاک دابەش بکرێ" نەبوون.
بە باوەڕی ئەوان "لە کۆمەڵگەیەکی لیبڕاڵیدا، بە ھۆی ئەوەی کە ئازادی لە
بنەڕەتەوە ئازادیی پێشکەوتن و پاشکەوتنیش لە خۆ دەگرێ و لیبڕاڵەکان
ناتوانن لە مەر بەرژوەندیی تاکێک کە بە شێنەیی دەڕوا بەرژوەندیی تاکێک
بەرتەسک بکەنەوە کە بەخێرایی دەڕوا، ناتوانێ بەرامبەرخواز بێ". بەم
پێیە دەبینین لیبڕاڵە نوێیەکان، ھاوکات لەگەڵ پارێزکارەکان، ئازادی
وەکو مافی خەڵک بۆ ھەوڵدان بۆ وەدەسھێنانی سامان و دارایی پێناسە دەکەن
و ھاوکات وەکو سۆسیالیستەکانیش پێیان وایە ئازادی لە ناودەچێ، مەگەر
ئەوەی کە ھەر کەس توانایی دەست پێڕاگەیشتنی بە دەرفەتەکانی ژیان بێ.
جان ڕۆڵز١٤ فیلۆسۆفی ئەمریکی و یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی سەر بە
ڕشتەی "لیبڕاڵیزمی کۆمەڵایەتی" کە خوازیاری "پێرەویی بەرامبەریی لە
ئازادییە"، پێرەوی بنەواشەیەکی گەڵاڵەکراو لە چەشنێکی بەرتەسکە. ئەو
بەکارھێنانی ئەم بنەواشەیە تەنیا "لەسەر بنەمای "ئاستی لانیکەمی داھات"
بە شیاوی رێزگرتن دەزانێ. ھەڵبەت ئەم بۆچوونە بە لانیکەم لە جیھانی
سێھەم (کە زۆرترین بەشی گۆی زەوی لە خۆدەگرێ) جێی بروا نییە. تەنانەت
ئەگەر مانای ڕواڵەتیی ئەم بنەواشە بەرتەسکەی ڕۆڵزیش لەبەرچاو بگرین، بە
باشی دەبینین کە سەروەریی ئازادی بەسەر بەرامبەریدا، لە پێوەندیی لەگەڵ
وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداری و بەتایبەتیی ئەمریکادا، دەچێتە ژێر
پرسیارەوە. چونکە لەم وڵاتانەدا "چوونەسەرەوەی ڕێژەی ھەژاران"
حاشاھەڵنەگرە و ڕێژەی ناوچە ھەژارنشینەکان و تەنانەت ھەڵەخۆرەکان ـ بە
پێی لێکۆڵینەوەکانی پرۆفسۆر لاری براون ١٥ لە زانستگای ھاروارد و
سەرۆکی "گروپی زەبری پزیشکەکانی دژ بە برسێتیی" ـ سەقامگیریشە. لێرەدا
بە باوەڕی مارکس (پێش ئەویش فریدریش ھێگێل١٦) لە "ئاستی لانیکەمی داھات"،
نە تەنیا سەروەریی ئازادیی لە بەراوەرد لەگەڵ بەرامبەریی لەرزۆکە و لێک
ھەڵدەوەشێتەوە، بەڵکوو لەم حاڵەتەدا ئازادی بوونی دەرەکیشی نابێ. بە
وتەیەکی دیکە "دابینکردنی ئازادی لە مسۆگەرکردنی لانیکەمی بەرامبەریی
جیاناکرێتەوە".
مارکس و ئینگێلس١٧ لە ھەوەڵین ژمارەی گۆڤاری کۆمۆنیست (١٨٤٧) سەبارەت
بە پێوەندیی ئازادیی تاک، بەرامبەری و پێکھاتنی بارودۆخی پێویست بۆ
گەشەسەندنی ئەم ئازادییە، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە پێیان وایە
دامەزڕێنەرانی بیری کۆمۆنیزم بایەخێکیان بە ئازادیی تاک لە بەرامبەر بە
یەکسانیی و بەرامبەریی نەداوە، نووسیویانە: "ئێمە لەو چەشنە
کۆمۆنیستانە نین کە دەیانەوێ ئازادیی تاک لە ناو ببەن و جیھان بکەنە
سەربازخانەیەکی مەزن، یان کارگایەکی زەبەلاحئاسا. بێگومان ھەن ئەو
کۆمۆنیستانەی کە خاوەندارێتی خۆیی بە کۆسپێک لەسەر ڕێگەی
ھاوئاھەنگییەکی تەواو دەزانن و بە ویژدانێکی ڕاحەت حاشا لە
پێناسەکردنی خاوەندارێتیی خۆیی دەکەن و پێیان خۆشە بە یەکجاریی لە
جێھاندا بیسڕنەوە، بەڵام ئێمە مەیلێکمان بە گۆڕینی ئازادی لەگەڵ
یەکسانیدا نییە. ئێمە بەم باوڕە گەیشتووین کە ئازادی لە ھیچ سیستەمێکی
کۆمەڵایەتیدا بە ئەندازەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی
کۆیی پێکدێ، دەستەبەر ناکرێ".
ھەروەھا بە باوەڕی مارکس، "خۆدانەدەسەوە مەترسییەکی کوشندە بۆھەر
بوونەوەرێکە، بەم پێیە نەبوونی ئازادی مەترسییەکی بە ڕاستی کوشندە بۆ
مرۆڤە". ئازادیی مارکسی، بێگومان لایەنی بنەڕەتیی ئازادیی دێمۆکراتیک
لەخۆ دەگرێ و بەم پێیە ئازادی بریتییە لە چاودێریی کۆی خەڵک بەسەر
بارودۆخی ژیانی ھاوبەشیاندا.
مارکس لە کاپیتاڵدا دەنووسێ: "کۆمپانیا بەرھمھێنەرەکان بە چەشنێکی
عەقڵانیی ئاڵوگۆڕی ئورگانیکی تایبەتمەندیی خۆیان لەگەڵ سروشت ڕێکوپێک
دەکەن، ئەوان بە جێگەی ئەوەی کە لە ڕێگەی ئەم دانووستانەوە وەکو ھێزێکی
کوێر ببزوێندرێن، بە چەشنێکی ھاوبەش [ئەم دانووستانە] کۆنترۆڵ دەکەن".
یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی بیری مارکس، پێداویستیی ئازادی بە تێپەربوون
لە پێوەندییەکانی تێکەڵ بە توندوتیژی و زۆرداری، ھەروەھا پێشبڕکێی
نێوان تاکەکان بە قازانجی پێوەندیی لە چەشنی ھاویاریی [تعاونی]و کۆمەڵە.
مارکس لە کتێبی ئایدۆڵۆژیی ئاڵمانیدا دەنووسێ "بەم پێیە تەنیا لە
کۆمەڵدایە١٨ کە ئازادیی خۆیی مسۆگەر دەبێ". لە ئازادیی مارکسیدا چەند
خاڵی بنەرەتیی وەکو "گەشەکردنی مرۆڤ، بڕشت و توانایی تایبەتمەندییەکانی
مرۆیی" (لە حاڵێکدا لە کۆمەڵگەکانی ڕابردوودا گەشەسەندنی بەشێک بە
حیسابی زیان و زەرەر بۆ بەشێکی دیکە تەواو دەبوو) ڕۆڵی ناوەندیی و
سەرەکییان ھەیە. بە باوەڕی مارکس "گەشەسەندنی ئازادانەی ھەر کەس شەرتی
گەشەسەندنی ھەموانە".
ماڵپەڕی
کامەران ئەمین ئاوە
|