په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٢\٢٠١٦

ھەڵوێستمان بەرانبەر رۆژاوا

دەبێ ھەڵوێستی رەخنە و ھاریکاریی بێ.


زاھیر باھیر      

- بەشی پێنجەم -


• ھەڵەکانی ئەم دواییەی پەکەکە و کەوتنەداوی حکومەتەکەی ئاکەپەوە:


گەر لەسەرەتاشدا لامان ڕووننەبووبێت، کە دەوڵەتی تورکیا و ئاکەپە نیازی ئاشتییان لەگەل کوردانی باکوردا نەبووبێت ‌ و ئەوەی کە کردیان ھەر وەکو تاکتیکێک بەکاریانھێنابێت بۆ بەڕێکردنی وەخت ، ئیدی ھۆیەکانی چاوەڕوانکردنی وەخت چیبێت ‌ زۆربەیان لای ئێمە نەزانراوە. بەڵام لە سەرەتای ساڵی ڕابوردووە ئەم دەستە دەرکەوتووە و کەشفە ‌ کە پرۆسەی ئاشتی تەنھا لەو ڕێگایەوە سەرکەوتوو دەبێت کە ئۆجەلان و چەند کەسێکی کەمی پەکەکە باوەڕیان پێی ھەیە کە ڕاوەستانی شەڕی ماڵکاولانەی شاخ و شارە ، ھەتا ئەگەر ئەم شەڕڕاگرتنە یەکلایەنانەش بێت و ھەر بۆ بەڕیکردنی وەختیش بێت.


ئۆجەلان لەم بوارەدا کە ھەوڵێکی یەکجار زۆر و ھەنگاوی گەورە گەورەی ناوە ، کە لە زۆر شوێنی دیکەدا باسمکردون ، تا مانگی تەموزی ساڵی ڕابوردوو توانی تاکتیکەکانی دەوڵەت و ئاکەپە یەک بە یەک پوچبکاتەوە ، توانی کێشەی کورد لە کێشەیەکی داخراوی نێوخۆی تورکیاوە بکاتە کێشەی سەرمێزی وڵاتان و دەسەڵاتدارەکانییان، توانی بزوتنەوەی پەکەکە لە بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی چەکدارانەی چەقبەستتوەوە بگوێزێتەوە بۆ بزوتنەویەکی کۆمەڵایەتی زیندوی نموونەیی ، بۆ بزوتنەوەی دژە دەوڵەت و دژە دەسەڵات لە ھەر شێوە و ناوەرۆکێکدا بێت ، شۆڕشی سیاسی پارتیانەی گۆڕی بۆ شۆڕشێکی کۆ‌مەڵایەتی لە ھەموو بوارێکدا بەمەش توانی بە ملوێنەھا خەڵکی لە سەرانسەری ئەم دونیایەدا لە کوڕان و کچانی گەنج بکاتە ھاوکار و کۆمەککار بە ڕۆژاوا و بە باکور ... توانی گەلێکی دیکە لەمانە بکات.


بەڵام مەخابن، ھەموو ئەم ھەوڵ و کۆششانەی ئۆجەلان ، گەر ئەم بارودۆخە وابڕوات، بە دڵنیاییەوە بە زایە دەڕوات و دەبێت بگەڕێینەوە ‌ بۆ ساڵانی ھەشتا و نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، ئەمە جگە لەوەی کە ھەنگاوی یەکەمیش دەبێت بۆ تێشکانی بزوتنەوەی ڕۆژاواش.


وەستانی شەڕ، گواستنەوەی بزوتنەوەکە لە شاخەوە بۆ شار و شارۆچکە و لادێکان کردنی بە شۆشێکی کۆمەڵایەتی قۆڵی شەڕخوازانەی دەوڵەت و ئاکەپەی لە بندا بڕی و خستنییە ژێر فشارێکی ناوخۆی تورکیا و سەراپای دەرەوە و سیاسەتیی ناوەوە و دەرەوەی تورکیای خستە ژێر چاودێریەکی یەکجار وردەوە.


لە کاتێکدا کە دەوڵەت و ئاکەپە ھەرگیز نێتی ئاشتەواییان نەبووە و نییە و بەڵام کەوتبوونە بەردەم واقیعێکەوە کە نەیاندەتوانی ھەر بەو ئاسانییە بگەڕینەوە بۆ شەڕکردن. دەیانزانی ئەم ڕێگایەی کە پەکەکە گرتویەتییەبەر تاکە ڕێگەی سەرکەوتنتی ئەوانە و تێشکانی ئەمانە ، دەزانن کە دەروازەی ھاتنەناوەوەی یەکێتی ئەوروپای لێدادەخرێت، دەکەوێتە بەر لۆمە و گازەندەیەکی زۆرەوە ، ئەمانە و سەرکەوتنی پارتی ھەدەپە و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە لە دەوڵەتدا....... لەبەر ئەمانە ئاکەپە بە یارمەتی دەزگە سیخوڕییەکەی ' میت ' تاکە چارەیەک لای ئەوان گەڕانبوو بە دوای ڕیزێک تاکتیکدا کە ھەرچۆن ھەیە پەکەکەی ‌پێبخەنە داوەکەوە و بزوتنەوەکەی ڕۆژاواشی پێلاواز بکەن تاکو ‌ڕۆژاواش ڕێڕەوی سازشکارییەکی وا بگرێتە بەر کە ببێتە وانەیەک بۆ ھەموو چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیت و ئازادیخوازانێک کە بەو ئاسانییە ئیدی پشتگیری ھیچ بزوتنەوەیەک نەکەن.


بەداخەوە دەقاو دەق پەکەکە ئەوەی کرد کە ئاکەپە ویستی کە لە کوشتنی دوو پۆلیسەوە دەستیپێکرد و ( گەرچی پەکەکە ئەو ھەواڵەی بەدرۆ خستەوە) بیانوی دایە دەست دەوڵەت نەک لە گرتنی دەیەھا کەسدا و ھەڵوەشاند‌نەوەی پرۆسسەی ئاشتی و کردنی ھەڕەشە و گوڕەشە ، ھێڕشکارییەکانی بەندبکات، بەڵکو بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکیش کوردستانی باشوریشی بۆمببارانکرد و چەندەھا گوند و چەندەھا خەڵکانی سیڤڵ لەگەڵ ھەندێک لە گەریلاکانی پەکەکەشدا، کوشت.


دوای عەمەلییە تیرۆرریستییەکەی داعش لە ئەنقەرە و گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٣٠ کەس و بەکارھێنانی سیاسەتی توندوتیژانەی دەوڵەت دژی شارەکانی کوردستان ، پەکەکە لەبری گرتنەبەری سیاسەتی یاخود چالاکی دیکە، ھاتن داوای جۆرێک بەرخۆدانیان لە خەڵکی کرد و بانگەشەی خۆبەڕیوەبەری گەلیییان کرد . ئاخر لە کەشوھەوای جەنگ و لەژێر سێبەری دەبابە و تەنک و تەقەدا چۆن خۆبەڕێوەبەریی گەلی دروستدەکرێت؟!! گەر خۆبەڕیوەبەری گەلی لە حەقەتدا خۆبەڕێوەبەریی گەلی بێت، دەبێت ھەم خودی گەل خۆی بڕیار بدات و دروستی بکات ھەمیش دەبێت لە ئاووھەوایەکی ئاشتی و بەگرتنەبەری پرۆسەی دیمۆکراسی ڕاستەوخۆبێت نەک بە بڕیاری گەریلا یا دەستەیەکی چەکدار و لە کەش و ھەوای شەڕدا!! ئەمە جگە لەوەی کە کارێکی نادیمۆکراتیانەیە و کۆمەڵێکی کەم بڕیار بۆ سەرجەمی ھاووڵاتیان لەو شوێنەدا دەدەن ، دیسانەوە بیانویەکی باشیشە بۆ ئاکەپە بۆ کوشتن و بڕینی خەڵکی و خولقاندنی بارودۆخێک کە بە تەنھا لە بەرژەوەندی ئەوە بۆ چڕکردنەوە و گەورەکردنی شەڕەکە و دانی پەیامێکی وا بەتایبەت لە کاتێکیشدا کە پرۆسەی ھەڵبژاردان بەڕیوە دەچوو بە خەڵکانی تورکیا کە زۆربەیان تورکن و چەندەھا پارتی ڕاستڕە و ڕایسستی تیادایە و بڵێت " بڕوانن پەکەکە دەیەوێت کە خاکی تورکیا بەشبەش بکات".


لەمەش خراپتر ‌ ‌ لە ڕۆژانی ٢٤/١٢ و ٢٥/١٢/١٥ لە شارەکانی وەکو نوسەیبین و بۆتان و جزیرە " پارتی سیڤل" لە لایەن ھەندێک کەسەوە ڕاگەینرا ھەر دەمودەستیش ‌ھێزی یەکینەکانی پاراسنتنی شاریان لە گەنجان ڕاگەیاند و وێنەی ھەندێک لەو گەنجانە بە چەک و نارنجۆکەوە کەوتە سەر ڕوی ماڵپەڕە کوردییەکان و فەیسبوک و بە مژدەیەکی خۆش و بەرخۆدان ، ڕاگەیەنرا ، کە لە ڕاستیدا گەورەترین ھەڵەیە و دەوڵەتی تورکیا بە ملوێنەھا دۆلار ئەم ھەلە دەکرێت.


لە لایەکی دیکەشەوە دەبینین کە تاکە کەسێک دەیەوێت فرمانێکی گەورە بۆ گەلێک، دەربکات ، بێ لەبیرکردنەوە لە ئاکامی بڕیارەکەی و نەگەڕانەوە تەنانەت بۆ ئەو کەسانەشی کە ھەڵیانبژاردووە. ڕۆژنیوزی ٣٠/١٢/٢٠١٥ پەیامێکی گوڵتان کشانک بڵاەدەکاتەوە،دەڵێت:


کشاناک رایگەیاندبوو:" ئەگەر دەوڵەت ھاوسەرۆکی شارەوانیەکەمان دەستبەسەر دەکات ئەوە منیش خۆبەرێوەبەری رادەگەیەنم".


لە ئێستاشدا باس لەوە دەکرێت کە بەردەوامی بدرێت بەم جۆرە بەرخۆدانە و لە ئایندەنیەکی نزیکیشدا گەریلا بێتەوە ناوشارو جەنگ بگوێزرێتەوە بۆ قوڵایی شارەکانی تورکیا . سەبارەت بەمەش بە گوێرەی ڕۆژنیوزی ٠٢/٠١/٢٠١٦ فەرمانداری بڕیارگەی ناوەندی پەژا ستار ، دەلال ئامەد، لە بەرامبەر ھێرشەکانی ساڵی ٢٠١٥ .دەڵێت ....." ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٦ دا ھێڕشەکان زیاتر بن، ئێمە دەستتێوەردان لە شارەکان دەخەینە ڕۆژەفەوە " دەلال ئەمەی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی فورات ساڵی نوێ لەگەڵ کورد و بەتایبەتی ژنانی کورد، وت.


لای من گرتنەبەری ئەم تاکتیکانە ‌ ‌ زۆر مەترسیدارن و تەنھا کەسێکیش بتوانێت ئەم تاکتیکانە پوچەڵبکاتەوە ، ئۆجەلانە و ئەویش ڕێگای پێنادرێت کە ببینریت و ئەمەش بە ئەنقسەستە ‌ و نەوەکو ئۆجەلان پەیامێک بنێرێت بۆ دەرەوە و یارییەکەی ئاکەپە کۆتایی پێبھێنێت و بزوتنەوەکەش ‌ بخاتەوە سەر ڕێگا ڕاستەکەی خۆی، پێشئەوەی ھەموو شتێکمان لە دەست بچێت.

_________________________________

بەشی چوارەم: www.emrro.com/helwestmanb4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/helwestmanb3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/helwestmanb2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/helwestmanb.htm

 

٣٠\١\٢٠١٦ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک