په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١٧

ھەمانەی دەماندن.


زاھیر باھیر      


حیزب ھەر ناو و ناوەرۆک و ھەر ئامانجێکی ھەبێت ، چی دیکە نییە جگە لە ھەمانەی دەماندنی فشە و درۆ و پاگەندە، ئامرازی ھەڵخەڵەتاندنی خەڵک و چەواشەکردنیی جەماوەرەکەی و خەڵکانی دەرەوەشێتی .


تکایە تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکەن و ھەڵوێستی ھەدەپە و قسە بێ سەروبەرەکانی زمانحاڵەکەی ' عوسمان بایەدەمیر ببینن'، لەسەر کۆچی دوایی تاڵەبانی . پێشتریش قسە و ڕاگەیاندنەکانی ' کەچەکە' و ' پەیەدە' شمان بینی، سەبارەت بە مردنی نەوشیروانیش و مردنی ئێستای تاڵەبانی-ش.


من ھەرگیز لە لەگەڵ جەنگدا نیم تەنانەت لە نێوانی ئەمەریکا و بریتانیاشا، چونکە دەزانم ئەوەی کە لە ھەموو ڕوویەکەوە باجەکەی دەدات خەڵکە ئاساییەکەیە ، جا ئیدی من چۆن دەتوانم لە بەرەی خوازیاری شەڕ و بەیەکادانی وڵاتانی دراوسێ و نێو حیزبە کوردییەکانیش بم . بەڵام ھەلوێست و قسە قۆڕەکان و بێ بنەماکانی ئەمانە دەگاتە ئاستی کڵاودانان لەسەرمان و ھەڵخەڵەتاندنمان ئەو کاتەش کەس تەحەمولی ناکات. دیارە من ناڵێم با پەیەدە و پەکەکە و کەچەکە و ..... پەیامی پرسەنامە نەنێرن یا لە کۆچی دوایی نەوشیروان و جەلال تاڵەبانی و بەیانی بارزانی-دا بەشدار نەبن ، بەڵام کورد دەڵێێ ھەموو شتێ بە خوێ و خوێش بە مانا. مرۆڤ دەکرێت دۆست و دووژمنی واقیعیانە ببینێ و ھەڵسەنگێنێ ، نە زیادەڕەوی پێوە بکات و نە نوقمی ئەرزیشی بکات .


ئاخر ھەر زۆر بە کورتی بۆچی دەبێت مام جەلال لە دڵی ٤٠ ملیۆن کورددا بژی؟ بۆچی دەبێت سەرۆکی ھەموو کورد بووبێت؟ ڕۆڵی گرنگی مام جەلال چی بوو؟!!!!!

 

کام یەکڕیزی کوردی پاراستووە؟!! ئەو نەیتوانی یەکڕیزی یەکێتی نیشتمانی-ش بپارێزێت.


مام جەلال لە ڕۆژی بەرپرسبوونیوە لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە دەگەڕێتەروە بۆ کۆتایی پەنجاکانی چەرخی پێشوو تا ڕۆژی ١٧/١٢/٢٠١٢ کە لە گفت و کردار کەوت ، مێژوەکەی شاھیدی فاشیلبوونی خۆی و سیاسەتەکانی دەدات. من لێرەدا تەنھا ھەندێکیان ڕیز دەکەم:


• ڕۆڵی سەرەکی ئەو لە ھەڵگیرسان و بەشدارییکردنی بزتوتنەوەیەک کە ھەر لە سەرەتای دروستبونییەوە تا ئێستای بە زیانی کورد و قازانجی نەیاران ، تەواو بووە.
• جیابوونەوەی لە پارتی .
• پاڵدانی بە حکومەتی بەعسەوە.
• بەشداریکردنی لە دروستکردنی کۆمەڵەی مارکسی - لێنینی / کۆمەڵەی ڕەننجدەران، ڕۆڵی لەوێدا.
• دروستکردنی یەکێتی نیشتمانی.
• گەرموگوڕی و سیاسەتکردنی لەگەڵ حکومەتانی ئێران و سوریا و تورکیا بێ ئەوەی بتوانێت بەردێک بخاتە سەر بەردێک بۆ کوردانی ئەو بەشانە.
• دروستکردنی دەسەڵاتی کوردی بە ھاوکاریی پارتی ، کە جگە لە نەگبەتی و نەبوونی و ناخۆشی چی تری بۆ کورد نەھێنا.
• شەڕە ناوخۆییەکانی نێوانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ حیزبی شیوعی و لایەنەکانی دیکە لە شاخ و دواتریش کە ھاتنەوە شار.
• تەسلیمبوونی بە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە ساڵی ٢٠٠٣ و بێ ئەوەی پێداگریی لەسەر لابەلاکردنەوەی کێشەی کەرکوک و ناوچە ناکۆکان، بکات.
• ئەو چەند ساڵەی کە سەرەککۆمار بوو نەیتوانی قسەیەکی جددی لەتەک حکومەتی عێراق و بەرەکانی سونە و شیعە لە سەر کەرکوک و ناوچە ناکۆکان بکات و ڕێگای دا کە مادەی ١٤٠ وەکو خۆی بمێنێتەوە.
• کێشەکانی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی لە سای ئەودا قوڵتر بووەوە ئەو بەرپرسی سەرەکی بوو، کە لەو بارەشدا تەنھا خەڵکە ئاساییەکەی کوردستان زەرەری لێکرد.
• کە لە شاخ و لە شار بوون بە ئاگەداری ئەو بە سەدەھا ژن بە بیانوی جیا جیاوە کوژران و بوونە قوربانی..
• بناخەی گەندەڵی و مەحسوبییەت و واسیتە و خێڵگەریی و تیرەگەریی و شێخگەریی و ناوچەگەریی دانا و دیوەخانانەی بۆ سەرانیان بڕییەوە.
• داڵدەی ئەنفالچیان و کیمیاباران و موستەشارەکانی ھەموو دا، بەمەش دوو پەنجەی بۆ قوربانییەکانی دەستی ئەو تاوانبارانە ، بەرزکردەوە.
• کەرتە دەوڵەتیەکانی خزمەتگوزاریی بە ئاگەداری و ڕەزامەندی ئەو بەرەو فەرامۆشکردن ڕۆیشتن و کەرتی تایبەتی و کۆمپانیای دەرەکی و ناوخۆیی تایبەتی لە برەودا بوون . جگە لە کردەنەوەی دەیەھا زانکۆ و پەیمانگای بێ کەڵکی ئەجنەبی.
• بەئاگەداریی و ڕەزامەندی ئەو ھەرچی دەزگە سیخوڕییەکانی وڵاتانی دەرودراوسێ و زلوڵاتانی جیھانییە ، لەناو کۆمەڵی کوردستانا تەراتێن دەکەن، گەر ھاووڵاتیانی کوردیش تیرۆر بکەن ، دەستخۆشییان لێدەکرێت و کراوە ، لەبری لێپێچینەوە.
• ژینگە و سروشتی کوردستان وێرانکرا بە بەدەرھێنانی نەوت و لێدانی بیرە نەوت و خستنە بازاڕ و سەرجادەی سەیارەیەکی یەکجار زۆری بێ شومار.
• ئازادی تاک ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە کەمبوونەوەدا بوون ، تا گەیشتە کوژارانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان.

____________________________
www.rojnews.net/haber/20542/.html
 

٧\١٠\٢٠١٧ - لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک