په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١\٢٠١٥

هه‌نگاوێک بۆ یه‌کلابوونه‌وه‌‌.


شوان حه‌سه‌ن    


پیره‌مێردێک هه‌بوو ده‌یگوت: (ئه‌گه‌ر بتەوێ هەر مەجلیسەک خۆش بکەی، بۆ هەر وەڵامێک و قسەیەک بڵێ وانییە‌) بەڵام وا پێدەچێ ئەو دەردە بڵاوبوبێتەوە، ئێستاش رۆژانە خەڵک دەبینی هەر بۆ گەرمکردنی راگەیاندنەکانیان سەدای "ئەو وانییە" بە گوێچکەی خەڵکدا دەدەن، بۆیە هەست دەکەیت ئەو بارودۆخە هیچی لێ شین نابێ!


پێت سەیر نییە کە قسەکەرمان زۆرترە لە گوێگر؟ خۆشیەکە لەوەیە هەمووی باسی دنیایەک زاناو فەیلەسوف دەکەن، لە ئەفلاتونەوە هەتا دەگاتە ئەوانەی دوایی، ناوەکانیشی باش لەبەرکردوە، بەڵام گەر بێتو پێی رابگەیت چونکە لە قسەکردن زۆر خێرانە، ئەوە هەر ئەوەندەی لێ بپرسی ئازیزەکەم با باسی ئەفلاتۆن بکەین یەکێک لەو خاڵانەی لە پەروەردەی ئەفلاتون دەخوێندرێ ئەوە هونەری گوێگرتنە و بەدەستهێنانی زانیارییە لە رێگای پرسیارەوە نەک وەڵام، کەواتە ئەگەر گوێم لێنەگری ناتوانین قسە بکەین، باوەڕم وایە هەر لەبەرئەوەشە ئەو بەرنامانەی کە پێیان دەگوترێت چەلەحانە بازاڕی هێندە گەرمە چونکە لەو کەشە دەروونییە نزیکە کە پەروەردەی ئێمەی پێیدا دەڕوات!


لە کۆمەڵگەی پێشکەوتنخواز دژەکان پێکەوە دەژین، یەکێک لەو خاڵانەی کە لە هەندێک باردا مرۆڤ تووشی شۆک دەکات ئەویش هەر دەچێتە خانەی ئازادیی تاکەوە، کە زۆر جار ئێمە بە سەیرەوە تێی دەڕوانین دەیدەینە بەر حوکمی لۆژیک، بەڵام لەبەرئەوەی تا رادەیەکی باش یاسایەکی دادپەروەر هەیە لەو وڵاتانەو بە یەک چاو سەیری گشت دەکات ئەوە دادگە دەبێتە یەکلاکەرەوەی کێشەکان نەک بڕیاری تاک و گرووپ و حیزب و رێکخراوەکان، ئەمن لەمێژە بڕوام وایە تاکی کورد دەبێت واز لە مێژوو بهێنێ و بۆ مێژوونوسانی لێگەڕێ، با ئەوان بە دواداچوونی بۆ بکەن، کێ باشە و کێ خراپە، دەبێ بگەینە ئەو ڕاستییە کە زۆربەی ئەو پاڵەوانانەی کە دەتانەوێ زیندوویان بکەنەوە بە کەڵک ئەم سەردەمە نایەن و مێشکی نەوەی نوێشیان پێ تێک مەدەن. باوی کۆمەڵگەی یەک نەتەوەو یەک ئایدۆلۆژیا و یەک دین و یەک حیزب نەما. قەیرانێک هەیە هەموو بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوە هیچ بیروڕایەک بە تەنها ناتوانێ لەو قەیرانە دەرچێ دینیش بە گشتی دابڕاو نییە و لەمێژە لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا داڕمایە، ناتوانێ تاکی دەست پاک و راستگۆ بەرهەم بێنێ. هۆی ئەوە دەهێننەوە کە دەسەڵاتیان نەگرتۆتە دەست، بۆیە ئەمن تێناگەم ئەدی کاریگەریی ئەو هەموو مزگەفتە چییە؟ ئەوە دەسەڵات نەبێ چی دەسەڵاتە؟ دەکرێ ئێمەش هەوڵدەین یاسایەک دابین بکەین بە یەکسانی کۆمان بکاتەوە و خۆشەویستی چڵک و قڕێژی ناخ و دار و دیوارەکانمان راماڵێ.


ئەمن بەرلەوەی قسە لەسەر داعش بکەم حەز دەکەم ئاماژە بە شتێک بکەم ئەویش ئەوەیە کە گەورەترین کێشەی دینی ئیسلام ئەوەیە کە ناتوانێ خۆی یەکلابکاتەوە، ئەمن وا هەست دەکەم دەیان کوشتارگەی تر بە دوای خۆی دادێنێ، کەس نازانێ کەی ئامادەیی تێدا دەبێت و خۆی یەکلابکاتەوە. جا ئایا وەک بیری کۆمۆنیست تووشی داڕمان دەبێت و لەناو دەچێت؟ یاخود دەگەڕێتەوە سەر کارە سەرەکییەکەی خۆی کە دروست بوونی پەیوەندیی مرۆڤ و خوایە، بێ ئەوەی تێکەڵ بەوانیتر بێ، مەبەستم ئەو بڕوایەی ئیسلامییەکانە کە دەڵێن خوا دادوەرە و هەر ئەو کاری خۆی باش دەزانێ واتە ئەوان تێکەڵی یاساکانی زەوی نابن. لەبەرئەوە هەست دەکەم ئیسلامییەکان ئەوانەی دژی سەلەفییەکان بیردەکەنەوە بەرپرسیارییەتی ئەوەیان بدرێتێ کە بێن بیروباوەڕەکەی خۆیان بپارێزن. پێویستە ئەوانەی وەک سەلەفی بیردەکەنەوە راکێشنە سەر مێزی گفتوگۆ، نەک خەڵکانیتر هۆیەکەشی دیارە کە بە یەک زمان قسە دەکەن و شارەزان لەو بوارە، ئەوەی من تێبینیم کردبێ ئەوانەی باوەڕیان بە دینی ئیسلام هەیە و ئەوانەی باوەڕیان پێ نییە لەبەرئەوەی هەڵگری بڕیاری پێشوەختن بە داخەوە ناتوانن گفتوگۆ بکەن.


با ئەو قسەیەش بکەم ئەگەر کەمێک قورسیش بێت، ئەوەندەی کە لە دژە دین و دیندارەکانم خوێندیتەوە هەستم کردیە دژە دینەکان زیاتر خزمەتی دینیان کردیە وەک دژایەتی دیندارەکانیش زیاتر خزمەتی دژە دینەکانیان کردووە لەبەرئەوەی هەردووکیان لەجیاتی گەیاندنی زانیاریی، پشت بە کولتوری قبوڵنەکردنی ئەویترو ناشیرنکردن دەبەستن.


ئەمن ناتوانم پێشنیار بکەم بۆ خەڵک، بەڵام لەبەرئەوەی لە گەڕان و خوێندنەوەی خۆم گەیشتوومەتە چەند دەرەنجامێک یەکێک لەوانە ئەوەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی ساغ و دروست پێکبێ وا باشە ئەو یاسا و ڕێسایانە هەڵگری، ئەو تایبەتەمەندییە بن، با نزیکتر بکەومەوە لە باسەکە مەبەستم ئەوەیە ئیسلامییەکانی کوردستان بە جیا لە ئیسلامییەکانی وڵاتانیتر وەرگیرێن، دەزانم تا وڵاتی ئێمە خاوەن ئەو دەسەڵاتە نایەکسانیخوازە بێ و سەربەخۆ نەبێ لە بەڕێوەبردنی وڵات و تازە نیازی وابێ دامەزراوەی دەوڵەت بکات بە حیزب، ئەو پڕۆژانەشی قبوڵ نییە کە بەختەوەریی خەڵكی تێدایە، بە تایبەتی پڕۆژەی پێکەوە ژیان.


تۆ بەس لەو ماوە کورتەی دوایی سەیر بکە بۆ خۆی باوەڕی بە ئیسلام و جەژن نییە کەچی شەنگال و کۆبانی دەکات بە بیانوو، خۆ دەتوانی ئاسانتر خۆت یەکلایی بکەیتەوە، بەس دیسان ئەگەر مرۆڤ ئارامتر بیر بکاتەوە بۆ جەژن نەکرێ؟ ئایا زیانی بۆ کەس هەیە؟ باشە ئەدی ئێمە شەڕمان لەسەر ئەوە نییە کە ئەوانیتر ئاسوودە بن؟ کەواتە لێیان گەڕێن. ئەمنیش ئەو برادەرانەی کە دەیانناسم پێیان دەڵێم بەڕێزان جەژنتان پیرۆز بێ، بەڵام وەک تکایەک ئاژەڵ لەبەر چاوی منداڵەکانتان سەر مەبڕن چونکە نەک هەر دیاردەیەکی ناشارستانییە بەڵکو کاریگەری خراپیشی لەسەر دەروونی منداڵانی خۆتان و دەرودراوسێ دەبێ، ئەو داوایەش مافێکی سەرەتایی ئازادیی تاکە، کە رێزگرتنە لە ئازادی ئەوانیتر، ئەگەر دەشیانەوێ با بۆ سەربڕینی ئاژەڵ داوای شوێنێکی تایبەت بکەن، ئەوە مافێکی رەوای خۆیانەو دەبێ رێز لە داواکەیان بگیردرێ.


کەمێک دوورتر دەکەوینەوە، چەندان ساڵە دەڵێین دەسەڵاتی تورک و فارس و عەرەب کەیفیان بە ئێمە نایێت؟ باشە ئەوە لەوان گەیشتین بەڵام تۆ چیت کردووە تا خۆتیان لێ بپارێزیت، لەو لایە ناوبژیوانیت ئێرانە، قۆڵت لێهەڵکردووە وا عێراقی بۆ دروست دەکەیتەوە و کۆبوونەوەی ئاشتەوایی لە هوتێلە پێنج ئەستێرەکانی خۆت بۆ دەکەیت، منداڵیش ئەوە دەزانێ بانک وەگەڕخستنی بازاڕە کەچی تۆ لەجیاتی پارەکە بخەیتە بانکەکانی خۆت و بازاڕی هەرێمەکەی خۆتی پێ ببوژێنیتەوە ئەوە پارەت خستۆتە بانکی تورکی، هەر دەستی دۆستایەتیشیان بۆ درێژ دەکەین بۆ؟ دەبێ قسەی ئەو کابرایەی موساد راست بێ کە دەڵێ: کورد نایەوێ دڵی دوژمنەکانی لە خۆی بڕەنجێنێ. (بڕوانە موساد لە عێراق و ووڵاتانی دراوسێ)، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دەسەڵات و حیزبەکان وا بیردەکەنەوە، ئەی بۆ ئێمە وەک تاک بۆ وا بیردەکەینەوە؟ ئەگەر چاو بە راگەیاندنەکاندا بخشێنیت پڕ لەو جۆرە رەخنە و تێبینیانەیە کە چۆن دوژمنەکانمان پیلانمان بۆ دادەنێن و دەیانەوێ ئارامیمان لێ بشڵەژێنن، دەبێ دووبارە بە بیری بێنیەوە چاوەکەم ئەدی نەمانگوت ئەوان دوژمنمانن؟ ئەدی کاری دوژمن چییە؟ ئایا دەتەوێت دوژمن وڵاتت بۆ بکاتەوە؟ خواردن و کەلوپەلی چاکت بۆ بنێرێ؟ ئەوە تۆیت بە پاڕانەوە دەتەوێت دوژمنەکەت میهرەبان بێت و بەبەردەوامی لە جیاتی هێرش بردن کەچی بیر لە چۆنیەتی خۆپارێزتن دەکەیتەوە.


ئێمە زۆر دوور نەکەوینەوە، نموونە لە دنیا زۆرە، بەڵام کۆبانی بۆ من سەرنجڕاکیشە کە ویستی گەل پیلانێکی جیهان تێکدەشکێنێ، ئەو مرۆڤە جوانانە بە دنیایان سەلماند ئەگەر ئێوە نیازتان نییە دان بە ماف و ئازادیمان دابنێن، ئەوە بە بەرگری و قوربانییەکانمان شەرمەزارتان دەکەین لە ئاست شەقامی خۆتان، بەڵام ئەوەی پرسیارە ئەوەیە ئایا دەسەڵاتی باشوور سوود لەو وانانە وەردەگرێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە خاوەن بڕیاری سیاسی سەربەخۆ نین، ئەو دەسەڵاتانە کە لە دنیادا لە بڕیاری سیاسی سەربەخۆن هەمیشە چەندان پلانیان هەیە ئەو نا ئەوی دیکە، تۆ سەیری کەرکوک بکە ئەوەی سەرەتایی ئەلفوبێی سیاسەتی خوێندبێت لەوە دەگات کە ئەو شارە بۆتە قوربانی ئەو ناسەربەخۆییەی کە من باسی دەکەم دەنا چارەسەرکردنی زۆر ئاسانە و زۆرینەی خەڵکیش پلانی دوو، سێی هەیە، هاوڵاتییەکی کەرکوکی ئەوها بارودۆخ و چارەسەرەکەی بۆ باسکردم کە چۆن ئەو شارە دەپارێزرێ و لە دەرفەتێکی گونجاویش دەگەڕێندرێتەوە سەر هەرێم و چۆن پێگەی کوردیشی پێ بەهێز دەکرێ (دروستکردنی حیزبێکی تایبەت بە کەرکوک و بە بەرنامەیەکی کوردستانی، جا هەر ناوێک بێت تۆ بڵێ پارتی ئازادیی کەرکوک، سەرکردایەتییەکی سەربەخۆی بۆ دابنێ و بارەگای حیزبەکانی دیکە لەو شارە دابخە، سوپایەکی یەکگرتوو، یاسا و رێسایەک کە مافی گشت لایەک وەکو یەک بپارێزێ و مەجلیسی پارێزگا لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و هەتا دوایی، ئایا بارودۆخەکە ناگۆڕدرێ؟ ئایا ژیانی خەڵکەکە بەرەو باشتر ناڕوات؟ تۆ سەیر بکە هەموو ئەو شوێنانەی کە ململانێی حیزبی تێدایە تووشی چ ماڵوێرانییەک بووینە. گەر بێتو لێم بپرسیت بۆ نابێت؟ دووبارە دەبێ پێت بڵێم ئەوانەی کە ئاواتەکانی ئەنقەرە و بەغدا دەهێننە دی ئەوە پاڵەوانەکانی پارتی و یەکێتین، کە رێگایەکیتریان نییە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد جگە لەوەی کە دوژمن بۆیان دادەنێن). هاوڵاتییە کەرکوکییەکە زۆر قسەیتریشی کرد کە دڵنیامە زۆربەی ئەو قسانەی گەیشتوونەتەوە ئەو دەسەڵاتە بەڵام بۆ کارێک ناکات ئەوە بۆ خۆتان وەڵامەکەی دەزانن، دەنا ئەو هەموو تەقینەوە و ماڵوێرانییەی ئەو شارە ویژدانی دەهەژاندن و هەنگاوێکیان دەنا بۆ راگرتنی ئەو هەموو خوێنە، دیارە پەشێو لەمێژە ئەو ئاسانکارییەی بۆ کردووین کە دەڵێ: "مرۆڤ کورد زەلیلە، باشترین نموونەش بۆ زەلیلی تاکی کورد، سەرکردەکانمانن".


خەڵک لە قسە سواوەکان بێزار دەبن و دەرئەنجامیان دەوێ، ئەو رۆژە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کە پێیان زۆر سەیربوو کە کۆمەڵەک گەنجی یەهودی لە ئیسرائیلەوە کۆچیان کردبوو بەرەو ئەڵمانیا و ئەوەی سەرنجی پێشکەشکارەکەی راکێشابوو بۆ بەرلینیان هەڵبژاردبوو؟ بەڵام ئەوەی کە گەنجەکانی لە وڵاتەکەیان بێزار کردبوو وشەی بارودۆخ بوو.


ئەمن دڵنیامە رۆژێک دادێ کە خەڵکی ئێمەش لەو قسە بێ واتایانەی دەسەڵاتی سیاسی و هەندێک بەناو شیکاری سیاسی بێزار دەبن کە ئیرادەی گەل پشتگوێ دەخەن هەموو تاوانەکان دەخەنە مل تیۆری پیلانگێڕیی، کە ئەگەر بەخۆداهاتنەوەیەک نەبێ ئەوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی دەبێ، راستە تا ئێستا ئەوەی کە یارمەتی ئەو بارودۆخەی ئێمەی داوە نەزانیی دوژمنەکانمانە کە شێوەی دژایەتی کردنیان زۆر کۆنە، دەنا بۆ نموونە ئەگەر وەک فەرەنسییەکانیان بکردبا کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ تونس و جەزائیر و هەتا دوایی کرد ئەوە کوردیش خۆی لە ماڵی خۆی دوژمنەکانی دەدیتەوە بە ئازادیی خۆی.


بەداخەوە ئەوانەی کە دژی دەسەڵاتیش دەنووسن ئەو بابەتانە دەوروژێنن کە دەسەڵات دەیەوێ قسەیان لەسەر بکرێ، بۆیە نەبوونی هاودەنگیی نەبوونی دەرئەنجامە.


دەکرێ هەوڵی لێکتێگەیشتن بدەین و بە پرسیارە لاوەکییەکان خۆمان خەریک نەکەین، نەوەیەک دێ و وریایە ئەو بۆشاییە لە نێوان ئێمە و ئەقل دەبینێ.
 

ماڵپهڕی شوان حهسهن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک