په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١٢

ھەموارکردنەوەی یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و

روانگەی بۆرژوازی کورد بۆ ماف و ئازادییەکانی کرێکارانی کوردستان!


خەسرەو سایە       


ڕۆژی ٦/٦/٢٠١٢ پەرلەمانی کوردستان، بەئامادەبوونی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ودەنگدانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، یاسای کاری ساڵی ٩٧١، کەخۆی یاسایەکی بەعسیانەیە، لەپڕۆژە یاسایەکدا بەناوی"خانەنشینی ودەستەبەری کۆمەڵایەتی"، ھەموارو پەسەندکرد ودواتریش لەمیدیاکانەوە، ئەم ھەنگاوەیان بەدەستیکەوتێک بۆ کرێکارانی کوردستان لەقاودا. بەتایبەتیش، ئاسۆس نەجیب، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەمەش زیاتر ئەم"دەستکەوتە"ی وەک ھەنگاوێکی سەرەتایی بۆدانانی یاسای کارێکی نوێ بۆ کرێکارانی کوردستان، ناساند. بەڵام ئایا یاسا کارێکی بەعسی کەدەسەڵاتداران بەدەستیانەوە ‌گرتوە وکردویانەتە بنەما بۆ وەڵامدانەوە بەوەزعیەتی ژیانو کاری کرێکارانی کوردستان وخودی ئەوەشی کەھەمواریان کردۆتەوە،‌ ئەتوانێ چ دەستکەوتێک بەکرێکاران ببەخشیبێت وئەیەوێت چ ئالوگۆڕێک بەسەر ژیانو مافەکانی کرێکاراندا بھێنێت؟ وەئایا ئەم ھەموار کردنەوەیە لەچ پێداویستیەکی ئابوریو کۆمەڵا‌یەتیەوە سەرچاوەی گرتوە وچ ڕوانگەیەکی چینایەتی بۆ ژیانو مافەکانی کرێکاران بەرجەستە ‌دەکاتەوە؟..

لەڕاستیدا ھەموار کردنەوەیەک کەداسەڵاتداران لەیاسای کاری ساڵی ٧١ دا، دەستیان بۆ بردووە، ھەرگیز لەڕاستای بەرژەوەندی کرێکارنی کوردستانو لەوەڵام بەباشکردنی ھەلومەرجی کارو ژیانی ئەم چینەدا نییە، بەڵکو لە پێداویستیەکانی بازاڕو سەرمایەو خاوەن کۆمپانیاکانەوە، گیراوەتەبەر. بەتایبەتی کەواقعیەتە ئابووری وکۆمەڵایەتیەکانی ئەمرۆی کوردستان ودۆخێکی سیاسی کەسەنگی چینی کرێکاری کوردستانی لەیەک ناڕەزایەتی فراوانی کۆمەڵایەتیدا ھێناوەتە پێشەوە، ھاوکات ئابووری سەرمایەداری کوردستانو پێویستی پێناسە ‌کردنەوەی پەیوەندی نێوان کارو سەرما‌یە،‌ لەبازاڕی ھەرزان فرۆشی ھێزی کاردا، دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی ناچارکردووە کەلەبەرگی چاکسازیدا دەست بۆ ھەموار کردنەوەی ئەم یاسایە بەرێت. یاسای کاری ساڵی ٧١ کەخۆی وەک یەکێک لەپێداویستیەکانی سەردەمی جێگیربوونی سەرمایەداری، لەکوردستان، بەدوای تەواوبوونی پرۆسەی ئیسڵاحی زەراعی، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە،‌ بەمەبەستی ڕیکخستنی ئەوکاتی پەیوەندی کارو سەرمایە، لەسەر بنەمای ھیزی کاری ھەرزانی کرێکاران داڕئژرا. لەودەمەدا کەچینی کرێکاری کوردستان وبزوتنەوەکەی، چینێکی تازەو بێئەزمون بوو، وەھێشتا لەمانەوەی پاشماوەکانی پێش سەرمایەداریو لەدەسەڵاتێکی ئیستبدادی بەعسیدا ڕەنجی دەبرد، نەئەو سەنگەی ھەبوو کەبتوانێ لەدژی ئەم یاسایە بێتە ‌مەیدانەوەو وەنە بەو ھوشیاریە چینایەتیە گەیشتبوو کەڕەخنەگرێ ئەم یاسایە بێت. بەڵام ئێستا بەدوای زیاتر لەچوار دەیە کەبەسەر یاسای ناوبراودا تێپەڕیوە، سەرمایەداری لەکوردستان قۆناغێکی زۆری بڕیوە ولەسەر بەستەری گەشەو فراوان بوونەوەی پەیوەندیەکانی خۆی ڕاوەستاوە. لەم ٤٠ ساڵەدا شارەکانی کوردستان جگەلە ‌پەرەسەندنی ئاسۆیی وبەرین بونەوەی دانیشتوانەکەی، بۆتە بازاڕێکی گەورە بۆ خستنە ڕووی ھێزی کاری کرێکاران، بەتایبەتیش بەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس وبەئامانج گەیشتنی چینی بۆرژوازی کوردو نەمانی ستەمی نەتەوایەتی، سەرمایەیەکی زۆر ڕووی لەکوردستان کردووە و ھەزاران کۆمپانیای وەبەرھێنان بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان چاویان لەچەوسانەوەی ھیزی کاری کرێکارانی کوردستان بڕیوە. ئەمە خۆی سەنگی چینی کرێکاری کوردستانی لەئابوری کوردستاندا، ھەم لەڕوانگەی چەندایەتیو ھەم چۆنایەتیەوە، بەرەو سەرەوە بردووە ودەسەڵاتدارن ناچاردەکات کەبۆ بەرژەوەندی سەرمایەدارانو خاوەن کارەکان پەیوەندی نێوان کاروسەرمایە دووبارە لەیاسادا، بەپێی نیازی سەردەم، پێناسە ‌بکاتەوە.

لەلایەکی تریشەوە باودۆخی سیاسی کوردستان وقەیرانێکی سیاسی کەیەکێک لەفاکتۆرەکانی گۆڕانێکە کەبەسەر پەیوەندیەکانی نێوان خەڵکو دەسەڵاتدا ھاتووەو لەجەرگەیدا بزوتنەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ‌١٧ شوباتی لێکەوتەوە، کەتائێستاش لەئاستێکی ترو بەشێوازێکیتر درێژەی ھەیە. ئەم بارودۆخەش بەپێویست دەرگای لەبەردەم بزوتنەوە وناڕەزایەتی بەشەکانی کرێکاران،‌ کردۆتەوە و‌ناوەبەناوە خواستەکانی خۆی لەئاست گێرانەوەی دەر‌ماڵە وبێمەکان ودەستەبەری خانە نشینی وئازادی ڕێکخراو بوون ودانانی یاسای کارو گەلێک خواستی تردا، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی دەسەڵات کردۆتەوە. ئەمە خۆی نێشانەیەکە لەوەی کەپەیوەندی کاروسەرمایە لەکوردستان چۆتە قۆناغیکی تازەوە کەھەم لەڕوانگەی سەرمایەدارانو خاوەن کارەکانەوە وھەم لەڕوانگەی کرێکارانەوە، کارکردن بەبێ دەستکاری کردنی یاساکانی سەردەمی بەعس و ھێشتنەوەیان وەک خۆی، ناتوانێ وەڵامدەرەوەی ھەلومەرجی ئێستا بێت. لەم واقعیەتانەوەیە کەھەموارکردنەوەی یاسای کاری سالی ٧١ بۆی بۆتە یەک زەرورەتی کۆمەڵایەتیو سیاسی بۆچینی بۆرژوازی کوردو دەسەڵاتەکەی. بەڵام مەنتقی ئەم چینە لەبەرامبەر کرێکاراندا، ھەرئەویە کەدەبێ نانێک بدا تا ھەموو خوانەکەی لەدەستدابێت. ھەر حکومەتێکیش کاتێک دەتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت وکۆمەڵاگا کۆنترۆڵ بکات، کەبۆ دەمکوتکردنی ھێزی سەرەکی لەناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکاندا، ئیمتیازاتێک ببەخشێتەوە، تامل بەسسیستەم ودەسەلاتی مەوجود بدەن. ھەموار کردنەوەی یاسای کاری ساڵی ٧١ بەشێکە لەو پڕۆژە چاکسازیەی ‌دەسەڵاتە کەبۆ قایل کردنی جەماوەر وملدانایان بەدەسەڵاتی ئیستا وتێپیڕکردنی قەیرانی سیاسی گیراوتەبەر، نەک لەوەی ھەوڵێکی خەمخۆرانە بێت بۆ باشکردنی ژیانی کرێکارانی کوردستان کەدەسەڵاتداران بانگەشەی بۆدەکەن. لەوەش زیاتر ھەموار کردنی ئەم یاسایە بەوجۆرەی کەکراوە، لەخۆراکی دەمی قولاپی ماسیگرێک دەچی کەبۆ ڕاوێکی گەوەرە فڕێیداوەتە ئاوەوە، تادەستکەوتی زیاتری ببێت. دەدروست ھەروەک وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵاتی، ئاسۆس نەجیب، ڕای گەیاندووە کە"‌ئەم ھەموار کردنەوەیە ھەنگاوێکە بۆ دانانی یاسای کارێکی نوێ بۆ کرێکاران". یانی ئەوەی کەئەگەر کرێکاران بەم ھەموار کردنەوەیە ڕازی وبێدەنگ بن ئاوا دەبی چاوەڕێبن کەیاسای کارێکی خراپتر لەوەی کەڕژێمی بەعس بەمیرات داویەتە ‌دەست دەسەلاتدارانی ئێستا، ماف وژیانیان لەقاڵب بدات.

 

ماڵپه‌ڕی خه‌سره‌و سایه‌

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک