په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠٢٣

حەماس و لیکود؛ لێکچوونی تاوان و بیروباوەڕ. 


عەلی مەحمود محەمەد   


هەرچی پارت و کەسایەتی فاشیستی جوو هەیە, لە کابینێتەکەی ئێستای لیکۆد بەسەرکردایەتی نەتەنیاهۆ کۆبوونەتەوە" یاش و شاس و زایۆنیزمی دینی و یەکێتی نیشتمانی و ئیسرائیل ماڵمانەو......., ", پشتیوانی ١٠٦ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسی پەرلەمانی هەیە, کابینەکەی ئێستای نەتەنیاهۆ راستڕەوترین کابینەیە لە مێژووی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیلدا, جگە لە پارتی کارو دوو لیستی عەرەبی چەپ و ئیسلامی, هەموو لیستەکانی دیکە لە دەوری حکومەتە راستگەرا ئاینییە یەکێتی نیشتمانییەکەی نەتەنیاهۆ کۆبوونەتەوە, تا ئەو ئاستەی نوزەی نەیاری ناوخۆیی بەرامبەر بە حکوومەتەکەی نەهێشتووەو کردویەتییە کابینەی بکوژو ببڕ, گەلی جووی لە گەلێکی زۆرلێکراوی مەزڵومی هەزاران ساڵەی قوربانی هۆلۆکۆستە یەک لە دوای یەکەکانەوە کردۆتە گەلێکی بکوژو ببڕو تاوانکار, دیارە تاوانە قێزەونەکەی حەماسیش لە ٧ی ئۆکتۆبەر کە رووی داعشی سپی کردەوە, باشترین دیاری بوو بۆ هاوچین و هاوبیروباوەڕە جووە زایۆنیزمەکەیان, لەسەر سینی زێر بەهانەی تاوانیان پێشکەش کردن.


حەماس و لیکۆد لە فەرهەنگی سیاسییدا لە یەک خانەی سیاسی پۆلێن دەکرێن, کە دوو پارتی راستی پارێزگاری ئاینین, حەماس کە ناسنامەی ئایدۆلۆژیەکەی لە ئیخوانەوەیە, وەک لیکۆد پارتێکی راستگەرای پارێزگارە, لە روی ئابوورییەوە هەردوو پارت باوەڕیان بە ئابووری بازاڕە, جیاوازییان تەنها لەوەدایە هەردووک نەوەی ئیبراهیمن و یەکیان نوێنەرایەتی ئیسماعیل دەکات ئەوی دی ئیسحاق, هەردووکیان چۆن بە بۆچوونی خۆیان نەوەی سامی کوڕی نوحن, بەهەمان شێوە خاوەندی یەک پەیڕەوو یەک ریش و دوژمنایەتی سەرسەختی بەرازو هاوشێوەی نزیکی شەریعەت و بیرکردنەوەن, یەکیان ناوی ئیسلامی هەڵگرتووە ئەوی دی عیبرانی.


بۆیە ئەم جەنگە, جەنگی دوو گروپی تاوانکارن, هەرچەندە هەردوولایان خۆیان بە نوێنەری دوو گروپی زۆرلێکراوی مێژوویی دەدەنە قەڵەم, لێ بە پێی یاسای جیهانی مرۆیی و رێکەوتنامەی جنێف و پایەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و یاساو پرنسیبە نێودەوڵەتییەکان ئەو مافەیان نییە چییان ویست بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل و دیلی جەنگ و ناوچە سڤیل نشینەکان بیکەن, ئەوانیش مافی تایبەتیان هەیە لە ژیان و پاراستنی کەرامەتیان, مافەکانیان بە رێکەوتنامەی نێودەوڵەتی دیاریکراوە.


مرۆڤ کە هەڵوێست وەردەگرێت دەبێت بە هەردوو چاوی سەیری رووداوەکان بکات, هەموو تاوانەکانی ئەم خولە ببینێت, نەک تەنها ئەوەی رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر جیهانی هەژاند, یان تەنها ئەوەی دوای کاردانەوەکە بەسەر خەڵکی غەزەدا هات, لێرەدا کارو کاردانەوە هەردووک لە رووی پێناسی تاوانەوە لە یەک چوارچێوەدان, تاوانی قورسن دوای پشکنین و لێکۆڵینەوە, دادگا بڕیاریان لەسەر دەدا, کە چاودێران لە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تا جینۆساید ریزی دەکەن, مەبەستم ئەوە نییە تاوانەکان پێش ٧ی ئۆکتۆبەر لە یاد بکرێن, چوونکە ئەم تاوانانەی لەسەر ئەو خاکە ئەنجام دراون و دەددرێن, تاوانی زەقی گەورەن و کات و شوێن نایان سڕێتەوە, ناشبێت تاوانکار لە سزا رزگاری ببێت.


بۆیە چەپڵە لێدان بۆ هەر لایەکی ئەم دوو گروپە تاوانکارە بۆ خۆی تاوانە, ئەوان دەیانەوێت هەردوو کۆمەڵگا لە دەوری گروپە تاوانکارییەکانیان کۆبکەنەوە, خەڵک بکەنە چەپڵە لێدەری تاوان, سەما کردن بۆ تاوان بەشدارییە لە ئاهەنگی تاوان.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک