په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١٠\٢٠١٤

هەموو حیزبەکان گرەو لەسەر چی دەکەن؟


جەلال دەباغ     


هەندێکجار کاک عادل مورادی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان کە دەبێ و باشترە لە چوارچێوەی سياسەتی يەکێتیی نيشتيمانی کوردستانداو يان بۆ دەوڵەمەندترکردنی ئەو سياسەتە بپەيڤێت، بەڵام وتەی وای لەدەم دەردەچێت کە لە بنەڕەتدا پێچەوانەی سياسەتی حیزبەکەی خۆشيەتی چ جای ئەوەی کە دوور لە واقيع دەدوێت.


نامەوێ بە هەموو وتەدەربڕين و هەڵوێستەکانی ئەم دووسێ ساڵەی ئەو برادەرە بەڕێزەدا بچمەوە، بەڵکو دەمەوێ تەنيا سەرنجێکی رەخنەگرانەی خێرا لە بەشێکی کەمی دوا وتەکانی بدەم کە لە ٢٧ی ئەيلولی ٢٠١٤دا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەيدا دەریبڕی.


کاک عادل لەوێدا دەڵێ: "هەموو حیزبەكان گرەو لەسەر تێكچون و ناتەبایی ناو یەكێتی دەكەن ، ئەگەر خوانەخواستە یەكێتی ناو یەكێتی تێكبچێ بەرنامەی ئەو حیزبانە سەر دەگرێ ، با ئەو فرسەتە نەدەین بە دەستیانەوە ، "!! پيش ئەوەش هێرش دەباتە سەر (هەموو) حیزبەکان!!


لێرەدا بۆمان هەيە بپرسين:


ئايا راستە (هەموو) حیزبەکان گرەو لەسەر تێکچون و ناتەبايی ناو يەکێتی دەکەن؟!


ئايا راستە بەرنامەی هەموو حیزبەکان بۆ تێکچوونی ريزەکان و هێنانەدیی ناتەبایی ناو يەکێتيە؟ يان ئەوە بەرنامەی دوژمنان و نەيارانی گەلی کوردستانە؟


ئايا راستە ی.ن.ک. ئەوەندە "دوورەپەرێزەو تاقبۆتەوە" کە هەموو حیزبەکان ئاواتەخوازبن "باری ناوخۆيی ئەو حیزبە تێکچێ و ناتەبایی لەناو يەکێتيدا پەرەبستێنێ"؟


پێموايە ئەم بۆچوونەی کاک عادل موراد زۆر لەراستيەوە دوورە، راستنيە هيچ حیزبێک چ جای (هەموو) حیزبەکانيش وا تاوانبار بکات.


لە کاتێکدا بەڕێز حاکم قادر هەر لەو کۆبوونەوەيەدا دەلێت: "هەرچی حیزبی سۆسیالیست و شیوعی و زەحمەتكێشان و مەسیحیەكانە پێیان راگەیاندوین كە دەنگمان بۆ ئێوەیە بەو هیوایەین كە لە كۆبونەوەی لوتكەی حیزبەكاندا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و سەرجەم پۆستەكانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی یەكلا بكرێنەوە " باشە ئەمە لە ناوەرۆکدا وەڵامێک نيە بۆ کاک عادل؟


بۆ نمونە باسی هەڵوێستەکانی حیزبی ئێمە، حیزبی شيوعی کوردستان دەکەم. وەک زۆربەی حیزبەکانیتريش، هەرگيز گرەو لەسەر ئەوەناکەين و نامانەوێ و ئاواتەخوازنين تێکچوون و ناتەبایی ريزی هيچ حیزبێکی نيشتيمانپەروەرو تێکۆشەرو ديموکراتخوازی کوردستانیی بگرێتەوە کە لەم بارودۆخەدا هاوپەيمانن بۆ بەرەورووبوونەوەو تێکشکاندنی تێرۆريستانی داعش و نمونەکانيان و بۆ هێنانەدیی ئامانجە کانمان.


شيوعيەکان هەميشە، لە رابوردوو ئێستاو لە ئايندەشدا تێکۆشانيان ئاڕاستەيە کە بە بەهێزبوونی ريزەکان و رێکخستنی حیزبەکەی خۆيان ، رێکخستنەکانی بزاڤی نيشتيمانی کوردستانی بەهێزبکەن نەک "تێکچوون و ناتەبایی"!.تاد.


داوا لە هاوڕێ عادل موراد دەکەم کە زياتر لە هەڵوێست و وتەکانی وردبێتەوەو بيربکاتەوەو" دۆو دۆشاو" تێکەڵ نەکات.!


کەی راستە بڵێت: "هەموو لایەك دەزانێت( "دەزانن" راستە- نووسەر) سیاسەتی هەڵەی چ حیزبێك بوو كە بودجەی هەرێم برا"!


بۆچی ئاوا پاکانە بکرێت بۆ ماليکی و دەستەو دايەرەکەی کە بوجەی هەرێميان بڕی و ئەوە وا پيشان بدرێت کە" سياسەتی هەڵەی حیزبێک بووە" لە حيزبە تێکۆشەرەکانی کوردستان..؟!


هيوادارم کاک عادل بە بۆچوونەکانی خۆيدا بچێتەوەو، پێويست ناکات جارێکی تريش هەموو بەرپرسە کوردستانيەکان لە بەغداو لەوانەش بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکەی خۆی پشتگوێ بخات و خوانەخواستە لە حەيدەر عبادی بپاڕێتەوە بۆ ناردنی مووچەی مانگێکی فەرمانبەرانی کوردستان لە بوجەی دەوڵەت، هەروەک چۆن کاتی خۆی بەشێوەی "شەخسی" لە ماليکی پاڕايەوەو لەبەر خاتری بەڕێزيان موچەی نارد!!!


ئەمە بابەتێک نيە گەلەکەمان وحکومەتی هەرێمی کوردستان"سواڵی بۆ لەهيچ کەس و لايەنێک بکات" و "بە سواڵی کەسيش دڵخۆشبێت"، بەڵکو مافێکی رەوای گەلی کوردستانەو لە سامانی دەيان ساڵەو ئێستای دزراوی کوردستانەو دەبێ بدرێت. دەبێ ئەو مافە بستێنين، نابێ بۆ هيچ کارێک هەڵوێستی نوێنەرو بەرپرسە حکوميەکانی خۆمان لە بەغدا لاوازبکرێت.


چارەسەرمان تەنيا يەکگرتنمانە، تەنانەت لەبەرەيەکی کوردستانیی نوێشدابێت باشترە، يەکڕيزيمانە، يەکخستنی گوتاری سياسيمانە، چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشەکانی ناو گەلە بە دانوستان و ديالۆگ، بۆيە لێرەدا باشە دەستپێشخەريەکەی هاوڕێ عەدنان موفتی ويەکێتی بەرز بنرخێنين بۆ چاری کێشەکان لەگەڵ پارتی بەوڕێگايە، چارەسەر هەوڵدانمانە بۆ تۆکمە کردنی پەيوەندیی دۆستانەمان وهاوپەيمانێتيمان لەم قۆناغە هەستيارەدا لەپێناو تێکشکاندنی تێرۆر و هێنانەدیی ئامانجی دێرينی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و گەيشتن بە دياریکردنی ئازادانەی چارەنووسی گەلەکەمان.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک