په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠٢١

    هەنگاوێک دەمانباتەوە.

فه‌رهاد مازێ

دوو شوێن و شوێنیتریش هەن حەزناکەم بۆی بچم
نه‌خۆشخانە و گۆڕستان و شوێنیتریش
نه‌خۆشخانە پڕدەبی لە حەسرەت
جار وایە دەتگەیێنتە گۆڕستان و ژیانت دەبا
جاری واش هەیە لە لێواری مەرگ دەتگەڕێنتەوە ناو ژیان
بە لای جەنگەوە مەڕۆ، شوێنێکە لێشی رزگاربی برینەکانی قووڵن بۆ خۆکوشتنت دەبا
سەیری ئاسۆکە و پشت لە ئاوابوون مەڕۆ، ئەو شوێنانەی بۆ ئازار لێرەن
تژییه‌بی لە ژان، بە کۆژانەوە ژیان
دێن و دەڕۆن و دەمرن
دژ بە باڵندە و ئاژەڵ و ماسین
رق لە دەریا و زەوی و ئاسمان
لە زمانی خونچە ناگەن
لە گوڵ و باران، با و نەرمیی ژیان
لە سەمای درەخت و بێدەنگیی چیا
بگەڕێوە بۆ ناو ژیان
بە ترسەوە سەیری ژیان دەکەم، بە ئازارەوە دەگەڕێمەوە ناو ژیان
ترسم لە خنکانە، لە سوتانی باڵ
ترسم لە لێوەکانمە جێبمێنن لە دەمی یار
سیەکانم پڕن لە ژەهری ژیان
بە ترسەوە دەدوێم، زمان ناگەڕێتەوە ناو ژیان
لە قاچەکانم دەپاڕێمەوە ئاگات لە هەنگاو بێ پێ نەخەنە دۆزەخەوە
دەست بۆ سێو مەبەن بەهەشت پڕبووە لە خین و ئاگر
لە منداڵییم داببڕێم هەنگاوێ نزیک دەبمەوە لە دۆزەخ
دۆزەخ لە روانینی ئاینەوە نا، رووم لە تۆیە ژیان
وەرە دەرەوە لە ئاین، رووکە ژیان
لە هەر شوێنێک ئازادیی چرۆکا
زیندان و پەرستگا هەنگاوێ نزیکدەبنەوە
پێکەنینم دێ و لە دەرەوەی بازنەدام
ئەمڕۆ شوێنی نەفرەت لێکراوەکانە و لێی نیشتەجێم
شەقامی تینوو، کۆڵانی برسیەتی، ژووری روو لە رۆژهەڵات
هەنگاوێک لە دۆزەخ دوور دەکەومەوە و هەنگاوێک بۆ مانەوە نزیک لە ژیان
تۆش پاسەوانی کۆنکریت و ئاسن بە
مرۆڤی ئاسن خەونی کۆنکریتە، مرۆڤی کۆنکریت خەونی ئاسن
مرۆڤ گەر لە قوڕ بایە
باران دەیگەڕاندەوە ناو ژیان
مرۆڤی لە ئاسن، مرۆڤی لە کۆنکریت بخەنە دەریاوە
بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو ژیان
رەنگە شەڕی کۆنکریت و ئاسن رووبدا دوای خوسانەوە
ئەو کات ئێمە لێرەنین، بە پێیەکانی ئاو رۆیشتووین
رۆیین لەگەڵ ئاو و لەتێ ئاسوودەیی و دڵۆپێک خەندە جوانە و تژییە ژیان.
 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک