١\٢\٢٠١٦
ھەڵوێستمان
بەرانبەر رۆژاوا
دەبێ ھەڵوێستی
رەخنە و ھاریکاریی بێ.

زاھیر باھیر
- بەشی یەکەم -
وتارێکی زۆر لە خەڵکانێکی
جیا جیاوە ، کورد کەمتر ، بەڵام بێیانە زۆر زیاتر سەبارەت بە
لایەنە پرشنگدار و باشەکانی ئەزموونی ڕۆژاوا و سەرجەمی ڕوداوەکانی
نوسراوە. من خۆم یەکێکم لەو کەسانەی کە چەندەھا وتار و بە دەیەھا
دیمانەی تەلەفزووێنی و ڕادوێی ئەنارکستانی فەرەنسی و یۆنانی و ئیتاڵی و
شوینەکانی دیکە و لەگەڵ ڕۆژانامە و گۆڤاری بێیانەدا کردوە و لە
چەندەھا میتینگیش نەک ھەر لە بریتانیا بەڵکو لە وڵاتانی دیکەش کە
ھەندێکیان بۆ من گیراوە قسەم لەسەر بەھاو نوێیەتی بزوتنەوەیەکی ئاوا
کە لانی کەم ٦٠ ساڵە دەرنەکەوتوەتەوە جگە لەوەی زاپێتێستا ، ئەمە بێ لە
بەشداری کردنم لە دەیەھا کۆبونەوە و دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندان کە
بۆ ھاوکاری ڕۆژاوا و قسەوباسی لەسەر کراوە . ھاوکاتیش سەرکەوتوبووم لە
کردنی ئەزموونی ڕۆژاوا بە خالێکی نێو ئەجەندەی میتینگە گرنگەکانی ساڵی
٢٠١٤ و ٢٠١٥ ی ڕۆژی پەرتوکی ئەنارکستان لە لەندەن. ھەر ئەمەش بوە
ھۆکارێک کە لە شارەکانی دیکە و ھەندێک وڵاتانی دیکەش کرایە ئەجەندەی
ڕۆژی پەرتوکی ئەنارکستان.
ھەڵبەتە قسەی من بە تەنھا لەسەر ڕۆژاوا نییە بەڵکو بەشی باکوری-شە کە
من ھیوایەکی زۆرم پێوە گرێداوە و تا ئێستاش ھەر وایە ، بۆ ئەمەش دووجار
چومەتە باکور و لەسەر چونەکانیشم ڕاپۆرتی دوور و درێژم نوسیوە.
ئەم درێژدادڕییەی سەرەوەم بۆ باسکردنی خۆم و ھەڵنانم و منەتکردنم بەسەر
ئەو دوو بزوتنەوەیەدا ، باکور و ڕۆژاوا نییە، ( ببورن گەر ئەو دەنگە لە
خوێندنەوەیدا بداتەوە) بەڵکو تەنھا بۆ ئەوەیە کەخوێنەری ئەم وتارە
بزانێت کە من لە ھەڵوێستی ھاریکاریانە و کۆمەکەوە ، یا ھەڵوێستی کورد
وتەنی " دۆستم ئەوەیە دەمگرێنێت و دوژمنم ئەوەیە دەمخەنێنێت" ،
سەرنجەکانم دەخەمە پێشچاوی خوێنەر. ھاوکاتیش پەیمانیش دەدەم تا نەبینم
ئاڕاستەی ئەو دوو بزوتنەوەیە بە پێچەوانەی ئەوە دەڕوات کە بانگەشەی
دەکات ، ئامادەم بە ھەموو شێوەیەک تەنانەت بە ڕۆحی خۆشم خزمەت بەو
بزوتنەوانە بکەم. لەگەڵ ئەوەشدا ، گەر خوێنەریش بە ھەڵوێستێکی دژ بەو
دوو بزوتنەوەیەی، دەزانێت و ھەر شتێک دەڵێت گەردنی ئازا بێت و خۆشی لە
ژیاندا ھەر ئازاد بێت، چونکە من باوشم بەو دوو بزوتنەوەیەدا لەبەر
کوردایەتیکردن و قەومچێتی نەکردوە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە ھەردوک
بزوتنەوە، تا ڕادەیەک ڕێڕەیوێکی ئەنارکستیانەیان گرتوە و بەتاڵیش نیین
لە کەمو کوڕی.
ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم ، پێشئەوەی بچمە سەر کرۆکی باسەکەم ، ئەوەیە
کە ھەوڵدەدەم بە ویژدانەوە و بە بەڵگە وە قسە بکەم مەبەستیشم
بەئاگاھێنانەوەیە، تاکو فشارێک لە دەرەوە لەسەر بەرپرسان و
داڕێژەنەرانی پلان ، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی کە لە بزوتنەوەکاندا
بە تایبەت ڕۆژاوادا ھەیە، دروستبێت. سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان، کە
من برادەێکیم، ساڵی پار و پێشتریش لە ڕێگای چەناڵە فەرمییەکانی
بزوتنەوەکە و ئۆرگانەکانییەوە و قسەکردن لەگەڵ بەرپرساندا ڕەخنەکانی
خۆی پێڕاگەیاندوون ، نەک جارێک بەڵکو دوو چاریش بەڵام ، بەداخەوە کە
ئەوان ھەر وەڵامیشیان نەداینەوە چجای ئەوەی کە بڵێن ھاوڕێیان ئەوە وایە
یا وانییە.
کەموکوڕییەکان بۆچی؟
ئەوەی کە بزوتنەوەیەکی پاکژ و بێ کەموکوڕی بوێت ، یا لە دونیای
کەتواریی نەگەیشتووە ، یا ھەر دەیەوێت ھەموو کەس و بزوتنەوەکەش بەویست
و ئارەزوی ئەو بڕوات. خودی ژیان ڕاستەڕێگایەکی بێ پێچ و پەنا نییە،
وەکو پێشتریش لە وتارێکی دیکەمدا پەنجەم بۆ ڕاکێشاوە ، بزوتنەوە ،
بزوتنەوەی خەڵکە و خەڵکیش پێکھاتەی تاکەکانی کۆمەڵە و تاکەکانیش بە
دەیەھا داوەوە بە خراپییەکان و پاشەڕۆی ئەم سیستەمەوە بەستراونەتەوە.
ھەر چۆن بتەوێت و ھەر ھەنگاوێک بەکردەوە بگرینەبەر تاکو ھەندێک شت
لە ئێستادا ڕەتبکەینەوە ھەوڵەکان لە سنورێکی دیاریکراو دەرناچێت ،
ئیدی لەھەر شێوەیەکدا بانگەشەی پاکێتی خۆمان و کامڵی ئەنارکستێتی و
سۆشیالیستی خۆمان بکەین، لەبەرئەوەی کە ژیانمان لە نێو سیستەمەکەدا
سنورێکی دیاریکراوی بۆ نەخشاندوین، خۆڕزگارکردنمان لێی، کارێکی مەحاڵە،
مەگەر ژیانێکی دێوانەیی بێ ھوودەیی بژین.
ئەمەی سەرەوەش بەرانبەر بە ڕۆژاو و باکور و کۆمەڵی کوردی و تاکی کورد،
ھەر ڕاستە . ئەمە جگە لەوەی کە گەر تۆزێک بە ویژدانەوە لەو بزوتنەوەیە
ڕابمێنین و ئەمجا دادگایی بکەین ، دەبێت نەک ھەر بارەکەی/کۆڵەکەی بەڵکو
سەربارەکانیشی ، بەتایبەت لە بزوتنەوەی ڕۆژاوادا ببیبین وەکو : بوونی
لە شەڕدا بەبەردەوامی، مەترسی شەڕی ناوخۆ و ھاتنەوەی ئەسەد و دەوڵەتی
فاشی تورکیا و ئابڵوقەدانی ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆەمەڵایەتی و
ھەبوونی دوو پارتی سیاسی ھیراشی کە بەتەواوی لە پشتی ئەو بزوتنەوانەوەن
تا ڕادەی دانانی پلان و پرۆژە بۆیان ....گەلێکی دیکە . ھەموو ئەمانە
قورسیی دیکە دەخەنە سەر شانی ئەو بزوتنەوانە، بەتایبەت ڕۆژاوا ، ھەر
ئەم ھۆکارەش وای لێدەکات ئەگەر بێ ئەو کێشانەی سەرەوە گەر یەک
کەموکوڕی ھەبێت ، ئەم کێشانەی دیکە سەنگ و ژمارەی گرفتەکان بیگومان
زیاد دەکەن.
ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لەو بزوتنەوەیە دەگرن بە دابڕینی لە بارە
کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییەکەی کە بزوتن و پێشەوچونی بزوتنەوەکەی
سنوردار کردەوە و لەو زەمینەیەی کە بزوتنەوەی "بەھاری عەرەبی" تیادا
ڕویدا و سەرەنجامەکەی، بە بێ ڕەچاوکردنی ئەو بارودۆخانەی سەرەوە،
ھەوڵەکانیان یەکلایەنەیە. ھەروەھا حساب نەکردنی نەبوونی ئەو ھاریکارییە
پتەوەی کە بە بزوتنەوەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا و ئەوەی زاپێتێستای ١٩٩٤
و ھەتا ئەوەی وڵاتی نیکەراگوای ساڵانی ھەشتاکانی چەرخی پێشوو، کرا،
ڕەخنەکانیان زڕە و بێ بەرە ، تەنھا ڕەخنەیە و ھاریکاری و کۆمەکی
لەگەڵدا نییە ، تەنھا سوکایەتی پێکردنێتی و داوەریی تیادا نییە.
لە بزوتنەوەی ڕۆژاوادا دوو ھەڵسەنگاندن گرنگە و دەبێت بە ھەند
وەربگێرێن ، ڕەنگە ئەو کاتە حوکمێکی باشتری بەسەردا بدەین. یەکەمیان:
ئایا کارە خراپەکانی زۆرترە لە کارە باشەکانی یا پێچەوانەکەی ڕاستە؟
ئایە کێشی کارە خراپەکان لە کارە باشەکانی سەنگترە یاخود پێچەوانەکەی؟.
لای من کارە باشەکان کە ئەو بزوتنەوەیە ئەنجامیداون و ئەوانەی کە
بەدیھێناوە بە بەراورد لە گەڵ کارە خراپەکاندا و ئەو چالاکییانەی کە
کراون لە دیدی مندا ، کارە باشەکان زۆر زیاترن ، ئەمە جگە لەوەی کارە
ھەڵەکان نەگەیشتونەتە قۆناغێک کە ڕاستکردنەوەیان مەحاڵ بێت . دووھەم:
ئاڕاستەی ئەو بزتنەوەیە. لای من ئەو بزوتنەوەیە ھێشتا ڕاستەڕێگای خۆی
وننەکردووە و بەو ئاقارەدا دەڕوات کە بانگەشەی بۆ دەکات، لانیکەم تاکو
ئێستا ئەمە وایە ، داھاتوش پەنجا پەنجایە و بەلابردنی ئەو زەمینەیەی کە
لە سەرەوە باسمکرد یا لابەلاکردنەوە ئەو کێشانە ، دەتوانرێت ڕێژە و
ھیوای سەرکەوتنی ئەو بزوتنەوەیە زیاتر بێت، بۆ ئەمەش ئەرکی کەسانی
سۆشیالیست و ئازادیخوازان و چەپ و کۆمۆنیست و نقابییەکانە کە کۆمەکی
پێبکەن تاکو سەرکەوتن مسۆگەر بکات.
٣٠\١\٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|