په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٥\٢٠١٦

هەندێک بابەتی ساڵانی (٢٠٠٦ - ٢٠١٣ - ٢٠١٤ - ٢٠١٥ - ٢٠١٦).

سەباح رەنجدەر     

نامەیەکی کراوە بۆ عەبدوڵڵا سەڕاج.

 

 

مامۆستای بەڕێز: مامۆستا عەبدوڵڵا سەڕاج، بۆ ئاواتخواستنی ساڵی نوێ، سۆز و تاسەم پێشکێش دەکەم. لەبری چاوت دەستت ماچ دەکەم و داوای پیت و فەڕی لێ دەخوازم. ئەو دەستانەی ئەم ڕۆمانە ژیانییەی نووسیوە و خەرمانێک ئەدەبی گێڕانەوەی کردووەتە دیاری خودایی، مرۆڤ کە دەبێتە مرۆڤێکی کامڵ و تەواو، ئەوجا دیاری خودایی دەبەخشێت، پێبەخشراویش بەرانبەر دیاری خودایی تەنیا دەتوانێت خاکی و دڵگەرم بێت، چونکە تۆ لە دروستکردنی کەسایەتی ناو نووسینەکانتدا گەلێک خاکی و دڵگەرمیت و ڕۆمانەکەت ھەموو ژیانی نقومی خۆی کردووە.

دەستنووسی ڕۆمانەکەتم لە (دکتۆرە فاتمە) وەرگرت و ھەمان ڕۆژ سەردانی (بەدران ئەحمەد حەبیب) ی دەزگای ئاراسم کرد. ئەویش جوامێرانە وەری گرت و بەبەر چاوی خۆمەوە دایە کارمەندێکی کۆمپیوتەر و خستییە کاری چاپەوە، ھەروەھا ڕێکەوتێکی باشیش بوو بۆ من، ھەر لە سەرەتای خوێندنەوەمدا تا دوا پلەی چێژ، چێژم لە زمانی (شکور مستەفا) وەردەگرت و کارەکانیم بە تاسە و ئارەزوویەکی بەتینەوە دەخوێندەوە. ھێڵم بەژێر دەربڕینە زمانییەکانی دەکێشا و بۆ فێربوون و ڕاھێنانی زمان دەگەڕامەوە سەری و بیرم لە لەدایکبوونی بۆچوونەکان دەکردەوە. لەوێ بینیم و بەختی ئەوەم ھەبوو ماوەی یەک دوو کاتژمێر لەگەڵی دانیشتم و گفتوگۆمان کرد. پیاوێکی ھەتا بڵێی سادە و قووڵ و خاکی و خاوەن دنیابینییە، لەبارەی زمانی شیعری کلاسیکی کوردییەوە زۆر بە تاسەوە دوا و سەیرکرابووەوە، دەتگوت شیرە لە گوانی پڕ دەڕژێت، منیش ھەموو جەستەم ببووە گوێ و جار جاریش بۆچوونم لەبارەی قسەکانی دەبوو، بەبێ ھیچ لەخۆدەرچوونێک لێی وەردەگرتم و ئەوەی لا گەڵاڵە کردم ئەدەب بە تەنیا لەناو زماندا ناڕسکێ و خۆی بەڕێوە نابات، بەڵکو سەرەتا فیکر، ئەوجا زمان لە ڕێگای ھەستەکانەوە کاری ئەدەب بەڕێوە دەبات و واقیع و مێژوو و خەون و پێشبینی بەشداری تێدا دەکەن. دوای ئەم دانیشتن و گفتوگۆیە ھەمیشە دیوانی شاعیرانی کلاسیکی خۆمان لەسەر مێزی خوێندنەوەمن و زمانی پێوەرم تێیاندا دۆزیوەتەوە، قوڕی حەوت گۆڕ بەسری ئەو شاعیرەی خۆی خەریکی شیعر بکات و زمانی پێوەری نەدۆزیبێتەوە، بە تاسە و دەست و نزاوەم پەیوەندی و ھاوڕێیەتیم لەگەڵ ئەدەبی کلاسیکیدا تامردنم بە شێوەی ئێستام بمێنێتەوە، ئەدەب دەرکەوتەی ڕۆح و زەوی و ژیانە، ناتوانێت لەم سێ خانە دیاریکراوە دوور بکەوێتەوە. ھەموو جووڵەیەکی مرۆڤیش لەم سێ خانەیەدا گەشە دەکات و خۆی بەوی دی دەناسێنێت و وەردەگیرێت.

(دکتۆر فوئاد ڕەشید) لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی ئەزموونی تۆ و میتا ڕۆمان نووسیوە و زۆر بە ڕوون و ڕەوانی ئاماژە بەوە دەدات میتا چیرۆک و میتا ڕۆمان لە ئەزموونی تۆوە ھاتووەتە ناو ئەدەبی کوردییەوە و بەردەوامیش لە ئەزموونی گۆڕاندن و نوێبەخشیدای و تاماوەیەکی دوور و درێژیش ھێزی داھێنانی خۆت دەپارێزیت، لێکۆڵەری باش لووتکەیەک پێشانی نووسەر دەدات و دەڵێت: حەزدەکەم لەوێدا بتبینم. مرۆڤ کاتێک چاو دادەخا و خەیاڵ دەکات تەنیا وێنەی ئەو ئاواتانە دەبینێت.

بەلامەوە گرینگ بوو گۆڤارەکەت بۆ بنێرم، بەڵام ئەو برادەرەی لەلاتەوە ھاتبوو گوتی: جانتام پڕە و ناتوانم بیبەم، داوای بووردنی کرد. ناوونیشانی خۆتم بەدروستی بۆ بنووسە، بەڵکو بە پۆست بۆت بنێرم. لەگەڵ گۆڤارەکەدا ھەوڵ دەدەم تەواوی بەرھەمی ( کاروان عومەر کاکە سوور و جەبار جەمال غەریب و عەتا محەمەد و ئارام کاکەی فەلاح) ت بۆ بنێرم، کە خۆم بەوردی دەیانخوێنمەوە و ھەست دەکەم جیاوازییان لەگەڵ چیرۆکنووسانی وەک: ( عەبدوڵڵا سەڕاج، ڕەوف بێگەرد، محەمەد موکری، حەمە فریق حەسەن) و کەسانی دی ھەیە، ئاستێکن لە ئاستەکانی نووسین و داھێنان. با پارەی پۆستیشم زیاد لەسەر بکەوێـت. گرفت نییە بەس بەلامەوە مەبەستە تۆ ئاگاداری ئەو داھێنەرانەی نەوەی دوای خۆت بیت و ھێڵی داھێنانیان ببینیت و بەبوونیان دڵخۆش بیت. من نەوەی دوای خۆم وردتر لە نەوەی پێشە خۆم دەخوێنمەوە. خوێندنەوەیان تەندروستیم باش دەکات، ھەروەھا لاویش دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆی بکات. چی لەو ھەموو نووسەرانەی، کە پێش ئەو ھەبوون و ھەن جیای دەکاتەوە. بە تاسە و دەست و نزاوەم، ئیرەیی داتنەگرێت بە ئۆخەی گیانییەوە بیانخوێنیتەوە، چونکە لای ئێمەمانان پێش ئەوەی دەستخۆشی داھێنان لەنەوەی دوای خۆمان بکەین، پیلانی ئەوە دادەنێینەوە چۆن ملیان بشکێنێن و دڵساردیان بکەین بەرانبەر نووسین و بەردەوامبوون. ئەگەرچی باش تۆ دەناسم لەو جۆرە کەسانە نیت لە داھێنانی کەسانی تر سڵ بکەیتەوە، بەڵام قسەیەکە دەیکەم زەرەری مرۆڤ و مار و مێرووی تێدا نییە.

دەستنووسی یاداشتنامەکەت بۆ ناردبووم، وەرم گرت. ھەر شەش دەفتەرەکەیم خوێندەوە، وەک شێوازی نووسین ھەتا بڵێی جوانە و پڕە لە شکۆی نووسین، داوای ئەوەت لێ کردووم بیپارێزم. (دوای مردن) ت ھەوڵی چاپی بدەم. ئەگەر من پێش تۆ نەکەوتم بە دڵنیاییەوە، بێ ئەم لا و ئەولا جێبەجێ دەبێت. ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئەو ماوەیەی تۆ باسی دەکەیت من تێیدا نەژیاوم. بەتایبەتی ماوەی پێشمەرگایەتیت لە شەستەکاندا، بەڵام وەک ھەست، ھەست دەکەم لەگەڵ دەوروبەردا زۆر توند و تیژ و تووڕەی. پێشیاز دەکەم بە چەند پەرەگرافێکدا بچیتەوە. ھەندێک بۆچوون ھەیە لای بدەیت، یان سووکی بکەیت. من پێم وایە: (ئەو قسەیەی بە ھاوار دەگوترێت، بەھێمنیش دەگوترێت). بڕوای سەتاسەتم ھەیە خودا لە ھەندێک لایەندا فریای داھێنەر دەکەوێََََـت بۆ وشیارکردنەوە و ئاگایی پێدان. لەناو ئەو دەستنووسانەی بۆ پاراستن لای منت داناون ، کۆشیعرێکی تێدایە بە ناوی(سێ ھەنگاو بەرەو خۆر)، کە لەسەرەتای حەفتاکاندا ڕەزامەندی چاپت بۆ وەرگرتووە، بەڵام چاپت نەکردووە. دیارە ڕۆحێکی شاراوە ڕێنوێنی کردووی و ئاگاداری کردوویەتیەوە دەنا دەبووی بە خاوەنی کتێبێکی خراپ. وەی بە حاڵی ئەو نووسەرەی بە کتێبی خراپ خۆی بە خوێنەران بناسێنێت.

مرۆڤ قەرزی ناخی خۆی بداتەوە، ئەوپەڕی خۆبوونی و جوامێرییە. ئەوەی لە یاداشتنامەکەت وەک مژدەیەک پێم گەیشت و لەو چەشنەدا بینیم و تێم ڕوانی و دڵی خۆم تێیدا دایەوە. ئەو بڕگەیەیە باس لە کاریگەری (خالید دلێر) دەکەیت و جوامێرییەکی تا ئەوپەڕیت بەرانبەر نواندووە و دەڵیێت: (ئەگەر خالید دلێر نەبوایە کوردێکی عەرەبی نووس دەبووم). بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو گۆڕانەت لە ژیانی ئەدەبیتدا نەھێنابوایە گۆڕێ و پەیڕەو نەکردبوایە. نە دەبووی بەقەل. نە دەبووی بە کۆتر، وەک بڵقی بن گۆم دەمایتەوە. ھەر بۆ ئەوەی زیاتر باوەڕ بەوە بکەیت بەو گوێڕایەڵییەت ئاڵایەکی پڕ شکۆت ھەڵداوە و سێبەری پڕ ڕووداو و خەڵکی ھەوادار و پێشوازی کارە، تەماشاکە، بە ھەموو زەین و دڵتەوە تەماشاکە (یەشیار کەمال) دوای ئەم داھێنان و ناوبانگە جیھانییەی، چۆن کارتی ناخی خۆی دەردەھێنێت و چ ھاوارێکی پڕسفت و سۆ بۆ خۆلەدەستچوون دەکات. (نەکەی جگە لە زمانی دایکت. بەھیچ زمانێکی تر بنووسیت، چونکە ھەڵقووڵاوی ناخی خۆت نابێت). بزانە نەک پەیوەندی زمان و ناخ دەدۆزێتەوە، بەڵکو زمان و ناخ دەکاتە یەک ئاراستە و نھێنی بوون و نەبوونی پێ ئاشکرا دەکات.

لەبارەی جۆر و چۆنیەتی خوێنەر و خوێندنەوەت لە کوردستان پرسیوە. بزووتنەوەیەکی ئێجگار باشی وەرگێڕان لە کاردایە و بەرھەمی وەرگێڕدرا و بێ ئەژمارن. لەوانەیە ھەفتەی زیاتر لە چەند کتێبێک بێتە کتێبخانەی کوردییەوە، بەتایبەتی ڕۆمان. قسەم لەبارەی چۆنیەتی و جۆری ھەڵبژاردنیان نییە، بەڵام لە ڕووی خوێندنەوەدا پشێوییەکی ترسناک ناوەندەکەی داگیرکردووە. دەمەوێ شتێکت بۆ باس بکەم وەک بابەتی گاڵتەجاڕیی و پێکەنینھین دڵخۆشت بکات و بۆ ماوەیەکی کورتیش لەناو ئەو ئاوە کوڵاوەی بێزاری دەرت بھێنێت. وەک بابەتی لە دەستدانی کتێب و خوێندنەوەش، ھەواڵێکی دڵسڕکەر و لاسەنگ و مەترسیدارە، قوڕێکە دەبێت ئێمەمانان جارێکی تر بەھێزی گیان بیشێلینەوە و خۆشی بکەینەوە.

لەم ڕۆژانەدا سەردانی ماڵی (حەمە کەریم ھەورامی)م کرد و دنەی ئەوەم دا دەقە شانۆییەکانی جارێکی تر چاپ بکاتەوە، بەڵکو نەوەی ئێستاش بیبینێت و جاری تر بخرێنە سەر شانۆوە. ئەمیش بە چاوێکی مات و بزەیەکی گلەیی ئامێزەوە گوتی: سەباح گیان دەزانم تۆ بەنیازێکی پاکی ئەدەبییەوە دەمخەیتە بارێک، کە خۆم باشتر ببینم، گوتی: لەگەڵ (نەوزاد ڕەفعت). من کتێبێکی خۆم و ئەویش کۆشیعرێکی. بردمانە کتێبخانەکانی سلێمانی. پاش ماوەیەکی زۆر چووینەوە کتێبخانەکان سۆراخی ئەوە بکەین چەند فرۆشراوە و چەندی ماوەتەوە. لە بەختی باشمان بە ھەردووکمان یەک خوێنەرمان ھەبوو. واتە لە ھەردوو کتێبەکەدا یەک دانە فرۆشرابوو، جا نازانم ئەم یەک دانەیە نە کتێبەکەی من بوو، نە کۆشیعرەکەی ئەو. لەڕێگای گەڕانەوەماندا بۆ ھەولێر (نەوزاد ڕەفعت) ھەموو کتێبەکانی خۆی فڕێدایە ئاوی دووکانەوە. منیش بە دڵشکاویەوە ھێنامەوە ماڵەوە. ئاخۆ چاپی دووەم چیم بۆ بکات، یان تووشی چ دڵەڕاوکێ و کارەسات و ھەژانێکی دەروونیم دەکات، یان ئێمەمانان خوێنەر قبووڵمان ناکات و ھیچ کاریگەرییەکی ئەدەبیمان لە ناوەندەکەدا جێ نەھێشتووە و نییە. تەماشاکە ڕووداو لە ڕووداوی کتێب فڕێدان کارەساتبارتر دەبێ چی بێت. دەشزانم کتێبی گەندە و بێ نرخ لە کتێبخانەکاندا لە حیساب نایەن.

کاکە عەبدوڵڵا سەڕاج مرۆڤ، کە ھەواڵی وا دەبیسێت لە پێستی خۆی دەردەچێت و دەمی دەبێتە قاڵبێک سابوون و کەف دەکات، کەفی فێگرتن. کتێب ڕێز و شکۆی شکاوە، لە کتێبخانەکاندا تەماشای چاوی کتێب بکەیت، چاوەکانیان سیس و سارد و سڕ و ژاکاون. لە ھەمان کاتیشدا خودی پاکیزە و دەگمەنیش ھەن. (ئەنوەر قادر محەمەد) یەک لە شاعیرە پەسندەکانی منە، ساڵی ٢٠٠٤ سێ کۆشیعری لە بەرگێکدا چاپ کرد بە ناوی ( زریان و زایەڵە و زنار) لە کتێبخانەکانی ھەولێر دەستم نەکەوت، سەفەرێکی تایبەتی سلێمانیم کرد بۆ بە دەستھێنانی ئەم کتێبە. جا خولیاکانی مرۆڤ جیاوازن و ئاشتیش نایابترین کتێبی ئەدەبییە. مرۆڤی کورد ئێستا خولیای جیاوازتری بۆ پەیدابووە. ئەگەرچی ئەدەب ناتوانێت ھەموو بارەکانی ژیانی مرۆڤ لەخۆ بگرێت، بەڵام داھێنانی ئەدەبی پێویستە ھۆ و ئامانج بێـت بۆ نەخشاندنی ژیان و کۆمەڵگاش چالاکتر ھەنگاو ھەڵگرێ بەرەو جوانی و خاوکردنەوەی گرژی، ئاستێَکیش بھێنێتە ناوەوە، ئاستی ھونەری خوڵقاندن و دەربڕین لەبار و بوار و جموجۆڵەکانی ژیان بکات.

بۆچوونت بەرانبەر بەخوێنەری ئێستا زۆر سەیرە، بەڵکو تا ڕادەیەکیش لە جێی خۆی نییە. ئەم پەرۆشییەی تۆ ھەتە. پێی دڵخۆش نەبیت ئێستا وانەماوە. دەبێ ھەڵوێستەی ئەوەش بکەین، کە خوێنەر نەمانخوێنێتەوە، ئەو بارە جەنجاڵەی ئەمڕۆ، ئەدەبی لە ڕۆحی خوێنەردا کوشتووە و ئێمەش لە ھەوڵی ئەوەدا بین ئەدەب بگەڕێنینەوە ڕۆحی خوێنەری تەندروستەوە.

ژیانی ئەدیب بەشێکە لە ژیانی کۆ، ژیانی کۆش بەشێکە لە ژیانی ئەدیب. ھەردوو ژیانیش لە بیر و یادەوەری ئەدەبدا بەڕوون و ڕەوانی بەرجەستە دەبن و دەمێننەوە. پێش چەند ڕۆژێک بە تەلەفۆن لەگەڵ (سەلام محەمەد) زۆر ڕووداوی ئەدەبیمان ھێنایە گۆڕێ، ئەو ڕووداوەی کردە سەرباسی گفت و گۆکەمان ، کە سەرەتای حەفتایەکان (عەبدوڵڵا سەڕاج و لەتیف ھەڵمەت و سەلام محەمەد) تابلۆی یەکێتی نووسەرانی کورد - لقی کەرکووکتان ھێناوەتە خوارەوە و فڕێتان داوەتە ڕووباری خاسەوە، یان لە شوێنێک حەشارتان داوە. ھەردوای کردەکە، مانیفێستێکی ئەدەبیتان لەبارەی یاخیبوون و نوێبەخشییەوە نووسیوە و ھەر سێکتان ئیمزاتان کردووە. دوای ئەم ڕووداوە، ئەدیبە دڵڕەش و سەلەفییەکان پڕکێشی (لەتیف ھەڵمەت) یان کردووە و ویستوویانە لێی بدەن و سووکایەتی پێ بکەن. خۆزگە ئەو نامەردییەیان بکردبوایە، چونکە دڵڕەش و سەلەفی ھەر ئەو جۆرە کارانەیان لێ چاوەڕێ دەکرێت و ھەربەمەش ماونەتەوە، نەک بەھێزی نووسین. تا ئەمڕۆش ئەم نامەردییە لەناو ئەدیبە ڕەسمییەکان درێژەی ھەیە. بە ھەزار جۆری نامەردی داتدەپەڵۆسن و قۆرتی مل شکاندنت بۆ ھەڵدەکۆڵن. بە ھەرحاڵ ئەو مانیفێستەتان تاکو ئێستا شوونبزرە، ئایا ئەگەر وەک پێکھاتە و بنیاد و بیروڕا نووسیوتانە و خاڵی بینینی ئێوەی تێدا ڕوون کراوەتەوە بەرانبەر ئەو ناڕازی بوونە ئەدەبییەی ھەتانبووە و بنەماداڕێژەرن، بۆچی بڵاوی ناکەنەوە. ئەگەریش ھەستێکی کاتی و ھەڵچوونێک بووە، ئەوە تەنیا قسە و ھەڵوێست و ھەڵزەقینەوەیەک بووە بەرانبەری بەڕێوەبردنی ناوەندەکە و نەتانویستووە ئەدەب ببەنە ئاستێکی باشتری ئێستێتیکی و پاڵەپەستۆی سیاسەت لەسەر ئەدەب کەم بکەنەوە و بەرەو ونگەی ئەدەبی تێ بکۆش. نووسەر کاتێک بیەوێ بنووسێت و بیرێکی ڕوونی نەبێت، تەواوی ئەو جیھانەی بۆ نووسین وێنای کردووە دەڕووخێت و لەدەستی دەجێت.

مرۆڤ لە پیریدا ھەڵگری خەونە سەرەتاییە کانیەتی. ئەم مانفێستە خەونی سەرەتای ئێوەیە. بڵاوکردنەوەی لە ئێستادا پێویستییەکی ھەر سێکتانە، کە کەوتوونەتە تەمەنێکی دیاریکراوەوە، ھەروەھا دەزگای ئاراس داوای ئەوەی لێ کردووی لەم سەفەرەی دێیتەوە کۆچیرۆکەکانت ئامادە بکەیت. ھەموویانت لە بەرگێکدا بۆ چاپ دەکات. ھەموو کۆچیرۆکەکانت لای من ھەن. تۆ تەنیا ئەو چیرۆکانە ئامادەبکە، کە نەکەوتوونەتە ناو کتێبەکانتەوە. سەرەتای تۆ لە ناوەڕاستی پەنجاکان دەست پێدەکات، بەڵام لە سەرەتای حەفتاکاندا لە چیرۆکەکانتدا ئاسۆ و دووری خۆی وەردەگرێـت و دەبێتە دۆخێک لە دۆخەکانی تایبەت، لە چیرۆکەکانتدا لووتی ھەستیارت لە خوێنەردا ڕسکاندووە، تا بۆن بکات، بۆنی بەھەشتی داھێنان و گوڵەکانی با.

بە ھیوام ساڵی نوێت، ساڵێکی گەرم و گوڕی نووسین بێت و ھەموومان بەرەو ونگەی ئەدەب بڕۆین و توانامان کۆبکەینەوە لە دامەزراندنی شێوازێک بۆ نووسین، کە نھێنی سرووش وەرگرتن و داھێنانی تێدا بپارێزرێت و وزەی شاراوەی دەمار و ھەستی مرۆڤ ئاشکرا بکات.


کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦ - ھەولێر



سەرنجێک لە بارەی کۆشیعری شەوێک لە شەوانی سیمرخ.



خودا ھەندێک ھێزی نھێنی و تایبەتی خۆی ھەیە، دەیبەخشێتە مرۆڤی داھێنەر بۆ دۆزینەوەی بەھا ونبووەکانی مردن و ژیان و ئاسۆ و دووریی بیرکردنەوە و بەدەرووندا شۆڕبوونەوە. ساڵی ١٩٧٧ بەشی یەکەمی چامەی (شەوێک لە شەوانی سیمرخ) لە گۆڤاری بەیان، ژمارە (٤٤) بڵاوکرایەوە. ناوبانگێکی نموونەیی و درەوشاوەی بۆ (سەڵاح شوان) پەیداکرد. بەوەی فۆرم و شێواز و زمانێکی ھەستی لە خالڕ و ھێڵی شیعری کوردی گەشە پێدا. ھاووێنە و جێگۆڕکێکردن لەگەلڕ ئەفسانە، یان ئەفسانە ھێنانە ناو ھەقیقەتی ناوەوەی شاعیر، یان ئاراستەکردنی شاعیر بۆ مەودای ئەفسانە. لەم جێگۆڕکێکردنەدا شاعیر و ئەفسانە ئاراستەی یەکتری وەردەگرن و دووانەیەکی بەیەک گەیشتوون و ھەقیقەتی ھێزی بزواندنن.

ئەم دەقە گفتوگۆیەکی نێوان شاعیر و ھەستەکانیەتی لەپێناو دۆزینەوەی قەوارەی زەینی ئازاد و ڕامانی سەرەکیدا. دوورە لە لێڵیی ناپێویست، ڕوخسار و ناخی تا دواخاڵی بینین ڕۆشنە و ئازادییەکی تەواوی بەدەست ھێناوە. ئازادیی زمان و نووسین، شاعیر خۆی قسە دەکات و خۆی کەسەکانە و قسەیان پێدەکات و مەوداکان دەگوازێتەوە. باس لە تەنیایی مرۆڤ و گەڕانەوەی بۆ خودی خۆی و خۆپاراستن لەناو خودی بێ زیانی خۆی دەکات، وای لێ دەکات بڕوا بە خودی خۆی و ھێزە سەرەکییەکانی زەین بکات. دەقێکی مۆنۆدرامییە، تاکی ھەقیقەتی بوونە ڕاستەقینەکەیەتی، کەسی دووەم ڕاستەقینە نییە، یان بوونی کەسی دووەم لە ئاسۆی چاوەڕوانیدا ھەڵسوکەوت دەکات و بەھۆی تیشکدانەوەی وێنەکانەوە قەوارەی بوونەکەی دەستنیشان دەکرێت. شێوازی مۆنۆدرامی تەنیا تەکنیکێکی شیعری نییە، بگرە ھۆ و ئامانج و ڕۆشنایییەکە لەڕێگایەوە بە قووڵی بەدوای دۆخ و دۆزینەوەی دەنگی ویژدانی تاک بکەوێت.

ئەفسانە وەک دەربڕینێکی کولتووری، یان ئەستێرەی ئەدەبی فەنتازیا جۆرە ئاسۆ و سەرچاوەیەکە بۆ باشترکردنی جیھان و لە سەرەتای بووندا بۆ ئەوە بەکارھێندراوە، تا لەڕێگایەوە بە ھەقیقەت بگەن و پێچەوانەی ھەقیقەت ھەڵسوکەوت نەکەن، ھۆیەکانی بەھەقیقەت گەیشتنیش بزانن و سەرچاوەکانی بناسن. دواتر ئەفسانە چۆن پێوەندیی بە ڕاستەقینەوە ھەیە، یان ڕاستەقینە چۆن پێوەندیی لەگەلڕ ئەفسانەدا دروست دەکات. لە ئاسۆ و سەرچاوەکەدا چ ڕوودەدات. مرۆڤ چۆن وێنای ئاسۆ و سەرچاوە و ڕووداوەکە دەکات. لە ھەمان کردەشدا زمان چاوەڕوانی خەیالڕ دەکات، خەیاڵێکی داھێنەر جوان بەکاری بھێنێت. بەھا و بنەمای ئەفسانەی کۆن و نوێی لەناو ھەقیقەتە تاکییەکەدا، یان ئاسۆی چاوەڕوانی ژیاندووەتەوە. سووڕی بەردەوامبوون ئەو گرینگیدانەی لای شاعیر بەپێویست زانیوە. لەم گرینگیدانەدا سەرنج دەبێتە تێڕامان. دوو بنەمای سەرەکیی شیعری مۆنۆدرامی لەم ئەزموونەدا پەخش کراون، ئەوانیش وێنە و ئاراستەکردنن. لەکۆی ناوەند و خاڵی دەقەکەدا ئەم دوو بنەمایە بەشێوەی بازنەیی دووبارە دەبنەوە و لە گەشەکردندا ئاستێکی ھەستی پەروەردە دەکەن، ھێزی نھێنی دەق خەسڵەت بە ئاست و چۆنیەتی پەروەردەکردنەکە دەدات و گۆڕینەوەی پێوەندیی نێوان ھێما و ھێماپێکراو لەسەر ئاستی مانادا لێک نزیک دەبنەوە و لەسەر ئاستی زمانیش دوور دەکەونەوە. لەم دوو ئاراستەیەدا تیشکی شیعرییەت لە بنیاد و شێواز و ترپە و ئاوازدا زیاد دەکات. لە دەقی ئەدەبیدا زمان نیشانەیەکە لە نیشانەکانی دۆخگۆڕین، ڕاستەوخۆ کرۆکی دۆخگۆڕین نییە.

تا ئەو سنوورەی من ئاگاداربم ئەم شاعیرە لە شیعری نوێبەخشی کوردیدا داھێنەری شیعری مۆنۆدرامییە، بەڵام لەم شیعرەوە ھێڵی کۆتایی کێشا و گەشەی پێ نەدا، یان نەیتوانی بیکاتە وەرچەرخان و دیاردەیەک، یان ئەزموونێکی کراوە بەسەر شیعری نوێبەخشی کوردیدا. لەگەلڕ ئەوەش ھەوڵدانێکی کەم وێنە بوو بۆ ئازادبوون لە ئایدیۆلۆژیا و بەرھەمھێنانی (کرۆکیجوانی ـ ئێستێتیکا)ی بێگەرد. بەردەوامبوون لە نووسین و بەرھەم زۆری مانا و دۆخی داھێنان ناگەیەنێت، بگرە داھێنان خۆی شکۆمەندیی ئەدەبی و دۆخێکی شکۆمەندی مرۆڤانەیە. خوداوەندەکان لە سروشتی سەرەتایی یەکەمین دروستبوون ئەفسانەیان بەرھەم ھێنا و خاوەنی گرینگی و پیرۆزییە، ئەم دەقە بایەخی زۆری بە ئەفسانە و نھێنیی ئەفسانە داوە و ھەستی ئاشکراکردنی تەقاندووەتەوە، پێوەندیی ھەستیشی لەنێوان وێنەکان وەک ناوەند و ھاوسەنگییەک ڕاگرتووە. ئەم ناوەندە خەمڵیوی چەندین قووڵبوونەوەی ئەفسانەیی و ھاووێنەیی وەک: سیمرخ، ھوما، سەمەندەر، ئاگردز، گیای نەمری، ئەژدیھای حەوت سەر، دەڵەدێوی مەمک کێو، ئاوی ڕەش و سپی، ئەشکەوتی پەرییان، سندووقی ئەجندان و ..... تاد، ئەوەی گرینگە لەناو ھەموو ئەفسانەکاندا بەدوای مانا و دۆخی ژیان و پێکھاتەکانیدا دەگەڕێت.

ئەفسانە ڕاچڵەکانی لەناخی ژیان و چۆنیەتی بوون دروست کردووە و بزەیەکی لە ڕوخساری زەوی نەخشاندووە، دیاردەیەکی کولتووریی کۆمەڵگا و چالاکییەکی گشتییە. شتێک نییە، کە بووبێت و تەواو بووبێت. لەم بەردەوامییەدا زمانی ھەستی لەناو ئەفسانەوە درێژ دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە جاویدانی و بەھێزکردنی ڕۆحی ئەفسانە لە جەستە و دەروونی مرۆڤ و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی خوداوەند و ھاووێنەیی مرۆڤ. وەک سەرچاوەی بنەڕەتی بۆ کولتووری کۆمەڵگا بەکاری دەھێنێت و ھەمیشەش لای بەرەو گۆڕانکاری دەکاتەوە، بەردەوامیی ئەفسانەش پێوەندیی بە تێگەیشتن و پێویستییەکانی کۆمەڵگاوە ھەیە، وەک ھاوئاھەنگی نێوان بەشەکانی نووسین سوودی لێ وەردەگرێت و بەردەوامی بە سووڕی مانەوەی دەدات.

لە بەکارھێنانی ئەفسانەدا وا دەکات ئەفسانە پەیامی نوێی بەجآ بھێنێت. بەوەی کرۆکی جوانی بەھەموو کەس بگەیەنێت، داب و نەریت دەپشکنێت و لێی دەکۆڵێتەوە و مەشقی کرۆکیجوانییان لەسەر دەکات، بەمەش بەرھەمی خۆی دەخاتە سەر ھێڵی درێژبوونەوەی ئەفسانە. ئەفسانەش پێویستە بە وریایییەکی بەردەوامەوە لێی بڕواندرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ترپە و ئاوازی ھاوتەریب و گونجان لەگەلڕ کەرەستەکانی ئاسمان، ئاسمان بەتەواوی بوون و بوونەوەرەکانییەوە دەورێکی ئێجگار کاریگەر لەم ئەزموونەدا دەبینن. دەیانھێنێتە دواندن و خاسییەتی مرۆڤیان تێدا پەیدا دەکات و دەیانورووژێنێت. ھەوڵدەدات خاسییەتەکان ھاوسەنگ و بەراورد بکات لەگەلڕ مرۆڤ و ھەقیقەتی تەواوی مرۆڤ. ئەفسانە لە سەرەتای دروستبوونیەوە بەشێوە و فۆرمی جۆراوجۆر ھاتووەتە ناو کۆمەڵگا و کاریگەریی خۆی سەپاندووە، کە سەردەمی نووسین داھات، لە شێوە و فۆرمی جیاوازتردا داڕێژرایەوە، بەڵام لەناو ھەموو نووسینەکاندا تایبەتمەندیی خۆی پاراستووە و بە پێکھاتە و ڕەگەزەکانییەوە وەک بوونێکی تەمەن درێژ و کاریگەر دەناسرێتەوە. ڕۆحی ئەفسانە بەشێوەیەکی باش ئاراستە کراوە و بەھۆی ھێما و خوازەوە وردەکاریی شیاوی دەستەبەر کردووە و ڕازی زیندووبوونەوە پێشنیاز دەکات و دەیھێنێتە بەر زەین، بەڵام بەتەواوی چەمکی زیندووبوونەوە ناناسین.

ساڵی ٢٠١٢ چیرۆکەکانیم کۆکردەوە و لە بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی وەک کۆچیرۆکێک بە ناونیشانی (ئەستێرە بەرزە) چاپ کرا.

(دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە ـ ١٩٧٨). وەک کۆشیعری چاپکراو، ئەزموونی یەکەمی (سەڵاح شوان)ە. ئەم ئەزموونەش کۆی ئەو شیعرانەن، کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا دوای ئەزموونی یەکەمی بڵاوی کردوونەتەوە. لەو ساتەوەی شیعرەکانیم ناسیوە، وەک شاعیرێکی ڕاستەقینە و پڕ شکۆی داھێنان ناسیومە. بۆ چێژی تایبەتیی خۆم و ئەشقی شیعر ئەوەی پآ دەکردم، ھەر شیعرێکی بڵاودەکردەوە لە کتێبخانەی خۆم دەمپاراست و لەنێوانیاندا خوێنەرانە تێیان ڕادەمام بۆ ئەوەی چاودێری کرۆک و بنەما و کاکڵی مەبەست بکەم و بزانم تا چ ڕادەیەک لە بەرزبوونەوە و داکەوتندا دەیبینم. ئەنجام وەک کتێبێک کۆبوونەوە.

ئەم داھێنەرە ئێستا لە دەرەوەی نیشتیمان دەژی. ڕەنگە دوور لە نیشتیمانیش بەگۆڕغەریبی و پشتگوێخراوی بمرێت، نیشتیمان: دەسەڵاتی نەتەوەیی، سادەترین پێداویستییەکانی ژیانی بۆ دابین نەکرد، بەڵام دوای مردنی خەم بۆ گۆڕی پڕ شکۆی داھێنانی دەخوات. شکۆی داھێنان تاکە شتێکە پێویستە دەسەڵاتی نەتەوەیی بیری لێ بکاتەوە. پێویستیشە لەناو شکۆی داھێنان و کەژاوە و ڕێوڕەسمیدا بژین. داھێنەر، ئەگەر لەبەر بەدگۆیی لێخنبیرە ئاماژەکوێر و پاشخاپەرۆکەکان لە نیشتیمانی خۆیدا سادەترین پێداویستییەکانی ژیانی بۆ دەستەبەر نەکرێت، جیھان فراوانە.

تێبینی: ئەم نووسینە وەک پێشەکی بۆ کۆشیعری (شەوێک لەشەوانی سیمرخ)ی سەڵاح شوان نووسراوە.


کانوونی دووەمی ٢٠١٣ - ھەولێر

 


سەرنجێک لە بارەی کۆشیعری دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە.



ئێمەمانان لە کۆتایی حەفتایەکان و سەرەتای ھەشتایەکاندا تازە بەرپێی خۆمانمان دەبینی و خولیای شیعر دایگیرساندبووین، دەمانویست بەخشندەکان بناسین و بچینە ناو ئەزموونی پاراوی شیعری بێگەردەوە. وزەی دەرکەوتووی ئەم کۆشیعرانە بۆ ئێمە مانان ئەزموونی داھێنان و خەونی لاوی بوون. وەک شانازیبەخش و جۆرێکی تایبەت لە خەڵات و چێژی خەڵات دەمانخوێندنەوە. زریان ـ ئەنوەر قادر محەمەد. گەردەلوولی سپی ـ لەتیف ھەڵمەت. سەمای بەفری ئێواران ـ جەلال بەرزنجی. دوو سروودی کێوی ـ شێرکۆ بێکەس. دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە ـ سەڵاح شوان. شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم ـ عەبدوڵڵا پەشێو . ژوان ـ محەمەد حەمە باقی ..... تاد، ھەر یەک لەم کۆشیعرانە جگە لەم کۆشیعرە، زیاتر لە جارێک چاپ کراونەتەوە. کارێکی زۆر پێویست و بەجێیە بۆ ئەوەی بەرەی ئێستا و داھاتووش، ئەگەر خواستی ناسینیان ھەبێـت ئاشنایان ببن و بناخەکانی بەرەی پێشە خۆیان ببینن و بیانناسن. ئەڵقەی یەک لە دوای یەکی بەردەوامیش زیاتر پێکەوە بلکێن و درێژ ببنەوە و خوێنەر پەیدا بکەنەوە. بەئاگابوون و سوودوەرگرتنی داھێنەرانە لە ئەزموونی کەسانی تر بۆ خەمڵینی کەسایەتی ئەدەبیت، پێویستی و کارامەیییە. جۆرێک ھێز و جووڵانەوەی ئێستێتیکی لە جیھانبینیدا یەک دەگرنەوە، دۆخی ئەدەبی ئەوە قبووڵ دەکات، ڕەتی ناکاتەوە و بەرەکان سرووش بەیەک دەدەن. ئەم بەرەیە نوێبەخشییەکی بناخەیی و بنەمان، بناخە و بنەماش کۆن نابن، وەک پێویستییەک بەردەوام دووبارە دەبنەوە و واقیعێکی مێژوویین، نوێبەخشیی لە دەستیانەوە پەرە دەستێنێت و درێژ دەبێتەوە، ھەروەھا دەستکارییەکی قووڵ و ھەمەچەشنیان لە بنیاد و شێواز و زمان و داڕشتن کردووە، بۆ تێگەیشتن لە چییەتی نوێبەخشیی شیعری کوردی و پەروەردەکردنی چێژی خوێنەر ڕووەو نوێبەخشی.

بەشێکی زۆری شیعری قۆناخی حەفتایەکان دەربڕینێکی توند و سینگ دەرپەڕاندن بوون بەرانبەر دیکتاتۆریەتی ڕووخێنەر و لێوڕێژ لە دەربڕین و دانەپەیڤی بژی و بمرێ و بڕووخێنە و دروستکەرەوە و نیشاندانی بۆچوونی سەربازییانە، بەڵام (سەڵاح شوان) لەناو بەرەکەی خۆیدا ئەزموونی دەباتە ناو خەسڵەتی تایبەت و لێڵی و ئاڵۆزی لە دەوری خۆیدا دەتەکێنێت و ڕوونی و ساکاریی ھونەری کردووەتە ئامانج، تیشکۆی گرینگی بەھرە و بیرکردنەوەی ملکەچی ھەستیاریی ئەدەبی و ئێستێتیکای شیعرین. ڕامانی سەرەکی تەنیا لە ھەستیاریی مرۆیی و ئێستێتیکای شیعریدا دروست دەبن و ڕۆڵی پەروەردەکردنی چێژی خوێنەر ڕووەو نوێبەخشی دەگێڕن و ھەستبەجوانیکردن و کرانەوەی ھەستەکانی تێدا لەدایک دەبێت.

ھەر لە ڕووتەختی ئەم پێویستییەوە ھەوڵم دا ئەم کۆشیعرەش چاپ بکرێتەوە. دوای ئەوەی من تایپ و ھەڵەچنیم کرد و خستمە سەر ڕێنووسی ئێستا و خستمەوە بەردەستی شاعیر خۆیەوە . ئەویش چەند شیعرێکی لاداوە و دوو شیعریشی لە ژمارە ٢ و ٣ی بڵاوکراوەی (ڕوانگە) بڵاو کردوونەتەوە لە کاتی چاپی یەکەمیدا دەزگای سانسۆر ڕەتی کردوونەتەوە. لەم چاپەیدا لە شوێنی خۆیانی داناونەتەوە، ھەروەھا دەستکاری کەمەیەکی کەمی ناونیشان و چەند ڕستەیەکی کۆشیعرەکەی کردوون.

پێکھاتەی ناوەرۆک و زەمینەی ھێما و ھێماپێکراو و ھەوەڵ نیگاکانی ئەم کۆشیعرە بریتین: لە خەون و بەھرە و بیرکردنەوەی گەرمی ئەزموونکارێک و ئەزموونکردنی ئێستێتیکییانەی لە ھەڵبژاردنی وشە و ھەڵچوون و تووڕەیی و دەربڕینی ھەستییەوە.

بەشی یەکەمی شیعرێکی تێکھەڵکێشراوە و یەک تانوپۆیی و بازنەیییە. لە خاڵێکدا دەست پێدەکات و ھەڵدەکشێت و دەگەڕێتەوە ھەمان خاڵی دەستپێکردنەوە. لە چل کۆپلە پێک ھاتووە. ھەر چل کۆپلەش گەڕانن بەدوای ئەشقێکی پڕ حەسرەت و تاسەدار و غوربەتئامێز. لە تەواوی شێواز و شاعیریەتی شاعیردا دەبیندرێن و دەبیسترێن، ھەروەھا ئەو ئەشقە لک و پۆپدارە خەسڵەتی کەسی نادیار و ئەفسانەیی و گەردوونی داوەتە دڵدارەکەی. شاعیر بۆ ھەر کۆپلەیەک ناونیشانێکی داناوە و وەک شیعرێکی سەربەخۆ پێشکێشی کردووە. لێرەدا ھەڵوەستەیەک پێویستە، ئایا ئەمە مەبەستێکی ئەدەبییە، یان ھەست پێدانەشکانێکی ئەدەبییە. لە بنەڕەتی خۆیدا یەک شیعری ماوە درێژ خایەنە (١٩٧٠ - ١٩٧٥ بەغدا) و زمان و داڕشتن و فۆرمەکەی لە یەک زەمینەدا گەشەیان کردووە و دەچنە ناو یەک بۆتەی ھونەریشەوە. پێوەندییە مانایییەکانیش بەدوای یەکداھاتوون و ڕژانە شیعرییەکەش زۆری خایاندووە. شیعرەکە یەک ناونیشان وەردەگرێت و ئەوانەی تر ھەموویان زیادن و تاڕادەیەکیش بەشێک لە ئێستێتیکای ئەزموونەکەیان کاڵ کردووەتەوە.

لە بەشی یەکەم و دووەم، بۆ بنەڕەت و چۆنیەتی شێواز لەناو ئەزموونی دوو شاعیردا (جەمال شارباژێڕی و جەلالی میرزا کەریم) دەگەڕێت. دواتر لە درێژبوونەوەی ئەزموونی خۆی لە بەشی سێیەمدا دەیدۆزێتەوە. بنەڕەت و چۆنیەتی شێوازی تایبەت لە دەرەوەی بیرکردنەوەی خۆت نادۆزرێتەوە. دۆزینەوەی بنەڕەت و چۆنیەتی شێواز، زمانێکی وا دەخوازێت ھەڵگری پرسە قووڵ و گرانەکان بێت و خوێنەر بچێتە سۆراخ و بەدواداچوونی و دوور بۆ داھاتووی بڕوانێت. بنەڕەت و چۆنیەتی شێواز لە نیگا و زەینی شاعیردا، خۆی ئامادە و پەروەردە دەکات.

بەشی سێیەم بنەما و دەرکەوتەی بنەڕەت و چۆنیەتی شێوازە، تێیدا بە خۆئامادەکردن و شێنەیییەوە بیری لە بنەڕەت و چۆنیەتی شێواز کردووەتەوە و پرسی خەسڵەت و تایبەتمەندی و گواستنەوەی خۆی دادەڕێژێت و شیعری بێگەرد بە ئەزموونی پاراو دەزانێت و بە ئاکامێکیشی دەگەیەنێت، لە ساتی تەواو ئازادی شیعریدا شیعرییەتی جەوھەر و بوون وەک ئەفسوونێکی ھەستی و وشیاری ئێستێتیکایی دەردەخات و ھاواری دەرەوە دەبێتە دەنگی ناخ و وردبوونەوە لە ناخ.

گوزارشتکردن لە وردبوونەوەی ناخ زمانێکی چالاکی دەوێت، واتا گەڕان بەدوای زمانێکی ڕوون و ئاشکرای گەردوونی. تا جەخت لەسەر چڕبوونەوەی شیعرییەت و حیکمەتی مانا بکات و بواریش بڕەخسێنێت بۆ تێگەیشتن و چێژ و ھەستپێکردن.

لە ڕێی ئەم پێزانینەیدا لەگەڵ کرۆک و ناوکی بووندا خەریک دەبێت، ھەروەھا لەگەڵ نیگەرانی و نادڵنیایی ھەلی گفتوگۆ پێک دەھێنێت و پرسیار لەمەڕ بوونی کەسی خۆی دەھێنێتە ئاراوە و تێکەڵ بە کەسی نادیار و ئەفسانەیی و گەردوونی دەکات و دەیەوێت وەڵامی ئامانجی بوونی خۆی و کەسی نادیار و ئەفسانەیی و گەردوونی دەست بکەوێت و وەک ڕامانێکی سەرەکی ڕووناکی دەربڕینی بخاتە سەر، دەربڕین وەک مانای ئەفراندن و ناسینی کەسایەتیی خۆی و ڕزگارکردنی لە نیگەرانی و نادڵنیاییدا. پاشان ھەناسەدان لە ماڵی داھێندراوی شیعرەکانیدا ئاراستەی خۆی دەدۆزێتەوە. شاعیری ڕاستەقینە ناتوانێت خۆیەکی بێگەرد بێت و ھەمان کاتیش خەڵکانی تر. شیعر لەم بارە بێگەردەیدا نھێنییەک ئاشکرا دەکات و دەبێتە ھەڵگری ئاماژە و گەشەی سەرسوڕمان. ژیان و گەشەی سەرسوڕمان بۆ شیعری بێگەرد ناوەند و ڕامانی سەرەکین.

لەم بەشەدا وشەکانی، کەسایەتیی خۆیەتی و ناتوانین لە جەوھەر و بوونی خۆی جیای بکەینەوە. واتا: دووبارە ئەفراندنەوە و داھێنانەوەی کەسایەتیی خۆیەتی. ھەم قسەکەرە و ھەمیش گوێگر. ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕکێ بە قسەکەر و گوێگر دەکات و دەیانخاتە سووڕی خەمڵینەوە، ھێزی خودییانەی شیعرییەتیشی تێدا ڕادەچەنێنێت و گەشە بە چرکەی سەرسوڕمان دەدات، ھەروەھا خواستی گەشە و درێژبوونەوەی سەرسوڕمانمان تێدا دروست دەکات. لە دۆخی زماندا وەک جەوھەر و بوونی ھەقیقەتێک دەردەکەوێتەوە. ھەم ھەقیقەتی کەسی و ھەمیش جەوھەر و بوونی ھەقیقەتی شیعری. ڕۆح و ژیان لەناو وێنە و فۆرمدا دەخرۆشێنێت و زمان تێیاندا زاوزێ دەکات، بە جۆش و شێنەیییەوە پەیوەندی و ھارمۆنیی نێوانەکان پەرەپێدەدات و لە دڵیاندا ئارام دەگرێت.

واقیع یەکبین و ڕووکەش نییە، تا زمانێکی یەکبین و ڕووکەش بتوانێت دەری ببڕێت و لە دەقی ئەدەبیدا پێشکێشی بکاتەوە. واقیع بە چەندین چینی ئەستوور و تەنک و لێڵ و ڕوون خۆی پێچاوەتەوە و لە ھەندێک باردا دەچێتە ئەودیوی لێکدانەوە و زانینەکانی مرۆڤەوە. ھێزی زمان دەبێت ھەست بەو چەندین چینە بکات و چینەکان وەک ھەبوون و کێش و قەبارەی خۆیان ھەڵبداتەوە و بیانخوێنێتەوە. وەرگریش ڕابھێنێت لەو ڕووداوانە بکۆڵێتەوە و تێیان بگات، کە لە واقیعدا ڕوو دەدەن و بۆچووونی خۆی تێیاندا بەھێز بکات. واقیع بریتییە لە بەردەوامبوون لە گۆڕانکاریی زمان و ھەبوون. شاعیر ھەندێک دانەپەیڤ لە واقیع و ھەندێکی تر لە خەیاڵ وەردەگرێت، بۆ بەکاربردنیشی پشت بە ژیانی تایبەتیی خۆی و واقیع و میتافیزیکا و خەون دەبەستێت.

لە گۆشە نیگای درەوشانەوەی ئێستێتیکای ناونیشان و جیاوازیی فۆرم و گەشەی سەرسوڕمانیی مانا و پرشنگھاوێشتنی زماندا. ئاگری پرۆمیسیۆس وەک مرۆڤ دەقێکی کراوەیە و بە ناوەندێکی کاریگەری دەچوێنێت و ھەموو ژیانی تێدا کۆ دەکاتەوە و ئامادەی دەکات بۆ بەگەڕخستن و بینینی قووڵییەکانی ناخی خۆی و قووڵییەکانی پانتایی زەوی و ھەردوو جیھان لە ئەزموونی جوانی و ھاوبەش لەناو وشەدا بەراورد دەکات و ڕایان دەگرێت، ئەو جیھانەی پێویستە داھێنەر ھەموو نێوانەکانی ببڕێت و وردەکارییەکانی ژیانی تێدا بدرەوشێنێتەوە و بەرەو خاڵی باڵامان ببات. خاڵی باڵا بەمانای ساتی دۆزینەوەی ژیان و خاڵی ڕامانی سەرەکی شیعری بێگەرد، لەم بارەدا دەرگا و پەنجەرەکان بۆ بیرکردنەوە و تێڕامان دەکرێنەوە و جەوھەر و بوونی شتەکان دەردەکەون. ھەڵوێستی شاعیر لە ئازادی و یاخیبوونی شیعر خۆیەوە دروست دەبێت و بۆ ویستی مرۆڤ و دەسەڵاتی ئەدەب و ئەوە تێدەکۆشێت لە بەیانییەکی پڕ لە شەونم و گەرمبوو بە گزینگ و بۆنوبەرامەی پاکی و ھەمەچەشن لەناو ئاگرەکەی پرۆمیسیۆس تێبپەڕێت و ژیانێک وێنا بکات. ئەو ژیانەی بەناو ئاگری پرۆمیسیۆسدا تێپەڕیبێت و لە ھەموو پیسی و خڵتێک پاڵاوتراو بێت و خاوێن کرابێتەوە، ئینجا لەناو شیعرەکانیدا دایبمەزرێنێت و نوێنەرایەتی شیعرییەتی جەوھەر و بوون بکات.

ئەم شاعیرە شاعیرێکی سیاسی، یان حزبی نییە. لە ھیچ دەقێکیدا دەربڕینێکی لەم شێوەیەم نەخوێندووەتەوە، بەڵام بیر و بیرکردنەوەی سیاسی لە شێوە و فۆرمی ئێستێتیکی ھەیە و زۆر ھەستیارە بەرانبەر ڕووداوە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆی. نموونە نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بە شێوازی جودای دەربڕینەوە وەک نووسەرێکی بەرپرسیار بەرانبەر بە نووسین، دەربڕینی لێ کردووە. چ وەک پێشبینیی نسکۆکە و چ وەک ھەست گەرمی کۆمەڵگای کوردی بۆ ھەستانەوەی شۆڕش.

چش وەک گەشە و ڕوودانی کارەساتی خۆبەخۆیی دوای نسکۆ و ھەستانەوەش.

من ڕێز لەئەزموون و توانای ئەم شاعیر و چیرۆکنووسە دەگرم، کە زمان و ئەدەبی کوردی لە شێوە و فۆرمی ئێستێتیکییەوە دەوڵەمەند کردووە و بەرەو خاڵی باڵای بردووە. زۆر لەوەش دڵنیام پێویستە کۆشیعری (دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە) و کۆشیعری (شەوێک لەشەوانی سیمرخ) و کۆ چیرۆکی (ئەستێرە بەرزە) جارێکی تر بخوێنینەوە و بیناسینەوە. بەناسین و جارێکی تر خوێندنەوەی، ناوەندە ئەدەبییەکەی کوردی ئەزموون و توانای ئەو، باشتر دەبینن. دواتر دەکەونە بەراوردکردنی ئەنجامەکەی لەگەڵ ئەو بوونە قووڵەی لە ھەقیقەتی ئەدەبەکەیدا ھەیە و وەک ڕووداوێک ئاشکرای کردووە. ئەو بەراوردکردنە لەناو جووڵەی ئێستێتیکی ڕاستیی بووندا دروست دەبێـت و دەردەکەوێت و پێوانەی بۆ دادەندرێت.

تێبینی: ئەم نووسینە وەک پێشەکی بۆ چاپی دووەمی کۆشیعری (دڵدارەکەم پایزە گەواڵەیەک نییە)ی سەڵاح شوان نووسراوە.


کانوونی دووەمی ٢٠١٤ - ھەولێر

 


نامەیەکی کراوە بۆ سەلام محەمەد.



کاکە سەلام لەوە دڵنیام تۆ دەزانیت شیعری ڕاستەقینە چییە و کەرەستە و ئامرازەکانی دەناسیت و وەک کردەیەکی ئاسوودەبوونی ناخی گەرم و ویژدانی پاک تەماشای دەکەیت. ئەم نامەیەی منیش ھەستی دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبەیە لەبارەی ئەزموونی تۆوە (لە کەرکووکەوە بۆ ڤێستەرۆس)، کە (بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی) لە (٦١٩) لاپەڕەی قەبارە گەورەدا چاپی کردووە و کاکە (عەبدوڵڵا سلێمان مەشخەڵ) پێوەی ماندوو بووە و لەسەر خوانێکی بێگەرددا پێشکێشی ئێمەمانانی کردووە، بەشی سەرەکی خۆت وەک ئەزموونی ئەدەبی و ژیانی نووسیوتە و بەشەکەی دیکەش ئاشنایانی شیعرت. مایەی دڵخۆشی ئێمەمانانە و سوپاسیش بۆ ئەوە. دووجار چاو و دڵم بەتەواوی لاپەڕەکانیدا ڕوون کردەوە و لە ڕۆحی خۆمی نزیکتر کردمەوە. زیاتر لە دە ڕۆژیش کاتەکانی خوێندنەوەی خۆمم بۆ تەرخان کرد و تێیدا سوودمەند بووم و چوومە ناو ئاسۆ و دوورییە قووڵەکانی بوونەوە، بوونی شیعری بێگەرد. پێم وایە ھەموومان، ئەوانەی خەریکی شیعرین پێویستە بیخوێنینەوە و لە نێوان دێڕەکانیدا وردببینەوە. زۆر خەونی ئەزموونمان لێ دەبێتە واقیع، واقیعی نووسین.

خۆزگەدارم ئەم کارە نایابە وەک نوختەی سەرەتا و دەسپێک ببێتە نەریتێک بۆ ئەزموونی شاعیرانی تریش بەردەوام بێت. لەو سی و پێنچ ساڵەی من لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدام و دەخوێنمەوە و ھەوڵی ناسینی دەدەم. ھیچ شاعیر و نووسەرێکم نەناسیوە وەک تۆ ئاوا بڕوای بە خۆی بێت و خراپە و چاکەی خۆی بێ پێچ و پەنا و خۆحەشاردان لەسەر لەپی دەستان بخاتە ڕوو. ئاواش بێ حەزەر و پارێزییەک لە خۆدەستنیشانکردندا بێباک بێت و لەدەستی چارەنووس ڕانەکات، چارەنووس شێوەی ھەقیقەت نییە، بگرە بنەمای ھەقیقەتە، مرۆڤ، کە چۆنیەتی ھەقیقەت فێربوو، لەخۆیدا چۆنیەتی بنەمای ھەقیقەتیش فێردەبێت. سوپاس بۆ ئەو شیرە گەرم و بەنمەکەی لە مەمکی (ئەسمەر سلێمان)ی دایکتەوە ھەستەکانی پەروەردەکردووی و دواتر تێکەڵ بە شیری گەورەمەندی شیعرت کردووە، شیری ئێستێتیکا و ھەست گەرمی. حیساباتمان لێ تێکنەچێت. شیری شیعر و شیری دایک دوو نمەن لە یەک سەرچاوەوە، کەچی زۆربەی شاعیران بە ھەقدەست و سەرەقەڵەمانەی شیعر و شان شۆڕکردنەوە بۆ ئەوەی ئەم و ئەو باری بکەن، دەژین. ئەمانە گەندە و زڕ کوڕی شیعرن. تووشی لەرزینێکی ڕۆحی و کەوتنی فیکری بوونە، شیری ھەڵبزڕکاو دەخۆنەوە. شیری ھەڵبزڕکاویش دەبێتە ژەھر. وەی بەحاڵی ئەو شاعیرەی شیری لێ ببێتە ژەھر، وەک سیسرکە لە ئاودەستخانەی مێژوودا دەژی، یان وەک مشکی زگچوو لەکۆشکە پارێزراوەکاندا پێوانەی چەوری خواردنی لێ تێکچووە. شیعری بێگەردیش خەڵاتی گەمژەیی دەداتێ، خۆزگەدارم ھەموومان ئەو بوێرییەی تۆمان تێدا بڕسکێت. ئەو ڕسکانە ئەوپەڕی پاکییە. ئەوپەڕی بێباکییە لەئاست ھەڵەی بێ گوناە و بێ مەبەستت. سوپاس بۆ خودا و نووسەرەکان، لەتەواوی کتێبەکەدا دەربڕینێکی وای تێدا نییە. خودا نەخواستە تیر و توانج بێت بۆ ئەزموونی ھیچ کەسێکی تر ، بەڵام ئەوەی لای خۆم تێبینیم کرد ئەوەیە لە نووسینەکەی برادەری شاعیر و زۆر خۆشەویستم کاکە (بەرزان ھەستیار) ھەواڵی شاعیرێکی بزر و بێدەنگ دەپرسێت. ئەویش (کەنعان مەدحەت) ە و ئاماژەشی بەشیعری (بەڵام ڕووبار، ھەر تۆی ڕووبار، ئەی عێراق گیان) داوە. ئەم ناونیشانە بووە خولیا و کەڵکەڵە و جۆرێک نەسرەوتنم. حەزی بەدواداچوون و ئاشکراکردنم تێدا داگیرسا، ھەوڵم دا شاعیر بناسم و ڕاوێژی لەگەڵدا بکەم. کاتی خۆی شیعرەکە لە ژمارە ( ٢٥)ی گۆڤاری بەیان، مایسی ١٩٧٥ بڵاوکراوەتەوە. خودا و ڕاستان بەھۆی کاکە (لەتیف ھەڵمەت)ەوە شاعیرم دۆزییەوە و ناسیم. ئەگەرچی ساڵی ١٩٧٣ گۆڤاری بەیان لەژمارە (٨)یدا تۆمارێکی تایبەتی بۆ شیعری نوێ کردەوە، شیعری (سۆزێکی ھەڵقوڵاوە لە باوەشتەوە)ی ئەم شاعیرەشی تێدابوو، ئێمەمانان لەڕێگای ئەو شیعرەوە وەک ناو و سەرەتایەک ناسیمان. ئەم تۆمارە نوێنەرایەتی دەنگ و شێوازی زۆر تایبەتی قۆناخی شیعری دوای (گۆران) دەکات. تۆمارەکە (جەلالی میرزا کەریم) ئامادەی کردبوو، (دکتۆر عەزەدین مستەفا ڕەسووڵ)یش لێکۆڵینەوەی لەبارەی شیعرەکانەوە نووسیبوو، لە بێدەنگی و بزربوونیم پرسی. کەچی گەورەیی نواند و دوو کۆشیعری خۆی پێشکێش کردم، کە لە سوێد چاپی کردوون. زانیم بێدەنگ و بزرنەبووە، کەمتەرخەمییەکە لەمنەوەیە و لێی بێ ئاگام. ئەو بێئاگایییەش بەھۆی ئەو بارەیەوە بوو، کە وڵات دووچاری ببوو، زۆر جار ئێمە لە بێئاگایی خۆماندا قسە لەبارەی ئەزموونی کەسێک دەکەین و ھەندێک جاریش قسەکانمان دەگاتە پلە و ئاستی بڕیاری ھەڵە.

کۆشیعری یەکەم: گەڕان لە بەھجەت حیکمەت، ساڵی ١٩٨٧.
کۆشیعری دووەم: چلەی شۆڕش و زیندووکردنەوەی چەرخی میرنشینان، ساڵی ٢٠٠١.

لە خەون و خەیاڵ و بینینەکانی ھەردوو کۆشیعرەکەدا ورد بوومەوە. پێش دەچێت شیعر لەناوەوە بە تەواوی داگیری نەکردبێت و وەک ئارەزوویەکی تەنک وەریگرتبێت و لە زمان و ئێستێتیکای شیعریشدا وەک پێویست ورد نەبووبێتەوە، بەشێکی سەرەکی ژیانیشی بۆ تەرخان نەکردبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ڕەمز زۆر بە قووڵی بەکاردەھێنێت. ئەوەشم بۆ دەرکەوت ئەزموونی لەگەڵ شاعیران: (لەتیف ھەڵمەت و فەرھاد شاکەلی) یەوە دەست پێدەکات. ھاوشاری و برادەری نزیکیان بووە، بەڵام ئەزموونی ئەو دواکەوت و کەم دەرکەوت و بەجۆرێک ناتەواوی مایەوە.

ئەم ناونیشانە (بەڵام ڕووبار، ھەر تۆی ڕووبار، ئەی عێراق گیان) لە کۆشیعری یەکەمیدا بووەتە ( بەڵام ڕووبار، ھەرتۆی ڕووبار، ئەی کوردستان) لە ھۆکاری ئەم گۆڕینەم پرسی، شاعیر گوتی: سکرتێری نووسینی گۆڤاری بەیان، (مستەفا نەریمان) بوو، بەنیازی خۆی وەک ھاوشاری و چاکەکردنێک لە بەرژەوەندیی مندا، تا لە گێچەڵ بمپارێزێت بەبێ ئاگادارکردنەوەم گۆڕیویەتی و خەڵات و بەراتی کردووم، ھەر ناونیشانەکە نا، بگرە یەک دوو وێنەی تریشی گۆڕیوە و دەستکاری کردووە. ھیچ شتێکیش پاکانە بۆ دەستێوەردانی نووسینی کەسێکی تر ناکات. من لە کۆشیعرەکەمدا گەڕاندوومەتەوە دۆخی خۆی. ڕەنگە ھۆیەک لە ھۆیەکانی لە ھەمان ساڵدا تووشی لەرزینێکی ڕۆحی بووم و وڵاتم بەجێ ھێشت ئەم ناونیشان گۆڕینەبێت، بەغەدرێکی گەورەم زانی و بەرگەی مانەوەم نەگرت. بووە بوارێکیش بۆ قسەکردن لەبارەی ئەزموونی شیعریمەوە و جۆرێک ساردبوونەوە و سڵەمینەوەشم لە بەردەوامبوون و نووسین.

کاکە سەلام تەماشاکە و ئەو حاڵ و بارە وەک خاڵێکی دوور لەخۆت نزیک بکەرەوە و گرانایی کاردانەوەکەی وەربگرە، منیش لە ھێنانە گۆڕێی ئەو بابەتە مەبەستم دەستنیشانکردنی کەسێکی دیاریکراو نییە. ھێندەی ئەوەی مەبەستم کاریگەریی ڕووداو و دیاردەکەیە. دەستکاری چ جۆر و بەھەر بەھانەیەک بێت ساردییەکی کوشندە دەخاتە دەروونی نووسەرەوە و ئەوەی لێدەکەوێتەوە. بۆیە زۆر پێویستە ڕۆژنامەنووس کوڕی شیری خۆی و بەنمەک و گەورەمەند بێت. بڵاونەکردنەوەی بابەتێک، کە سەرنجیان لەبارەوە ھەبێت، بەتایبەتی سەرنجی فیکری زۆر باشتر و نمەکدارترە لەوەی بە دەستکارییەک ئەتک بکرێت و بە بێنموودی و ئەتککراوی بڵاوبکرێتەوە. خۆ دەشکرێت شیعر لەوپەڕی ئێستێتیکی واقیعیدا خاڵی بەیەکگەیشتنی ھەموو ھێما دژەکان بێت و ھێما دژەکانیش لەوێنە و خوازەدا پڕ ھەست و مانای ڕۆحی بکات و لەھێڵێکدا کۆیان بکاتەوە. وڵاتی ئێمە لەگێژەنێکی گەورەی سیاسیدا ژیاوە و دەژێت. ھەندێک جار ئەزموونی تۆش چاودێری و چاوشارکێ لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکات. ئەمە لایەنێکی خراپی ئەزموونی تۆ و ھەر شاعیرێکە، کە خۆی لەو بابەت و بارەیەوە ھەڵبقورتێنێت.

با ھەموومان بەڕووی فریشتان پێبکەنین و خەریکی دروستکردنی ماڵێک بین. ماڵی شیعری بێگەرد، ماڵێک شاعیرانی وەک: نالی و گۆران و ئەنوەر قادر محەمەد ..... تاد، تێیدا نیشتەجێن. ئەوانەی لەماڵی شیعری بێگەرددا نیشتەجێن شاعیری ھەموو سەردەمەکانن، یان سەردەمێکی دوور و درێژ، دەتوانین پێیان بڵێین (شاعیر و خوداوەند). ماڵی شیعری بێگەرد ماڵی گەرم و ڕووناک و پڕ حیکمەت و مۆسیقای ھەموو ئەو ھەستپەروەرانەیە دەیانەوێت پشووی ئێستێتیکی تێدا بدەن. خودا نەخواستە نەک ئەو شاعیرانەی ئەم دەست و ئەو دەست شەکر و شیریان بەدەمەوە دەکەن و دەیانکەن بە گوێڕایەڵ و کۆیلە و بەرژەوەند پەرست و مەلکەچ.

کاکە سەلام چۆن سەرەتا بە دانەپەیڤی لەوە دڵنیام دەستم پێکرد لە کۆتاییشدا ھەمان دەربڕین دووبارە دەکەمەوە: لەوە دڵنیام شاعیری گەورەمەند ببڕای ببڕ نابێت بەگوێڕایەڵ و کۆیلە و بەرژەوەند پەرست و ملکەچ.


شیعر ئەی پەری و پەرستگای من ھەمیشە سوپاست دەکەم. یارمەتیم لە تۆ وەرگرت و بەھێزت کردم.


شوباتی ٢٠١٤ - ھەولێر

 


نامەیەکی کراوە بۆ ئەحمەد تاقانە.



کاکە ئەحمەد ڕۆژێکی خۆشی ھاوینە، سایەی گەورەی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانە: ١٨\٦\٢٠١٥. ڕۆژێکی پڕ ژیان و گەشەیە. کاریگەری لەسەر زەینییەت و بینینی ھەمەچەشنم بۆ ژیان و دنیا داناوە و سەکۆیەکی بەرھەمھێنە بۆ ڕوانین و خۆبەرجەستەکردن. بەوەی لە ماڵەکەمدا فەرخە کێشکەیەک لە ھێلانەکەی بەرببووەوە. زیاتر لە پازدە ڕۆژ لەژێر فێنکایی موبەریدەدا ئاو و دانم دەدایە و بەدەوریەوە بووم و بەرچاویم بە ئەشقی خودایی ڕەنگڕێژ دەکرد، تا باڵەکانی ھێزی فڕینیان تێدا گەڕا. کێشکەی چاو بە تاسەم بە ماچە کپ و بێ دەنگەکانم لە باوەشمدا گەورە کرد، بیریشم لەوە دەکردەوە دەبێت بە ژانی ھێلکە ترووکانی، واتە: بە ژانی لەدایکبوونیەوە چەند تلابێتەوە، ئەم سبەینەیەلە دۆخی تینی سۆز و ڕۆحانیدا، کە لەگەڵ دڵی خۆتدا دەبیت بە یەک، مۆسیقای باڵەکانی بۆ لێدام و گۆرانی پێزانین و ماڵئاوایی بە کەش و ھەوای ئاشتی بەخشی، منیش لە دڵەوە بەڕێم کردە دنیای ئازادیی خۆی و سایەی گەورەی خودا. ئەو دنیایەی کاریگەری لەسەر زەینییەت و بینینی ھەمەچەشنەم داناوە و نەرمە شەپۆلی لێم دەدا. بەم کارەم ھێندەی نووسینی کۆشیعرێک دڵخۆش بووم و جوانی و دڵباشی و پشووی دەروونیم دۆزییەوە. ھەمان ڕۆژیش مووچەم وەرگرت، لەگەڵ خێزانەکەم خۆمان ئامادەکرد بچینە بازاڕ و تەواوی پێویستییەکانی خواردنی ئەم مانگە بکڕین، لە دووکانی گۆشتفرۆشەوە دەستمان پێ کرد، لە یەکەم دەستپێکردنەوە گیرفانیان بڕیم و تەواوی مووچەکەیان لێ دزیم. ئەم کارە نەتەی پێ بەرنەدام، گەشە و خۆشی و جۆش و تەزووی خستە دەمار و خوێنم. دڵنەوایی خێزان و منداڵەکانم بەوە دەدایەوە و دەمگوت: لەوانەیە ئەوەی گیرفانی بڕیوم بۆ ئەوەی بووبێت تا پێویستییەکانی خواردنی ئەم مانگەیان بکڕێت. نازانم ھەڵزەقینەوەی ئەم ڕووداوە بوو، یان خۆبەختکاری و ھەست پێکردنی خۆی. ھەرچی پارەمان لە ماڵەوە ھەبوو، خێزانەکەم خستییە ناو جانتاکەیەوە، دووبارە ڕێگای بازاڕمان گرتەوەبەر، بایی شەست و پێنج قاتی منداڵانی تەمەن لە نێوان یەک و دە ساڵی کرد، ھەموو منداڵەکانی خۆمم لەگەڵ خۆم برد و بەسەر خیوەتگای منداڵە ئاوارەکانی کوردستانی ڕۆژئاوامان دابەش کرد. تەنیا بیست و پێنج ھەزار دینار لە پارەکەماندا مایەوە، ئەویش بەنزیمان پێ لە ئۆتۆمبێلەکەمان کرد، ئەم سەردانە وەرزشی چاو و دۆخێکی شیاو بوو، بە بەختی زۆرەوە خەڵاتی گەورەی منداڵی خۆمم وەرگرت، بینیم منداڵان عەلاگەی نایلۆنیان کردووە بە کۆلارە و لە فێنکایی ئێوارەدا ھەڵیانداوە. ئاشنابوونەوە بە خودی خۆت بەھرەمەندبوون و بەخت باشییە، زیاتر بە دنیاوە ئومێدەوار دەبیت.

کاکە ئەحمەد من کوڕە لادێییم (دەربەندی گۆم). بە زەینێکی زیندووەوە وێنەی دیمەنەکانی ئێوارانی گوندم گرتووە ڕامکێشاوەتە ناخی خۆمەوە، کە ئێوارەی ھاوین دەیدایە فێنکی مەگەر چۆن، ئەگەر نا ھەموو ڕۆژێک دەچوومە سەربان و ھەر منداڵ و مێرمنداڵێک لەسەربانی ماڵی خۆمان، یان دوو دوو و سێ سێ لەسەربانی ماڵی یەکمان کۆدەبووینەوە و کۆلارەی خۆمانمان ھەڵدەدا و داومان دەدایە، ھاوارمان دەکرد: ھەتاو جوانترە لە مانگ، ڕۆژ جوانترە لە شەو. ماڵی ئێمە لە لاپەڕی گوند بوو، کە کۆلارەکەم ھەڵدەدا بەسەر تەواوی گونددا ڕەت دەبوو، لەسەر کۆلارەکەش ناوی دایک و باوکمم دەنووسی بەوەی وام دەزانی کۆلارەکە بەرز دەبێتەوە و دایک و باوکیشم بەبێ ھیچ دوودڵی و ئاستەنگێک دەگەن بە حزووری خودا و لە خودا نزیک دەبنەوە و بە نزا و داوایەکانیان ئێمە بە ئومێد و شیاوی بوونی ئەزەلی دەگەیەنن، پەیوەندی گیانیشمان لەگەڵ کەسی نەناسراودا بۆ دەدۆزێتەوە.

ڕۆژگار بە ڕوخساری پڕٍ دەمامکیەوە ھات و دەستی خۆی وەشاند، لەگەڵ نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، گوندەکان داگیران و وێران کران، ئێمەش بەرزەبری دڕندانە کەوتین و ڕاگوێزراینەوە ھەولێر. تەممووزی ١٩٧٨ لە گۆڤاری ڕۆژی کوردستان، ژمارە (٥٠) شیعرێکی کورتت بە ناوونیشانی (کۆلارە) بڵاو کردەوە. ئەم شیعرە خەڵات و نیشانەیەکی شانازی بوو، لە شوێنی تایبەتی خۆیدا پێشکێش بە منی دڵشکاو کرا و ژیانی ژیاندمەوە. لەو ئازارانە دەدوا، کە من ھەستم پێ دەکردن و پێیان دەتلامەوە، خودایە ڕێگاکانت زۆر لەوە بەخشندەترن، کە مرۆڤ ھەستی پێ دەکات: ئەو بڕوایەم لا دروست بوو، ھەموو نووسینێک ھێز و پێویستی و پەیامی خۆی بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵگا ھەیە. لە لاپەڕەی یەکەمی ھەموو دەفتەرەکانی قوتابخانەدا نووسیبوومەوە تا ھەموو کات لەگەڵمدا بێت و لێم جیا نەبێتەوە. وام دەزانی ھەموو ئەو ھاوڕێیانەمە، کە لە گوند ئێواران بە یەکەوە ھەریەک لەسەربان کۆلارەمان ھەڵدەدا و ناھێڵێت شل و شێواوبم و لێم جیا ببنەوە و بەجێم بھێڵن و ھاوڕێیە دڵسۆزەکانمن، کۆمەکم دەکەن و کۆستم ڕاست دەکەنەوە و ھەستەکانم دەپاڵێون. وشەی ناھێڵێت وەک ئەو ڕستەیە وایە: (لە سەرەتادا وشە ھەبوو). بەناو وشە و دەنگەکاندا ڕۆدەچووم و ھەستی قووڵتر دەکردمەوە و چرکە دڵگیرەکانی منداڵی بۆ دەھێشتمەوە و زەینیشی گەرم دەکردمەوە. ئەو ھەموو کپیی و خورپەیەی شیعرکە بۆی پەیدا کردبووم، ئێستا ناتوانم دەربڕینی لێ بکەم، مەگەر بگەڕێمەوە بۆ ئەو چرکە بریندارانەی تێیدا دەژیام. ئەویش مەحاڵێکی ھێزی دەبڕینە.

ئەی لە مۆخ و دەماری پیت و وشە و ڕستەوە برای پشتم: بزانە شیعر چۆن مرۆڤ دەکاتە مرۆڤێکی خەیاڵکرد و خەیاڵکراوە و یادەکانیشی دەپارێزێت و لە ڕیشەوە دەیڕوێنێتەوە، سەرسوڕمانی وشەی (ناھێڵێت) لە یاددا دەھێڵێتەوە و وەک چەمکێکی گەرم چ شەرم و شانازییەکی بەرانبەر دەخوڵقێنێت. حیکمەتی بەختەوەریی ڕاستەقینە ئەوەیە، کە لە بارودۆخی زۆر سەخت و دڵشکاندا یادەوەریت بگرێتەخۆی و بیلاوێنێتەوە و ببێتە دەستی گەرمی سەردڵت.

نامیلکەیەکم لە چاپدا
دانەیەکم بەخشی بە منداڵێکی ناو گوندەکەمان
منداڵانی گوندەکەم ھیچیان خوێندەوارییان نەبوو
پەڕی نامیلکەکەی کردم بە کۆلارە و ھەڵیفڕاند
لە نێوان نامیلکە کۆلارەکەم و دەستی بچکۆڵەی منداڵی گوندەکەمدا
دەزوویەکی سپی پردە
کە دەزوو دەپسێ و کۆلارە سەر ھەڵدەگرێ
منداڵەکە بەدوایدا ڕادەکا و دەگری
دەیدۆزێتەوە و دەیھێنێ
دەینووسێنێ بە سینگیەوە
بە کۆڵانی گوندەکەمدا ھەنگاو دەنێ

شیعری چین چین و ئاستدار دڵێکی بە بڕوا و ھۆشمەند و سەرڕێژ لە ژیان و بزوێنەری ژیان بە بوون و نھێنییەکانەوە دەینووسێت، دڵێکی بە بڕوا و ھۆشمەند و سەرڕێژ لە ژیانیش، واتە: خوێنەری نموونەیی ھەستی پێ دەکات و دەیکات بە حەڵاڵزادەی خۆی و شیری گەرم و چەوری دایکی. ئەم شیعرە، لووتکەی درەوشاوەی ئەزموونی تۆیە، ھەم لە ڕووی زمانەوانی، ھەمیش لە ڕووی ئێستێتیکی و بیری فەلسەفیشەوە. لە ھەمان کاتیشدا ماڵئاوایی کردنە لە ئەزموونی تۆ.

سەرەتا تێگەیشتنی من بۆ شیعرەکە تەنیا یاد و یادەوەری و خۆخواردنەوە و سەکۆیەکی پشوودان بوو، بەڵام دوای پێداچوونەوە و بەراوردکردن، زەمینە و ڕایەڵ و وردەکارییەکانی چەمکی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی لێ دەورووژێ، پەیوەندی نێوان مێژوو و شۆڕشی داڕشتووە و بە ھەستەکانماندا ڕەت دەبێت، بنەمای دنیابینییەکەی دەردەکەوێت و لە ناوەندی بیرکردنەوەمان جێگیر دەبێت، لە یاد و بوون و ھەست و نەستی خۆی و خۆمان نزیک دەکاتەوە، ڕووداوی نسکۆ خێرا لە شیعری نوێی کوردیدا گەشەی کرد، کەمێک شیعری باش و شیعری خراپیشی زۆر بەرھەم ھێنا. بزانە: شیعر ھاوکاری و ڕێنماییت دەکات بۆ قووڵکردنەوەی ھەست، چیرۆک و ڕۆمانیش ھاوکاری و ڕێنماییت دەکات بۆ خۆشکردن و زیاتر بینینی زەمینەی ھەست. ئەفسوونی ئەو دوو جیاوازییە ئەوەیە، شیعر ھەست قووڵدەکاتەوە، چیرۆک و ڕۆمانیش ھەست ئاگادار دەکەنەوە و لەو نەرمە لەرزە شاراوەیەی لە کات و ناکاتدا مرۆڤ دەگرێت. قووڵکردنەوەی ھەست، بیرکردنەوەش بەھێز دەکات، سەرەکیترین خەسڵەتە، کە شیعری بێگەرد دەستنیشان دەکات. شیعرەکە لە ناوەرۆک و پێکھاتەیدا شیعرێکی ھێمایییە، بەڵام ھێمایییەکی خودی لێڵ نییە، ھێمایەکە دەبێتە گەشە و پەیوەندیی گشتی کۆمەڵگا و پرسێکی بڵاو و زاندراو و چارەنووسساز، واتە: گەشەیەک پەیوەندیی گشتی کۆمەڵگا بەرھەمی دەھێنێ و لەناو مانەوەی خۆیدا دایدەمەزرێنێ و دەبێتە ناسنامەی، یان ناسنامەی دەداتێ، کە بەو شێوەیەش ناسرا، زیاتر خۆشویسترا. لەناو ھەناسە سارد و زیندووەکانماندا، گیانی گشتی تێدا دەخولایەوە.

ئەو زەمینەت خۆش کردووە و دەسەڵات و ھێزی دەربڕینی خۆت تێدا تاقی کردووەتەوە، لەو خاڵە تاقی کراوەشدا پێوانەت بۆ بوون و شادبوونەوە بەخودا و شادییەکی بۆ کۆتایی داناوە، یان ژیان لەگەڵ ھەقیقەتدا بەڕێوە دەبەیت. ئەو ھەقیقەتە ئەندێشە کراوەی لە ھێزی دەربڕینی خۆتەوە خاڵت بۆی داناوە و بینینی خۆت تێیدا ڕوون کردووەتەوە، بڕوابوون بە خۆت لە خۆت دروست کردووە، حیکمەتی بەختەوەریی ڕاستەقینەت لەبیر نەبردووەتەوە. ئێستا لە تەمەنی ڕامان و سەرنجدانم، بەڵام شیعرەکە ھەر دەستە گەرمەکەی سەردڵمە، ڕەنگە چەندان ساڵی تریش دەنگی ئەو دەستە گەرمەی سەردڵم ھەر ببیستێت و بەردەنگی ھەبێت.

نووسین گرینگترین و یەکەم ئامرازە بۆ نەمرکردنی ھەستەکانی مرۆڤ و پێویستییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی ژیان لە ھەر قۆناخێکدا. ھەم لەباری خۆشی و ھەم لە باری ناخۆشییەوەش. ھەر نووسینە کارامەیی و لێھاتوویی مرۆڤی نەمر کردووە و ھەست و بیرکردنەوە و ئەزموونیانی پاراستووە و ھێشتوونییەتەوە و ناھێڵێت ئێمە لە یادیان بکەین و لە ڕیشەوە دەیانڕوێنێتەوە. سەرسوڕمانی وشەی ناھێڵێت قەڵغان و زرێپۆشێکە تەنیا داھێنان توانای ڕاگرتنی بەسەر سەری مرۆڤە مەزنەکانەوەی ھەیە و ئاوێنەی داھێنان لە ھەموو ئاوێنەکانی تر تاسەدار و رێ ڕاستترە بۆ ڕاستگۆیی، ڕێ خوار ئەو نووسەرەی لەبەر ئاوێنەدا دەموچاوی ڕێڕێ و بەڵەک دەربکەوێت، یان ئاوێنەی درۆزن ڕەنگی دەموچاوی خۆی پێ بناسێنێتەوە .

لە ئەدەبی کوردیدا دوو بزووتنەوەی نوێبەخشی سەری ھەڵداوە، (ڕوانگە) و (پێشڕەو). لە ھەردوو بزووتنەوەکەدا بۆچوونی خۆت لە دوو وتاری جیاجیادا دەربڕیوە، لەبارەی ڕوانگەوە لە ڕۆژنامەی ھاوکاری، ژمارە (٣٥)ی ساڵی (١٩٧١)دا بە ناوونیشانی (ڕواڵەتی ھەڵبەستی نوێ)، لەبارەی پێشڕەویش لە ھەمان ڕۆژنامەدا، ژمارە (١٠٨٢)ی ساڵی (١٩٨٩)دا بە ناوونیشانی (لەبارەی ھەندێک لایەنی ھونەریی شیعری نوێوە) لە ھەردوو وتاردا لەگەڵیاندا نیت. تاڕادەیەکیش دژی و توندیشی، لە کاتێکدا ئەم دوو بزووتنەوەیە خاڵی وەرسووڕان و دۆخگۆڕینن، جۆرێک گۆڕانکارییان لە بیرکردنەوەی خوێنەریشدا بەدی ھێنا. لەم پێودانگەدا پێویستە نوێبەخشی کار و بەرھەم بکرێتە پێوەر، ئەگەرنا ئەزانین داگیر و بێ بڕوامان دەکات. لەم بۆچوونانەتدا بە ڕوونی دژی نوێبەخشی، نوێبەخشیی ئەم دوو بزووتنەوەیە، نەک نوێبەخشی بەگشتی. لە ھەردوو وتاریشدا بنەمای دژبوونی خۆت ڕوون نەکردوونەتەوە. تا بەرانبەر قەناعەت بە بۆچوونەکانت بھێنێت، بەڵکو ھەر ئاماژەی ڕۆژنامەوانین، بێ ئەوەی بیسەلمێنیت ئەوە ڕاستیی من و ئەوەش ھەڵەی ئەوان. ئەگەرچیش تێگەیشتن لە شێواز و پێکھاتەی نوێبەخشی لە پلەی جیاوازدایە. ئەم جیاوازییەش بووەتە بابەتی سەرنجدان و پێداچوونەوە و بەراوردکردن، ھەروەھا لە یەکەم بۆنەی خەڵاتی دەزگای ئاراس بۆ کتێب، لە ٢٦/١٢/٢٠٠٤ لە ھەولێر لە ھۆڵی ئوتێل شیراتۆن، کە ئەم نووسەرانە خەڵات کران: (د. مارف خەزنەدار، حەمە سەعید حەسەن، ئەحلام مەنسوور، فەلەکەدین کاکەیی، د. مونزیر فەزل). بەشێکی زۆری ئەدیبانی کوردیش بانگھێشتی ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە کرابوون، کۆمەڵێک نووسەری کەرکووکی لەگەڵ (سەباح ئیسماعیل) لەسەر مێزێک دانیشتبوون، ناسینی خوالێخۆشبووان: (عەباس عەسکەر، ئەحلام مەنسوور، محەمەد سابیر مەحموود). نایشارمەوە بۆ من خۆشەویستی و ئاکاری نوێ بوون. عەباس عەسکەر بە دەنگێکی ئاوازدارەوە، دەنگی بەرز کردەوە و بە منی وت: ( سەیابی کورد، سەیابی کورد). لە خۆشحاڵیی ناسینماندا ڕیزێک قاوەی گەرم و شیرینی داوا کرد، بە دەستی خۆشی پێشکێشی ئامادەبووانی کرد. ماوەیەکی پێ چوو کتێبێکی بە ناوونیشانی (کلمات تغدو نحو الینابیع) چاپ کرد، شیعری بیست شاعیری کوردی بۆ عەرەبی وەرگێڕابوو، سەرنج و تێبینیشی لەبارەوە نووسیبوون، لە بۆنەی دووەمی ھەمان دەزگا و خەڵاتکردندا، کە ببووە نەریتێکی ساڵانە. (عەبدوڵڵا سەڕاج) بە زەردەخەنە و تەوسەوە پێی گوت: ئەرێ ئەوە خێرە شیعری سەیابی کوردت ھەڵنەبژاردووە، وەک سڵەمینەوە و بەخۆدا شکانەوەیەک گوتی: شیعرەکانی ئاڵۆزن و دامەزراندنی سەرەتا و درێژە پێدانی ناوەند و کۆتایی پێھێنانی بۆ من ڕوون و دیار نییە، کەچی (محەمەد سابیر مەحموود) گوتی: جیاوازی لە نێوان ئاڵۆزی و قووڵی زۆرە، تۆ ھەستت بە جیاوازییەکان نەکردووە. شیعرەکانی ئاڵۆز نین، بەڵکو قووڵن. من بە خۆشحاڵی و لێزانییەوە وەری دەگێڕم، وابوو بە جیاجیا دوو جار شیعری وەرگێڕام. جاری یەکەم، لە گۆڤاری (الێوت الاخر) ژمارە (١٥٠)ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ بڵاوی کردەوە، ئەوەی تریش، یان لە ھەمان گۆڤار بوو، یان گۆڤارێکی تر بوو، ببوورە زەینم ناچێتەوە سەری.

خودا شیرپاکیی ئەدەبی و تایبەتمەندییەکی بێوێنەی پێ بەخشیوم، ناتوانم ھەست و سەرسامبوونی خۆم بەرانبەر ئەدەبی باڵا و ئێستێتیکی بشارمەوە، ئەگەرچی لەم ڕووەوەش تووشی ئا و نا و لێپێچینەوە و لێپرسینەوەش بوویمە. حوزەیرانی ٢٠١٥ لە گۆڤاری ڕامان، ژمارە (٢٠٦) شیعرێکی (ئازاد ئەحمەد ئەسووەد) بەناوی (سوبحی و سوھەیلە) بووە مایەی داگەڕانەوە بەرەو ناوەوە و پێداچوونەوە و بەراوردکردنم. زمانی ئەم شیعرە ھێزێکی یادەوەری دروست دەکات و وێنەکان لە یاددا لە گفتوگۆی ئەزەلیدا دەھێڵێتەوە، ھەروەھا شوباتی ٢٠١٣ لە گۆڤاری ٢٣، ژمارە (١٠) شیعرێکی (ئەدیب نادر)یش بەناوی ( سەرگۆن پۆڵس) بووە مایەی داگەڕانەوە بەرەو ناوەوە و پێداچوونەوە و بەراوردکردنم. ئەمیش ھەستێکی بێوێنەی بۆ دروست کردم و چێژی ئێستێتیکی و یادەوەریت ئامادە دەکاتەوە بۆ بەدواداچوونی چێژی ئێستێتیکی یادەوەرییەکانت و بوونی شاعیریەتی سەرگۆن پۆڵس دەکەوێتە ناو یادەوەرییەکانتەوە.

ئێمە سێ شاعیر لە چایخانەی مەچکۆ دانیشتبووین، قسە و گفتوگۆی نێوانمان لەبارەی پێویستیی ئەدەب و کاریگەری ئەدەب بوو. (مەولوود ئیبراھیم حەسەن) لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (١٠١)ی ساڵی (١٩٩٢)دا چیرۆکێکی نایابی بەناوونیشانی (مەرگی سەگ) بڵاوکردبووەوە، تانوپۆ و ڕامانی سەرەکی چیرۆکەکە ڕاگوێزانی گوندەکانی کوردستان بوو، گرینگییەتی ڕۆڵی نووسینی ورووژاند، بەوەی بەشێک لە گیانی ڕووخاوی کوردی وەک ھێزی ڕۆح و ھێزی جەستە بنیاد نایەوە. کاری داھێندراو بەلایەنی کەمەوە گرینگییەک دەورووژێنێت. لە دۆخی خوێندنەوەدا ھەر سێکمانی سەرسام کردبوو، لەناو سەرسامیی خۆماندا لە باس و ستایشی چیرۆکەکەدا مەست و ئاسوودە بووین و سامانی دنیامان لەدەست بوو، چیرۆکەکە ھی من بوو، بەڵام ئەم دایڕشتبوو. لەو کاتەدا چیرۆکنووس لە دەرگای مەچکۆوە دەرکەوت. ھەر بەچاو نیاز و شوێنی دانیشتنی خۆی لە نێوان ئێمەدا دەستنیشان کرد، دوو برادەرەکە وەک ئەوەی بیانەوێ ھۆیە بنەڕەتییەکانی پرۆژەی شۆڕشێکی نھێنی نەزاندرێت، زۆر بە پڕتاو و سڵەمینەوە و بە دەموچاوێکی خامۆشەوە گوتیان: با خۆمان لەم بابەتە لابدەین، بێدەنگ بین تا بەخۆیەوە نەنازێ، کە چیرۆکێکی کاریگەر و سەرکەوتووی نووسیوە و بەسەرمانەوە ببێتە سەرکەڵەبابی بانگدان. قسەکردن ئاسانە. لە ھەمان کاتیشدا پەوەستە بە کەسایەتیتەوە، بەڵام پێویستە پێش ئەوەی قسە بکەیت بە قووڵی بیرت کردبێتەوە، لەم ئەنجامەدا قسەت ناسنامە و کەساسەتییەکت بۆ بەجێ دەھێڵێت. ئایە لە دۆخی شتەکاندا خاوەن بڕیاری تەندروستی، یان قسەی ھەڵبزڕکاو. ئاخۆ بەم درۆ لەگەڵ خۆکردنە لە بایەخی داھێنان کەم دەکرێتەوە، یان ئەو ناخ شاردنەوەیان بۆ خۆبەلزانین بەکارھێنا. ناخ شاردنەوە و خۆبەلزانین خراپەت دەھێنێتە ڕێ و ئازایەتی داھێنانت لەناودا دەپووکێنێتەوە، بە پێچەوانەوە ناخ ئاشکراکردن ئازایەتی داھێنانت لەناودا دەتەقێنێتەوە و ھەموو ھەستەکانت ئامادە دەکات بۆ دۆخی نووسین و داھێنان، نیازی ھۆشیارانە و ھەست دروستکردن لە دەقدا خەبات و تێکۆشانە لە پێناو ئازادیی داھێنان و ئازادیی ئەدەب و پێویستیی ئەدەب و کاریگەریی ئەدەبدا.

کاکە ئەحمەد تاقانە لە ژیانی ئەدەبیاتی تۆدا ئەوەی زۆر جێگای پەسەندی منە و ئەفسوون لێکراوم بۆی، ئەوەیە ژیان بە چەشنێکی باوەڕپێنەکراو دەبینی و ھەمیشە بەسەر خودی بەد زاڵی، خۆشت لە دیمانە و گفتوگۆی ڕۆژنامەوانی و ھەوڵ و ھەنگاو و تیشکۆی کاتی پاراستووە، ئەمەش کاکڵەیە و یەکێک لە سەرەکیترین خەسڵەتەکانی پیاوی بێ نیاز و بێ ناز و دان بەخۆداگرە، یان ئەو پیاوە متەسەووفانەی لە بیرکردنەوەی وشەدا، دەگەن بە سیستەمی کەماڵ و قووڵترین پەیوەندی دادەمەزرێنن و کاریگەریی ئاخاوتن دەدۆزنەوە. دەیانەوێت نادیاربن و کەس نایاناسێت، نەک لە دەمەبۆڵە و ھەڵەوەڕی و دڵڕەشی و دەستپیسی. ئەو ڕستە و وێنانەی لە وێناکردنی ژیان و سەرچاوەی بێگەردیی خەیاڵەوە پێیان گەیشتووی، ئەو شتانەن لە ژیاندا پەسندت کردوون و ویستووتە نەزاندراوییان پێ بدۆزییەوە و ئاشکرای بکەیت، ئەگەرچی شیعر لە توانایدا نییە ھیچ نەزاندراوێک بدۆزێتەوە و ئاشکرای بکات، بەڵام لەوانەیە بیھێنێتە بەر زەین و ئاماژەی پێ بدات، بۆ خۆدۆزینەوەش جۆرێک پێشوازیت لێ بکات و یارمەتیت بدات پرسیاری زیاتر لە دەوری خۆتدا بخولێنیتەوە و بتخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێ و نوێبەخشییەوە و ھەستەکان گەشە پێ بکات، ھەستەکانیش لە ھەوڵ و ھەنگاوی ئەوەدان بزانن مرۆڤ بۆچی وا بیردەکاتەوە.


حوزەیرانی ٢٠١٥ - ھەولێر

 


ناسینی کتێب.



ھەر ڕووداوێک، کە ماوەیەکی بەسەردا دەچێت. دەبێتە یادگاری، یادگاریش مرۆڤ بە ڕوونی دەبینێت. لە ماڵەکەماندا پەنجەرەیەکی گەورەی داری بە ھێڵەک داپۆشراو ھەبوو، بە تەنیشتییەوە دەلاقەیەکی لاکێشەیی نیمچە گەورەی تێدا بوو، بە پەردەیەکی سپی داپۆشرابوو، پەردەکەش بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و کەوی لێ نەخشابوو. ئەم دەلاقەیە تایبەت بوو بە کاکم خالید. تەواو قووڵایی منیشە، بەداخەوە ئەو برایەم لە ٢٥/٨/١٩٨٨دا جەیشی شەعبی، لە ھەولێر شەھیدیان کرد.

سەرەتای ڕێگا و بەرکەوتنم لەگەڵ کتێبدا، یان ئەو پەیوەندییەی لە نێوان خوێنەر و کتێبدا دروست دەبێت و دەمێنێتەوە. لەم دەلاقەیەوە خاڵی بوون و سەرچاوەی درەوشاوەی وەرگرت و بوو بە ئەفسوونێکی بەھێز و نەشکاو و قەڵای پشت پێدان. کۆمەڵێک کتێب و دوو شووشە مەرەکەبی چینی، یەکێکیان ڕەش و ئەوی دی شین و قەڵەم پارکەرێکی بیست و یەکی ڕەنگ جەرگی تێدابوو، کتێبەکان زۆربەیان عەرەبی بوون. ئێستا نازانم ئەدەبی بوون، یان فەلسەفی، کۆمەڵناسی، سیاسی، مێژوویی، پەروەردەیی، ئایینیٍ ..... تاد، لەناو کتێبەکاندا دیوانی (حاجی قادری کۆیی ) بە بەرگ تێگیراوی ھەبوو، ھەمیشە کەڵەگیای بۆنخۆشی لەناو دادەنا، کە گیایەکە وشک دەبوو، دەیگۆڕی و دووبارە دایدەنایەوە. ئەم کتێبە ھی ئامۆزایەکی باوکم بوو، مامۆستای قوتابخانەی گوندەکەمان بوو. لە دامێن و ئەم لا و ئەولا سپییەکانی بۆنە و ڕێکەوتەکانی بنەماڵەکەمانی ھەمووی تێیدا تۆمارکردبوو، وەک: ڕێکەوتی مردن و لە دایکبوون و ژنھێنان ..... تاد.
 

ساڵی ١٩٧٣ جگە لە کتێبەکانی قوتابخانە، یەکەمین کتێب بەر ھەست و نەرمایی پەنجەکانم کەوت ئەم دیوانە بوو. کاکم بە دەنگ و ڕۆحێکی ئاھەنگسازییەوە دەیخوێندەوە. بە وریایی و ئارامی گوێم سووک و ڕوون ڕادەگرت. بێ ئەوەی ھیچ شتێکی واش لە شیعرەکان حاڵی ببم، بەڵام لەناو چێژ و دەنگ و مۆسیقایەکەیدا ون دەبووم و بڕوام بە ھەستێکی نادیار دەھێنا و بە دوای گەنجینەی شاراوەی زەینی خۆمدا وێڵ دەبووم، وێڵبوونێک مەگەر ڕێکەوت دەستم بگرێت و بمھێنێتەوە سەرەخۆ، دوایین مانای ژیانم پێ بدات، کە مەرگە. مەرگیش یارمەتی تەواوی ئازارەکان دەدات. ئێستا بە گەشە و خۆشحاڵی و چێژی ئەوکاتم لە کتێبخانەکەمدا لە ڕیزی دیوانی شاعیرانی کلاسیکی کوردیدا، دیوانی حاجی قادری کۆییم یەکەمین دیوان ڕیزبەند کردووە و ئەوانی دی بە دوایدا.

لە سەرەتای منداڵیمدا حەزێکی بێ پێوانە و ئەفسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسکابوو، ڕادیۆیەکی نیمچە گەورەی قاوەییمان ھەبوو، ئەمیش وەک دەلاقەکە بەرگێکی سپی بۆ کرابوو، بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و کەوی لەسەر نەخش کرابوو، ھەمیشەش گوێم لێی ڕادەگرت و لە کەناری مۆسیقاوە دەجووڵام، لە شەڕەبەرد و ئاژاوە و ھەڵەپاسی دووری دەکردمەوە، وەک ئەوەی ئەو ئاواز و نەوایەی گوێم نەرمە بارانێک بێت بەسەر خاک و خۆڵی دەوروبەرمدا بڕژێت و ھەناوی فێنک و دەموچاویشی نەرم بکاتەوە. زۆر جاران بێ ئاگاداریی خوشک و برایەکانم بە شانی خۆمەوەم دەکرد و دەڕۆیشتم، بەم کردەیەم لێم تووڕە نەدەبوون و سەرزەنشتیان نەدەکردم، گردێک لە پشت ماڵمان ھەبوو، بەدڵ گردێکی دوڵبەربوو، دەچووم لە تەختایی ئەم گردەدا دادەنیشتم و تەماشای ئەم لا و ئەولا و شینایی دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانم دەکرد و گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواکراو ڕادەگرت، ھەموو ڕۆژێک دەمەوعەسران دووبارە دەبووەوە و لەگەڵیدا نەرمەبایەکی ڕەحمەت بەسەرمدا ھەڵیدەکرد. جیھانێکی بۆ دروست دەکردم، ھەستی خۆمم لەناو دادەمەزراند. بڕواشم بە جیاوازیی دەنگەکان دەھێنا، لەم ڕێگایەشدا دەگەڕام، کە پێیدا ھاتبووم. واتە: ناخی خۆم. سەگێکی بەوەفاشمان ھەبوو، کە لەماڵ دەردەچووم لەگەڵم دەھات و پاسەوانی دەکردم. بەھیچ ئا و نایەکیش دوو ھەنگاو لێم دوورنەدەکەوتەوە. وەک ئەوەی گەورەیەکم بێت و پێی گوترابێ چاودێریم بکات. نازانم ئەم ئەفسوونە چی بوو، کەوتبوومە ژێر ئەفسوونی دەنگی (سەڵاح داودە)وە. ھەرکاتێک ئەو گۆرانی بگوتبووایە ڕادیۆکەم دادەنا و دوومەترێک لێی دەکشامەوە و تەماشای شکۆیم دەکرد. وەک ئەوەی تەلیسمێک بێت ئەم حاڵ و جەزبە و حاڵەتە پڕ لە خۆشی و شادی و ژیانە و داکشانەوە بەرەو ناخەم، تەنیا لەگەڵ لەرەی دەنگی گەرمی ئەم گۆرانیبێژەدا بۆ پەیدا ببوو، پاشان لەناو شەپۆلەکانی بادا بۆی دەگەڕام و لە ھەستمدا سۆزی سووتێنەر و پڕ ئومێدم دەدۆزییەوە، ئەو دۆزینەوە و پشووی ناخە ئەوپەڕی تایبەتمەندی بوو. ھەر بەھۆی ئەوەی زۆر گوێم لە گۆرانی دەگرت. شارەزایییەکی سەرەتاییم لەسەر چینەکانی دەنگیش پەیدا کردبوو، دەمتوانی لەسەر شێوازی بەشێک لە گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمەوە. ھەر شتێک، کە تاسە و خواست و ئارەزووت بۆی ھەبوو، تواناشت بۆی پەیدا دەبێت. بەھیچ جۆرێکیش حەزم لە گۆرانی زرم و کوت نەبوو، ھەمیشە حەزم لەو گۆرانییانە دەکرد، کە وەک ھێڵێک خەیاڵ درێژ دەکەنەوە. ئەم ئەشقی گۆرانییە لەگەڵمدا مایەوە و گەشەی کرد و پێکھاتە و بنچینەی خۆی دامەزراند، ئێستاش گۆرانی ھاوسەنگیم دەپارێزێت و لەگەڵ خۆم بەخشندە و شکۆمەند و ئاسوودە و خۆشحاڵ و قووڵم دەکاتەوە، وەک مۆسیقایەکی نەرم بژیم.


ساڵی ١٩٧٨ لە پۆلی یەکەمی ناوەندیدا مامۆستای وانەی کوردیمان (شێرکۆ ئەحمەد حەوێز) بوو، لە ڕۆژێکی زستانی باراناوی و سارددا لە پۆل داوای لێکردین داڕشتنێک لەبارەی (سروشتی لادێ) بنووسین. بەو پێودانگەی، کە من کوڕەلادێیی بووم لەوانی دی کەمێک زیاتر شارەزای ئەم سروشتەم. بۆ ھەفتەی داھاتوو داڕشتنەکەی ھێنایەوە و بۆ ھەموو قوتابییەکان نمرەی شیاوی خۆی دانابوو، تەنیا ئەوەی منی نمرە لەسەر دانەنابوو، وەک ئەوەی ھەستی بە کارخراپییەکی من کردبێت، بە تووڕەیییەوە گوتی: (سەباح سابیر حەسەن) کێیە و بێتەدەرێ، بێ ئەوەی ھیچ قسەیەک بکات لە تەنیشت تەختەڕەشەکەدا ڕایگرتم. ئەم مامۆستایە، مامۆستایەکی بەجەرگ و دەگمەن و ملاومل پەروەردەکار و خۆش سروشت بوو، تا ئەو پەڕیش دڵبەدەرەوە بوو، لەگەڵ وانەی کوردی و دنەدانی قوتابی بۆ خوێندنەوەی ئەدەب و دامەزراندنی گۆڕانکارییەکی ئەدەبی. بەو بیانووەی وانەی کوردی زمانی خۆمانە و پێویستە لەناویدا بکوڵێین و بە دۆخەکانی ساردبوونەوە ڕەتببین، لەم نێوانەدا بگەین بە دۆخی دۆزینەوە و باش لە پێکھاتە و بنچینەکانی شارەزابین. زمانیش ھەستێکی گەرماوگەرم و خۆڕسک و دەگمەن و پشوودرێژ لە مرۆڤدا دروست بکات. ھەر قوتابییەک لە شەست کەمتری وەربگرتبوایە لێی دەدا و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرد. دوای ئەوەی ئافەرینی بەشێکی کرد و لە بەشێکیشی دا. ڕووی لە من کرد و گوتی: کێ بۆی نووسیوی. منیش لەو ھەستە تۆقێنەرەی چەند چرکەیەک پێشتر تێیدا خولم دەخوارد و بیرۆکەی پەرت و بڵاو گەمارۆی دابووم. زۆر بە ئارامییەوە گوتم: ئەدی مامۆستا لە پۆلدا نەماننووسی. نەختێک چووەوە ناو زەینی خۆی و تووڕەیییەکەی خاو بووەوە و خوێنێکی خۆشیی لە دەموچاوی خۆش سروشیدا گەڕا. ئینجا نمرەی لەسەر داڕشتنەکەی منیش دانا و گوتی: ئافەرین (سەت). ئای چۆن سەرکەوتنێکی بچووک لە دنیای ژێری دەتباتە دنیای سەروو. ڕۆژی دوایی ھاتەوە کۆشیعری (تاریک و ڕوون)ی ھێمنی بۆ ھێنابووم. منیش ھێندە شەیدا و دڵبردە و دڵەدووی ئەو ئافەرینە بووم، نیو ھێندە شەیدای شیری ناو گوڵەگەنمی کێڵگەی گوندەکەمان نەبووم. مەگەر ئەو دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانەی لەسەر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواکراو ڕادەگرت و دەچوومەوە ناو زەینی خۆم و لە خودام دەخواست ناولەپ و ناوچەوانم ڕێگاوبان بوونایە، گۆرانیبێژەکان بەناویدا ھاتوچوویان بکردبووایە.


سەرەتای ڕێگا و بەرکەوتن و یەکەمین پەیوەندیم لەگەڵ خانمی کتێبدا لەم ڕووداو و خۆشبەختییەوە دەستی پێکرد و بووە ھێڵ و ھێمای بوونم. ئەو ھەفتەیە بە ھەموو بوونێکمەوە لەناو کۆشیعرەکەدا ژیام، ژیانێک مەگەر بەس متەسەووفەکان لە مانەوەیان لەسەر دووگورد و شەونوێژ و چاوداخستن و وێرد بەرزکردنەوەدا، ھێندە چێژیان وەرگرتبێت و لە بوونی خودا و لە خۆیان نزیک بووبێتنەوە و گەیشتبن بە ناخی خۆیان، واتە: یەکبوون لەگەڵ خودا و ھێزی ئەدەب. بۆ ھەفتەی داھاتوو کۆشیعرەکەم بۆ گەڕاندەوە. گوتی: بۆ ئاوا زوو ھێناتەوە. بەدڵت نەبوو، یان لەخوێندنەوەیدا پەلەت کرد. منیش بە بێ باکی و نەختێک بە ھەوابەرزی و بە خۆھەڵخستنەوە گوتم: مامۆستا زۆرینەم لەبەرە. وەک ئەوەی بڕوام پێنەکات و لە قسەکەم بە گومان و دوودڵبێت گوتی: دەفەرموو ئەگەر دەمت سپییە وەرە بەر تەختەڕەش و ئەوەی لەبەرتە بیڵێ. منیش گوتم کامە شیعر. دیسان ھەڵوەستەیەکی تری کرد و چووەوە ناو زەینی خۆیەوە. وەک ئەوەی بیەوێت بمخاتە بەر ڕووناکییەکی ھێمنەوە و لە بڕوا بەخۆبوون و خۆھەڵخستنەکەم دڵنیابێت. لاپەڕەی ھەڵدایەوە و ناونیشانێکی دەگوت. تەواوی وانەکە، چل چرکە بوو. من شیعرم تێیدا خوێندەوە. لە گۆکردن کەمێک ھەڵەم دەکرد، بۆی ڕاست دەکردمەوە، لە کۆتایی وانەکەدا پێمی گوت: بەھرەیەکی دەگمەن و کەم وێنەی، ئەو وزەیەی ھەتە باش مشتوماڵی بکە، چالاک نیشانت دەدات. ھەر ھەمان ڕۆژ منی بە کتێبخانەی (تەئمیم) و خاوەنەکانی (جومعە و ئەحمەد)، کە دوو مرۆڤی ھێمن و لەسەرەخۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناکرد و ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان و کاتی دەرچوونیانی بۆ نووسیم. یەکەمین کتێبیش، کە کڕیم کتێبی (کاروانی شیعری نوێی کوردی) کاکەی فەلاح بوو.

لەو ڕۆژەوە لەفە و بەدەمچە و کەوکەو و شەڵغەم و لەوزینەگەزۆ و فەریکەنۆک ..... تاد، خواردن نەما. ڕۆژانەکەم بووە خەرجی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب، یارمەتی ئەوەی دام توانا لە خۆمدا بدۆزمەوە و ئاراستەی کردم و جیھانی نادیارم کەوتە گەڕ.

لە ناوەڕاستی ھەشتایەکاندا (مەحموود زامدار) نووسینێکی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەی (ھاوکاری)دا لەبارەی نوێبەخشی شیعری کوردی و گرووپی (پێشڕەو)دا نووسی. لەو نووسینەیدا دەستەواژەی (کرمی کتێب)ی بۆ من بەکارھێنا بوو، ئەو ڕوونکردنەوەشی دابوو: خەونی ئەم لاوە خەونێکی درێژە. ئەگەر پێی لەسەر زەمینەی خوێندنەوەدا لانەدا. حاڵەتێک بە شیعری ھاوچەرخی کوردی دەبەخشێت.


شیعرەکانی (ھێمن) چێژی زمانی ئەو گوندەی دەدا، کە خۆی تێیدا لەدایک بووە. بە سادەییش وێنەی ژیانی ئەو خەڵکەی کێشاوە، کە ھەستان و دانیشتنی لەگەڵیاندا ھەبووە، واتە: دەرەنجامی ژیان و گوزەرانی خۆیەتی. زمان و زمانڕەوانی شیعرەکان کەمێک لادێیی بوون. چاو و زەین و ئەقڵییەتی ئەوسای منی بە پڕی ڕادەگرت، تا ئەوپەڕی چێژ، بردمیە وەرگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی کتێب لە توانایدایە بیابان بکاتە بەھەشت. ڕەنگە ھەر ئەو سادەیی و بریقە و زمان پاراوییە بووبێت زمانی لا کردمە ئەو بەھەشتەی پەرستن و شەونوێژی بۆ دەکەم بچمە ناوی و بیکەم بە ڕوانگە و گوتاری ناخم و ھەوڵی دۆزینەوەی وشەی گونجاوی تێدا بدەم. وەرچەرخانێکی تەواوی ئاراستەکانی ژیان بوو، ھەروەھا تاڕادەیەک ئەو ئاراستەیەی دامێ، بزانم ھێز و بێ ھێزی زمان لە کوێی دەقدا دەردەکەوێت و بە ئەدەبیبوونی دەقیش لە چ بەکارھێنانێکدا ئاستەکانی دەردەکەوێت، واتە: ئەوەی بابەتێک دەکاتە بابەتی ئەدەبی، زانیاری و ھێزی زمانە، یان ھێزی زمان و کاریگەریی بابەت.

شیعر بە تەنیا لە تێڕوانینی زمانەوە ئاستداری دەستنیشان ناکرێت. لە تێڕوانینی بابەتی ھەستی و بەکارھێنانی ئەدەبییانەی زمانەوە، گەشانەوەی ھەستی و زمانیی لای خوێنەر گەڵاڵە و بەرجەستە دەبێت. بە شیعربوونی ھەر ڕستەیەک مانای ئەوەیە زمان لە بەکارھێنانی زمانی ڕۆژانە دەرھاتووە و ھێندراوەتە ناو زمانی ئەدەب.

ئەگەرچی (ھێمن: ١٩٢١ - ١٧/٤/١٩٨٦) وەک تەمەن حەڤدە ساڵ دوای (گۆران:

١٩٠٤ - ١٨/١١/١٩٦٢) لەدایک بووە. حەفت ساڵیش لەم زیاتر ژیاوە، بەڵام نوێبوونەوەی شیعری کوردی چاوگەکەی لە گۆرانەوە دەست پێ دەکات. ھێمن لە چەمکی شیعری ئاسایی دەرنەچووە، بەو ئاست و ئاراستەیەش دەینووسی. واتە: وەک شێواز کۆنەخواز بوو، بەڵام وەک بیروڕا و دەربڕین نوێخواز بوو، دیوانەکەی لە لام ئامادەیە و سێبەرەکانی بە تەواوی لەناو زەینمدا دەجووڵێن، ھیچ خاڵێکی گۆڕانکاری فۆرم و نوێبەخشی و توخمی نوێی شێوازی پێشکێش بە دیوانی شیعری کوردی نەکردووە، بەڵام بەشێک لە شیعرەکانی کۆشیعری (ناڵەی جودایی) شیعری مەیدان کورتنین و لە شیعرە ھەرە دەگمەنەکانی ئەدەبی کوردین. بەتایبەتیش شیعری (ئێوارەی پایز)، شیعرێکی تەواو ھەستییە.


ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانەی ڕشتوویەتی بۆ ئەبەد ڕۆحی تەڕ کردووم و لە ناخی دڵەوە لەگەڵم دەدوێ و ناخی کردووم بە مێزگرد و مێزی گفتوگۆ و ئاھەنگی ژیان، بەڵام ھەستی شیعریی من لەسەر ھەستی شیعری ئەو دانەمەزرا، ھەروەھا بەھیچ ڕێبازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش کاریگەر نەبوویمە و نەبوونەتە ڕێ ڕوونیم، بێجگە لە شیعر خۆی نەبێت، شیعری بێگەرد. دوای ئەوەندە ساڵە و بڕینی ھەزار و یەک ڕێگای سەخت، نازانم چۆن دەربڕین لە پایە و بەھای تۆ بکەم و پاداشتت بدەمەوە. بە کامی دڵ لە باوەشت دەگرم و دەستت ماچ دەکەم و ڕێز لە سیما و چاوی پڕ لە ڕازت دەگرم، ھەروەھا ھەر لەم بۆنەیدا ھەل و بوارێک وەردەگرم تا گوناھێک لەسەر شان و ڕۆحم ھەڵگرم و باری گران و بە ئازاری شان و ڕۆحم سووک بکەم. گوناھێک، دواتر بۆ نووسەرەکەی بە خێرگەڕایەوە. لە تەمەنم یەک جار کتێبم لە کتێبخانە لە غەفڵەتی خاوەنەکەیدا بردووە، ئەویش لە ١٤/١٠/١٩٨٥ کۆچیرۆکی (پێکەنینی گەدا)ی حەسەن قزڵجی بوو، نەمدەزانی بە شەقامدا دەڕۆم، یان بەناو تونێلێک ئاگر، یان لە ڕەوەزە شاخێکی عاسێدا گیربوویمە و ھەڵدێران ھەڕەشەم لێ دەکات، ھا ئێستا نا، دوو ھەنگاوی تر دەکەومە ناو چاڵێکی بێئامانەوە. لە نیوەی ڕێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، یەکڕاست بە ڕەنگی زەرد و ھەڵبزڕکاو و دەروونی ماندوو و نیوەڕۆح بوومەوە گەڕامەوە لای (جومعە و ئەحمەد) دانم پێدانا ئەم کارە خراپەم کردووە. ئەمانیش دەستیان لەسەر شانم دانا و دڵیان دامەوە و گوتیان: بۆیە دڵمان بە کتێب و ژیان خۆشە، ھێشتان مرۆڤی باوەڕ بەپاکی خۆی وەک تۆی تێداماوە، بە بچووکترین ھەستپێکردن لە ناخەوە ئازاری پێبگات. لێیان بووریم و دیوانی (مەحوی) شیان بە دیاری وەک ڕەفتار و کردەوەیەک پێدام. لەم بارەی لێبووردنەدا ھەر ئەوەتا لە خۆشیدا گەشکە نەیدەبردمەوە، لە قووڵایی بوونمەوە پاک بوومەوە و بەرەو ئارامیی دەروونی ڕۆیشتم. کتێبەکەم ھەر لەلا مایەوە و ھەمیشەش لێی دەسڵەمیمەوە. تا ساڵی ٢٠١٠ پێشنیازم بۆ دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی ئاراس (بەدران ئەحمەد حەبیب) کرد، کە چاپی سێیەمی ئەم کۆچیرۆکە بکەنەوە. ھەردوو دەستی لەسەر چاوی دانا و گوتی: شەیدای زمانی ئەو چیرۆکنووسەم و سوودیشم لە پێکھاتە و بنچینەی زمانە ئێجگار زیندووەکەی وەرگرتووە، توانایەکی سەرسوڕھێنەری ھەیە لە بەکاربردنی وشەی پەیوەست بە ژیانی کۆمەڵگای کوردییەوە و زمان تائەوپەڕی دەناسێت و باش لە ناوکی وشەش تێدەگات، فەرھەنگی وەک خاکی سوارچاکان پاگژە و دەزانێت چۆن بنووسێت. ئەمانیش دوای ھەوڵ و کۆشش و پەیوەندیکردن، شەش چیرۆکی تری چیرۆکنووسیان خستە پاڵ چیرۆکەکانی: چاپی یەکەم: ١٩٦٧_بەغدا، چاپی دووەم: ١٩٨٥_بەغدا، ساڵی ٢٠١٠ چاپی سێیەمیان خستە کتێبخانەوە.

ھەر بە ڕێ ڕوونی کتێبەوە لەگەڵ خەمی ھەستپێکراو و دنیای زەینی زۆرێک لە شاعیر و نووسەران ئاشنا و پێیانەوە پەیوەست بوویمە، کەم و زۆر توانای ئەوان لە خۆڕاچڵەکاندن و گەشە و پەروەردەکردنی ئەقڵ و خەیاڵ و داڕشتنی بینا و بینایی من، گەنجینە و ھێزی ڕۆح و پێوانەی شیاو و سەرچاوەی درەوشاوە و سۆزی شاراوە بوونە. ھەمیشەش لە ئەزموونی خۆمدا ویستی یەکەم و بێ پێوانەم ئەوە بووە، بەرھەمێکی خۆکردی حەڵاڵزادەی خۆم بەرھەم بھێنم. چیشم زانیوە، ئەوەم نووسیوە. جەوھەری پێکھاتەی مرۆڤیش ئەوەیە چی دەزانێ ئەوە بنووسێت.


تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ - ھەولێر

 


ڕێزگرتن لە شیعر.



مرۆڤ، کە دەچێتە ناو مەتاھاتەوە: خۆی کارا دەکات و بەدوای خۆیدا دەگەڕێت، بە دوای خۆدا گەڕان نادیار وشیار دەکاتەوە. ئەم وشیارکردنەوەیەش کاری سرووش پێدراوە. ئەو شاعیرەی بەدوای نادیاردا دەگەڕێ، نادیار واتە: خودا، خوداش دێرینترین بوونە. گەڕان بەدوای دێرینترین بوون، گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای سەرەتاکان. واتە: ئەوکاتەی دەمارەکانی پێکھاتەی مرۆڤ ھێشتان تەواو نەڕسکابوون و جۆری خوێن ھێنان و خوێن بردنیان بەڕوونی بۆ دەستنیشان نەکرابوون، ھەروەھا دەمارەکانی زەویش لە چاوەڕوانی کار بۆ دەستنیشانکردندا بوون.

پێش کتێبە ئاسمانییەکان شیعر سەرەتای ھەستپێکردن بووە و ھەستپێکردنەکانی مرۆڤی دەستنشان کردووە و بووەتە گوتار زیندووی. (سوھراب سپێھری) دەمانباتە سەر ئەو ئاماژەیە: (ئەم کتێبە ئاسمانییەی ئێمە (قورئان) سەرەڕای لایەنە خودایی و پیرۆزەکەی، یەکێکە لە بەنرخترین شاکارە ئەدەبییە جیھانییەکان.).

ساڵی ١٩٨٠ لە ژمارە (٦٢)ی گۆڤاری (بەیان)دا شیعرێکی (نەژاد عەزیز سورمێ)م خوێندەوە بە ناوونیشانی (ھەیوە شەوێ). دوای ئەم خوێندنەوەیەمەوە، ھەرچی نووسیوە و ھەرچیشی وەرگێڕاوە خوێندوومەتەوە. کەواتە ماوەیەکی زۆرە ئەم شاعیر و وەرگێڕە ئاشنا و ڕۆشنامە و لێی بێزار نەبوویمە. دڵنیاشم تا بمێنم، ئەگەر ئەو ئەشقی نووسینە ئەو بەرنەدات، بەدوایدا بچم و دەق و وەرگێڕانەکانی بخوێنمەوە لێی بێزار نابم، چونکە شیعری ھەموو سەردەمەکانە و پردی مانەوەیان ھەیە. پرشنگەکانی شیعری ئەم شاعیرە لە کاکڵە و سروشتی ژیانی کوردستان و مرۆڤی کورددەوە ڕسکاوە و بیروبۆچوونی نامۆ و دیمەنی ناتەبای تێدا نییە، ھەروەھا چەمکی ئێستێتیکای بە مانا سنووردارەکەی وەرنەگرتووە. واتە: ڕوو و چینی یەکەمی ئێستێتیکای وەرنەگرتووە. بەڵکو پەیوەندی لەگەڵ فۆرمەکانی ھەست و ئەو بیرکردنەوانەی ناوکی ئێستێتیکای بەرھەم ھێناوە دروست کردووە، لە کاکڵەوە تا توێکڵ. دۆزینەوەی ئەو چینانەی لە کاکڵەوە دروست دەبێت تا توێکڵ و چۆنیەتی پێداڕۆیشتنی. خاسیەت و پێکھاتەی شیعرەکان لە بابەتدا فرەئاستە و بابەت دەگۆڕێ، لە ھەندێک شوێنیشدا دەبێتە فرەدەنگ، بەڵام فرەدەنگییەکە بەشداری دەنگی کەسێکی تر نییە، ھەمان دەنگە، دەنگی کەسی یەکەم، بە چینێکی دەنگی وەک چینی مۆسیقا بەشداری دەنگەکە دەکات و دێتە ناو بینا و تۆڕی خاسیەت و پێکھاتەی ناوەرۆکەوە و ڕایەڵەکانی یەکێتی بابەت بە سەنگی ئاست ڕاگرتن وەردەگرێت. ئەوەندەی من ئاگاداربم تەنیا لای ئەم شاعیرە ئەو ئاست و شێوازەم بەدی کردووە.

شاعیرێکی دەمار و خوێن داچۆڕاو و درەوشاوەیە لە باسکردنی ژیانی کوردستاندا، ھەمیشەش سووکایەتی و سەرکۆنەی ئەو مارە دووکەڵبانەی، یاری تەخت و تاج، یان ھەلپەرست و بەرژەوەندخوازان و گەندەڵییان خستووەتە ناو دەسەڵاتی کوردییەوە، کردووە. لەگەڵ ئەوەش خۆی کوڕی ڕێز لێگیراوی دەسەڵات بووە، بەڵام ھەمیشەش کۆششی بۆ پاراستنی کاریگەری بیری تاک کردووە و لەناو ئەو بیرە تاکانەوە خاوەن دەربڕینی کەسایەتی ئەدەبی خۆی بووە. واتە: خۆبوونی ئەدەبی خۆی سەنگ ڕاگرتوو کردووە. تەنیا کوڕی ئەم نیشتیمانە نییە. لە دەمار و خوێنیەوە نیشتیمانییە. تاکی وشیار و تەواو نیشتیمانی لە باشترین بار و بواریدا پەیوەستی خودی خۆی و داھاتووی خۆیەتی، ناھێڵێت ئەوانی دی، مافیاکانی ئەدەبی لە ناوەوە داگیری بکەن و ئاراستەی خۆبوونی ئەدەبی بگۆڕن.

(لە وچانێکی کورتدا
دڵم بە مەوسیمی گوڵان سپارد..
لەگەڵ ھەمووان بەخشندە..
بێبەختی دەرچوو
داوی بێبەختیی نامەردان.) ل: ٣٢ (دەقی: ھەندێ وردە تێبینی).
***
(لە ژێر قوببەی ئومێددا،
چاو دەبڕینە بنمیچ
کەسمان لە حیکمەتی قیبلەنما ناگەین..
کە دێین کەسمان، سڵاوێک
تەنیا سڵاوێک،
لە چیمەنی حەوشە ناکەین
کە ھەمیشە باکگراوەندی
خۆھەڵخستن و درۆکانمانە..) ل: ١٨٦ - ١٨٧ (دەقی: لەژێر قوبەی ئومێددا).
***
ئەو دەمە
مەیخانە پاڵی بەمەیخانەوە دابوو.
کەس نەیدەزانی مەرگ چییە..
گەلگامێش لە مەیخانە دادەنیشت،
سێوی بە پەلکەوە دەخوارد..
گوێی بۆ حیکایەتی
ئەو سەردەمانە ڕادەدێرا
ھێشتا نەھاتبوون.
حیکایەتی
ئەوەی پاشان،
ناوی لێنرا بێھوودەیی...) ل: ٢٢٨ - ٢٢٩ (دەقی: بەرپابوونەی شەو).

شیعری کوردی پاڵەوانی زۆر تێدایە، بەڵام ئەستێرەی تێدا نییە. واتە: پاڵەوان تەمەنی کورتە و زوو بێ شوێنەوار دەمێنێتەوە و دەمرێت، بەڵام ئەستێرە تەمەنی درێژە و شوێنەواری لەناو کۆمەڵگا دەمێنێتەوە و وەک نموونەیەکی پڕاوپڕ بە ڕووناکییەوە دەژی.

کۆشیعری ( ئەوەی لە دوا خوانی برایاندا نەگوترا بوو - ٢٠١٥ ) لەڕووی ناوەرۆکەوە تەواو جیاوازە لە کۆشیعری (بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم لەو کانییانەم خواردەوە - ٢٠١٠) جیھانێکی ئێستێتیکی بە خەمڵیوی ھێناوەتە بەرباس و بینین و لەسەر ئاوێکی ڕوون ھێما و ھێما بۆ کراوەکان نیشان دەدات، بەڵام وەک زمان و شێواز ھەردوو کۆشیعر تیشکدانەوەی یەکن و لەنێوانیشیاندا پێنج ساڵ ماوەی خەمڵین ھەیە. تەنیا تێگەیشتن و بینین و دەربڕین لە بارودۆخ و زانیارییەکان گۆڕاون. لەگەڵ خوێندنەوەی نوێ و سەرچاوەی جۆراوجۆردا. ئەم لێک نزیکییەی شێواز و زمانە وەک ھەڵەیەکی باو لەناو ئەدەبی کوردیدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ھەندێک جار بووەتە حوکمی ناڕەواش بەسەر داھێنەرانەوە. بە پێچەوانەوە ئەم تیشکدانەوەی شێواز و زمانە ڕوویەکی زۆر سەرکەوتوو نیشاندەدەن. کەم شاعیر دەگاتە ئەم پلە و بارە پێگەیشتووە. ئەمەش ئەوەیە شاعیریەتی پێگەیشتووە و شێوازێک بووەتە (ناوەند)ی. نووسەرێک، کە ناوەندێکی بۆ دروست بوو، نزیک بووەتەوە لە تەکامڵ. لەو ناوەندەدا پرشنگەکانی ھەستپێکردن ڕادەکێشێتە ناو بیر و لێکدانەوە و دەربڕینی خۆبوونی ئەدەبی خۆی. ئەو شاعیرانەی ناوەندێکیان بۆ دروست نەبووە و زوو زوو لە شێوازێکەوە دەپەڕنەوە شێوازێکی تر. ئەوانەن نەگەیشتوون بە ناوەند و شێواز گۆڕینیشیان ھەستی دوای خوێندنەوەیە و نەگەیشتوون بە خۆبوونی ئەدەبی خۆیان و بیر و باوەڕ و زەمینەی دەروونییان ڕفۆکە.

من شەش منداڵم ھەیە. دوای خوێندنەوەیەکی پڕاوپڕ، ھەندێک کۆشیعر بەقەد ژمارەی منداڵەکانم ماچ دەکەم. ئینجا لە دڵەوە ڕێزی لێدەنێم و لەناو کتێبخانەکەمدا لە شوێنی شیاوی خۆی دادەنێم.

لە کتێبخانەکەمدا سێ خانەم بۆ شیعر تەرخان کردووە:

خانەی یەکەم: شاعیرانی داھێنەر.

خانەی دووەم: شاعیرانی نیمچە داھێنەر، ئەوانەی دێڕ و کۆپلەی شایەن بە خوێنەوەیان ھەیە، دێڕ و کۆپلەکانیش لە تراژیدیایەکەوە ھەڵقوڵاون، نەک لە ڕامان و لێ ورد بوونەوەی شاعیرانە.

خانەی سێیەم: شاعیرانی ھیچ لەبار نەبوو، ئەوانەی پاشخاپەرۆکی شیعری کوردین.

برازا و خوشکزا و کەس و کار و ھەر ئاشنا و ڕۆشنایەکم، کە دێنە ماڵم داوای کتێبم لێدەکەن. ھەمیشە کۆشیعرەکانی خانەی سێیەمیان دەدەمێ. ئەگەرچی ھەر کتێبێک پەیوەندی بە شیعرەوە ھەبێت. بێ یەک و دوو دەیکڕم. ئەگەر بزانم خراپترین کتێبیش بێت. وەک ڕێزێک بۆ شیعر لە خانەی سێیەمی دادەنێم و چاوەڕوانی ئەوە دەبم لە دەرفەتێکدا بیبەخشم. بە پێبەخشراویش دەڵێم: کتێبێکی پڕوپووچ و بێ مانا و گەندە و بێ نرخ و پاشخاپەرۆکە.

ئەم کۆشیعرەی نەژاد عەزیز سورمێ ( ئەوەی لە دوا خوانی برایاندا نەگوترا بوو ) ھێزی کاریگەری خۆی دەرخست و لە درەنگانێکی شەودا بەقەد ژمارەی منداڵەکانم ماچم کرد و بۆ رێزلێنان لە داھێنان لە خانەی یەکەمم دانا، دڵنیاشم ناوە ناوە دەگەڕێمەوە سەری و خاڵی لێکچوواندن و جووڵەی کاتی ئایندەی بەپیتتری لێ دەدۆزمەوە و ئاسۆی چاوەڕوانی بەرینتردەبێت.


کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ - ھەولێر

 


نامەیەکی کراوە بۆ عەبدولڕەزاق بیمار.



کاکە بیمار سڵاو: نزیکەی دە ساڵێکە خووێکم گرتووە، ھەموو مانگی یەکی ساڵێکی نوێ، ئەم پێنج کتێبە لە کتێبخانەکەم دەردەھێنم و کاتی خۆمیان لەگەڵ نوێ دەکەمەوە. کتێبخانەکەم ھەمەجۆر نییە. تەنیا ئەدەبە.

١- دیوانی مەحوی.
٢- کۆچیرۆکی لاکێشە ڕووناکەکانی عەبدوڵڵا سەڕاج.
٣- نۆڤلێتی چارەنووسی ئادەمیزادی شۆلۆخۆڤ، دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف کردوویەتی بە کوردی.
٤- دیوانی گۆران.
٥- کۆچیرۆکی گەلەگورگی حوسێن عارف.

مەرجیش نییە سەرلەبەر ھەموویان بخوێنمەوە، بەڵام بە زۆرینەیاندا دێمەوەو لە شێواز و بیناسازیی و بنەمای گیانی و ھێزی خوڵقێنەریان ورد دەبمەوە. ڕەنگەکانی داھێنان بەگەلێ شێوەوە خۆیان نیشان دەدەنەوە، پاشان ھێواش ھێواش لەچاو ون دەبنەوە، ونبوونێکی قووڵ، پاش تێپەڕبوون و ڕاگرتن و گێڕانەوەیان، پابەندییەکانی نووسین دێنەوە ئاراوە و زەینم دەورووژێنن. ئەم زەین ورووژانە ھەستپێکراو و ئاشنایە، بارودۆخەکان دەبڕێت و چاوشایەتی بارودۆخەکانیشە.

ئەمساڵ ئەوەم نەکرد، کۆخوێندنەوەیەکم بۆ ھەموو بەرھەمەکانی تۆ کرد. خۆم لەبەردەم پێکھاتەیەکی کراوەدا بینییەوە، تایبەت، زۆر لە دڵەوە، ھەر پێنج کۆشیعرەکەتم خوێندەوە. (١- دیوانی بنەوشەکان - ١٩٨١. ٢- دڵداری ئێمە ١٩٨٢. ٣- کانیلە و خۆشەویستی ١٩٨٤. ٤- ناوچەوان ٢٠٠٠. ٥- ڕۆژانێک بوو ٢٠٠٦)، ئەگەرچی تاک تاک لە کاتی دەرچوونیاندا، خوێندوومنەتەوە، نازانم بۆ لە یەکەم خوێندنەوەمدا ئاوا ھۆگریان نەببووم، قووڵایی ئەم جیاوازییە لە کوێدا دەردەکەوێ. لە ئەفسوونی شیعر خۆیدا. گرینگترین ڕەگەزی ھۆگربوونیش سەراسیمەبوونە بە ھەستپێکردن و ھەستپێکراو، بەڵام تشیرینی دووەمی (١٩٦٩)، لە گۆڤاری بەیان ژمارە (١)، شیعرێکت بە ناوونیشانی (ئەسپی والی)، بڵاوکردووەتەوە، ھەروەھا ئەیلوولی (١٩٨٦)یش، لە گۆڤاری نووسەری کورد، ژمارە (٥) دوو شیعرت بە ناوونیشانی. ١- (بەچرپە). ٢- (داڵدە). بڵاوکردووەتەوە. نازانم ئەفسوونی ئەم سێ شیعرەت چییە و لە تەمەنی خوێندنەوەمەوە لەگەڵمدان و لێم جیا نابنەوە و بەوپەڕی سادەیی شیعرییەوە لەناویاندا ماومەتەوە، ھەمیشەش نەوای نوێ دەچرپێننە گوێم و زۆر دوورم دەبەن، دوور بۆ ھەرێمی بێدەنگی شیعر، کە دڵنیام دەگەم بە مەرگ و ناگەم بە ھەرێمی بێدەنگی شیعر.

گۆران یەکێکە لە نموونە باڵاکان لە لای ئێمە و کاریگەری لەسەر ئاراستەکانی شیعری کوردیدا ھەبووە. ھەندێک مەودا لەناو ئەزموونی تۆدا بە ئاسانی دەستنیشان دەکرێن، کە دەربڕین لە ھێڵی شیعری گۆران دەکات، دەشزانم گۆران دەکەیت بە سەرچاوەیەک و لەودا ھێز و نیشانەی شیعر وەردەگریت، بەڵام نیشانکار و نیشانکراوێکی نیمچە جیاواز دەدەیت بە زمانی شیعر و بە شەرمێکی زۆرەوە سەرچڵی ئەوە ناکەیت تەواو لێی جیا ببیتەوە. ئەم بۆچوونەش بە تەواوی لە زمان و پێکھاتەی شیعری (دووکانەکەی مام حوسێن) ڕوون دەبێتەوە و ئاراستەکانی دەستنیشان دەکرێت، بەو پێودانگەی گوتراوە شیعری داھێنراو ھونەری بێدەنگییە، تۆ لەسەر ھێڵی ئەم بێدەنگییەدا ماویتییەوە و بێدەنگی شیعرت پاراستووە، بەئاگاداریەوە دەشبینیت چ لە دەوروبەرتدا ڕوودەدات، بە ڕوونییەکی زۆرەوەش بەشدارییەکی کارا و ئەندازەییت لە چوونە ناو ھەرێمی بێدەنگی شیعر کردووە، ئاسۆی چاوەڕوانی دەقی خۆت بێدەنگ ڕاگرتووە، نەک پڕ دەنگە دەنگ و ژاوەژاوی جاڕسکەر. دەبێت ژیانێکی سەربەخۆ و بێ لایەن و نیمچە دوورەپەرێزت ھەبێت تا بە قووڵی تێیدا ھەست بە شیعر بکەیت. سەکۆ و شوێنی قەرەباڵغ و شوێنە گشتییەکان، شوێنێکن بۆ کات بەسەربردنی نووسەرە گەندە و پەراوێز و کارمەندە کانی ڕۆشنبیری.

ئەم ھەستپێکردنە دوورم دەبات، دوور بۆ ھەرێمی بێدەنگی شیعر، مەغدوورترین شاعیر لەبارەی لەبارەنووسینەوە تۆیت، کانوونی یەکەمی (١٩٨٤) لە گۆڤاری بەیان، ژمارە (١٠١ - ١٠٢) بابەتێکی ڕەخنەیی دکتۆرکەمال غەمبارم بە ناوونیشانی (کانیلە و خۆشەویستی) خوێندەوە، ئەم نووسینە بەھا و گرینگییەکی تایبەتی ھەیە. لەناو واقیعی شیعرەکانەوە،کە بەڕوانینێکی ڕەخنەگرانەوە گوتاری ڕەخنەیی خۆی دادەمەزرێنێت، تاکە نووسینە لەبارەی ئەزموونی تۆ خوێندبێتمەوە، وەک یەکەمین سەرچاوەش پێویستە بگەڕێینەوە سەری. تۆ یەکێکی لە ئەزموونگەرە پێشەنگەکان، بەڵام ئەزموونگەرێکی بەردەوام نەبوویت و ناکرێیتەوە و نابیتەوە چەند ڕووبەرێکی تر، واتا بە پانوپۆڕی ئەزموونی نوێبەخشی نەچوویتە پێشێ. پابەندی بە بیروباوەڕی چەپ و لەسەریشی سووریت، لێڵی ھەستیش لە ئەزموونی تۆدا نییە. زۆر بە وردیش وشەکانت ھەڵدەبژێری، وردبینانەش بەکاری دەبەیت. ئەوەی لەھەست وێنای دەکەیت، لەسروشتی شیعردا پیشانی دەدەیت. ئەزموونی تۆ وێنەیەک لەسەر شاعیر دروست دەکات، کە ھەڵگری باری گرانی ھەقیقەتە. لەکاتێکدا شاعیر ھەڵگری ھەقیقەتێکی فەنتازییە و لە ڕێگای ھەقیقەتەوەش قسە ناکات، بگرە لە ڕێگای ھەقیقەتێکی فەنتازییەوە قسە دەکات، قسەکردنیش لە ڕێگای فەنتازیاوە باڵاترین شێوەی قسەکردنی ئەدەبیییە، شیعر بێ فەنتازیا مانایەکی ھەستی و ھونەری نییە. شتێک بەھۆی ئاڵۆزی واقیعەوە بزر دەبێت، شاعیر لە دۆخی زەینیدا ئەم شتە دەبینێت و دەیدۆزێتەوە و ناوی دەنێت فەنتازیا.

شیعر و خوێندنەوەی، تاکە برادەری نزیک و باوەڕپێکراومە، ساڵە باشەکانی خوێندنەوە تێنەپەڕیون، ھاوینی (٢٠١٤) باسی توانا و ئەزموونی پڕ و کارای لەبیرکراوی تۆم بۆ دکتۆر عوسمان دەشتی کرد و پێشنیاری ئەوەشم کرد، کە بیرکردنەوەی بەرھەمدارت لە زانکۆکانی کوردستان باس بکات و بدرێت بە قوتابییەکی ماستەر، یان دکتۆرا، پاش ماوەیەک ئەو ھەواڵە شایانەی پێ ڕاگەیاندم کە پێشنیارەکەم لە لێژنەی زانستی، بەشی کوردی، زانکۆی کۆیە، پەسند کراوە و قوتابییەک نامەی ماستەر لەبارەی ئەزموونی بەرھەمدارت پێشکێش دەکات.

سەرکەوتن لەناکاودا ڕوونادات، دوای چەندان تاقیکردنەوە و چاودێریکردنی ئەزموون دێتە دی. ئەو ھەستە ئەدەبییەی، کە چەندان ساڵە بۆی دەگەڕێ لە نوختەی بینین، ڕووبەڕووی داھێنەر دەبێتەوە و لە چرکەی بەخشندەییدا دەیدۆزێتەوە. پاش تێڕامان و بەخۆداچوونەوە ئەم چرکە بەخشندەیییە وەک ناوەندێک وەردەگرێت، کە شاعیر ناوەندی خۆی دامەزراند و چووە ناو چرکەی بەخشندەیی خۆیەوە، ئیتر دەکرێتەوە و دەبێتەوە چەند ڕووبەڕێکی تر.

(٨/١٢/٢٠١٢) برایەکم جوانەمەرگ بوو، لەمەرگیدا ھەموو شتێکم بزرکرد و لە ڕاستی بوون گەیشتم و توامەوە. خودا: کرۆکی ڕووناکییەکانە نەمتوانی لەودا بتوێمەوە، بەڵام لێی نزیک بوومەوە. دوای ڕووداوەکە بەدوای ئاگری جەرگ دەگەڕام و ڕوونی ئاو و ئاسمانم تەی دەکرد، ھەوڵم دا مەرگنامە و لاوانەوەیەک بنووسم، دواتر بە ناوونیشانی (دواتاریکی) نووسیم و لە کۆشیعری (حەز دەکەم ئەوەندە بژیم)دایە.

دیوان و کۆشیعری زۆربەی شاعیرانی خۆمانم ھەڵگێڕ و وەڕگێر کرد، مەرگنامە و لاوانەوەکانم بە دڵگەرمییەوە خوێندنەوە، لەم پانتاییەدا، کە پانتاییەکی پڕ و کارایە لە شیعری نوێی کوردییدا، تەنیا ڕووبەڕووی یەک دوو دەق بوومەوە، کە لە واقیع دوورخرابێتەوە و کرابێت بە واقیعی نووسین، مەرگنامە و لاوانەوەکەی دیلان بۆ شێخ مەحموودی حەفید، بە ناوونیشانی: (شێخ مەحموودی زیندوو). لە ھەر ھەمووشیان قووڵ و سەرنجڕاکێشترین مەرگنامە و لاوانەوە ، مەرگنامە و لاوانەوەکەی تۆیە بەناوونیشانی: (شیوەنی سەیدەوان)، کە بۆ کوڕە جوانەمەرگەکەت نووسیوە. بەو تێگەیشتنەی من بۆ شیعر ھەمە، لە لایەنی مەرگنامە و لاواندنەوەوە، شیعرەکەی تۆ لەناو شیعری نوێی کوردیدا، دەقێکی کتوپڕ و سەرسوڕھێنەر بوو، لە واقیعی کارەسات دوورخراوەتەوە و مەودای واقیعی نووسینی وەرگرتووە و گەڕاویتەوە سەر ڕەگ و ڕیشەی کولتووری کوردی، بەیتی سەیدەوانت کردووەتە پەیژەی سرووش بۆ درەوشانەوەی ڕوودا و ھەڵکشانی بەرەو بەرزایی و ڕایەڵەکانی دەقی درامی.

ساڵی(١٩٩٨) ڕۆژنامەنووسان: مەحموود زامدار و ئازاد عەبدواحید چاوپێکەوتنێکی تێروتەسەلیان بەشێوەی کتێب بەناوونیشانی: (شکور مستەفا: گەشتێک بەناو زمان و فیکر و ئێستێتیکادا) لەگەڵ شکور مستەفا کردبوو، لەم چاوپێکەوتنەیدا لەسەر ئەزموونی من وەستاوە و بیروڕای لەبارەوە دەربڕِیوە. لە بۆنەیەکدا لە ھەولێر، لە ئوتێلی ھەورامان ڕێکەوتی یەکتریمان کرد و بەشەرمێکی زۆرەوە سوپاسم کرد، کە بەم تەمەنەوە بەرھەمی ئێمەمانان دەخوێنیتەوە، نەک ھەر دەیخوێنیتەوە، بگرە قسەشی لەبارەوە دەکەیت. بەخاکەڕاییەوە دووبارە قسەی خۆی کردەوە و گوتی: شاعیری گەنجی وەک ئێوەمانان دەبێت وەک عەبدولڕەزاق بیمار شارەزای ھونەرەکانی شیعری کلاسیکی کوردی بێت. دیارە بەھرە و توانایی تۆی باش ناسیوە، بۆیە لە ڕێگای تۆوە ئەم ئامۆژگارییەی ئێمەمانانی کرد و من لەلای خۆمەوە گوێڕایەڵی بووم و دەبم.

من وردودرشتی لایەنەکانی ئەزموونی تۆم بەدڵ نییە، بەڵام لە ھەموویاندا شاعیرانە بیرت کردووەتەوە و لەو خاڵە گەشانەی، کە ھەست و بینین تێکەڵاو دەکەیت، دەوەستم و دەچمە ناو چوارچێوەیەکی شیعرییەوە. بەتایبەتی شیعری (ئەسپی والی). لەگەڵ ئەم شیعرەدا، کە ساڵی (١٩٦٦) نووسیوتە، کرۆکی سەرەتای شێوازێکی نیمچە نوێ لە شیعری کوردیدا دێتەگۆڕێ، بەڵام بەتەواوی لەدایک نابێت. دواتر لەسەر دەستی کۆمەڵێک شاعیری دیکەدا لەدایک دەبێت و گەشە دەکات و پێدەگات، ئەگەرچی سەداسەد فیکرەی شیعرەکەت لە کەلەپووری کوردی وەرگرتووە، بەڵام گرینگی و بایەخ لە شێوازدا وەردەگرێت. شێواز لەخودی تۆدا مەبەست بووە. لەو مەبەستەدا شێوازی شیعری خۆت بەھێز کردووە.

کاکە بیمار: یەک لە خەسڵەتەکانی داھێنان و داھێنەر، بوێری و سەرچڵییە. لە سێیەمین میھرەجانی شیعری کوردی لە ھەولێر، لە (١١/٩/١٩٨٦) شیعری (قوڕقوشمی تاڵ)ت خوێندەوە و پێشکێشی شاعیری شەھید (جەمیل ڕەنجبەر)ت کرد. لەم شیعرەتدا گوێگر بەر دنیابینیەکی جیاواز کەوت لەگەڵ ئەو شیعرە بەرگرییە باوخوازانەی لەئەدەبی کوردیدا ھەبوون.

ئەم جۆرە خۆھەڵخستنانە، خۆھەڵخستنی خۆدەرخستن، کە لەم جۆرە بۆنانە ڕوودەدەن، بەڵام ئەوەی تۆ بوێری و سەرچڵیی داھێنان و داھێنەرانە بوو، نەک خۆھەڵخستن و خۆدەرخستن.
لە ھۆڵەکەدا لە نێوان دوو شاعیر دانیشتبووم، کە پێشکێشەکەت خوێندەوە، ھەردوو شاعیرەکە وەک ئەوەی لە گەرمەشەڕی سەنگەردا شکابن و تفەنگیان فڕێدابێت، ھەڵاتن و ھۆڵەکەیان جێ ھێشت، کەواتە ئەم دوو شاعیرە بوێری و سەرچڵیی داھێنان و داھێنەریان تێدا نییە، بۆیە مێژووی نووسینیان زیاتر لە چل ساڵە ھەر وەک پەراوێز ماونەتەوە و لە شوێن پێی خۆیاندا پێکوتە دەکەن، ھەر مانگێکیش دەربکەوێت، ئەوان دەشڵەژێن و چەنەیان بەرانبەری شل دەبێت، دەبن بە عەبەلوول.

لەدوای ئەم بوێری و سەرچڵییەتەوە، ھەرچی نووسینی تۆم لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبەوە کەوتبێتە بەرچاو، پێش ئەوانی تر بەسەریدا دەکرێمەوە و دەیخوێنمەوە. جەستەیەکی بێ ھێز و لاوازت ھەیە، سەرباری ئەم بارەش بوێری و سەرچڵیت بۆ ئەدەب لەوپەڕی ھێز و وردی و نەفەس درێژی تەندروستیدایە.

کاکە عەبدولڕەزاق بیمار: لە دڵێکی نزیک، زۆر نزیکەوە ئەو نامەیەت بۆ دەنووسم. شیعر تاھەتایە نەناسراوە، ببڕای ببڕیش لەبارەیەوە ھیچمان پێ ناگوترێت، یان ناتوانین شتێک بڵێین. ئەوەی ھەیە دوور لە ھەموو پاڵەپەستۆ و چاووڕاوێک دان بەوەدا دەنێم ملکەچی دەسەڵاتی شیعری بێگەردین. ھەستی شیعر کە ھات و شاعیری خستە دۆخی زەینییەوە، ڕەت ناکرێتەوە، من سی و پێنج ساڵ زیاترە، بەپڕاوپڕی بوون و توانامەوە لەگەڵ شیعردا یەکم گرتووە و لەناویدا تواومەتەوە.(الفناء فی اللە - الفناء فی الشعر)، ھەرکاتێک زانیم شیعر چییە. ئیتر دەچمە قووڵایی بێدەنگیی و ناینووسم، بەڵام دڵ بەخۆ خۆشم تا ئێستا نازانم چییە و دەینووسم، نووسینەکانی تر دەزاندرێن چین. شیعر ھەموو مانایەکانە، ھیچ لەبارەوە زانین، بچووککردنەوەیەتی بۆ تاکە مانایەک.

لە پاڵ شیعردا، شتێک ھەیە کامە کامەت پێ دەکات، شانۆنامە و چیرۆک و لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی دەنووسیت و کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕانیش دەکەیت. شاعیری داھێنەری تریش بوونەتە قوربانی ئەم کامە کامەکردنە، ئایە دەتەوێ فۆرم و شێوازی ژیان لە چ ئەدەبێکدا دابڕێژیت و بەھرە لەکامیاندا بنوێنیت، یان دەتەوێ وەک فەلسەفەیەک ئەوە بەکاربھێنیت، کە تێڕوانینێکی گشتگیرت بۆ ئەدەب ھەیە. ئەمەش یەک لە مەحاڵەکانی تایبەتمەندی و نەگەیشتن بە ناوەندە. جارێکیان لە ماڵی دکتۆرمارف خەزنەداردابووم، وانەی بە دوو قوتابی دکتۆرا دەگوتەوە. وانەکەی لەبارەی پیرمێردەوە بوو، چۆن شیعری لە وشە و دەربڕین و دەستەواژەی بێگانە بژارکردووە. گۆرانیش ئەم کارەی پیرەمێردی پەرەپێدا و کردی بە بنەڕەتێک بۆ نوێبوونەوە. ئاماژەشی بە ناوی پیرەمێرد و عەبدولڕەزاق بیمار و ئەحمەد تاقانە و فەرھاد شاکەلی دا، کە نووسینەکانیان بەسەر شاعیرەتییاندا کراوەتەوە و لە بنەڕەتیشدا ھێزی شاعیرایەتییان، نیشان و نیشانەی کەسایەتی ئەدەبییانە. ئەگەرچی ھیچ نووسینێکی تر ناتوانێت شکۆمەندی شیعر داگیر بکات، چونکە شیعر ھونەری بێدەنگی و جوانکردنی بوونە، شیعرییەتی شیعر، ھونەری بەشێکە نەک جەماوەرێکی پانوپۆڕ، ئەم بەشەش بەدوایدا دەگەڕێت و دەیدۆزێتەوە، وەک کارێکی تایبەت خۆشی دەوێت، خۆشویستنێک، کە لە ژیانیدا ھەستی پێ دەکات و گرێ و گۆڵ لە ڕووبەری ھەست دادەماڵێت.


کانوونی دووەمی ٢٠١٦ - ھەولێر

 


کتێبی: (پووشکین: ژیان و بەرھەمی شاکاری) و سوێی یادێک.



ھەموو درەختێکی بەردار ئەفسانەیەکی ھەیە و دەیەوێ مرۆڤ بە ئارامی لەناو ئەفسانەکەیدا بژی. خۆم وەک ئەو خاکەی بۆ باخ خۆش دەکرێ دەبینم: درەختەکانی باخ ھەموویان لە خاکێکی دیاریکراودا بەیەکەوە دەژین و بەرھەم پێشکێش دەکەن. بەرھەمەکانیش ھەر یەکەی تام و شێوە و قەوارەی تایبەت بە خۆی ھەیە، ھەر یەکیش کاتی جیا و تایبەتی ھەیە لە پێگەیشتن و پێشکێشکردنی بەرھەمەکەی، ھەموویان وەک برای دایک و باوکیی بەیەکەوە دەژین و ھیچیشیان لە ئیرەیی پێ بردنی ئەوی دیدا ھەڵنابزڕکێت.

با دێ پێکەوە لە ھەموویان دەدا، باران دێ پێکەوە لە ھەموویان دەدا، ھەتاو دێ پێکەوە لە ھەموویان دەدا، ڕووناکی مانگ دێ پێکەوە لە ھەموویان دەدا.....تاد، منیش داھێنەرم تادواپلەی خۆشەویستی خۆش دەوێ. ھەر بابەتێک لە داھێنەرێک بخوێنمەوە، ئەوپەڕی ئاوات و دڵڕوونیمە، لەسەر نانی سەرخوانی ھەموو ماڵان ناوی بنووسم، یان لەسەر شانی خۆمی دانێم و بەناو شاردا بیسووڕێنمەوە. وەک ھێمایەک پێشانی دەستەبژێری کۆمەڵگای کوردی بدەم، بەڵام بە ھیچ شێوەیەکیش بە ناداھێنەرێکم نەگوتووە دەستخۆش، شیعر پێویستە لەپێناو خۆت و ئێستێتیکای زماندا بنووسرێت، قسەش پێویستە لەپێناو ھەموواندا بکرێت، من شیعرم کردووەتە زمانی ھەموو دەربڕینەکان و تەنیا لە شیعریشدا دەگەمە چێژی دەربڕین. چێژی دەربڕین ھەورم بۆ دەکاتە بالیف و ئەوەی خەون و خەونمە بە باشی دەیبینم.

خودا ئەو بەندانەی خۆی خۆش دەوێ، ھەندێک بیرەوەری و پەیوەندی لێک نزیکی بۆ نزیکتر دەکاتەوە و لە یەک خاڵی خرۆشاندا کۆیان دەکاتەوە، پاشان دەیانخاتە بەر سروەی ئیلھام.

لەناو کتێبخانە بچووکەکەمدا، بە دوای کۆشیعری: (نوختەی نوونەکەی ژیان)ی فەرھاد شاکەلیدا دەگەڕام، پێویستم بوو، بۆ شێوە بەراوردکردنێک لەگەڵ شاعیرێکی ھاونەوەی خۆی بۆ جیاوازی و بەکارھێنانی ھێڵ و ھێماکانی ئەزموونی ئێستایان. بێ ویست و بیرلێکردنەوە کتێبی: (پووشکین: ژیان و بەرھەمی شاکاری)، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: محەمەدی مەلا کەریم، چاپخانەی (الحوادپ) ١٩٨٣ بەغدا، کەوتە ناو ڕووناکی چاوم و بە ئاھێکەوە دەستم بۆی برد. سام و مووچڕکی یادێک ھەردوو شانی گرتم و لە ناخەوە ڕایوەشاندم و خاوی کردمەوە، وەک ئەوەی کەوتبمە ناو قووڵایی ئاوێکی ساردەوە و مانگ لە ناویدا خنکا بێت. لەو چرکە پڕ دەروونڕۆشنییەمدا، داوام لە خودا کرد ڕوو لە جیھانی خامۆشان بکەم. بە توندی خۆرەتاوی ئەو ڕۆژە تێم ئاڵا و دەست و پێی بەستم.


محەمەد خدر مەوولود لە (ھۆڵی ڕۆشنبیری جەماوەری ھەولێر) لە ٢٣/١١/٥١٩٨، کۆڕێکی لەبارەی کۆشیعری (نیگەرانی) نەوزاد ڕەفعەت گێڕا، لەو کۆڕەدا من و (ئیسماعیل تەنیا) بە تەنیشت یەکەوە دانیشتبووین، ناوونیشانی کۆڕەکە پێش چەند ڕۆژێک ڕاگەیەندرابوو، کە فڵانە ڕۆژ، کۆڕێک بەو ناوونیشانەوە لەبارەی فڵانە بابەت دەگێڕدرێت. منیش کۆشیعرەکەم بەوپەڕی وردەکارییەوە خوێندبووەوە، ئەگەرچی موو بە موو ئاگاداری شیعری نوێی کوردیم و لەناویدا توایمەوە و بێ جیاوازی، ھەمووی بە وردی و یەک ئاست و بایەخەوە دەخوێنمەوە. ھەستم کرد بەشێکی، کە دەیخوێنمەوە بەرزەین و ھەستم کەوتوون. ئەو ھەستپێکردنە خستمییە کەڵکەڵە و سەر ھێڵی بەدواداگەڕان و زەینم ڕوون بکەمەوە لە کوێ بەرزەین و ھەستم کەوتوون. وەک سەرەقەڵەم دۆزراوەکانم تۆمارکردن. بۆ بەشداری گفتوگۆ لە کۆڕەکەدا ئامادەییەکم لا دروست بوو، ئەگەرچی بە سروشتی خۆم لەکۆڕدا حەزم لە گوێگرتن و سەرنجدانە. ئەم بابەتەم لای برادەرانم: (مەولوود ئیبراھیم حەسەن و خالید جووتیار و مەسعوود پەرێشان و فەیسەڵ دێھاتی) باس کرد. ئەو پێشنیارەیان کرد، بۆ ئەوەی بۆچوونەکانم ببێتە بەڵگەدار و جێگای بڕوا، ئەو سەرچاوانە لەگەڵ خۆم بھێنمە کۆڕەکە. وام کرد و ھەموو سەرچاوەکانم لەگەڵ خۆمدا بردە بەردەم میکرۆفۆنی سەر مێزەکە، ھەرچی دۆزیبوومەوە، کە بە وەرگیراوم دەزانی وەک سەرچاوە، ھەم لاپەڕەی شیعرەکە و ھەم لاپەڕەی سەرچاوە لێوەرگیراوەکەم پێشانی جەماوەر دا. شاعیریش لە کۆڕەکەدا لە ڕێزی پێشەوە دانیشتبوو، دوای ئەوەی ھەستپێکردنەکانی خۆمم پێشکێش کرد، شاعیر ھیچ وەڵامێکی نەبوو، بەڵام ڕەنگی بە ھەموو ڕەنگەکانی ھەیە گۆڕا. سەرەقەڵەمەکان بە ھیچ ویست و ئاراستەیەک نەبوو، تەنیا و تەنیا حەز و شەیداییەکی قووڵی ئەدەبی و جۆشێکی گەرم نەبێت.

دەبووایە ئەو حەقیقەتە لەبەرچاوی ئەو جەماوەرە زۆر و بێ شومارە ئاشکرا نەکەم. بەوەی نابێت ھیچ گیانلەبەرێک بەھۆی منەوە دووچاری ناخ شڵەژان و نیگەرانی ببێت، خودایە: (ھەموو دۆست و دوژمنەکانیشم لە کاری باش سەرخەی). داوای بەخشندەییش لە گوتنی ئەو حەقیقەتە دەکەم، واتە: لەخودی حەقیقەتەکە، کە بە گوتنی، مرۆڤێک دووچاری ناخ شڵەژان و نیگەرانی بوو، بێ گومانیشم لە ھەستی بێ پەڵەی خۆم. سەرەقەڵەمەکانی من بە ناوی (شاعیری قۆپیەچی)یەوە بوو، دوای ئەم ھەستپێکردنانە لەخۆبوونی و مۆرکی ناسراوی خۆی، بێ ئومێد بووم و لە ھێڵی خوێندنەوە و بایەخی مندا کەوتە پەراوێزەوە و بەلاوەم خست، بەوەی زانیم خانەیەک بۆ شیعری کوردی زیاد ناکات.

دیدگا دەگۆڕێت. نموونە: ساڵی ٢٠٠٨ ھەرسێ بەرگی کتێبی: مەحرەمی ڕاز: شەرحی غەزەلیانی حافز - ی (ئەکرەم عەنەبی)م خوێندووەتەوە، چەند شوێنێکم بەلاوە گرینگ و سەرنجڕاکێش بووە، ھێڵم بەژێردا کێشاون. ئێستا، ٢٠١٦ جارێکی تر دەیخوێنمەوە ھێڵ بە ژێر شوێنی تری دەکێشم و شوێنی تریم بەلاوە گرینگ و سەرنجڕاکێشە. ئەم دۆخگۆڕێنە گۆڕان و خاڵی بینین و دۆزینەوە و بەردەوامبوون و پوختکردنەوەی ژیانە.

دوای ٣٣ ساڵ ئەزموون وام لێ دەکات بڵێم: شێوەی دەربڕینەکەم ھێمنیی بیرکردنەوەی کەمێک زیاتر دەویست، یان یاخیبوونێکی کەمێک ڕووشکێنانە و خۆبەشتزان و پڕ بوو لە ھەستی گەنجانە، زیاتر لە قەوارەی ڕۆشنبیری ئەو سام. ئەگەرچی ئەو بەراوردانەی، کە کردبووم. ھەموویانم وەک سەرچاوە پیشان دا، دەستەواژەی: (شاعیری قۆپیەچی) بێ ھیچ گومان و دڵ لە دڵدانێک دەستەواژە و دەربڕینێکی ھەراسانکەر و دڕدۆنگانەیە، دەکرا ئەو حەقیقەتەی دۆزیبوومەتەوە بە شێوەیەکی نەرم و نیانتر ئاشکرام بکردبووایە. بە تایبەتی، کە بینیم شاعیر سەرنجێکی دوورودرێژی ڕکئامێزی لێدام و ڕەنگی بە ھەموو ڕەنگەکانی ھەیە گۆڕا. خۆم وەک گەنجێکی ئازاردەر ھەست پێ کرد، خۆم ئازار دا و سەرقەڵەمەکانی خۆمم ھەمووی دڕاند، وەک نووسینێک بۆ بڵاوکردنەوە دامنەڕشتەوە، بۆچوونەکان بوونە جێگای بایەخی زۆرێک لە ئامادەبووان، بەوەی لەکاتی پێشکێش کردنی سەرنجەکانم تەماشای ئامادەبووانم دەکرد، بینیم ھەموو لە ھەموو لە بچووکیانەوە تا گەورەیان یەک بە یەک خرۆشابوون. من شڵەژام و حەپەسام، دوای تەواوبوونی کۆڕەکە لە دەرەوەی ھۆڵدا زیاتر لە نیو کاتژمێر بەشێکی ئامادەبووان لەگەڵم وەستان و گفتوگۆی سەرنجەکانمیان کرد، یەک لەوانە: (عەبدوڵڵا سەڕاج) بوو، گوتی: لەم ڕووەوە، دەردی گران و باری گرانی چیرۆکنووسانی کورد لە شانی منە، بەڵام من لە شوێنی ناگونجاو و لەناو جەماوەردا لەڕوویان نادەم و ڕووشکێنیان ناکەم.

(مەحموود زامدار) بە نەوایەکی پڕھاندانەوە گوتی: (ئەی لە ئومێد ئاشنا وردتر ، بینووسەوە و بیھێنە تا لە ڕۆژنامەی ھاوکاری، یان گۆڤاری بەیان، کامیانت ویست بڵاوی بکەینەوە)، بە خەندەیەکی گاڵتەئامێز و پڕتەوسەوە دەنگی بەرزکردەوە و دەستی ڕاوەشاند: ھای ھای، چما ئەم شاعیرە ئەوەیە.

ئەم دەروازە و زەمینە خۆشکردنە بۆ سوێی یادێکە:

لەناو کتێبخانەکەمدا بووم، ھەموو ھەستەکانم شۆڕببووەوە ناو ئەزموونی کۆشیعری (نوختەی نوونەکەی ژیان)، کە لە ئەزموونی ھیچ شاعیرێکی ھاونەوەی خۆی ناچێت. ژیان لەسادەیی خۆی، لەناو نادیاریەکی خوداییدا ئامادە و مانادارە بە بڕوابوون بە بوونی بەختەوەرییەکی نادیار. ئەم چەمک و تێمایە لەناو شیعری کلاسیکی کوردیدا ڕەگی لە (مەلای جەزیری و مەحوی و مەولەوی)یەوە دێت و دەگات بەم، ئەمیش بەختەوەرییەکی وێناکراوی تێدا دۆزیوەتەوە و سنووری فراوانتر کردووە، زمانیشی کارامانە بەکارھێناوە، لەم جۆرە بەکارھێنانەدا جوانی زمانی کوردیت لا دەردەکەوێت، کە چۆن لەسەر دەستی داھێنەرانی ڕەسەنزادەی خۆی بە پاکی بەرەو پێشەوە دەچێت، ھەروەھا ئیقاعێکی خاو، بەڵام زۆر سحراوی بەکاھێناوە.

(یاد)ی کوڕم ھاتە لام و گوتی: بابە (ئیسماعیل تەنیا)، نامەیەکی بۆ ناردووی، ئەگەر بۆت بێنم لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر دەیخوێنیتەوە، نەک دەستوبرد وەڵامێکت لێ داوابکات. لەسەر شاشە چێژ لە خوێندنەوە وەرناگرم و ھەم چاویشم یارمەتیم نادات.

دوای ئەوەی لەسەر شانۆکە ھاتمە خوارێ و لە شوێنی خۆم دانیشتم. گەنجێکی نزیک لە تەمەنی خۆم، خاوەنی سیمایەکی منداڵانە بوو، لە کورسییەکەی شانی چەپمەوە دانیشتبوو، گوتی: ( ڕەخنەیەکی دۆستانە و دەست گرتن بوو، ئەم شاعیرەت لە ھەڵە ئاگادار کردەوە، لە قووڵایییەکی ڕەش دەستت گرت بۆ سەرخستنەوە).

مرۆڤێکی داھێنەر و لە ناخەوە دەوڵەمەند بوو. ئەو لەناخ دەوڵەمەندە: (فوئاد کەریم) بوو، دوای ئەم یەکترناسینەمان بووین بە برادەر و ھەستی بێ ھوودەی ھەمیشە لە خرۆشان دابوو، بە تابلۆی دەگوت: (ھاوڕێیە بە وەفاکەم)، لە پێناو ھونەری شێوەکاری و ئەدەبدا ژیانی یەکپارچە ببووە یاخیبوون و حەزی لە ژیانێکی پڕ ڕووداو بوو، بەھرەیەکی ڕەسەنی ھەبوو، دەیویست لە ھونەری شێوەکاریدا بگاتە ترۆپک. ھەمیشەش لەشێوەکارانی کورد بێ ئومێد بوو، شێوەکاری لەسەر ئاستی جیھان دەویست. ھەندێک جار ئومێد و داوای داھێنانی بەرزدەبووەوە و دەگەیشتە پلەی ھەڵچوون، دەیگوت: کورد وێنەکێشی ھەیە، شێوەکاری نییە.

پاش ماوەیەک شیعرێکم بە ناوونیشانی (موتوربە) لە گۆڤاری نووسەری کورد، ژمارە (٤)ی ساڵی ١٩٨٦ بڵاوکرایەوە، وەک شێوازی نووسین، شێوازی ئاسایییە و جۆرە پەیڕەوێکی شاعیرانی نەوەی پێشە خۆمە، بەڵام لە ناوەوەی شیعرەکەدا جیا دەبمەوە و شێوازی دەنگیم بەکارھێناوە. واتە: دەنگم بەسەر وێنەدا دابەش نەکردووە. بەڵکو بەسەر وشەدا دابەشم کردووە. لە شێوەی بڵاوکردنەوەکەیدا بایەخێکی زۆری پێدرابوو، لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا یەکەمجار بوو ئەم شێوە بڵاوکردنەوەیە ڕووبدات، یان لایەنی کەم من بیبینم. ئەو چەند لاپەڕەیەی شیعرەکەی تێدابوو، کرابوو بە ڕەنگێکی جیاواز لە ڕەنگی لاپەڕەکانی تری گۆڤارەکە. فوئاد کەریم شێوەکار بوو، بەڵام ئاگاداری وردی لەبارەی شیعر و ھونەری شیعرەوە ھەبوو، ئەم کتێبە: (پووشکین: ژیان و بەرھەمی شاکاری) دیاریی ئەم شێوەکارە کۆچکردووەیە، کە ھەمیشە سەرخۆش بوو بە ھاڕمۆنییەتی ڕەنگ. لە پاداشتی خۆشویستنی شیعری (موتوربە)دا. منیش لە نوواندنی ئەم وەفایەیدا، ساڵی ١٩٨٨، کە ڕۆمانە شیعری (زێوان)م چاپ کرد، یەکەمین دانەم پێشکێش بەو کرد. شاعیر کاتێک دەنووسێت خەمی خۆی و کاریگەرییەکانی دیکە دەیورووژێنێت. دیاربوو خەمی ئەو لەناو ئەم شیعرەی مندا ھەبوو، ھەر لە یەکەم یەکترناسینماندا ھاوڕێیەتییەک، ئەگەر ھەفتەیەک یەکتری نەبینین، بیری یەکتر بکەین. لە نێوانمان پەیداببوو، خۆشبەختانە ئەویش وەک من خەمی ئەم لاو ئەو لای نەبوو. واتە: ئایدیۆلۆژیا تێکەڵی دیدگای ھونەری نەببوو، خەمی من شیعری بێگەرد و خەمی ئەویش تابلۆی بێگەرد.

لە بنەڕەتدا شیعری (موتوربە)م پێشکێش بە (ڕەفیق سابیر) کردبوو، گۆڤارەکە بێ پرسی من پێشکێشکردنەکەیان لادابوو، بە ماوەیەکی کورت دوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکە، عەسرانێک لەگەڵ برادەرم: (سەڵاح مەزن) لە مەچکۆ دانیشتبووین باسی شیعرەکە و لادانی پێشکێشکردنەکەمان دەکرد. (عەباس عەبدوڵڵا یووسف) ھاتە نێوانمان دانیشت. لە گەرمەی گفتوگۆیەکەمان بۆچوونی منی داوا کرد لەبارەی خۆی، یان سەڵاح بۆچوونی منی داواکرد لەبارەی ئەو، نازانم. منیش بە ڕاشکاوی بۆچوونی خۆم دەربڕی گوتم: دە شاعیری وەک تۆ لە کۆسەرە بدەیت و بیتراشیت تا شاعیرێکی لێ پێک بێت شیعرێکی وەک شیعری: (ئەم مرۆڤە)ی ڕەفیق سابیر، کە ھەڵوێستە لە پێناو ژیاندا و دەربڕین لە توانای بەھێزی مرۆڤ دەکات بنووسێت. بۆچوونەکەم لەناو فۆرمێکی زمانی زبرداخستەڕوو. لە بارەیەوە پێویستیم بە دڵڕاگرتن و شێوەی دەربڕینی تر ھەبوو، ئەگەرچی ئەم شاعیرەی ئەم بۆچوونەم لە بارەیەوە دەربڕی، ئێستا و ئێستاش (لە شیعردا) نەبووە شتێک مرۆڤ دڵی پێی خۆش بێت و ھیوایەکی داھێنانی لە زەمینەی شیعردا نەڕواند، لە بواری پێکھاتەی میتافۆڕەوەش کڵۆڵ و بێھەستە، لە بنیادیشدا خاووخلچکە و شیعرم تێدا نەدۆزیوەتەوە، واتە: دێڕ و کۆپلەی نیمچە شیعرم تێدا دۆزیوەتەوە، بەڵام شیعرێکی تەواو شیعرم تێدا نەدۆزیوەتەوە. ئەم بۆچوونە حەقیقەتی تێگەیشتن و بیرکردنەوەمە، ناحەقی تێدا نییە، یان شتێکی لەمە نزیک و لەم بابەتە، ئەوەش دەزانم لەپاڵ ئەو شیعرەی من پەسەندی دەکەم. شیعری دیکەش ھەیە و خەڵکانی تر پەسندی دەکەن. لەم شێوە جیاوازەدا دەبێت بیر لە شێوەی داھێنانی جیاوازیش بکەینەوە.

دوای تێپەڕبوونی ڕۆژ و ڕۆژگارێکی زۆر، ئەوجا بۆم دەرکەوت ئەم دوو بۆچوونەم کاریگەری خراپی لەسەر دەروونی ئەم دوو برادەرە دروست کردووە و شڵەژاندوونی. بەوەی لە عەنکاوە لە بنکەی ڕۆشنبیری کلدان، ١٥/٦/٢٠١٣ لە کۆڕێکی شیعریدا شیعرم خوێندەوە، ھەرکە بانگ کرامە سەرشانۆ، ئەم دوو برادەرە: (عەباس عەبدوڵڵا یووسف و نەوزاد ڕەفعەت)، وەک ئەوەی ھەواڵی مەترسییەکی لە شێوەی بوومەلەرزەیان پێگەیشتبێت. بەپەلە لە ھۆڵەکەدا چوونە دەرەوە و نەیانتوانی گوێم لێبگرن. من نەک شاعیربم. تەنیا مرۆڤبم، مرۆڤێکی خودایی و ھەستی. دەبێ دۆخێکی تریان بۆ دروست بکەم و لەم دۆخە دەروونییەی بەرانبەر من بۆیان دروست بووە و ھەیانە، دەریانبھێنم. داوای بەخشندەیش لە ھەستی خۆم دەکەم، کە لەدڵەوە بەدواداچوون بۆ ڕایەڵەکانی شیعر دەکات و ڕێزێکی تایبەتی لێ دەگرێت، ناشزانێت خۆشدووی ھیچ کەس و ڕێخراو و دامەزراوە و دەسەڵاتێک بکات، باشیش لە خورپەی دڵی داھێنان و ناداھێنەریش گەیشتووە، دڵڕوونم بە سروشتێکی ڕاستەقینە، نە بە ھەڵنانی ڕووبەڕوو، نە بە ناووناتۆرە و لۆمەی پاشەملە. نە فریودەخۆم، نە چۆکدادەدەم، نە کەسیش لە ڕێگای کەس دەناسم. ھەوڵ دەدەم تا ئاستی ئەوە بیناسم تا بۆچوونم لەبارەیەوە پەیدا دەبێت، بزانم کامە کاکڵە و کامە توێکڵ. ئەمەیە: وریایی و وردیی و وردەکاری و بیرکردنەوەی نووسین.

لە ھەشتایەکان کۆڕی ئەدەبی زۆر دەگێڕدرا، لە زۆرێک لە کۆڕەکان ئامادە دەبووین. دوای تەواوبوونی کۆڕەکان بە پیاسە و بەدەم گفتوگۆوە دەھاتینەوە. گفتوگۆمان ھەمووی لەبارەی جیھانی ڕۆمانسیی و ڕۆحانیی بوو، کەمتر بە لای شێوەکارییەوە بوو، زۆرتر بە لای شیعرەوە دەڕۆیی و لای نەدەدا، کتێبی: (پووشکین: ژیان و بەرھەمی شاکاری) بە قووڵی چووبووە دڵ و ھەستیەوە دەیگوت: ئەو شیعرانەی (عەبدوڵڵا پەشێو) بە ئارەزووی خۆی بۆ وەرگێڕان ھەڵی بژاردوون و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە، شاکار و نایابترن لەم شیعرانەی لەم کتێبەدا لەسەر داوای: (محەمەدی مەلا کەریم) وەری گێڕاون.

تووڕەییەکی خوداوەندانە ھەمیشە لە ناوچەوانیدا ھێمای نائومێدییەکی گەورە بوو، ئەم نائومێدییە ھانی دا بە پەلە لە کوردستان ڕابکاتە ئەوروپا، لەڕێگادا شەوەی بەفر دەستی لێ بوەشێنێت و شەھیدی بکات.
جۆرێک ئارەقە لە جەستەی مندا ھەیە. نە زێڕ، نە زیو، نە کاتژمێر قبووڵ ناکات. قۆدی جغارەی باوکم و ئەڵقەی ھاوسەرگیریم و ناوکی وشک بووەوەی ھەر شەش منداڵەکەم بە بایەخەوە لە شوێنێکی تایبەتدا ھەڵگرتووە. ئەم دیارییەی فوئاد کەریمیشم لەناو پەڕۆیەکی کەتان پێچایەوە، لەو شوێنە تایبەتییەم دانا، کە قۆدی جغارە و ئەڵقە و ناوکی وشک بووەوەی ھەر شەش منداڵەکەمم تێیدا پاراستووە، ھەموو خۆشەویستان وەرنە خەونم، تابزانین ژیانی ڕاستەقینە لەخەونبینیندایە، خەون پوختەکراوی ژیانە. ژیانیش ھەموو ڕەنگێکت ڕووبەڕوو دەکاتەوە، یان ھەموو جۆرە خۆشی و ناخۆشییەکی بەدەمەوەیە.


ئاداری ٢٠١٦ - ھەولێر
ماڵپه‌ڕی سەباح رەنجدەر



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک