٢٣\٢\٢٠١٦
ھەڵوێستمان
بەرانبەر رۆژاوا
دەبێ ھەڵوێستی
رەخنە و ھاریکاریی بێ.

زاھیر باھیر
- بەشی
هەفتەم -
نەبوونی دیدێکی تەواو و ھەبوونی ھەڵوێستی پەرادۆکسیانە سەبارەت بە
ئابوری ئێستا و ئایندەی ڕۆژاوا:
بنەمای شۆڕشی کۆمەڵایەتی لای من شۆڕشی ئابوری و شۆڕشی کولتورییە . ئەم
دوانە ھەردوکیان بناغەی شۆڕشەکە دروستدەکەن و دەستکاریکردنی بوارەکانی
دیکەی وەکو ڕۆشنبیری و سیاسی و ھتد بەم دوو بوارەی سەرەوە پەیوەستدەبن.
بناغەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە ھەر لەوێوە بەشێک لە کولتورەکە دەگۆڕێت و
کۆمۆنێتییەکە یا کۆمەڵەکە دەکاتە ئۆرگانیک، ژیان دەگەڕێنێتەوە بۆ
لایەنە سروشتیەکەی خۆی ، ژیانی پێکەوییە (جەماعی) و کاری ھەرەوەزییە .
بۆ ئەمەش دەبێت ھەر لە سەرەتاوە دیدێکی ڕۆشن و پلانێکی داڕێژراو ھەبێت
بۆی . ھەبوونی کۆمونەکان و پێکەوەژیانی خەڵکی لەسەر زەوییەکان ، لە
گەڕەکاکاندا لە شوێنەکانی سەرکاردا بەردی بناغەی داڕشتنی بە کۆمەڵایەتیکردنی
ئابوری و ژیانی بەیەکەوەیی و کاری ھەرەوەزیانەیە . ڕاستە ئابوری
دواکەوتووی ڕۆژاوا و دۆخی شەڕ و نەبوونی ئاشتی و فشاری گیروگرفتەکانی
دیکە و نەبوونی ھاوکاری و کۆمەکی پێویست لەلایەن چەپ و کۆمۆنیست و
سۆشیالیست و ئازادیخوازانی جیھانەوە ، ڕۆڵی خۆیان بینوە و دەبینن لە
پێشەوە نەچونی پلانی بە کۆمەڵایەتیکردنی ئابوری، بەڵام ھاوکاتیش نەدانی
ھەوڵی جددی بۆ ئەو مەسەلەیە و پلان و قسەوباسی ناکۆک لەسەر بیناکردنی
ئابوری ڕۆژاوا ، ئەوەندەی دیکە پلانە ئابورییەکەی دواخستووەو تا ڕادەی
ھەڵسپاردنی لە ئێستادا.
ئەمڕۆ ھەر لە کانتۆنی جەزیرەدا زیاتر لە ١٠٩ کۆمون ھەیە. ئەم کۆمونانە
دەتوانن لە سەر ئەرزی واقیع لە ژیانی ڕۆژانەدا ھەنگاوی گەورە بنێن بۆ
نموونە ھێج نەبێت دەتوانن چێشتخانە ( مەتبەخی) گەڕەک ھەبێت ، لەسەر کار
چێشتخانەی کارگەران و کارمەندان ھەبێت ، بە ھەمان شێوە لە شوێنەکانی
خوێندندا و خەستەخانەکان و شوێنە خزەمگوزارییەکاندا. دیسانەوە لەسەر
زەوییەکان دەبوایە بە ھەرەوەزی خەڵکی کاری لەسەر بکردنایە و
بەرھەمەکەشی بۆ کۆمۆنێتییەکە بوایە . لەبری ئەمە " ئێمە ھانی ھەوموان
دەدەین کە کار لە زەوییەکانی خۆیاندا بکەن لەسەر بناغەی پێویستی
کۆمۆنێتییەکە" ئەمە قسەی دکتۆر یوسف ئەحمەدە، وەزیری ئابوری لە
کانتۆنی عفرین، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ
The Huffington Post کە لە
١٨/١٢/٢٠١٥ کراوە . دیسانەوە دەڵێت " ئێمە بەخێرھاتنی خاوەن سامانەکان
/ پارەدارەکان دەکەین تاکو پارەکانیان بخەنە گەڕ و بەشداری بکەن و
سەرمایەکەیان بخەنە بەردەم ھەوڵی ھاووڵاتیانی جیاجیا تاکو لەسەر
زەوییەکانیان بژین ئەمە لە کاتێکدا کە ھێشتا کەرتی تایبەتی لە بەشی
ئابوریدا کەرتێکە " درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵێت " بەڵام ئێمە لێیان
ناگەڕێین کە ھەلیان بۆ بڕەخسێ و کۆمۆنێتییەکە و خەڵکەکەی بچەوسێنەوە و
بەکاربھێنن یاخود مۆنۆپۆلیانبکەن " بەردەوامدەبێت لەسەر قسەکانی و
دەڵێت " ئێمە لەمەدا سەرکەوتوو دەبین چونکە مۆدێکلێکی دیکە لەسەر زەمین
نەماوەتەوە ھەوڵی بۆ نەدرابێت. ئەم مۆدێلە مۆدێلێکە کە مێژوی مرۆڤایەتی
دەگەڕێنەتەوە بۆ ژیان".
بەڵام لە دیمانەکەی
Murphy Dylan ڕۆژی ٠٨/٠١/٢٠١٥ دا لەگەڵ
Özgür Amed
Journalist and Researcher ، (ڕۆژنامەوان و توێژەرەوە ) دیلان مێرفی
لێی دەپرسێت : دونیای سەرمایەداری لە قەیرانە ئابورییەکەی ٢٠٠٨ وە تازە
لە ھەڵسانەوەدایە نایەکسانی لە ساماندا لە زۆر شوێنی ئەم دونیایەدا لە
زیادەبووندایە. چ بەدیلێکی ئابوریانە لە ڕۆژاوادا پێشنیازکراوە ؟
ئۆزگار ئەحمەدا لە وەڵامدا پەنجە بۆ پەیامێکی ..دکتۆر یوسف ئەحمەد
وەزیری ئابوری لە کانتۆنی عفرین کە لەو کۆنفرانسەی بۆ " ئابوری
ئۆتۆنۆمییە دیمۆکراسییەکان "سازدرابوو ، ڕادەکێشێت ، کە وتوویەتی" ئێمە
بەرگری و پارێزگاری لە سەرجاوە سروشتییەکان دەکەین . مەبەستم لە
بەرگریکردن لە بەرگری میلیتاری نییە بەڵکو پارێزگاری و بەرگریکردنە لە
چەوسانەدنەوە و سەرکوتکردن کە ئێستا کۆمەڵ ڕووبەڕوی بووەتەوە . زۆرێک
لە ڕێگر و بەست ھەیە لە ھەیکەلی /بیناکردنەوەی ئابوری کۆموێنی لە
ڕۆژاوادا . سیستەمەکان کە سیستەمی کاپیتاڵیستی وەکو سەرچاوەیەک لەوێدا
ھەوڵدەدات کە ببێتە بەربەستێک لە پرۆسەی پێشەوەچونی ئابورییەکە ھەروەھا
لە مەیدانە کۆمەڵایەتییەکەش. ئێمە وەکو خۆمان پرنسپڵی ئابوری کۆمونەیی
دەگرینەبەر . ئێمە کار لەسەر خولقاندنی سسیستەمێک دەکەین دژە
لیبراڵیزم و ڕاگرتنی ئیکۆلۆجی و لەگەڵ ئەخلاقی ھاوبەشی لە موڵکایەتدا
لە تەک کۆمونیوێڵ و کولتوری بەرھەمھێنان ." دوای ئەم قسانە دێت دەڵێت "
شۆڕش ھەرەوەزییەکان بەرەوپێشەو دەبات کە لەسەر بناغەی ئابوری
کۆمەڵایەتیییە کە وەکو ئابورییەکی جێگرەوە (بەدیل). بۆ نموونە ھەر
کۆمپانیایەک بێت بۆ ڕۆژاوا شوێنی خۆی لە خزمەتکردنی ئەم ھەرەوەزییانەدا
دھکاتەو" گەرچی ئەم دیمانەیە زۆر باشترە لەوەی ئەم دواییە و
جیاوازییەکی زۆر دەبینرێت و بۆنی گرتنەبەری کۆمەڵە ھەرەوەزییەکان و
ژیانی بەیەکەوەی ، لێدەکرێت، بەڵام ھێشتا دەتوانین بپرسین کێدەتوانێت
قەناعەت بەوە بێنێت کە قەناعەت بە کۆمپانییەکان بکرێت ، کە کۆمپانیایەک
کە بۆ سودو قازانجیان ھاتوونەتە ڕۆژاووە دەتوانرێت خزمەتی
ھەروەزییەکانیان پێبکرێن؟، بەڕاستی ئەمە قسەیەکی بێ بناغە و بێ بەڵگەیە
، چونکە کۆمپانیا یەکسانە بە قازانج، ھەر کاتێک وەستا لە پەیداکردنی
قازانج ئەوە مایەپووچدەبێت و لە کۆمپانیایی دەکەوێت.
_________________________________
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/helwestmanb6.htm
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/helwestmanb5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/helwestmanb4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/helwestmanb3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/helwestmanb2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/helwestmanb.htm
٣٠\١\٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|