په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠١٩

ھەڵوێستمان سەبارەت بە پڕۆژەی بە ناو چاکسازیی.*

 


لە زیاتر دە ساڵی رابردوودا کاتێک دەستپێشخەریمان کرد لە دۆسیەی خانەنشینی پلە باڵاکان تا ھەنووکە کۆی گشتی ٣١ گردبونەوەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاکان و کەمکردنەوەی موچەی بنەڕەتیان ئەنجامداوە، بەشی زۆریشی لێرە لەبەردەم پارلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە چوونە، زۆرجار بەڵێنمان وەرگرت، ھەمووی راست نەبوون، زۆر جار بە دوای چالاکیەکانماندا لە لیستە جیاجیاکانی پەرلەمان پڕۆژە یاسا پێشکەشکراوە بۆ ھەمان مەبەست بێ ناوھێنانی ئێمەو ھەوڵەکانمان، زۆر جار کەسی وا ھەبوو واژۆی دەخستە سەر چەندین پڕۆژە یاس، مخابن زۆربەی ھەوڵەکانیان بۆ خۆ دەرخستن و دەنگ کۆکردنەوە بووە، تا ھەنووکە یەک پەرلەمانتار و پلە باڵا لە تاقیکردنەوەکە دەرنەچوون کە لە خۆیانەوە دەستپێبکەن، تەنانەت ئەوانەشی دەوڵەمەند بوون یان لە پارتە دەسەڵاتدارەکان بوون ھیچ پێویستییەکیان بەو موچەیە نەبووە، لە بەرامبەردا لە خولی پێشووی پەرلەمان بە یاسا بودجەی زەبلاحی بێ نموونە لە جیھانیان بۆ پارتەکانیان دیاریکرد، تا ئێستا نەیانتوانی پڕۆژە یاسایەکی دادپەروەرانە بۆ چاکسازی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان پێشکەش بکەن کە رەچاوی موچەی کەمی خانەنشین و کەمئەندامان و کارمەندو کرێکارانی کوردستان بکات، ئێمە کە حیزبەکانمان لە ساڵی ١٩٩١ لە ئاوارەیی ھێنایەوە کوردستان و کردمانن بە فەرمانڕەوای ئەم ھەرێمەو سەرکردەکانیشیانمان لە نەداری و کرێکارییەوە کردە ملیاردێر، ئەمڕۆ ھیچ مافێک بە ئێمە بە رەوا نابینن، نانمان لێ زەوتە کەن و ئازادییەکانمان پێشێل دەکەن، تەنانەت لە ھۆڵە داخراوەکانیش چالاکییان لێ قەدەغە کردوین، دەبوایا بەرامبەر بەو ھەموو قوربانیەی پێشکەشمان کرد ونەزانانە کوردستانمان وەک ھێلکەی پاککراو دوای ئازادکردنی خستە بەردەستیان وەفادار بونایا بەرامبەرمان، ئێستا ئەوان و نەوە لە دوای نەوەیان لێی دەخۆن، لیرەدا کۆمەڵێک داواکاری بۆ ٣١یەمین جار دەخەینە بەردەم کابینەی نۆێی حکومەت و پەرلەمانتارانی خولی تازەی پەرلەمان لە لیستە جیاجیاکان ھیودارین پشتیوانی بن لە پڕۆژەی چاکسازییەکەیان جێگای بکەنەوەو و بێئومێدمان نەکەن وەک جارانی پێشوو :

١-پێمان وایە دەبێت چاکسازی لە لوتکەوە لە خانووە ملیۆن مەترییەکانتانەوە دەست پێبکات، ناکرێت ئێوە لە خانووی ملیۆن مەتریدا بژێن و خەڵکانیش مەترێک زەویان نەبێت، پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستانیش بەوان بسپێردرێت، لە بارودۆخی وادا باسکردنی چاکسازی و وتنەوەی عەدالەت شەرمە.
٢- موچەی بنەڕەتی پلە باڵاکان بۆ نیوەی ئێستای کەمبکرێتەوە، بۆ ئەوەی جیاوازی موچە کەمبکرێتەوە لە کوردستان کە بەرزترین رێژەیە لە جیھان.
٣- یاسای خانەنشینی پلە باڵاکان بە ئاستێک رێک بخرێت لە ٢ ملیۆن زیاتر نەبێت بۆ ئەوانەی تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە، ئەوانی دیش بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، ئەوەشی کاری نەبووە، بە پێی بڕوانامەو پسپۆرییەکەی دابمەزرێت، ھاوکات وردبینی لە خزمەتی پێشمەرگایەتی و رۆژنامەنووسیان بکرێت، چونکە بەشێک لەوانە پێشتر خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگە بوونە، کەچی رۆژێک پێش راپەڕین بەشداری خەباتی چەکدارییان نەکردووە، ئەمەش سوکایەتییە بە خودی پێشمەگەی دێرین، کە خاوەندی سەروەری مەعنەوین.
٤- بودجەی پارتەکان کە زیاتر لە ١٪ی بودجەی کوردستانە، کەمبکرێتەوە بە راستەوانە لە گەڵ بڕەکەی، واتا ئەو پارتانەی بەرزترین بودجەیان ھەیە بەرزترین رێژەیان لێ کەمبکرێتەوە، بە ئاستێک کەمبکرێتەوە لە ملیارێک دینار بۆ مانگێک تێ نەپەڕێت بۆ ھەر پارتێک، وەمافی سیاسی ھاووڵاتیانی کوردستان پارێزراو بێت.
٥- موچەی بنەڕەتی لە ھەنگاوی یەکەمدا بۆ ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی کوردستان ببڕدرێتەوە کە ھیچ سەرچاوەیەکی داھاتیان نییە، لە داھاتوودا ھەموو ھاووڵاتیانی کوردستان بگرێتەوە، بڕەکەی لە لایەن دەستەیەکی ئابووریزانەوە دیاریبکرێت، ریالیستی بێت لە گەڵ داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، لە دابین کردنی ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان، ھاوکات لە داھاتوودا دامەزراندن تەنھا بۆ تاکەکانی ئەو خێزانانە بێت ھیچ سودمەند نەبوونە لە کەرتی حکومەت و سەرچاوەی داھاتیان نییە.
٦-لانی کەمی موچەی خانەنشینی فەرمانبەران وەک عێراقی لێبکرێت و ھیچ موچەیەک لە کوردسان بە چاودێری خێزانی ئەوانەی سەرچاوەی داھاتی تریان نییە لە ٥٠٠ ھەزار دینار کەمتر نەبێت.
٧- دەست لە ئیمتیازاتی قوربانیانی جینۆساید و شەھید و زیندانی سیاسی بە ھیچ شێوەیەک نەدرێت، ئیمتیازاتە بڕاوەکانیان بۆ بگەڕێننەوە ، وە لیستی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی جینۆساید و پێشمەرگەی دێرین بۆ رایکشتی بڵاو بکرێتەوە.
٨- وێرانکردن و تاڵانکردنی کەرتی گشتی بۆتە تایبەتمەندی حکومەتی ھەرێم، بۆ راگرتنیان داواکارین:

ا- جیا کردنەوەی کەرتی گشتی و تایبەت لە ناوەندە تەندروستیەکان و گرنگی دان بە کەرتی گشتی لە دابینکردنی دەرمان و خزمەتگوزاری، بەرز کردنەوەی ئاستی گشتی ھۆشیاری تەندروستی خەڵک، بازرگانی نەکردن بە تەندروستی خەڵک، نەھێشتنی دیاردەی حیزب لەو سێکتەرە گرنگە،چارەسەرکردنی بەرپرسانی حیزبی و حکومی و خێزانەکانیان لە نەخۆشخانەی گشتی وەک رێزلێنان لەو کەرتە نەک چوون بۆ ھاندەران بۆ بچوکترین نەخۆشی.
ب- لە کەرتی پەروەردە پۆستی کارگێڕی بەکەسی لێھاتو بدرێت نەک بە کادیری حزب، چیتر حزب دەست لە کاروباری پەروەردە وەرنەدات، ھەموارکردنەوەی وانەکانی خوێندن لە گەڵ روحیەتی زانست و گەشەی زانست بە تایبەت شۆڕی چواری پیشەسازی بگونجێت، گەڕاندنەوەی منداڵانی بەرپرسانی حیزبی و حکومی و پەرلەمانتاران بۆ خوێندنگا گشتیەکان وەک رێزلێنانێک لە حکومەت و دەزگاکانی و کۆتاییھێنان بە سستەمی پارالێڵ کە ھەنگاوێکە بۆ بە پارە کردنی خوێندن لە زانکۆکان لە ئایندەدا.
ج- کۆتاییھێنان بە پارە کردنی کەرتی ئاو و مانەوەی لە چوارچێوەی کەرتی گشتی.
د- دەستنەدان لە کەرتی کارەبا.
ی- ئەو پڕۆژانەی کەرتی گشتی کە پێشتر خۆیان بە خۆیان فرۆشتووە، یاخود زەوی، مەلەفەکانیان بۆ رایگشتی بڵاو بکرێتەوەو لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت.
ن- باج بخرێتە سەر دەوڵەمەندان پڕۆژەی بەرپرسان.
ت- بەھیچ جۆرێک رێگا نەدرێت بەرپرسانی حیزبی و حکومی ، بە تایبەت پارتە دەسەڵاتدارەکان، بە کەسانی پلە یەک و دویانەوە، چالاکی ئابوورییان ھەبێت.
م-  لانی زۆری موچەو لانی کەمی موچە لە کەرتی گشتی ، لە گەڵ لانی کەمی کرێ و لانی زۆری کرێ لە کەرتی تایبەت بە یاسا دیاریبکرێت.
ن-  بودجە بۆ پشتیوانی بەرھەمی خۆماڵی، کشتوکاڵی و پیشەسازی دیاریبکرێت لە پێناو بوژاندنەوەی،.

ھیوادارین پەرلەمانتارانی کوردستان لە گفتوگۆی پڕۆژە یاساکە وەک جاری پێشوو بیر لە ئیمتیازاتی خۆیان نەکەنەوە، تەنھا بیریان لای ئەوە بێت جیاوازی موچەی لە ھەرێمی کوردستان لە زیاتر ٣٠٠ جارەوە کەم بکەنەوە بۆ چەندین جار، ئاگایان لە سکی برسییەکان بێت نەک ئیمتیازاتە زەبلاحەکانی خۆیان، با شەرمەزاری خوێنی شەھیدان و ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوان نەبن بەوەی موچەکانیان دەیان جاری ئەوان بێت.

_____________________________________________

* وتاری گردبوونەوەی ٣١ەمینی ھەڵمەتی دادپەروەری، ئەمڕۆ دووشەمە ١٦-١٢ کاتژمێر ١٠:٣٠ی سەرلەبەیانی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەی چاکسازیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

 


ھەڵمەتی دادپەروەریی
١٦\١٢\٢٠١٩

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک