٢٤\١٢\٢٠١١
تهوهری ''ئایه پهرلهمانی
کوردستان سهرسهخت و لامله یان کارتۆنییه یان ئاسایی و لهباره؟''.
هێمن رەئووف:
پەرلەمانی کوردستان پێکهاتەیەکی گاڵتەجاڕییە کە حیزبە
دەسەلاتدارەکان وا رایان هێناوە هەمیشە پاشکۆیەکی
گوێڕایەڵی رووتوقوت بێ.
سازدانی: ئهمڕۆ
بەر
لە قسەکردن لەسەر پەرلەمانی کوردستان، وەک جەنابتان لە ئاماژەکەتاندا
باس لە فرەڕەهەندی و لێکئاڵانی پرسیارەکە دەکەن بە پێویستی دەزانم
لەسەر مەسەلە گرنگەکە شتێک بڵێم، کە ئەویش دەوڵەتی کوردستان و
دروستبوونی هەر کیانێکی سەربەخۆیە بەناوی کوردستانەوە. پرسیاری من بۆ
ئێوە ئەوەیە " ئایا کەشی لەبار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە دیدی
ئێوەوە چیە؟ ئایا بەڕاست هیچ شتێک لە ئارادایە پێی بوترێت کەشێکی لەبار
بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی؟" بەبڕوای من بە هیچ شێوەیەک ئێستا ساتی
هەنگاوێکی لەو شێوەیە نیە و دەستبردن بۆ بابەتێکی وەها لە ئێستادا
هەڵەیەکی کوشندەیە و شێواندنی هەموو ئەو هیوا و ئاواتانەیە میللەتی
کورد چەندین ساڵە گەڵاڵەی کردوون." بۆ شیکارکردنی ئەم بۆچونە
ڕادیکاڵانەیە بە پێویستی دەزانم چەند نمونە و سەلماندنێک بهێنمەوە بەو
هیوایەی ئەو خاڵە بپێکم کە ئاماژەم پێداوە.
"سەرەتا دەپرسین کێیە دروستکەری ئەم دەوڵەتە؟ چ دەسەڵاتێک بەڕێوەی
دەبات؟ چ پاڵپشتێکی دەرەکی و هەرێمی بە گەرەنتییە سیاسیەکانەوە بەدەست
هاتووە لە ئێستادا؟".
بەبڕوای من: بێگومان ئەگەر ئەم داوایە لە ڕێگای پەرلەمانەوە
بەرزبکرێتەوە دەبێت ئەم دەسەڵاتە لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکەدا ڕۆڵ
ببینێت.. ئێرە ئەو خاڵەیە کە دەبێتە جێگای ناکۆکی من لەگەڵ هەموو
ئەوانەی کە ئێستا بە کەشێکی لەبار دەزانن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی
کوردستان. پێویستە ڕۆشنبیران لەم خاڵەدا بە هۆشیارییەکی وردبینانەوە
مامەڵە بکەن و خەیاڵ و خەون نەبن بە پێوەر لەدەستبردن بۆ هەر کارێکی پڕ
لە بەرپرسیارێتی لەم شێوەیە کە پەیوەستە بە خەونی چەند ساڵەی میللەتێکی
ستەمدیدەی چەوساوەوە. دەسەڵاتێک کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە خۆکوژی و
خیانەت و ماڵوێرانییە لە ڕابردوودا و ئامادەیە لە بچوکترین
ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ جەماوەردا لولەی تفەنگەکانی بکاتە سنگی ڕۆڵەکانی
لە ئێستادا وە دروستکەری ململانێیەکی بێمانا و نەخوازە لە نێوان شار و
زاراوە و ئاین و تایەفە و نەتەوەکانی ناوچەکاندا و داهێنەری
شکستخواردووترین و گەندەڵترین ئەزمونی بەڕێوەبردن و حوکومکردن بێت لە
مێژووی ئەم میللەتەدا، لە کوێ دەبێتە جێگای متمانە بۆ ڕاسپاردن لە
دروستکردن یان ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردیدا؟
لە ڕوویەکی ترەوە دەبینین لە ئێستادا هیچ دامەزراوەیەکی سەربەخۆی
پڕۆفشناڵی خاوەن ئەزمون نییە کار لەسەر پڕۆژەیەکی ئاوا گەورە بکات
ئامادەکارییەکی تۆکمە و هەمەلایەنە ئۆرگانیزە بکات بۆ هەنگاوەکانی
داهاتوو.
پاشان زۆر پێویستە هۆشیارانە ڕەچاوی دووبارەنەبوونەوەی هەڵە کوشندەکانی
ڕابردوو بکەین، با جارێکی تر خەونەکانی ئەم میللەتە ڕادەستی دەرەبەگ و
پیاوماقوڵ و ئاغا و خاوەن عەشیرەتەکان نەکەینەوە، با هاوبەش نەبین لە
دروستکردنی خەلافەتێکی بنەماڵەیی بۆ خانەوادەی بارزانی وەک چۆن لە
چلەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕۆشنبیران و سیاسییەکانی ئەو سەردەمە "پارتی
دیموکراتی کوردستان" یان پێشکەش بە بارزانییەکان کرد و هەتا ئێستاش وەک
خاوەن موڵک لەو حیزبە دەڕوانن و هۆشیاری ڕاستەقینەش تاکە قوربانی بوو
تێیدا. بینیمان لە دوا کۆنگرەی ئەو حیزبەدا چۆن سیاسەتی دەستماچکردنیان
تازەکردەوە و چۆن توندکردنی پێگەی بنەماڵەیی لە هەنگاوە هەرە جدییەکانی
کۆنگرە بوون. بۆیە لە دیدی منەوە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی و
پێشکەشکردنی بەم دەسەڵاتە هیچ ئاسۆیەکی تێدا بەدی ناکرێت جگە لە
دووبارەبوونەوەی مێژوو، پاشان ئاشبەتاڵ بە خەونەکانی میللەتێک. دیارە
باسکردن لە ماڵی بارزانی بەم ڕەهاییە پەیوەندی بە ڕقەوە نیە و هەوڵێک
نیە بۆ بێڕێزیکردن، بەڵکو دەسبردنێکی بوێرانەیە بۆ ڕاستییەک کە پێویستە
هەموو بیناسین، بەتایبەتی منێک کە لە ساتەوەختەکانی شەڕی ناوخۆدا منداڵ
بووم و پاشان دواتر لەدەرەوەی ئەو کوردستانەی ئەوان حکومڕانی تێدا
دەکەن ژیاوم هیچ پاساوێک نیە بۆ ئەم دژایەتیکردنە.
دیارە ئەم بابەتە، جێگای قسەکردن لەسەر مەسەلەی دەوڵەتی کوردی تێدا
نابێتەوە و ئەمە تەنها وەک ئاماژەیەکی کورت بە هەستیاری دەستبردن بۆ
بابەتێکی وەها پێویستیکرد شتێک بڵێین دەنا دەکرێت واڵاتر هەموو
چەمکەکانی ئەو پڕۆژەیە باس بکەین وەک مەسەلەی زمانی ستاندارد و
دیاریکردنی سنور و ناوچە دابڕاوەکان و جۆری سیستەمی حکومڕانی و چۆنێتی
شێوەی ڕاگەیاندنی دەوڵەت و چۆنێتی جیابونەوە لە عێراق و مەسەلەی ئابوری
دەوڵەت و داهات و دەیان چەمکی تر کە گرنگن بۆ قسەکردن لە بارەیانەوە.
ئەمانە تەنها لە ڕوانگەیەکەوە ئەگەر تەنها باس لە باشوری کوردستان
بکەین.
پەرلەمان:
لەم هەرێمەی ئێمەدا پەرلەمان شوێنی نوێنەرانی گەل نیە، هەرگیز نەبۆتە
ئەو دەزگا نیشتیمانییەی خەمخۆرانە لە باسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان
بدوێت. بە ئاسانی دەتوانین تەحەدای ئەوە بکەین بۆ تاکە جارێک ئەم
دەزگایە پێش ڕووداوەکان نەکەوتوە و هەرگیز لە مەسەلەیەکی چارەنوسسازدا
نەیتوانیوە پێشڕەوانە خاوەنی بڕیار و قسەی خۆی بێت. دەپرسین " ئایا تا
ئێستا توانیوێتی پڕۆژەیەکی تۆکمە و توندگیرانە دابڕێژێت بۆ مەسەلەی
ناوچە دابڕاوەکان؟ ئایا لەمەسەلەی بودجەی حکومەت و داهاتی سامانە
سروشتییەکاندا ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە شەفافیەت و دادپەروەرانە
مامەڵەی کردووە؟ ئایا لە بابەتەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ و
قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دوای کارەساتەکان و چارەنوسی بێسەروشوێنانی
شەڕی ناوخۆدا هیچ هەوڵ و هەڵوێستێکی ڕاستگۆیانەی پیشانداوە؟ ئایا لە
دەستدرێژییەکانی دەسەڵات بۆسەر خەڵک لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا پەرلەمان
هەبوو؟..." بە دڵنییاییەوە تەنها وەڵامە نێگەتیڤەکانمان دەستدەکەوێت.
بۆیە بەبڕوای من ئەم پەرلەمانە پێکهاتەیەکی گاڵتەجاڕییە کە حیزبە
دەسەلاتدارەکان وا رایان هێناوە هەمیشە پاشکۆیەکی گوێڕایەڵی رووتوقوت
بێ. دەسەڵات پەرلەمان وەک مەیدانێک سەیر دەکات دڵی ڕەنجاوی کادیرە
شکستخواردووەکانی خۆی تێدا ئاشتبکاتەوە و هەریەکە لەدوای چەند ساڵێک
نوستن تێیدا بە مانگانەیەکی وەزیرانە خانەنشینبکرێن و لەکۆڵ ببنەوە.
ئەو ئەرک و فرمانانەی لە ڕاستیدا کاری پەرلەمانە لەم هەرێمەی ئێمەدا
لەلایەن سەرۆک حیزبەکان و مەکتەب سیاسیی حیزبەکانەوە بەپێی ویست و
ئامانجە حیزبی و تاکەکەسییەکان بەڕێ دەکرێن. پاشان دەسەڵات دەیەوێت
لەڕێی پیشاندانی بینای پەرلەمان و سەرۆک و ئەندامەکانیەوە ڕای گشتی و
جیهانی چەواشە بکات بە هەبوونی سیستمی دیموکراتی لەم هەرێمەدا.
هەرچەندە ناکرێت نکوڵی لە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بکەین لەدووساڵی ڕابردوودا
بە وروژاندنی چەند بابەتێکی دیاریکراو، بەڵام هەر هەڵەشەی سەرەتایەک
بوو و هیچی تر، زوو توانرا ئەو ئەسپە سەرکێشانە رامبکرێن و ئێستا هەموو
وەک برا دەستیان بەم چوارچێوە کارتۆنییەوە گرتووە.
لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێین ناردنی پڕۆژەکەتان بۆ پەرلەمان و
داواکردنی ئەو داخوازییانە لە ڕێی پەرلەمانەوە، هەڵەیەکی دیار و
هەنگاوێکی ناشییانە بوو، بۆیە چاوەڕێی وەڵامی ئەرێنی لەو دەزگایەوە
کوتانی ئاسنی ساردە. بەڵام ئەم بۆچوونە لە هەوڵی دڵسۆزانەی ئێوە کەم
ناکاتەوە و خەمخۆریتان بۆ مافە ڕەواکانی خەڵک دەبینرێت.
ئەوەی ماوەتەوە قسەی لەسەر بکەین " هەڵویستی خەڵکی کوردستان بەرامبەر
ئەم پەرلەمانە و ئەنجامدانی ڕاپرسیە بۆ دیاریکردنی مافی چارەنوسی خۆی".
بەر لە هەر شتێک ئێمەی کورد پێویستمان بە هۆشیارییەکی ڕاستەقینەیە،
پێویستە خەڵک لە ماناکانی ئازادی و سەربەخۆیی تێبگەن، پێویستە پەرلەمان
و ئەرکەکانی بناسین، حکومەت و بەرنامەی کار و پڕۆژەکانی ببینین،
پێویستە چیتر ڕێگا نەدەین ئایدۆلۆژیا و مەبدەء و ئاین ئەو یارییە
شێتانەیە بە دەروون و هەستەکانمان بکەن. پێویستە ڕێز لە بەهاکانی
مرۆڤبوون بگرین، بەرامبەرەکانمان قەبوڵ بکەین، دەیان هەنگاوی تر بۆ
گەشتن بە هۆشیارییەکی تەندروست کە پێویستە بنرێن لە پێش هەر کارێکی
ترەوە. لە گەشتن بە هۆشیاری تاکدا دەتوانین زۆر بە ئاسانی هەنگاوەکان
بۆ داهاتوو بنێین و پێکەوە بۆ سەرخستنی ئامانجەکان ڕێگا تەندروستەکان
تاقیبکەینەوە، و بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی دەتوانین باشترین رێگا
هەڵبژێرین.
ماڵپهڕی
هێمن رهئووف
|