په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٤\٢٠١٢

ھەنگاوی یەکەمی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ نەھێشتنی خانەنشینی پلە باڵاکان چییە؟؟


عەلی مەحمود محەمەد  


لە دوای ٢٥ی یۆلی ٢٠٠٩ ەوەو پێشتریش لە بواری نووسیندا ، زۆرمان نووسی لە سەر نا دادپەروەری لە نێوان بەرزترین و نزمترین موچە لە کوردستاندا ، لە دوای ٢٥ ی یۆلیشەوە دوو جار کەمپین بۆ ئەم مەبەستە رێکخراوە ، ئەم ھەنگاوەی ٢٢ پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی مکوڕی کاک عەبدوڵای مەلا نوری بەرز دەنرخێنم و ھاوکات ھەنگاوێکی ئیجابییە و وەک سێیەم ھەوڵ لەم راستایە دێتە ژماردن ، جێگای ئەوەیە ھاوڵاتیانی کوردستان پشتیوانی لێبکەن ، چونکە موچە باڵاکان یەکێک لە سەرچاوەکانی نایەکسانیین لە کوردستاندا لە پاڵ ((تاڵانی زەوی کوردستان ، پاوانکردنی کۆنتراکت و کۆمپانیاکان ، تەجاوزات بۆ سەر بودجە ،دزی لە موشتەریاتی فەرمانگەکان و سامانی گشتی ،تاڵانی زەوی کشت و کاڵی ، پاوانکردنی بازاڕ......)) لە پاڵ میرات.


لەبەر ئەوەی پەرلەمانتار نوێنەری گەلن ، بۆیە پێویستە لە خۆیانەوە دەستی پێبکەن وەک ئێستا ئەم ٢٢ پەرلەمانتارە ھەنگاویان نا ، کۆمۆنارەکان لە ٧٢ رۆژ دەسەڵاتدارێتیاندا لە پاریس پێش ١٤١ ساڵ لەمەوپێش موچەی خۆیان تا ئاستی کرێکارێکی ھوشیار دابەزاند . ئێستاش ئەم پرۆژە یاسایە بۆ ئەوەی بچێتە بواری پراتیکەوە من کۆمەڵێک سەرنج و رەخنە دەنووسم ، بەو ھیوایەی لە زوترین کاتدا ئۆپۆزسیۆن بۆ بە پراتیککردنی ئەم پرۆژە یاسایە ھەنگاو ھەڵبھێنێتەوە.


کەموکوڕییەکانی ئالیەتی نووسینەوەو واژۆ کردنی پڕۆژەکە:


دەبوایە چەند پێوەرێک ڕەچاو بکرابایە بۆ نووسینەوەو پەسەند کردنی ئەم پرۆژە یاسایە، کە وا دەکات نەبێتە پرۆژە یاسای زۆربە ، لەو کەموکوڕیانە:


- لە کۆنفرانسێکدا تایبەت بۆ موچە لە کوردستان رێک بخرابایە پرۆژە یاساکە پەسەند بکرابایە بە ئامادە بوونی سەرجەم ئەو پەرلەمانتارو موچە باڵایانەی کە پشتیوانی دەکەن لە گەڵ کەمپینەکانی رابردوو و حیزب و لایەنە سیاسیەکان و ساندیکاو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (( ئەم داوایەم لە برادەرێک کرد ناوی لە ریزی واژۆکەرانە )).


- دوور لە بەرژەوەندی سیاسی ئەم کەیسە بەکار بھێنرێت ،بۆیە دەبوایا ئیجماعێک لە پارلەمان ھەبوایە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر بکردابایا نەک تەنھا ٢٠% ی ئەندامانی پارلەمان (( بە پێی زانیارییەکانم داوا لە پەرلەمانتارانی دیکە نەکراوە بۆ واژۆ کردنی )) (( ئەم داوایەشم کرد لە ھەمان برادەر )).


- دەبوایە تەواوی ئەو کەمپین و ھەوڵانەی پێشوو پشکداری بکرابایانە لەم ھەوڵەیا ، سرٍینەوە کارێکی باش نییە و ھاوکات لە بەیانامەکەدا ئاماژە بەو ھەوڵانە بدرابایا.


ئێستا چی بکرێت ؟


پێش ئەوەی ٢٢ پەرلەمانتارە بەڕێزە داوا لە ئێمەی جەماوەر و کەمپین و رێکخراوەکان بکەن ھاوکارییان بکەین ، دەبوایا داوایان لە لایەنە سیاسییەکان خودی خۆیان بکەن ھاوکارییان بکەن (( وەکو چۆن د.فایەق گوڵپی لە خۆیەوە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارییەکەی رەتکردەوە ، ھیوادارم تا ئێستا لەو ھەڵوێستەی بەردەوام بووبێت ))بەوەی:


- دەیان و سەدان موچە باڵا لە ریزی ھەر ٣ لایەنی پێشکەشکەری پرۆژە ھەیە ، لە ئەندامی مەجلسی حوکم ، وەزیر ، پەرلەمانتاری کوردستان و عێراق ، بەڕێوەبەری گشتی ....... ھەنگاوی یەکەم رەتی کەنەوە موچەکانیان وەربگرن و پابەندی خۆیان بەم مەبدەئەوە رابگەیەنن کە لە پرۆژەکەی زۆریەنەی پەرلەمانتارانیان ھاتووە.


- ھەرچی کادیر و پلە باڵای مەتروکە و موچە خۆری بن دیوار لە ریزی ئەم ٣ لایەنە ھەیە با کارە وەزیفییەکانی خۆیان لە دەوڵەتدا رابپەڕێنن یاخود ئەگەر دەوامیان پێ ناکرێت ئیستقالە بدەن (( من لە گەڵ نانبڕینی کەسدا نیم )).


- داوا لە ١١ پەرلەمانتارەکەی دیکەی فراکسیۆنەکەیان بکەن واژۆیان بخەنە سەر یاداشتنامەکە ، پێویستە ئێمە بزانین بۆ ئەوان واژۆیان نەکردووە ؟؟؟؟.
- ھەرچی سەروەت و سامانی گشتی ھەیە لای حزبەکانیانە بیگەڕێننەوە بۆ حکومەت.


- ئەم ٢٢ پەرلەمانتارە بەڕێزە وەک چۆن دەزانن ئەو موچەیەی وەریدەگرن ناڕەوایە ، لە خۆیانەوە ھەنگاوی یەکەم دەست پێ بکەن و لەم مانگەوە رەتی بکەنەوە موچەکانیان بگرن، ئەوەی سەرچاوەی داھاتی دیکەی ھەیە ، یان لەم ٣ ساڵە سەرمایەی باشی پاشەکەوت کردووە با موچەکانیان رەت بکەنەوە (( دیارە پارلەمانتار دەبێت پاداشت وەربگرێت نەک موچە ، پاداشتیش کاتییە و نابێتە پێوەر بۆ خانەنشینی )).


- داوا لە پارتەکانیان بکەن ھیچکە موچە لە گەڵ پارلەمانتاران و وەزیرو خانەنشینکراوانی پارتەکەیان بەش نەکەن ، وەرگرتنی رێژەیەک لە موچەکانیان لە لایەن حیزبەوە بۆ خۆی ھاندانە بۆ وەرگرتنی موچە بەرزەکە ، چۆن دەبێت حیزب ئەو موچەیە بە ناڕەوا و نا دادپەروەرانە بزانێت لەو لاوە لە گەڵ پەرلەمانتار و وەزیر و پلە باڵاکانی خۆی بەشی بکات یان بەشێک وەربگرێت .


- من دەستخۆشی دەکەم لەم پەرلەمانتارانە بە تایبەتی فراکسیۆنی گۆڕان کە واژۆیان نەخستە سەر پرۆژە یاساکەی ئەو ٣ پەرلەمانتارەی ٩ مانگ موچەی تەواویان وەرگرت و دەوامیان نەکرد و ویستیان بە ٨٠% ی موچەکانیان خانەنشین بکرێن ، کە ھەقی وایە لەم بەیاننامەیەدا رەخنەیان لەو کۆنە ھاوڕێیانەی خۆیان بگرتایە چونکە ئەوان سێ تەجاوەزاتیان کرد (( دەوامیان نەکرد موچەیان وەرگرت ، فێڵیان لە دەنگدەرانیان کرد ویستیان بە ٢ ساڵ پەرلەمانتاری بە ٨٠% ی موچەکانیان خانەنشین بکرێن بە ٢ ساڵەکە کاریان تەمام شود ، کە ئاشکرا کران ئەوجا مزایەدەیان کرد و پرۆژە یاسایان پێشکەشکرد بۆ چەواشە کردنی خەڵک ، کە ئەمەش تاوانە بەرامبەر بە جەماوەر دەکرێت بۆ لە خشتە بردنیان )).


ھاووڵاتیانی کوردستان،
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی،
ڕۆژنامەنوسان، مامۆستایانی ئاینی، ڕۆشنبیران،
ژنان، گەنجان، کرێکار و جوتیار و کاسبکار و فەرمانەرابەران.


ھەموو لایەک ئاگادارن بە چەندین ڕێگا بودجە و سامانی گشتی بە ھەدەر دەبرێت، ھەندێک جار بە یاسا شەرعیەت دراوە بەو دۆخە، لە خانەنشینکردنی پلە باڵاکاندا بە ڕوونی بە دی دەکرێت، کاتێک کەسێک تەنھا ٤ ساڵ یان کەمتر خزمەتی گشتی ھەیە لە بەر ئەوەی لە پۆستێکی باڵادایە خانەنشین دەکرێت بە موچەیەک چەند جار زۆرترە لە خانەنشینی یەکێکی تر کە زیاد لە ٢٠ ساڵ خزمەتی ھەیە. لە لایەکی ترەوە کەسانێک بە موچەی گەورە خانەنشینکراون بێ ئەوەی تەنھا ڕۆژێک خزمەتی گشتیان ھەبوبێت، ئەمە لە ڕوی مەعنەویەوە بێ بەھا کردنی واتا و پیرۆزی خزمەتی گشتیە و زوڵمە بە ڕەنج و ماندوبونی دەیان ساڵەی فەرمانبەران، لە ڕووی ئابوریشەوە کۆی پرۆسەکە غەدرێکی گەورەیە چەندین ساڵە لە زۆرینەی ھەرە زۆری ھاوڵاتیانی کوردستان کراوە و دەکرێت.


بێگومان دەرئەنجامی نادادپەروەریە لە چۆنیەتی دابەشکردنی پارە و بودجەی گشتیدا وای کردووە بەشێک لە ھاوڵاتیان لە خوار ھێڵی ھەژاریەوەن، دەیان ھەزار کچ و کوڕ بە ھۆی بێ کاری و نەبونیەوە توانایان نیە خێزان پێک بێنن، بگرە ڕۆژانە گوێ بیستی ھەواڵی ناخۆشی نمونەی ھەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و چیرۆکی ژیانی ئەو کەسانە دەبین کە لە یەک کاتدا نەخۆش و نەدارن.


بۆیە کاتی ئەوە ھاتوە ئاوڕێکی جدی لەو بابەتە بدرێتەوە و دەرفەت بڕەخسێنرێت ھاوڵاتیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە خێرو بێری وڵات سودمەندبن، ئەمەش پێویستی بە کاری جدی و پێداچونەوە ھەیە بەو یاسایانەدا کە سیستمی موچە و خانەنشیان ڕێکخستووە.


لەو ڕووە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ژمارەیەک پەرلەمانتار پرۆژە یاسایەکمان پێشکەش کردووە بۆ پێداچونەوە بە یاساکانی خانەنشینی ھەموو ئەو پلانەی لە سەر بنەمای ھەڵبژاردن دێن و دەڕۆن وەک (پەرلەمانتار، وەزیر، سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت..تد)، ھەروەھا ئەوانەی بە نایاسایی خانەنشین کراون، پێمان وایە پرۆژەکە تا ئاستێکی زۆر باش دەتوانێ ئەو ناھەقیانە کەم بکاتەوە و ھاوسەنگی بە دی بێنێ لە نێوان موچەی خانەنشینی نزمترین و بەرزترین پلەی وەزیفیدا و دەشێت لە پەرلەماندا دەوڵەمەند بکرێت، شانبەشانی ئەم ھەوڵە ئەرکی پەرلەمانە بە زویی کار بکات بۆ ئەوەی لە سەر بنەمای سیتمێکی یاسایی دروست ھەموو ھاوڵاتیان لە بودجە سودمەند بن و مافی ھەموو تاکێکە کە دەوڵەت زەمانەتی بژێوی و ژیانێکی شەرەفمەندانەی بۆ بکات.


بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیە داواکارین ھەموو لایەک ھاوکارو پشتیوانمان بن.
لە گەڵ ڕێزدا..


٣\٤\٢٠١٢
ناوی پەرلەمانتاران:
١- پێشەوا تۆفق
٢- عه‌زیمە نه‌جمەدین
٣- ڤیان عه‌بدلڕه‌حیم
٤- سەرگول رەزا
٥- پەیمان عیزه‌دین
٦- سیویل عوسمان
٧- عه‌بدوڵا محمه‌دئه‌مین
٨- دلشاد حوسێن
٩- فرمان عیزه‌دین
١٠- عه‌بدوڵا مەلانوری
١١- شێرزاد حافز
١٢- ناسک تۆفیق
١٣- ئارام قادر
١٤- بیلال سلێمان
١٥- عدنان عوسمان
١٦- کاردۆ محه‌مه‌د
١٧- رێباز فه‌تاح
١٨- ئاھەنگ عارف
١٩- سەرھەنگ فەرج
٢٠- ئاشتی عه‌زیز
٢١- پەیام ئەحمەد
٢٢- عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز
 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک