٦\١٠\٢٠١٨
ھەناسەیەک سیخناخ
لە ھونەر، ھەمیشە بۆ نیشتمان دەسترێ.

هۆمەر
- بە بیانووی کۆنسێرتەکەی
سەعدوڵڵا نەسیری و گرووپی ژوانا بە یادی حەسەن زیرەک و عەلی مەردان لە
باژاڕی سنە -
لە
رۆژگار و سەردەمێکدا مخابن تا دێت نەغمە و سۆزی ھەمیشە بلاوێنی
دەنگەڕەسەکانی نێو گۆرانیی کوردی لەبەر ئەو ئاشووفتەبازاڕەی لە نێو
دنیای موزیکی کوردییدا دروست بووە و میدیا و ڕاگەیاندنی کوردییش بە
ناوی تازەگەری زێتر پەرەی پێ دەدات و جەماوەر وەک پێویست ئیتر گوێبیستی
دەنگە سیحراوییەکانی ھەر وەک سەی ئەسکەر کوردستانی،عەلی مەردان، کاوێس
ئاغا، مریەم خان، تایەر تۆفیق، حەسەن جەزراوی،سێوە، عارف
جەزراوی،ڕەسووڵ گەردی،شەماڵ سائیب،تەحسین تەھا،فوئاد ئەحمەد،ئایشەشان،
حسێن عەلی،ساڵح دیلان،مشکۆ،ئەحمەد شەماڵ،محەممەد ماملێ و سەدان دەنگی
ناوازەی دیلە نێو مۆسیقای کوردییدا نابێت، ھەر لێرەوە،ڕاست لە نێو
باژاڕ و دیار و دەڤەرەکەی سەی ئەسکەر و مەزھەر خالقی و دەیان
ھونەرمەندی پایەبەرزی دیکەی ئەم ناوەی کوردستانەوە، ھەناسەیەکی سیخناخ
لە ھونەر دێت و دیسانەوەدەمانباتەوە تا نێو مێرگ و پێدەشت و گوڵجاڕ و
چۆم و دۆڵ و دەربەند و بنار و چیا و لووتکەکانی گۆرانیی کوردی و جارێکی
تر گوڵاوی دەیان سترانی وەک" دیسان شەو ھات" و "ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە
نەورۆزە،ھاتەوە"ی حەسەن زیرەک و " شەدەشل بۆچ وات کرد"ی عەلی مەردانی
مەزنمان بە گیاندا دەپژێنێت.
ڕاست ٤٧ ساڵ پاش حەسەن زیرەک و ٣٧ ھاوین دوای عەلی مەردان، لە سنە و
دیوەخانەکەی مەستوورەی ھەمیشە شەیداوە، دەنگێک دێت و شکۆ و گەورەیی ئەو
دەنگانەی نێو مۆسیقای کوردییمان بیر دەخاتەوە و لە ھاژەیڕۆحی ئەوانمان
بۆ دەگوێزێتەوە و پێمان دەڵێت،یادەوەرییەکان ھێشتا ھەر تازەی تازەن.
ھەنووکە وا سەی ئەسکەر ھەر بۆ خۆی ھاتووە و لێرەیە و دەیەوێت
میوانداریەتی لە دوو دەنگی ناوازەی نێو مۆسیقای کوردی بکات. ئێستێ خودی
"عەلی مەردان"ی مەزن و "حەسەن زیرەک"ی نەمر بەڕۆح لێرەن تا نزیک نزیک
ھەر لە مەکۆکەی مەستوورەی کوردان و شارەکەی سەی ئەسکەری دەنگ
زوڵاڵەوە،گوێیان لەو قوڕگە ھونەرییە و لەو ھەناسە ھەر ھەمیشە ئاوێزان
بە باڵای سەرپاک کوردستاندا بێت کە تەمەنێکە گەڕیدەیھونەری نیشتمانە و
لە کوێ ئەم گەلەئازارێکی بگاتێ،لە کوێ زامێک بنیشێتە سەر جەستەی،لە کوێ
پێویست بکات خەمێک بڕەوێنێتەوە،لە کوێ حەوجێ بە شادکردنی دڵان بکات،
ھەر خۆی لەوێندەرێ ئامادەیە و پڕ بە نیشتمان دەچریکێنێت و خۆشەویستی
ئەم خاکە گەوھەرینە ،ھەر لە ھەموو گیانیدایە. چ تۆفیریش ناکات لە کوێی
ئەم نیشتمانە بێت.دە ئارام بنوون مامۆستایانی مەقام و بەستەی
کوردی،ئەوەتانێ دەنگێک لێرەوە،ھەر لە ناو خودی ئەمارەتی شۆڕەژنەکەی نێو
تۆرە و مێژووی کوردانەوە،یادتان دەکاتەوە و پەیامی ناخەکەتان بۆ نەوەی
نوێ دەگوێزێتەوە و جارێکی تر ھەر خودی ئێوەی سەرتاپا لێوڕێژ لە ھونەر
دەگەڕێنێتەوە بۆ نێو خرۆشی جەماوەر.
ئەم نەغمە حەزینەی نیشتمان، پتر لە ٣٠ ساڵەڕووی لە کوێی ئەم گەردوونە
بەرینە کردبێت،ھەمیشە پەپوولەی ستران و گۆرانیی کوردی لە دەوری باڵای
ئاڵاوە و باڵوێزێکی تاسەر ئێسقان گەلپەروەر بۆ ھونەریڕەسەنی کوردی بووە
و ھەمیشە بۆ نیشتمانەکەی ھاواری بڵند بووە و لە کوێ بووبێت،خودی
نیشتمان لەوێندەرێ ئامادە بووە و بە نەغمەی گیانبلاوێن و ئاوێتە بە
شنەی ناخەکەی،بسک و زولفە پەرێشانەکەی ئارایشت کردووە. ئەم دەنگە لە
ناخەوە نزیکە،ھەر وەک خودیگشت ناخێکی ھەمیشە ئەویندارینیشتمان،ئاشق و
سەوداسەری خاک و خۆڵەکەی کوردانە و بە ھەڵوەرینی ھەر گەڵایەکی
نیشتمانەکەی،گەڵایەک لە گۆرانی بەرۆکی دەگرێت و لە کوێش نیشتمان بزەی
لەسەر لێو بێت،نەغمەی ئاواز و سترانی ئەمیش ھەر لەوێندەرێ لەرزانەیەتی.
ئێستا لە باڵاخانەکەی چەمەوە، لەڕێی گەروو و قوڕگێکی ھونەریی و دەنگێکی
ئاشناوە،سۆزی مۆسیقای ڕەسەنی کوردی تا سەر "ناڵەشکێنە" دەچێت و جارێکی
تر زیرەکی نەمربێدار دەبێتەوە و ھەر لەوێشەوە ئەم نەغمە
نیشتمانپەروەرەڕاستدەڕوات تا دەگاتە "بابەگوڕگوڕ"ی دڵ و نەغمەی
ھەرەڕەسەنی عەلی مەردانی مەزنمان بە دیاریبۆدێنێتەوە.
"سەعدوڵڵا نەسیری" ئەو ھونەرمەندە ناوئاشنایەی کورد دێتە ئەژمار کەلە
دنیای سترانی کوردییدا خاوەنی ستایل و شێوازی تایبەت بە خۆیەتی و لەسەر
ئەو باوەڕەیە کە ھونەرمەند پێویستە داھێنەر بێت و دووی لاساییکردنەوە
نەکەوێت تا ھونەرەکەی زێتر باڵا بکات و ھەرمان بمێنێتەوە. ئەرچی
ناتوانین نکۆڵی لەمڕاستییە بکەین کە لە سەرەتاکاندا زۆربەی ھونەرمەندان
بۆ دیتنەوەی شێوازی خۆ، گەرەک ئاوڕێک لەڕابردووی مۆسیقای کوردی بدەنەوە
و ڕابردوو بکەنە چرا بۆ سبەی خۆیان و دۆزینەوەی ستایلی خۆ. ئەم
ھونەرمەندە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ھونەرمەندی ئێستا، ھونەرەکەی کەمتر
ئاوێتەی مێژوو و فەرھەنگی کوردی دەکاتو ئەوەندە ڕەسەنایەتی پێوە دیار
نییە ھەر بۆیە بەرھەمەکەیشیزوو لە یادان دەچێتەوە.
سەعدوڵڵا نەسیری، ئەو ھونەرمەندە گەڕیدەیەی کورد دێتە ئەژمار کە ھەر
ساتە و دەڤەر و شار و شارۆچکە و شارەدێ و گوندێکی کوردستان مەنزڵیەتی و
ھەردەم وێڵی دوای مێلۆدی و نەغمەی نوێی کوردییە و ھەر وەک عەلی مەردان
و حەسەن زیرەک،ھونەرمەندێکی عەوداڵی نیشتمانە و دەنگی ژێی ئامێرەکەی
دەستی، ھەمیشە ھەر بۆ نیشتمان ھاواری بەرزە و بۆ کوردان دەسترێت.
بەرزڕاگرتن و یادکردنەوە لە مامۆستایان عەلی مەردان و حەسەن زیرەک لە
باژاڕێکی وەک سنەدا بویەر و ڕوداوێکی بە ھەڵکەوت نییە و، پێمان دەڵێت
،سنە بە درێژایی مێژووی ئاواز و گۆرانیی کوردی،دەنگی ھونەر تێیدا
ھەمیشە بڵند و بەرز بووە و ئەم دەنگە ھەتا دێت بەرزتریش دەبێت. ھەر ئەم
پرسە، گەورەیی بۆ شاری سنەی ھەمیشە لێوانلێو لە ھونەریشە.
سەعدوڵڵا نەسیری سەبارەت بە ئامانجی کۆنسێرتەکەی دەڵێت: "ویستم لەڕێی
ئەم کۆنسێرتەوە جارێکی تر مەزنیی ئەم دوو کەسایەتییە ھەرە ناودارەی نێو
مۆسیقای کوردی بۆ ھەمووان خاسما لاوان وەبیر بێنمەوە".
ئەم ھونەرمەندە ھیوادارە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی بە ھەموو لق و
پۆکانیەوە ئاوڕی زێتر لە سیما ھەرە دیارەکانی نێو موزیکی کوردی بداتەوە
و ئەم گەوھەرە گرانباییانە پتر بە نەوە و بەرەی ئێستای بناسێنێت.
شیاوی ئیشارەت پێدانە کە گۆرانیبێژ و ھونەرمەندی بەناوبانگی کورد
"حەسەن زیرەک"،ساڵی ١٩٢١ (ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٠٠ی ھەتاویی)لە
شاری "بۆکان"ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان چاوی لە ڕووی ژیان ھەڵدێنێت. "حەسەن
زیرەک"ی بلیمەت پاش عومرێک چەرمەسەریی و دەربەدەریی و تەمەنێک
خزمەتکردنی گۆرانی کوردی، ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥١ی ھەتاویی(١٩٧٢)
نەخۆشی بەرۆکی دەگرێت و سەرەنجامیش ئەم گەورە ھونەرمەندە لە نەخۆشخانەی
بۆکان بە نامورادی سەر دەنێتەوە و بۆ ھەمیشە گۆرانییەکانی بە کوردستان
دەبەخشێت و "ناڵەشکێنە"دەبێتە ئارامگەی ھەمیشەیی. حەسەن زیرەک بۆ خۆی
دەڵێت: "ھونەر بۆ من بەھرەیەکی نەدا،ھونەر بۆ من کارێکی نەکرد بە
شوێنیدا بچم،چون کوردم ،بە زمانی کوردی قسە دەکەم".
ڕاستیت گەرەک بێت گۆرانی زیرەک، خەرمانەیەک لە وشەی زەنگینی کوردی بە
مرۆ دەبەخشێت.گۆرانی ئەوەندە خۆی لە ڕۆحی زیرەک ئاڵاندبوو کە ھەموو
ژیانی ھەر بۆ سترانی کوردی بوو. زیرەک ڕووی لە ھەر ڕادیۆیەکی کوردی
کردبێت، بووە بە سەنگ و قورسایی پێ بەخشیوە. ھۆکارێکی سەرکەوتوویی
زیرەک لە نێو دنیای گۆرانیدا دەگەڕێتەوە بۆ توانەوەی لە نێو ژیانی
کۆمەڵی کوردییدا.تەمەنێک گەڕان بە بەشێکی فرەی کوردستاندا ،ئەو سامانە
بەرفرەوانە لە مێلۆدی و ئاواز و ھەوای کوردی بە حەسەن زیرەک دەبەخشێت
کە ھێشتاکەیش ھەر نوێ دەنوێنن.
ھەر بۆیە نوێکردنەوەی سترانەکانی حەسەن زیرەک بە گەروو و قوڕگی
جیاواز،ھەم خزمەتە بە گۆرانیی کوردی و ھەمیش مەزنیی زیرەکی نەمرمان بۆ
دەردەخات. ئەوەی ھونەرمەندێک گۆرانی حەسەن زیرەک بە دەنگ و ستایلی خۆی
بچڕێت،ھەم بەرگێکی نوێتر دەکاتە وەر گۆرانیی زیرەک و ھەمیش پێمان
دەڵێت، زیرەک ھەر یەکە و ئەو چریکە ئەفسووناوییە خاوەنەکەی ھەر بە
تەنیا حەسەن زیرەکە و بەس. لەو لاشەوە زیرەک بۆ نەوەی ئێستا
دەگوێزێتەوە. حەسەن زیرەکی نەمر خاوەنی پتر لە ١٠٠٠ گۆرانییان بە
واتایەکی دیکە،نزیکەی ١٥٠٠ سترانە و بۆ ھەمیشەی مۆسیقای کوردی بە یەک
لە دەنگە ھەرە دیار و ناوازەکان دەمێنێتەوە.
لەو لاشەوە،بێ سێ و دوو لە نێو مۆسیقای کوردییدا ھەر کە باسی مەقام
بێتە گۆڕێ، ناوی"عەلی مەردان" ،یەک لە ناوە ھەرە دیارەکان دەبێت.
مامۆستا عەلی مەردان، ساڵی ١٩٠٤(١٢٨٣ی ھەتاویی) لە گەڕەکی"بەرتەکیە"ی
کەرکووک لە دایک دەبێت و ساڵی ١٩٨١(١٣٦٠ی ھەتاویی) ھەر لە
کەرکووک،ماڵئاوایی لە ئاخی کوردان دەکات و گۆڕستانی"پشت تەکیەی
تاڵەبانی" دەبێتە دوا ھەواری. عەلی مەردانی مەزن خاوەنی پتر لە ٧٥٠
مەقام و بەستەیە و بە پاشای مەقامی کوردی دادەنرێت و یەکێک لە ئەستوونە
سەرەکییەکانی مەقام لە نێو مۆسیقای کوردییدادێتە ئەژمار. چەندان
تایبەتمەندیی و خاڵی ھاوبەش لە نێوان حەسەن زیرەک و عەلی مەردان دا
ھەنە کە بەشێکی ئەم تایبەتمەندییانە لە کەسایەتی ھونەریی ھونەرمەند
سەعدوڵڵا نەسیرییشدا بوونیان ھەیە ھەر بۆیە لە دەرکەی دڵە ھونەرییەکەی
حەسەن زیرەک و عەلی مەردان دەدات.
• ھەر دوو ھونەرمەند لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مۆسیقای کوردی دێنە
ئەژمار.
• گەڕان بە ھەر ھەموو گوند و شار و شارۆچکەیەکی کوردستاندا بۆ
ئاشنابوون بە مەقام و ئاواز و مێلۆدی نوێ،لای ھەردوو ھونەرمەند بایەخی
زۆری پێ دەدرێت.
•حەزێکی ئاوێتەی حوزن و غوربەت لە ناخی ھەر دووکیاندایە.
•ھەر دوو ھونەرمەند لە گوڵجاڕی سترانی کوردیدا خاوەنی ستایل و قوڕگی
تایبەت بە خۆن.
•ھەستی نیشتمانپەروەریی بەھێز لای ھەر دوو ھونەرمەند وەکوو یەکە.
ھەر بۆیە ھونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری ژیرانە ئەم دوو گەورە ھونەرمەندە
ھەڵدەبژێرێت و ھیواخوازە درێژەپێدەری ڕێچکە و ڕێبازە ھونەرییەکەی ئەوان
بێت.
سەرەڕای ئەوەی کۆنسێرتەکەی ئەم ھونەرمەندە و گرووپی ژوانا بەرەوڕووی
پێشوازیی بەرفرەوانی ھونەردۆستان بووەوە بەڵام ھەندێک کەموکووڕیی و
ھەڵە و پەڵەیشی پێوە دیار بوو کە ئومێدە بۆ بەرنامە ھونەرییەکانی
داھاتوو قەرەبوو بکرێنەوە و ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:
• شپرزیی و نەبوونی نەزم و تەکووزیی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی
کۆنسێرتێک،یەکێک لەو خاڵانە بوو کە بەرھەست بوو و کۆنسێرتەکە پتر لە
کاژێرێک پاش کاتی دیارییکراو دەست پێکرا.
• جەماوەری ھونەردۆست پێویستە بە گوێرەی ئەو بەرھەمانەی بڕیارە پێشکەش
بکرێن،ڕێز بۆ بەرنامە ھونەرییەکە دابنێن و خۆ لە داواکاریی نابەجێ و
زێدە ببوێرن و لە جیاتی ھات و ھاوار و دەنگ بەرزکردنەوە،چێژ لە
کۆنسێرتەکە ببەن.
• زۆر جار بە داخێکی گرانەوە خەڵکانێک تاسەر ئێسقان دوور لە حەزی
ھونەریی و بەدوور لە ڕۆحییەتی مۆسیقای کوردی ڕوو لە بەرنامە
ھونەرییەکان دەکەن و سەرەڕای ڕێزی فرەوانم بۆ ئاھەنگی شایی و زەماوەند،
کۆنسێرتێکی ھونەریی و ئاھەنگی گۆڤەند لێک جیا ناکەنەوە و بە بارێکی
شپرزی دەروونییەوە ڕوو لەم جۆرە شوێنانە دەنێن کە پڕیەتی لە خێزان.
• بەڕێزێک بە ناوی دوکتۆر "مورادی"وەک ڕەخنەگرێکی ئەم کۆنسێرتەبە لای
نووسەری ئەم دێڕانەوە کە وەک پێشکەشکاری کۆنسێرتەکە دەوری دەبینی،کەوتە
باس لەسەر تامەزرۆیی خۆی بۆ بیستنی گۆرانیی حەسەن زیرەک و عەلی مەردان
و پێی وابوو کۆنسێرتەکە وەک پێویست ڕێزی لەم دوو ھونەرمەندە مەزنە
نەناوە.
بە لای ئەم بەڕێزەوە، ھونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری تەنێ سەردێڕی یەک و
دوو گۆرانی حەسەن زیرەک و عەلی مەردانی ھێناوە و بۆ خۆی لێرە و لەوێ
وشەی خستۆتە پاڵ گۆرانییەکانەوە کە ئەمە بە خاڵێکی لاواز بۆ کارە
ھونەریەکەی دادەنرێت.
• ھونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری بە گوێ شلکردن و بیستنی دەنگی جیاواز و
ڕەخنەی خاوەنڕایان و جەماوەری ھونەردۆست دەتوانێت بۆ داھاتوو، قەرەبووی
کەمایسییەکان بکاتەوە و ڕەخنە و پێشنیازەکان لە پێناو زێتر پێشخستنی
ھونەرەکەی دەکار بگرێت.
• یەکێک لە خاڵە لاوازەکان لە کاری ئێستای ھونەرمەندانی کورددا بە
تایبەت لە ڕۆژھەڵات ئەوەیە کەمتر دەخوێننەوە و کەمتر بە ناخی ئەدەبی
کوردییدا ڕۆ دەچن و پتر بۆ خۆ ،بەناو تێکستی گۆرانییەکانیان دادەنێن کە
بە لای منەوە ئەمە لە بایەخی بەرھەمە ھونەرییەکانیان کەم دەکاتەوە.
چونکە بەشێکی ھونەرمەندان ئاستی ڕۆشنبیریی ئەدەبییان نزمە و ئەوەندە
لەسەر ئەدەبی کوردی قووڵ نابنەوە.
لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی بوترێت کە ھونەرمەند"سەعدوڵڵا نەسیری" ساڵی
١٣٥٥ی ھەتاویی (١٩٧٦ی زایینی)لە گوندی "ھانیس" ی سەر بە شاری سنە لە
دایک بووە. خاوەنی چەندان ئەلبۆمی ھونەرییە و کەم نین ژماری ئەو
گۆرانییانەی ئەم ھونەرمەندە ھەر وەک "سەفەر"،"ئەی شەماڵ"،"کۆبانی" و
... کە یادەوەرییان لای جەماوەر دروست کردووە.
کۆنسێرتی گرووپی ژوانا بۆیادکردنەوە لە حەسەن زیرەک و عەلی مەردانڕۆژی
چوارشەممە،١٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاویی( ٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٨) لە
ئەمارەتی "خەسراوا"ی شاری سنە بەڕێوە چوو.
پێویستە ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆنسێرتە،
جەلالڕەحیمی بە ئامێری کەمان، ئیسماعیل مەردانی بە نەرمەنای، فەرھاد
پوورنەورۆز بە تۆمبەک، موختار زەندی بە دەف و دایەرە، ئەییووب ساعیدی
بە کەمان، محەممەدڕەزایی بە عوود، ژوانا نەسیری بە دایەرە و ھەروەھا
دەنگ و دیلان نەسیری بە ئامیری کەمانچە،یارمەتی ھونەرمەندسەعدوڵڵا
نەسیرییان دا. ماندووبوونی ھونەرمەنددیلان نەسیری کە کاری دابەشکردنی
مۆسیقای بۆ ئەم کۆنسێرتە لە ئەستۆ گرتبوو، بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆنسێرتە
جێی پێزانینە؛ سەرپەرشتیاری گرووپەکەیش خودی ھونەرمەند سەعدوڵڵانەسیری
بوو. ڕێکخستنی کاروباری تەکنیکیی و دەنگ لە ئەستۆی دوو لاوی ئیلامی
فەرزاد فاتمی و میلاد عاشووری بوو. عادڵ محەممەدی،وەکڕێکخەر و
جێبەجێکاری کاروبار بۆ کۆنسێرتەکە دەوری دەبینی. ئەم کۆنسێرتە بە
پاڵپشت و سپۆنسەری: شارەوانیی سنە،ئیرشاد و ڕۆشنبیری،میراتی فەرھەنگیی
و پیشە دەستییەکان،سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر،بڵاڤۆکی
ئاڵا،ئاوی کانزایی ھەورامان و چاپی موعەللیم بەڕێوە چوو.
نووسەری ئەم دێڕانە ھیواخوازە ھونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری لە بەرنامە
ھونەرییەکانیدا سەرکەوتوو بێتو بە وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی جیاوازیش،پتر
ھونەرەکەی پێش بخات. خوێنەری وردبین، بەشێکی ئەم نووسینە پێش
بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە نووسراوە. ئەم بابەتە ھەر دوا بەدوای
کۆنسێرتەکە نووسراوە کە مخابن لەبەر ئەو دۆخە شپرزەی ڕۆژنامەگەریی
کوردی لە ڕۆژھەڵات تێی کەوتووە و پێوەی دەتلێتەوە،چاپ و بڵاوبوونەوەی
بۆ ئێستا دوا کەوت.
_________________________________________
ژێدەرەکان:
• گۆرانیبێژە نەمرەکان،بەرگی یەکەم،باکووری،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی
ئاراس،چاپی یەکەم،٢٠٠١، ھەولێر.
• گۆرانیبێژە نەمرەکان، بەرگیدووەم، باکووری، دەزگای چاپ و
بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، ٢٠٠٢، ھەولێر.
• چریکەی کوردستان،ئامادەکردنی میدیا زەندی،دەزگای چاپ و پەخشی
بۆرەکەیی،چاپی یەکەم ١٣٧٦ی ھەتاویی(١٩٩٧).
• عەلی مەردان و شێعری ھەڵبژاردەی کوردی،کۆکردنەوەی عەبدولقادر عەلی
مەردان،دەزگای ڕۆشنبیریی و بڵاوکردنەوەی کوردی،ساڵی چاپ ١٩٩٠.
• بەرنامە ڕادیۆییەکانی نووسەر.
• ژمارەیەک گۆڤار و بڵاڤۆکی کوردی.
• دەیان ماڵپەڕ و وێبلاگی کوردی.
h_noryawi@yahoo.com
|