٢٣\٥\٢٠١١
عەمید سەرحەد
قادر، گوتى: هیچ شتێک کارمان تێ ناکا.

هیوا رەش
ئەمە تەنها وتەى جەنابى سەرحەد قادر نیە و بەس ، بەڵکو لێدوانى هەموو
بەرپرسە حیزبى و ئەمنییەکانى شارى کەرکوکە لە دواى لەتوپەت کردنى دەیان
جەستەى کوڕ و کچ و مناڵ و بەتەمەنە سڤیلە بێتاوانەکانى شارەکەم لە
ئاکامى تەقینەوە خۆکوژییەکانى تیرۆریستان ، منیش بەدگومان نیم لەو وتە
سواوە ئێکسپایەرانەى ئەو جۆرە زاتە خۆهەڵکێش و هیچ لەبارانەبووانە ،
منیش دڵنیام هیچ شتێک کاریان تێ ناکات لەوەى ڕۆژانە نەک دەیان بگرە
هەزاران تەرمى دەست و لاق تێکەڵاوى کەرکوکییەکان ببێتە سوتەمەنى
سیاسییە ساختەچییەکانى کەرکوک کە بە سەخاوەتەوە لە قوربانیدانى
ڕۆڵەکانى کەرکوک ئەنۆڕن و بە سەخاوەتیشەوە داڵى دەنوک خوار و ئەستێرەى
بێڕەونەق دەبەخشنەوە و دەیخەنە سەرشانى ژەنەڕاڵە ناوبۆشەکان .
بەبارتەقاى هەموو تیرۆرستان ، پارتى و یەکێتى لەو دۆخە نائارامەى
کەرکوک بەرپرسیارن ، کەرکوکى خاوەن سێ ئیدارە لە هەموو دامودەزگاکاندا
، کەرکوک لەبەر ئەوەى فرە داهاتە ، سیستمى فرەکوێخاى تێدا بەرقەرارە ،
کەرکوک لە دوو دەزگاى ئاسایشى کوردیدا ، جگە لە پاراستن و زانیارییەکان
، جگە لە پیاوە گرگنە حیزبییە کوردەکان ، تا دێت زیاتر خڵتانى خوێن
دەکرێت .
کەرکوک لە سایەى دوو حیزبەکەدا بۆتە کەلاکێکى مردارەوەبووى سیاسەتە
نەگریسەکانى پارتى و یەکێتى ، داڵ و داڵاش و کەچەڵە و گورگ و چەقەڵە
حیزبییەکان دەمیانیان تێوە ناوە ، ئیرهابى و بەرپرسى حیزبى و پۆلیس و
ئاساییش هەمویان وەکو یەک لێى ئەخۆن و لێى ئەدزن و گیرفانى لێ پڕ ئەکەن
، سەرۆکەکان موزایەدەى پێوە ئەکەن ، دواى هەشت ساڵ لە ڕزگار کردنى هەر
باسى قەرەبووى 10 ملیۆن دینار بۆ خەڵکەکەى ئەکەن ، یەک خانوویەکى
داگیرکراو بۆ خاوەنەکەى نەگەڕێنراوەتەوە ، یەک گوند ، ناحیە و قەزاى
جارانى سەر بەو شارە نەخراوەتەوە جێگەى خۆى ، کەچى منەتى 10 ملیۆن
دینار بەسەر خەڵکى زوڵم لێکراودا ئەفرۆشنەوە و دواى ئەوەى دوو هێندەى
ئەو بڕە پارەیە پێشکەشى برا چاوڕەشە داگیرکارەکان دەکەن کەچى تا دێت
ئەڵقەى تەعریب هەر فراوان و فراوانتر دەبێتەوە ! ئەمە کێ لێى
بەرپرسیارە ؟ !
کەسێک لە ڕزگار عەلى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى نەپرسییەوە ئەم چەند
ساڵە کارەکانت چۆن بوو ، چەندێک خزمەتت بەو شارە کرد ، خزمەتى خۆت
بەلاوە گرنگتر بوو یان کەرکوک ؟ ! عەبدولڕەحمان مستەفا کارەکانى چۆن
هەڵسەنگێنرا ؟ ئەمانە وەکو ئەو کەسانەى گوایە لە دواى مردن هەق و
حیسابیان بۆ ڕۆژى حەشر و نەشر هەڵدەگیرێ ئاوها خۆیان و کردەوەکانیان بێ
لێپرسینەوە ڕاپێچى دنیاى سیاسەتى پارتى و یەکێتى کران ، دەبوو هیچ
نەبوایە داهاتەکانیان بخرایەتە بەر لێپرسینەوە ، بەڵام خواستى
سەرۆکەکانمان لە ئەزەلەوە وایە ( کل من یجیب نقش عوافی ) !
کەرکوکییە بازرگانى پێوەکراوەکان ، کەرکوکییە بێ پشت و پەناکان ،
کەرکوکییە ستەملێکراوەکان ، ئیدى کاتى ئەوە هاتووە سەردەقى مت بوون
بشکێنن و بێنە دەنگ ، هیچ نەبێت ڕازى مەبن شارەکەتان بکرێتە مەیدانى
جریت بازى سیاسییە دۆڕاوەکان ، بایکۆتى بوون بە سوتەمەنیى ڕۆڵەکانتان
بکەن ، هیچ نەبێت با کوڕەکانتان واز لە پۆلیسیى بهێنن ، دەسبەردارى
دەزگا ( ئاساییش ) ییەکانى پارتى و یەکێتى بن و تڕۆیان بکەن ، با
حیزبییە ترسنۆکەکان خۆیان پارێزگاریى لە دزى و بە تاڵان بردنى داهاتى
شارەکەمان بکەن ، مان بگرن ، دوکان و بازاڕ داخەن ، هاتوچۆ ڕاگرن ،
هەموو کردەوە قێزەونە گریسەکان ڕیسوا بکەن ، بارەگا حیزبییەکان چۆڵ
بکەن با بزانین بەرپرسە ناکردەکان توشى شۆک و ڕامان و میزەچۆڕکێ نابن !
دەورى ترسنۆکەکان مەدەن و مەبن بە زرێ بۆ پاراستنیان ، با سەرحەد و
مەرحەد ، جەمال و مەمالەکان ئەوسا بوێرن و بتوانن لە شاسشەى
تەلەفزیۆنەکانەوە بفشکێنن و بڵێن هیچ شتێک کارمان تێ ناکات ، دڵنیا بن
ئێوە نەبن ئەوان ئەو پیاوە نین سنگ دەرپەڕێنن ، ئەرێ کەى ئەمە لۆژیکە
شارێک زۆرترین داهات و نزمترین ئاستى خزمەتگوزاریی هەبێت ؟ ئەگەر
ئەمەتان قبوڵە ! دەبێت چاوەڕوانى ئاییندەیەکى خراپتریش بکەن و هەموو
بەیانیان و ئێوارانێکیش وەکو حیمایە ، بەرپرسە تۆقیوەکان لە شارەکانى
سلێمانى و هەولێرەوە بهێننەوە شارەکەتان و ئێوارانیش بەڕێیان بکەنەوە
بۆ کۆشک و ڤێللاکانیان و ئەو ئەرزانەى ئەوان داگیرى دەکەن ئێوە بە پارە
لێیان بکڕنەوە و ئەو نەوتەى لە خاکەکەتان دەرئەهێنرێت پارەکەى لووش
بکرێت .
شەوى دواى تاوانى تەقینەوەکەى ئەم دواییە کە لە پرسەى ئەفسەرێکى لاو
بووم ، کاتژمێر یەکى دواى نیوەشەو ویستمان بە ئۆتۆمۆبیل لە گەڕەکێکەوە
بۆ گەڕەکێکى تر بڕۆین ، هاوڕێکانم وتیان : با نەڕۆین چونکە ئێستا
بارودۆخەکە شێواوە و پۆلیس هەموو ناوشارى گرتووە و توشى لێپرسینەوە و
سەرئێشە دەبین ، پێم وتن : کاکە سوار بن و مەترسن ، بەخوا ئێستا
پۆلیسێک لەسەر ڕێگا نابینین لە ترسى تەقینەوە ، بەڕاستى وا دەرچوو ،
نەک مەفرەزەیەک ، بەڵکو ڕێکەوتى پۆلیسێکیشمان نەکرد ، بەتەوسەوە پێم
وتن : ناڵێم ( عەمیدە ) کانمان شەو ڕۆژیان ناوەتە سەریەک بۆ پاراستنى
شارەکە !
بە هیوام بۆ لەمەودوا سەرۆکى هەرێم ڕێگە نەدات بە ڕادەست کردنى ئەو
تیرۆریستانەى لە کەرکوکدا دەگیرێن و جەخت لەوە بکاتەوە کە لە دادگاکانى
کوردستان بە سزاى یاسایى خۆیان بگەیەنرێن ، چونکە کورد سەرەکیترین
ئامانجى تیرۆریستان و یەکەمین زیانمەندە لە شارەکەدا ، ئەگەر نەکرا با
سەرۆکى کۆمار سڵ نەکاتەوە لە ئیمزاى لە سێدارە بۆ تیرۆریستان ، هەروەها
پێویستە بەدواداچوون بۆ کەیسى ئەو تیرۆریستە گیراوانە بکرێت کە لەو
شارەدا دەگیرێن و ئەگەر هەریەکێک لەوانە ئازاد کران ، لە چاوگەى ئازاد
بوونەکەى بکۆڵنەوە و لەبرى تاوانباران سزا بدرێن ، چونکە بە ئامارى (
عەمید ) ەکان بێت بەقەد ژمارەى تاڵى توکە سەریان تیرۆریستیان گرتووە
کەچى بە پێچەوانەوە لەباتى کەم ، زیاد دەکەن و تاوانى گەورەتریش ئەنجام
دەدەن ، ئەمەیان پێویستە وێستەى جددى لەسەر بکرێ ، با بە ناوى بوونى (
شانەى نوستوو ) ەوە چى تر ( ژەنەڕاڵ ) ەکانمان خۆڵ نەکەن بەچاوماندا ،
هەموو کەس دەزانێت ئیرهابییەکان نەک شانە ، تەنزیمێکى نوستوون ، مارێکى
پەپکە خواردوون و لە سایەى ئەو ژەنەڕاڵە عەجایەبانەوە ، هەر کاتێک
بیانەوێ پێمانەوە دەدەن .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|