په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٢\٢٠١٦

ھەڵوێستمان بەرانبەر رۆژاوا دەبێ ھەڵوێستی رەخنە و ھاریکاریی بێ.


زاھیر باھیر      

- بەشی هەشتەم (کۆتایی) -

• پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردن:


پاگەندەیەکی یەکجار زۆر دژی یەکینەکانی گەل و ژنان و ھێزی ئاسایش لە ڕۆژاوادا لە لایەن زۆر لە میدیاکانی حکومەتی ھەرێم و ناوجەکە وە تەنانەت لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیشەوە، دەکرێت کە گوایە لە ڕۆژاوادا ئازادی نییە و گرتوی (بەندی) سیاسی ھەیە و مامەڵەی ناشیرین لەتەک بەندییەکاندا دەکرێت بە بەکارھێنانی توندوتیژی ھەروەھا مامەڵەشیان لەگەڵ گوندە عەرەبەکان و دانیشتوانی کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون . جگە لەوانەش مامەڵەیان لەگەڵ پارتە سیساسییە موعارەزە کوردەکانی خودی ڕۆژاوا کە ئازادییان لێ قەدەغەکراوە،دەکرێت.


ئاشکرایە ‌ کاتێک کە خاوەنی ھێزی چەکداریی بیت و لە بارودۆخی شەڕ و جەنگدا بیت لەولاشەوە ململانێی دەسەڵات بکەیت ، گومانی تیادا نامێنێتەوە کە ئەو زەمینەیەی سەرەوە ئازادی و سەربەستی پارتەکانی دیکە و ھەڵگرانی باوەڕی جیاواز کەمدەکاتەوە و گرتن و بەندکردنییشیان و تاوانبارکردنیان بە ئەنجامدانی جۆرەھا چالاکی جیاواز، لە گومانەوە تا ڕادەیەک دەخاتە قاڵبی ڕاستییەوە . لە شوێنێکدا کە دەسەڵاتی چەکداری وجودی ھەبێت ، ئازادی لەسەدا سەدی تیانییە ئەمە شتێکی لۆژیکانەیە و مێژوی بزوتنەوەی چەکدارنەش لە جیھاندا، ھەمیشە ئەمەی سەلماندووە.


لەبەر ئەوە تا ڕادەیەک ھەندێک لەو پاگەندانەی کە دەکرێت، دەکرێت بچێتە قاڵبی ڕاستیییەوە و بەرپرسانی یەکینەکانی گەلیش پێی لە گواستنەوەی دانیشتوانی ٣ بۆ ٥ گوند‌ی عەرەب، ناوە کە گوایە زروفێکی نائاسایی بووە.


بەرای من کەش و بارودۆخەکە ھەرچۆنێک بێت نابێت پاساوێک بێت بۆ قەدەغەکردنی ئازادییەکان و ڕێگەگرتن لە چالاکی حیزبە موعاریزەکان ئەوەندەی کە بەکاری تیرۆریزمانەوە سەرگەرم نەبن ، ھەرچەندیش گوندێکی عەرەبنشین لەگەڵ داعشدا بوبن یاببن ، نابێت دەمیان ببەسترێت و بەندبکرێن و ڕاگوێزرێن. ھێج بیانوو پاساوێک و قەبوڵی ئەوە ناکات.

 
لیژانەکانی مافی مرۆڤ کە لەوێ ھەن ھەر ھیچ نەبێت بۆ پارێزگاری لە ھەیبەت و شۆرەی پەیەدە و یەپەگە ،خۆیان ، دەبێت ھاوکاری بکرێن، وەکو ھێزێکی چاودێر تەماشایان نەکرێت، بەڵکو دەبێت وەکو ھێزێکی ھاوکار و کۆمەککار ببینرێن و ھان بدرێن و بەئاگە بھێنرێنەوە کە تۆماری ھەموو جۆرە پێشێلکردنێکی مافی مرۆڤ و ھاووڵاتیان بکەن و ئەوانی لێئاگەدار بکەنەوە ، مافی حیزبەکان لە کردنی چالاکییەکانیاندا دەبێت ڕێزی لێبگیرێت تاکو بتوانن پاکۆ لە کردارە نەگریسەکانی سەردەمی بەعس بدەن و ئەو ناوبانگ و شۆرەیەیی کە یەپەگە و یەپەژە و پەیەدە کە لە بواەکانی دیکەدا ھەیانە دەبێت ئەم لایەنە گرنگەی دیکەش، سەراپای کۆمەڵ بگرێتەوە.


ئەوانێک لە کاتێکدا کە ھەرێمی کوردستان و پارتی بە دڵسۆزی خۆیان دەزانن و بانگەشەی سەرۆکیان بۆ کۆنفرانسی خۆیان دەکەن و داوای یەکێتی نەتەوەیییان لێدەکەن، دەبێت مەیلێکی دۆستانەشیان لەگەڵ "پیاوەکانیاندا" کە لە حیزبە موعارەزە جیا جیاکاندا گردبوونەتەوە ، ھەبێت، دەبێ سوکایەتی نە بە خۆیان و نە بە ئاڵاکەیان یا ئاڵای ئەو لایەنانەی کە بەرزیدەکەنەوە ، نەکەن . دەبێت زەوق لە تەو‌اوی مافەکانی خۆیان ببینن ، تەنھا مافی دروستکردنی ھێزی سەربازی تایبەتی ،نەبێت ‌ لە دەرەوەی فەرماندەکانی یەکینەکانی گەل،دەبێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە . لەو حاڵەتەشدا دەبێت کێشەکە لە ڕێگای وتووێژو ئاشتییەوە لابەلا بکرێتەوە بە نیشاندانی ئەوپەڕی ڕێزگرتن و گوێگرتن لێیان و ھەبوونی بەرگەگرتنی (تەحەمولی) زۆر و قسەکردنی پێویست بە بەڵگەوە . دەبێت سیاسەتی ئەمان کارکردن لەسەر بچڕانی پەیوەندی ئەو حیزبانە یاخود ساردکردنەوی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، بێت، نەک پاڵپێوەنانیان بۆ خستنە ‌باوەشی زیاتری ھەریمەوە و بە تایبەتی پارتی. سازشکردن بۆ حیزبە کوردییە یا غەیرە کوردییەکانی ڕۆژاوا و تاک و گروپە ‌ ڕاجیاوازەکان دەبێت پێش سازش لەگەڵ ئەمەریکا و تورکیا و ڕژێمی ئەسەدو سەرجەمی وڵاتانی دیکە، بکەوێت، نەک فەرامۆشکردن و پەراوێزخستنیان'.


ئەوە نەبێت پەیەدە ھەر ئەو پاگەندانەی سەرەویان لە دژ بکرێت، بەڵکو بە زۆر کاری دیکە لە لایەن کەمایەتییەکانی وەکو ئاشورییەکان و مەسیحییەکان و ئەرمەنییەکان و ھەروەھا عەرەبەکانیشەوە بە پێشێلکردنی مافیان، لە ھەندێک ڕووەوە تاوانبارکراون . بۆ نموونە : لە مانگی سێبتەمبەری ساڵی ڕابوردووەوە کە بەشی پەروەردە و پێگەیاندن لە ڕۆژاوا بڕیاریدا کە پەیڕەو و پڕۆگرامی خوێندن لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا بگۆرن بە جۆرێک کە لە تەک دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکدا بڕوات و بگونجێت، ئەو گروپانەی سەرەوەوە و لایەنی دیکەی دین جیاواز / ئاین جیاواز ناڕازین بەرانبەر ئەو پلانە تازەیە ، ئەوان بڕوایان وایە و دەڵێن " پڕۆگرامی نوێی زمانی کوردی بۆ قوتابخانە سەرەتاییەکان کە لە لایەن پەیەدەوە،‌ ناسێنراوە، جڵەوی داوەتە ‌دەسەڵاتی کوردی لە باکوری سوریادا لە بەجێھێنانیدا، لە ھەقەتدا جەدەلیانەیە بەوەی کە زۆر‌ ئایدۆلۆجیانەیە" کە ئەسبەقیەتی بە تاکە دیدێک لە سەرو ئەوانی دیکەوە داوە" ئەوان باوەڕیان وایە جیاوازییەکی زۆر نیییە لە نێوانی پەروەدەی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد و ئێستای دەسەڵاتی خۆبەڕیوەبەریدا " ھەروەکو تێکستی نێو کتێبەکانی حکومەتی سوری " قادر ئەحمەد کە چالاکوانێکی کوردە و لە کۆبانی دادەنیشێت بە (Syria Direct)ی وت تێکستەکانی کە لە پڕۆگرامە تازەکەدا بەکارھاتووە " ئەسبەقییەتی بە تاکە دیدێک داوە بەسەر ئەوانی دیکەدا ، جیاوازییەکە لەم پڕۆگرامەدا دەرخستن و داڕشتنی ھزری ئۆجەلانە لە بری ئایدیاکانی بەعس".


ھەڵبەت من نازانم چەندێک لەمەی کە لە سەرەوە وتراوە ڕاستە و چۆن جێ بەجێ کراوە ، بەڵام بە دڵنیاییەوە قبوڵکردنی ئەوانەی سەرەوە زۆر سەختە و ھەرسکردنی بۆ ئەو لایەنانە ئاسان نییە.


ڕژێمی ئەسەد کاتی خۆی مۆڵەتی بە گەلێک لایەن و ئەو گروپانەی سەروە داوە کە "قوتابخانەی تایبەتییان" لەبری دەوڵەتی ھەبێت ، کە ئەمەش لە خۆیدا دانی بەرتەرییە (ئیمتیاز) بەو لایەنانە، دیارە ئەمەش لەژێر بیانو و پاساوی جیاجیادا کراوە . لەم بارودۆخەدا کە ئەم لایەنانە بەرنامەیەکی ڕادیکالی ئاوایان بەسەردا بسەپێنرێت ، ھەست بە لێسەندنەوەی بەرتەرییەکانیان دەکەن و ھەستدەکەن کە مەحرومکراون.


لە کاتێکدا کە من پڕۆگرامی نوێ کە لەتەک خۆبەڕیوەبەریی گەلی و بیر و ھزری ئۆجەلان و پرسی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک و ئیکۆلۆجی و ژینگەدا ، دەناسم و ڕەچاوی دەکەم، ھەر‌ئاواش گەڕانەوەی قوتابخانە تایبەتییەکان بۆ ناو کۆ‌مەڵ و خوێندنی یەک بەرنامەیی کە لە بەرژەوەندی شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا بێت و لەگەڵیدا بڕوات کارێکی زەرورییە و ڕەچاویان دەکەم. ئەوەش تێدەگەم کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی ھەوڵی یەکسانی و تەبایی و بە کۆمەڵایەتیکردنی ھەموو شتێکە. بەڵام لە کاتێکدا باوکان و دایکان نایەنەوێت منداڵەکانیان لە قوتابخانەیەکدا بخوێنن کە ئەو پڕۆگرامە نوێیە دەسەپێنێت ، دەبوایە پەیەدە و بەشی پەروەردە و پێگەیاندن تەحەمولی زیاتریان نیشانبدایە و دیالۆگی زیاتریان لەگەڵدا بکردنایە و کۆبوونەوەی گەورە و فراون و زیادەوەختیان لەگەڵدا ئەنجامبدانایە، تاکو ئەو باوک و دایکانەیان قایلبکردایە. گەر قایلیش نەبوونایە ئەوە ڕێگای دیکەی بێ لە توندووتیژی و خۆسەپاندن ھەنە کە دەکرا لەگەڵیاندا بەکاربھێنرایە.


لە قامیشلی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ،  ھەستدەکەن کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ھەتا ڕادەی دەرکردنی خەڵکی لە خانووەکانیان بە زۆر و تێکدانی ماڵ و خاوەندارێتیی غەیری دانیشتوانی کورد لەو دەڤەرەدا ڕوویداوە و کراوە.


ئاژانسی دەنگوباسی جیھانی ئاسورییەکان لە ٠٢/١١/٢٠١٥ دا سەبارەت بە داگیرکردنی خانووبەرە و بانگکردنی خەڵکی بۆ چەک ھەڵگرتن بەزۆر و پڕۆگرامی نوێی قوتابخانە،‌ نوسیوێتی و دەڵێت: "١٦ ڕێکخراوی ئاسوری و ئەرمەنی پەیامێکیان دەرکردوە کە ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە دەستبەسەراگرتنی موڵکی تایبەتی خەڵک لە دەڤەری حەسەکە لە لایەن کوردەکانەوە، دەربڕیوە . پەیامەکە پەیەدەی کە باڵیێکی پەکەکەیە ، بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دەستبەسەراگرتنی (موسادەرەکردنی) موڵکی تایبەتی، سەربازگیری نایاسایی و ھەرەھا دەستوەردان لە کڵێسەکان و بەرنامە و پڕۆگرامی قوتابخانە، تاوانبارکردووە".‌

_________________________________

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/helwestmanb7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/helwestmanb6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/helwestmanb5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/helwestmanb4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/helwestmanb3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/helwestmanb2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/helwestmanb.htm

 

٣٠\١\٢٠١٦ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک