په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠٢٣

هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغداد.


عوسمان مارف      


بە راستی بابەتێکی سەرنج ڕاکێشە کاتێ لە میدیاکانەوە باس لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغداد دەکرێت، هەر بۆیە لەسەر ئەو هەواڵەی بڵاوکرایەوە دەستبەجێ حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، بە زوویی هاتنە دەنگ و هەواڵەکەیان بە درۆخستەوە.

گەر هەر میدیایەک ئەم بابەتی هەڵوەشاندەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغداد بەناوی ڕاپرسی خەڵکی کوردستانەوە وروژاندبێت، ئەم هەواڵەش بە فەرمی بەدرۆخرابێتەوە، بەڵام دروستی یا نادروستی ئەم هەواڵە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە بابەتێکی لەم چەشنە زەمینەو دەنگۆی تایبەت بەخۆی هەیە. لەهەمانکاتدا ئەتوانین ئەوە دەستنیشان کەین کە لە دوو ئاستدا بە جۆری جیاواز ئەم بابەتە قسەی لەسەر دەکرێت. هەروەها لە ئایندەشدا شکستی ئەم حکومەتەو هەڵوەشانەوەی ئەگەرێکەو بەدور نازانرێت، بۆیە جێگای باسێکی راشکاو و سەرنجڕاکێشە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت.

جارێ با لە هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم بگەڕێین. سەبارەت بە خولیای گەڕانەوە بۆ بەغداد، دەتوانین ئاماژە بەو دوو ئاراستەی جیاوازە بدەین. ئاراستەی یەکەم: پێگەو ڕۆڵی سیاسی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیە کە هیچکات بەرژەوەندیەکانیان ئەوەی نەسەلماندوەو نەخواستوە پەیوەندیان بە بەغدادەوە لەق بێت و نەمێنێت. هەروەها نەیانویستوە و نەیانتوانیوە کوردستان لە ناوەند جیا بکەنەوە. بەرژەوەندی حیزبەکانیان و حکومەتەکەیان هەمیشە چاوەڕوان و ملکەچی مەرحەمەتی بەغدادو مامەڵەو فروفێل بووە. بەڵام ئاراستەی دووەم بێئومێدی و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانە لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی میلیشیایی حیزبەکان، کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی، هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوەی هەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغداد بە ڕێگا چارەیەک دەبینن! بەتایبەتی بەداوی رفراندۆمی ٢٠١٧و پاشەکشە لە گشتپرسیی و سەربەخۆیی کوردستان و پلانی ڕیسوای نێوان حیزبەکانی کوردایەتی لە یەکتر. ئەمیەی خولیا ناو جەماوەر وەک ناڕەزایەتیەک فراوانترو بەرچاوتر دەردەکەوێت. بەشێکی خەڵکی پێیانوایە گوزەرانیان لەسایەی حکومەتی عێراقدا باشتر دەبێت! با دەربارەی ئەم دوو ئاراستەیە ڕۆشنکردنەوەیەکی زیاتر بدەین.

نەخش و پێگەی حیزبەکانی کوردایەتی بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەو عێراقدا هەمیشە لە چاوەڕوانی و هەلقۆستنەوەدا بوون، کە هاوشانی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان و لە ڕوداوەکاندا لەسەر ئەو بنەمایەی چیان دەست دەکەوێت و چ کارێکیان پێدەسپێردرێت! هەڵسورانی سیاسیان ئەنجامداوەو مامەڵەیان کردووە. هەر ئەمەشە کە نموونەی ئەزموونی ئەوپەڕی جەردەیی و تاڵانچێتی و گەندەڵی و ڕیسوایی بوون و دەبن. هەر بۆیە شێوازی ئەو دەزگاو حکومەتە شەقوشڕەی کە پێکیانهێناوە هاوتای هەمان ئەو پێگەو نفوزە سیاسیە ڕیسوایەیانە کە لە ناوەندی ئەوپەڕی سەرگەردانی و گێژاو و ناجێگیریی سیاسیدا مامەڵەی پێدەکەن، گێژاوێک کە سی ساڵ زیاترە عێراق و کوردستان و ناوچەکەی داگرتوەو حکومەتەکەیان تەنها بۆ مامەڵەو بازرگانیە، کەی ئەو دەورەی لەدەستدا هەڵدەوەشێتەوە.

هەڵبەتە دانەبڕان و پابەندبونی پارتی و یەکێتی بە بەغدادەوە وەک دوو هێزی چەکدار و ڕاگرتنی چارەنووسێکی نادیار بۆ ئایندەی کوردستان بارێکی دوولایەنەی هەیە، یەکەم هەلومەرجی سیاسی عێراق بەدوای ڕووخانی حکومەتی بەعس لە هەمان سەرگەردانی و گێژاوی سیاسیدا جێی خۆی گرت. باڵادەستی هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفیەکان، عێراقیان دابەشکردو حکومەتی بەشبەشێنەی سەیروسەمەرەیان دامەزراند. بەمانایەک باڵادەستی ناوەندیەتی بۆ حکومەت لە عێراقدا واتایەکی نەما. هیچ هێزێکێش لەو ئاستەدا نەبووە و نییە کە بتوانێ عێراقێکی یەکگرتوو دامەزرێنێتەوە. بۆیە هێزێک و حکومەتێک نییە لە عێراقدا، تا ئێستا و بەم زووانە بتوانێ حکومەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە. حاڵەتی دووەم پێکهاتەی خودی حکومەتی کوردستان و هاوسەنگی و توانایی هێزی پارتی و یەکێتیە کە لەلایەک لەنێو کێشمەکێشی نێوان هێزەکان و دەخالەتی حکومەتەکانی ناوچەکەو ئەو گێژاوە سیاسیەدا، نەک ناتوانن هیچ رۆڵێک لەسەر ئارامی سیاسی ببینن، بەڵکو خۆشیان بەشێکن لە خولقاندنی ئەو هەلومەرجە نالەبارەی لە ناوچەکەدا درێژەی هەیە. هەروەها ئەو فەرمانەی بۆیان دیاریکراوە ڕێگەپێدراونیە دەم لەسەربەخۆیی کوردستان بدەن و بەیەکجاری لە بەغداد داببڕێن. مەبەستم لەم دوو رەوشەی دۆخی عێراق و کوردستان و پێگەی تەواوی هێزەکان، لە ئێستادا ئەوەیە کە نە حکومەتی عێراق ئەتوانێ حکومەتی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە، نە حکومەتی کوردستانیش ئەتوانێ لە بەغداد داببڕێ!

حیزبەکانی کوردایەتی لەڕێگەی ئەو حکومەتەی بە هەر بەهاو شێوەیەک پێکیانهێناوە، توانیویانەو ئەتوانن پەیوەندی بە بەغدادەوە ڕابگرن و مامەڵەو بازرگانی بە پرسەکانی بودجە و نەوت و هەر شتێکی ترەوە بکەن. ئاشکرایە لەکاتی هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەیاندا هیچ پێگەیەکی سیاسیان بۆ نامێنێتەوەو کۆتایی تەمەنی سیاسیان دەبێت. بەگشتی گەر دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان هەر ئاڵوگۆڕێکی تیا پێشهاتبێت، هێشتا دەورانی گێژاوو ناجێگیری سیاسی تێنەپەڕاندوە، بۆیە سەودا و مامەڵە و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسیەکان، لەلایەک لەسەر ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان وەستاوە، لەلایەکی تریشەوە پێگە و چارەنووسیان ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانە دیاری دەکات کە بە نەخش و دەستتێوەردانی وڵاتانی زلهێزی جیهان وڵاتانی ناوچەکە لە عێراق و کوردستاندا دەیکەن. واتە بەگشتی دۆخەکە ئەوەمان نیشان ئەدات حکومەتی هەرێم پێگەیەکی لەق و ناجێگیر و ئایندەیەکی نارۆشنی هەیە. بۆیە ئاساییە جاربەجار هەواڵی هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم بدرێت بە گوێماندا. هەروەها بزوتنەوەی کوردایەتیش ئەزموونێکی باشیان هەیە لەسەر پاشەکشە و هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوە.

گەر بێینە سەر ئەو خولیا و ئاراستەیەی خواستی بەشێکی جەماوەری ناڕازی کوردستان کە لە چاوەڕوانی ئەوەدان حکومەتی هەرێم هەڵوەشێتەوە، هەروەها خوازیاری گەڕانەوەن بۆ بەغداد، ئەم خواست و مەیلە بەرهەمی ناڕەزایەتی و بێئومێدی جەماوەرێکی بەرینی خەڵکە لە حیزبەکانی کوردایەتی و دەسەڵاتی بنەماڵەو حکومەتەکەیان بە ئۆپۆزیسیۆنەکەشیانەوە. ڕاستە زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان داوە، بەڵام ئەو دەنگدانە بەو ئومێدەی کۆتایی بە سەرگەردانی سیاسی و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بێت. بەڵام لە١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ حیزبەکانی کوردایەتی تەواو بودەڵەیی و سیاسەتی پیلانگیریان کەوتە سەربەڕەو دوخێکی نالەبارتریان خستە سەر ئایندەو ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە.

لە جیهانی واقعدا ئەم جۆرە خواستە لە ناڕەزایەتی جەماوەریدا بارێکی نەرێنی و نەگونجاو و نەخوازراومان نیشان ئەدات. هەروەها هەمان ئەزموونی ڕووخانی حکومەتی بەعس دێنێتەوە بەرچاومان کە نەخشی بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمەریکا کۆتایی بە پێگە و دەسەڵاتی بەعس هێنرا. بەڵام دواتر دیمان ئاکامەکانی دەستتێوەردانی ئەمەریکا بە جیا لە وێرانکاریی و کارەساتەکانی، پەراوێزخستنی کار و نەخشی خەڵکی نیشاندا بۆ گەیشتن بە ئاوات و خواستەکانیان. لە هەمانکاتدا ئەوە سێ دەیە پترە کە دەردەسەریی و ئاوارەیی و نائارامیی و گێژاوی سیاسی ژیانی خەڵکی کوردستان و عێراقی داگرتووە.

ئەو لایەنەش کە بەرچاوە بەو ئاستەی خەڵکی کوردستان ناڕازییە لە حکومەتی هەرێم و حیزبەکانی دەسەڵاتدار، ئەوەش شاراوە نییە کە بە هەمان ئاست و بگرە زیاتریش خەڵکی عێراقیش ناڕازیە لە حکومەتی عێراق و حیزبەکانی. پێویستە ئەزموون و ویستی خەڵکی کوردستان لەوە واوەتر بێت کە چاوەڕێی هێزێکی دەرەکی بکات تا لەدەست تاڵانچێتی و جەردەیی و کەڵەکەی سەرمایە و ڕسوایی حیزبەکانی کوردایەتی ڕزگاریان بکات. تەنها رێگا هاتنە مەیدان و خۆرێکخستن و ئەزموونکردنی دەسەلاتی سەربەخۆی جەماوەرییە.

دیارە دوای سی ساڵ زیاتر لە کێشانی ئەشکەنجە و ئاوارەیی و سەرگەردانیی و هەژاریی لە سایەی دەسەڵاتی بنەماڵە و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان لە ئیسلامی سیاسی، بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە کۆتایی بە حکومەتی هەرێم بهێنرێت، بەڵام ڕێگا چارە نەک گەڕانەوە نیە بۆ ژێر دەسەڵاتی دەستە و تاقمی ئیسلامی و تائفی و عروبە، بەڵکو ئەرکمان لە هەمانکاتدا پشتیوانییکردنی خەڵکی ناڕازیی عێراقە بۆ کۆتاییهێنان بە حکومەتی عروبە و ئیسلامی و تائیفی، لە هەمانکاتدا پێداویستی خەباتی هاوبەشمانە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی و بەجێگەیاندنی خواستی جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکەوە، نەک گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغداد.
 

 

osman_maruf@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک