٣٠\١\٢٠١٩
ھێقە ئاڵتونییەکان دافوس چییان لە ھەژارانی جیھان دەوێ؟

عەلی مەحمود محەمەد
لە کاتێکدا جیھان بە قۆناغی تەڵەی سۆسیدیدیس دا تێدەپەڕێت, بەوەی
سەرکردایەتی جیھانی ئاڵوگۆڕی پێبکرێت, چین لە دەرگای ھاتنە ژورەوەدایە
و ئەمەریکاش نازانێت چۆن فەرمووی لێبکات, ئاشتی یان شەڕ, ھەرچەندە لە
سەدەی رابردوو تەڵە سۆسیدیدیسسەکان بە ئارامی رۆیشتوونە, بەریتانیا بە
ئارامی جێی ھێشت بۆ ئەمەریکی و سۆڤیەتییەکان, سۆڤیەتیش بۆ ئەمەریکای بێ
قڕە چۆڵی کرد, پڕۆژە زەبلاحەکانی مێد ئین چاینەی ٢٠٢٥ و پشتێن و رێگا و
گەیشتن بە بەشی تاریکی سەر مانگ و گەشەسەندنەکانی کۆمپانیاکانی ھەواوی
و عەلی بای و شیاومی و ..... و گەشەی پیشەسازی زیرەک و راگەیاندنی ھەر
رۆژەی داھێنانێک لە بواری پیشەسای زیرەک و سەربازی و گەیاندن بەتایبەت
جی ٥ و کارکردن لەسەر جی ٦, ئەمەریکای خستۆتە ناو تارمایی تاڵی گومانی
تەڵەی سۆسیدیدیسەوە, ترسی لە دەستدانی سەرکردایەتی جیھانی دایگرتووە,
بەوەی وەک پۆتین وتەنی ئەوەی سەرکردایەتی پێشەسازی زیرەک بکات
سەرکردایەتی داھاتووی جیھان دەکات, لەم کاتەدا جیھان خەریکی چین و
ئەمەریکایە و ململانێکانیان ھەمووانی بە خۆیەوە خەریک کردووە, کەچی
سەرکردەکانی ئەوانیش بەشداری کۆبونەوەی عەولەمە ٤ ناکەن لە دافوس, لە
کاتێکدا خۆیان ململانێیانە لەسەر سەرکردایەتی شۆڕشی ٤ی پیشەسازی, ئەسڵی
کێشەکانن.
جیھان بەھۆی زیرەکی دەستکردەوە لە بەردەم ئاڵوگۆڕی ھێزەکانە, لە نێوان
براوەی نوێ و دۆڕاوی نوێ, وڵاتان, کۆمپانیاکان, کۆنە بەناو بانگەکانی
وەک کۆداک و بەریتانیا و فەرەنسا دەڕۆن, ئەپڵ و ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت و
عەلی بابا و چین و ھیند و بەرازیل دێن, عەولەمە لە پاشە کشەدایە,
ناسیۆنالیزمی ئابووری لە پەرەسەندندایە, سەرمایەگوزاری لە کەرتە
پێشکەوتووەکانی پیشەسازی بەربەست لەبەردەمی دروست کراوە, شەڕی بازرگانی
لە نەشونمادایە,متمانە بە حکومەتەکان نەماوە , بە پێی راپرسی ئەدلمان
ترێست, دانیشتوانی ٢٠ وڵات لە کۆی ٢٨ وڵات کە راپرسی تێدا کراوە
متمانەیان بە حکومەتەکانیان نەماوە, متمانە بە سەرمایەداری تەنانەت لە
وڵاتێکی وەک ئەمەریکاش لاواز بووە, بە پێی راپرسی دەزگای گالوپ, کەمتر
لە نیوەی گەنجانی ئەمەریکی تەمەن لە نێوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵ ھەڵوێستی
باشیان ھەیە لەسەر سستەمی سەرمایەداری, رێژەی گەنجان کە بە پۆزەتیف
سەیری سەرمایەداری دەکەن لە ٦٨%ەوە لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە دابەزیووە بۆ ٥٧%
لە ساڵی ٢٠١٦ و بۆ ٤٥% لە ساڵی ٢٠١٨, واتا لە ماوەی ٨ ساڵدا ٣٢٣%
متمانە بە سستەمی سەرمایەداری دابەزیووە , ئەو گەنجانەشی بە باشە سەیری
سۆسیالیزم دەکەن رێژەیان گەیشتۆتە ٥١%, واتا لایەنگیری سۆسیالیزم ٦
خاڵی زیاتر بووە لە سەرمایەداری , ھەرچەندە ھێشتا سەرجەم ئەمەریکیەکان
بە رێژەی ٥٦% پشتیوانی لە سستەمی سەرمایەداری دەکەن, بەڵام لەناو
دیموکراتەکان و بێلایەنەکان لەسەرجەم تەمەنەکانیان ٥٧% یان بە باشە
سەیری سۆسیالزم دەکەن.
لە ٢٢ی ئەم مانگەوە ٣١٠٠ لە دەستە بژێری سیاسی و ئابووری جیھانی لە
دافوس وەک ٤٠ ساڵی رابردوو کۆبونەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سستەمی
سەرمایەداری, ئەو کێشانەی تا ئێستا بەشداربووان قامکیان لەسەری
دانەناوە, بۆیە چارەسەرەکەشیان نەدۆزیوەتەوە.
کۆڕبەندی دافوس دەسەڵاتێکی شاراوەی ھەیە, ئەجندای بازاڕەکان دیاریی دە
کات بۆ رزگار بوون لە قەیران, لە راستیدا نەک قەیرانی ھەژاری و نا
یەکسانی و ژینگە و جیاوازی جێندەری چارەسەر ناکات وەک ئیدعای دەکەن,
بگرە قولی دەکاتەوە, چونکە کۆبونەوەکە خودی خۆی بۆ رزگارکردنی سستەمی
سەرمایەدارییە لە قەیرانەکان کە سەرچاوەی ئەو دەردو مەینەت و کێشانەن.
دابەزینی رێژەی گەشەی ئابووری جیھان بە تایبەت چین, زیادبوونی
نایەکسانی ئابووری, مەترسی ژینگە, ئاڵۆزی سیاسی, زیرەکی دەستکرد, شەڕی
بازرگانی و بەدەسەڵات گەیشتنی حکومەتە راستگەرا پۆپۆلیستەکان.....
گەشەی خەباتی چینایەتی , .... ئەمانەو زۆر کێشەی دیکەی بەرۆکی بە
دافوسچییەکان گرتووە.
داڤۆس دەزگایەکە کاری پاراستنی سستەمی جیھانە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی
ملیاردێرو کۆمپانیا فرە نەتەوەییەکان, بۆیە ناتوانێت دەست بۆ کرۆکی
کێشەی پرۆلیتاریا و بریکاریا ببات کە کێشەی نایەکسانییە, وەلێ کاتێکی
گونجاوە بۆ ژوانی پیاوانی سیاسەت و پیاوانی ۆڵستریت و کۆمپانیا
زەبلاحەکان, لە دوری ژاوە ژاوی راگەیاندنەکان بە ئارامی گوێ بۆ دەردە
دڵی یەکتر بگرن و سەفقاتی ئابووری واژۆ بکەن.
دافوسی ٢٠١٩ لە ژێر دروشمی " بەرەو چارەنوسێکی ھاوبەش لە جیھانێکی
پارچە پارچەدا " بەڕێوە دەچێت, کە خودی ئەوانەی سەرچاوەی پارچە پارچە
بوون و نا یەکسانیەکەن بەشداری ناکەن, ترامپ کە ھەڵگری دروشمی یەکەم بۆ
ئەمەریکایە بەھۆی داخستنی حکومەتەوە , تیریزای مای بەھۆی شکستەکانی
برێکسەوە , ماکرۆن بەھۆی شۆرشی ئێلەگ زەردەکانەوە, مۆدی بەھۆی
دۆڕانەکانی لە ھەڵبژاردنی ٣ ھەرێمەوە, روسەکان بەھۆی ئابلوقەی
ئەمەریکاوە ... بەشداری دافوس ناکەن.
ھاوکات ئەمساڵ فاشیستێکی وەک جایر بولسۆنارۆ سەرۆکی بەرازیل بەشداری
دەکات, دەیەوێت بەھۆی دروشمی لە رەگ دەرھێنانی مارکسیزمەوە لە بەرازیل
تەواوی دەستکەوتەکانی ھەژاران بتاوێنێتەوەو لە بیمە و دەستکەوتی بە سفر
کردنی ھەژاری سەرۆک لۆلا بێبەشیان بکات, ھەژاران ھەژارتر بکات, ئەو بە
ھەڵگرتنی دروشمی ئابووری نەتەوەیی دژ بە دروشمی سەرەکی ئەمساڵی دافوسە
, بە بڕینەوەی دار لە ئەمازۆن دەیەوێت مرۆڤایەتی بەرەو چارەنوسێکی
نادیار ببات, دەبوایا ئەو وە ترامپ بەھۆی کشانەوەیان لە رێکەوتنی ژینگە
بانگی کۆڕبەند نەکرابایان ئەگەر بە راستی لە گەڵ پاراستنی ژینگەدان.
جیاوازی چینایەتی ئەمڕۆ لەھەموو کات و ساتێکی نیو سەدەی رابردوو زیاتر
بۆتە کێشەی مرۆڤایتی لە بەشێکی زۆری جیھاندا, رۆژ لە دوای رۆژ ئەم
جیاوازییە لە بەرزبونەوەدایە, شۆرشی پیشەسازی زیرەک" زیرەکی دەستکرد"
زیاتر بەرەو ھەڵکشانی دەبات, راپۆرتە ساڵانەکانی ئۆکسفام و مشتومڕەکانی
دافوس بونەتە تیرمۆمەتری سەرمایەداری جیھانی, لە رێگەیەوە دەتوانین لە
ئەحواڵیان بزانین و ئاگداری گیرفان و قازانج و ترس و دڵەراوکێکانیان
بین, ئەوان جار جارە لە کەناڵەکانی خۆیانەوە باسی خزمەتی مرۆڤ و
دادپەروەری و پاراستنی ژینگەو نەخوێندەواری و نەخۆشی دەکەن, وەلێ ساڵ
لە دوای ساڵ سفری پارەکانیان زیاد دەکات و دەبنە سەرچاوەی زیادبونی
نایەکسانی لە جیھاندا, ئەو دەستەبژێرە کە باسی چارەسەر دەکەن, بۆ خۆیان
سەرچاوەی کێشەکانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتین, بەناوی مافی داھێنانەوە سەرچاوەی
گرانی دەرمان و نەخۆشی بەردەوام و پیسی ژینگەو تاڵان کردنی رەنجی کارو
سامانی سەر زەمینی ژێر زەمینی ئەم گەردونەن.
٤١ساڵە سەرمایەدارانی جیھان لێرە لەم دافوسە بچکۆلانەیە, لە پەنای چیای
ئەڵپ و لەناو بەفری ئەم شارە رەنگینە لە ھۆڵ و ژورە گەرمەکانەوە
کۆدەبنەوە, سیاسەتێکی رەش لەو شارە سپییەوە بۆ جیھان دادەڕێژن,
کۆدەبنەوە بۆ باسکردنی کێشەکانیان و لە رێگرییەکانی بەردەم کەڵەکەکردنی
سەرمایەو دەرباز بوون لە قەیرانەکان , ساڵ لە دوای ساڵ بە پارەی زیاترو
خانوی گەورەتر و کەشتی جوانترو ھاوسەری گەنجتر و ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل
باڵاترەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەم بەھەشتە زستانیە, کەچی بەردەوام باسی
قەیرانیش دەکەن, وەلێ ھەر غەمبارن و ناڕازین لە بەش و دەسەڵاتیان, شەوە
دەنە دەم رۆژەوە بۆ کۆکردنەوەی زیاتر, کەچی باسی دادپەروەریش ھەمیشە
لەسەر زاریانە, لە ھەر ٥ دۆلاری ئەم جیھانە ٤ی لە گیرفانی ئەماندایە,
کەچی مستەری ملیاردێر لە گەڵ ملیاردێردا گفتوگۆی ژیانی کرێکاران
دەکەن,باسی لانی کەمی کرێ و نا یەکسانی و کارە خێرخوازییەکانیان دەکەن,
بە وتەی خۆیان کێشەی ھەژاری چارەسەردە کەن, ھەرچەندە ئەوەی ھەیانە زۆر
زۆر زیاترە لە نرخی چارەسەری ھەژاری, نەخوێندەواری, نەخۆشی, کێشە
کۆمەڵایەتییەکان, چارەسەری ژینگە, جێندەر...... کێشەی ئاو و تەوالێت و
پیسی ژینگە و مردنی ژنان و ......دەیان دەردو ئافات کە سستەمەکەیان
سەرچاوەین لە جیھاندا, وەلێ ھەر حەکایەتی لەسەر گەرمە کەن کەچی لەو
رۆژەی کۆڕبەندی دافوس دامەزراوە, جیھان بەرەو خراپتر دەڕوات و کێشەکان
گەورەتر دەبن, جیاوازییەکان زۆرتر, ھاوکات رۆژ لە دوای رۆژ بەشداربوانی
دەوڵەمەندتر دەبن, لە پاڵیا ماوە ماوە کونجێکی جیھان دە کەنە جھەنەم بۆ
ئەوەی جھەنەمەکان دیکەی پێ جوانتر بکەن و چەکەکانیانی پێ تاقی بکەنەوە.
کۆبونەوەی ئەم گروپە ٣١٠٠ کەسیە کە ٢٠١٩ کەسیان ھاووڵاتی ئەوروپای
خۆرئاواو ئەمەریکاو کەنەدان, تەنھا ٢٢%یان ژنن, کۆبونەوەی دەستبژێری
سیاسی و ئابوری جیھان و ملیاردێرەکان و بەڕێوەبەری بانکەکان و
سیاسەتمەدارانی سەرمایەدارییە, زۆریان ملیاردێرن, سەرۆکی ١٧٠٠ کۆمپانیا
بەشداری دەکەن, سەرمایەی کۆمپانیاکانیان لە ٥ ملیار کەمتر
نییە,ھەندێکیشیان سەرکردەی ملیاردێرن, ھەشیانە دەڵاڵی ملیاردێرەکانن,
دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی دافوس کلکیان پێکەوە گرێ داوە, ئێستا
زیاتر لە ھەر کاتێک ئاشکرایە دەسەڵاتداران بەرژەوەندی سەرمایەداران
دەپارێزن,فاقی تەنافی سستەمی سەرمایەدارین, تەنھا ئامرازێکن بۆ شەرعیەت
دان بە تاڵانییەکان لە جیھاندا بۆ سستەمی سەرمایەداری, بەشێکی دیکەشیان
بەڕێوەبەری راپەڕاندنی کۆمپانیاکانن کە موچەکانیان سەدان جاری
کارمەندانی ناو دەزگاکەی خۆیانە وێڕای بەخششەکان و وەرگرتنی پشکەکان"
لە ھیندستان ٠,٣٥ رۆژ بەسە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرێکی راپەڕاندنی
کۆمپانیایەک کار بکات, بۆ ئەوەی موچەی ساڵێکی کرێکارێکی ئاسایی
وەربگرێت , لە ئەمەریکا ١,٥٦ رۆژ , لە مەکدۆناڵد کرێکارێک پێویستە ٣١٠١
ساڵ کار بکات تا موچەی ساڵێکی بەڕێوەبەرێی راپەڕاندن
وەربگرێت",بەڕێوەبەری راپەراندنی کۆمپیانیا ئەمەریکییەکان کە لە ساڵی
١٩٦٥ دا ٦٥ جاری کرێکارێکی ئاساییان وەردەگرت, لە ساڵی ١٩٨٩ بەرزبوەوە
بۆ ٥٨ جار, لە ساڵی ٢٠٠٩ ەدا گەیشتە ٢٠٠ جار , ئەمساڵ کە بەشداری
دەکەنەوە کرێکانیان ٣١٢ جاری کرێکارێکی ئاسایی ئەمەریکییە, بە پێی
عەقلیەتی بەشداربووانی کۆڕبەندەکەش بێت زۆر ئاساییە, ئەوان زیرەک و
داھێنەرو جێنتەڵ مانن شایستەی ئەو موچەیەو ئیمتیازاتەن.
کۆڕبەندەکە وێڕای ئەوەی زوڵمی ژێندەری تێدایە, کە ژنان تەنھا ٢٢%ی
بەشداربوانن, ھاوکات ھەموو ئەفریقا ١١٨ کەس و ئەمەریکای لاتینیش ١١٢
کەس بەشداری تێدا دەکەن, نزیک بە ٦٥%ی بەشداربووان ھاووڵاتی ئەوروپای
رۆژئاواو ئەمەریکا و کەنەدان, واتا کۆڕبەندی رۆژئاوایە نەک جیھان.
ھەر یەکە لە بەشداربووان ٦٠ ھەزار دۆلاری خۆیان دەدەن بۆ بەشداریکردن"
جگە لەوانەی بانگ دەکرێن وەک سەرۆک حکومەت و دەوڵەتەکان, یان
پێشکەشکەرانی توێژینەوەکان",کە ھاوتایە بەکارکردنی ٧٥ ساڵی کرێکارێکی
ھیندی و بەنگەلادشی و کەمبۆدی و دەیان وڵاتی دی, لەم دیدارەی نێوان
سەرمایەداران و دەسەڵاتداران,ئاسایشی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە راستەقینەی
جیھان ھەزاران چەکداری سویسری دەیان پارێزێت,شارۆچکەیەک فڕینی ئاسمانی
و خۆپیشاندانی سەر زەوی تێدا قەدەغە دەکرێت لە رۆژانی کۆڕبەندەکە,
ھەرچەندە بریار وایە دیموکراسی راستەوخۆکەی سیوسرا نموونەیی بێت لە
جیھان, بە ناچاری نەیارانی سەرمایەداری لە دورەوە خۆپیشاندان لە دژیان
ئەنجام دە دەن, ئەوان حەز بە بیستنی ژاوە ژاوی نەیارانی سەرمایەداری
ناکەن, ھەرچەندیشە گوایە گفتوگۆکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ھەژارییە,
وەلێ ناشیانەوێت راستەوخۆ گوێبیستی داخوزی ھەژاران بن.
ستیف بانون راوێژکاری راستگەرای دەرکراوی ترەمپ, یەکێک لە مۆرە
گرنگەکانی راستیزم و ئابووری نەتەوەیی لە جیھان, ئەگەر ھیچ وتەو
وشەیەکی راست نەبووبێت تا ھەنووکە, ئەو وتەیەی راست بوو کە لە ساڵی
٢٠١٤ وتی" کرێکارانی جیھان بێزار بوون بڕیار لە گروپێک لە دافوس
وەربگرن", لە راستیدا ھەموو بڕیارەکانی جیھان لە چەند کۆڕو
کۆبونەوەیەکی واوە وەردەگرترێت, وەلێ رو لە کرێکاران نییە بڕیارەکان رو
لە سەرمایەدارانە بۆ چۆنیەتی بەرەو روبونەوەی کرێکاران.
پاپا فرانسیسیش بێزاری خۆی لە بەرز بونەوەی جیاوازی چینایەتی بۆ
بەشدارانی دافۆس دەربڕی, وەلێ بێزاریەکەی نابێتە جێگای پێشوازی
بەشداربووان بە ئاستی دابەزاندنی باج لە لایەن ترامپەوە لە ساڵی ٢٠١٨ەدا
لە ٣٥% ەوە بۆ ٢١%, ملیاردێرەکان سوپاسی ترامپیان کرد بۆ کەمکردنەوەی
باج, لە نەیاری ترامپەوە بونە دۆستی نزیکی, ھەواڵی ئەم مزگێنیەی حاکمە
ملیاردێرەکە خۆشی بڕیاری ساڵ و دەیە بو بۆیان,ئەوان مردون بۆ سیاسەتی
ئابوری ترامپ چونکە دەربڕی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیانە, بەڵام
نەیاری سیاسەتین کە زیان بە بەرژەوەندیەکانیان دەگەیەنێت, پێچەوانەی
ئۆباما دژ بە بڕیارە ئابوریەکانی بوون شەیدای سیاسەتەکەی بوون, ئەوەبوو
ساڵی ٢٠١٨ بووە ساڵی قازانجی زیاتری سەرمایەداران و بەرز بوونەوەی
بازاڕی پشک و دراو, ساڵی خێرو بەرەکەت بۆ سەرمایەداران بە گشتی وە
ئەمەریکا بە تایبەتی.
راپۆرتی ئەمساڵی ئۆکسفام ٢٠١٩ " ئۆکسفام تۆڕی رێکخراوە خێرخوازییەکانە
بۆ کەمکردنەوەی ھەژاری لە ساڵی ١٩٤٢ لە بەریتانیا دامەزراوە " کە رۆژێک
پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکانی دافوس بڵاو کرایەوە واتا لە ٢١ی جەنیوەری
٢٠١٩, ئاگری بەردا لە جەستەی کۆبونەوەکە, بەوەی ئەمساڵ سەروەت و سامانی
تەنھا ٢٦ کەس لە ملیاردێرەکانی جیھان , ھاوتایە بە سەروەت و سامانی
٣٨٠٠ ملیۆن کەسی ھەرە ھەژاری جیھان , واتا نیوەی ژمارەی دانیشتوانی
جیھان, پارساڵ سەروەت و سامانی ٤٢ ملیاردێر یەکسانە بە سەروەت و سامانی
٣,٨ ملیار مرۆڤی ھەژار لە جیھاندا,٢٠١٧ ئەم ژمارەیە ٦١ کەس و ساڵی ٢٠١٦
تەنھا ٨٦ کەس و ساڵی ٢٠٠٩ بریتی بوو لە ٣٩٠ کەس, بەم شێوەیە دەبینین
ساڵ بە ساڵ ژمارەی ملیاردێرەکان لە کەمبونەوەدان و ژمارەی ھەژارە
ھاوتاکانیان لە بەرزبونەوەدایە, راپۆرتەکانی ئۆکسفامیش ساڵانە گڕی
گەرماکەی کۆڕبەندەکەو کاردانەوەکان لە بەرامبەری بەتینتر دەبێت بە
بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی , وەلێ ناتوانێت ھەرەس بە بەفری دافوس بھێنێت,
تا ئەوکاتە لایەنی بەرامبەر ٣,٨ ملیارەکە لە پێناو خۆیاندا نەیەنە
مەیدان, چارەسەر لای ئۆکسفام نییە., بەڵکە لە ھاتنە مەیدانی
سەربەخۆدایە .
لە سەرەتای ساڵەوە تا رۆژی دەستپێکی کۆڕبەند واتا ٢٢ی جەنیوەری , لە
ماوەی ئەم ٢١ رۆژەی پێش کۆربەندەکە, سەرمایەی ئەو ٢٦ کەسە ,کە ١٧یان
ئەمەریکین , ٢ فەرەنسی , یەک مەکسیک, یەک ھیندی, ٣ چینی , یەک ھۆنگ
کۆنگ (چین)ین , کۆی گشتی لە ئێستادا تا دەستپێکی دافوس ٢٠١٩ خاوەند
١٣٥٧,٣ ملیار دۆلارن, کە لەسەری ساڵەوە ٧٣,٥٩٩ ملیار دۆلار
سەرمایەکەیان زیادی کردووە, واتا رۆژانە ٣,٣٤٥٤ ملیار دۆلار چۆتە سەر
سەرمایەی ئەم تەنھا ٢٦ کەسە, بۆیە ئەگەر ئەمرۆ ئامارەکە نوێ بکرێتەوە ,
ژمارەکە دەبێتە ٢٤ کەس , لەو ٢٦ کەسە جگە لە دوویان ئەوانی دیکە ھەموو
قازانجیان کردووە, تەنھا خاوەندی ئەمازۆن جیف بیزۆس ١٥,٤ ملیار دۆلاری
دەست کەوتووە , بیل گیتس ٤,٩٨ ملیار دۆلار" ئامارەکان دواین رێکخستنی
تایبەتی خۆمن".
ساڵی ٢٠١٨ سەروەت و سامانی ملیاردێرەکان بە رێژەی ١٢% چووە سەر, کۆی
گشتی ٩٠٠ ملیارد دۆلار قازانجیان کردووە, واتا رۆژانە ٢,٥ ملیار
دۆلاریان دەستکەوتووەو دوو رۆژ جارێکیش ملیاردێرێکی نوێ لە دایک بووە ,
لە بەرامبەردا سەروەت و سامانی ٣,٨٠٠ ملیار کەس کە نیوەی دانیشتوانی
جیھانە , بە رێژەی ١١% دابەزیووە.
ھاوکات لە ١٨,١ ملیۆنێری جیھان , سەرمایەکەیان بە رێژەی ١٠,٦%
زیادیکردووە گەیشتۆتە ٧٠,٢ ترلیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠١٧ , پێشبینی دەکرێت
لە ساڵی ٢٠٢٥ دا, سەرمایەکەیان بگاتە ١٠٠ ترلیۆن دۆلار, کە لە ساڵی
٢٠١٠ دا ٤٢,٢ ترلیۆن دۆلار بووە, لە ساڵی ٢٠٠٨ دا تەنھا ٣٢,٨ ترلیۆن
دۆلار بووە, واتا لە ١٠ ساڵی رابردوو زیاتر لە ١١٠% زیادی کردووە,بەڵام
ئەوملیۆنێرانەی ٣٠ ملیۆن دۆلار زیاتریان ھەیە, سەرمایەکەیان پارساڵ بە
رێژەی ١٢% گەشەی کردووە بووە بە ٢٤,٥ ترلیۆن دۆلار, ژمارەیان تەنھا
١٧٤٠٠٠ کەسە.
ئەمە لە کاتێکدایە گیرفانی ئەوان پڕتر دەبێت, کەچی قەرزی جیھانی
گەیشتۆتە ٢٤٤ ترلیۆن دۆلار , واتا ٣١٨%ی داھاتی نەتەوەیی جیھان.
پیاوانی دافوس ساڵ لە دوای ساڵ بەھۆی زیادبوونی سەرمایەکانیانەوە
دڵخۆشتر دەبن, ئەم کۆبونەوەیە بۆ رێکەوتن و سەفقاتی ئابووری سیاسی
بەکار دەھێنن, سەیر بکەن لە ١٠ ساڵی رابردوو کە بە ساڵەکانی قەیرانی
دورو درێژی سەرمایەداری دەناسرێت , ئەمان مێش مێوانیان نەبووە,
ژمارەکان وا دەڵێن نەک دروشمەکان, ھەمیشە ژمارەو سەرمایەکەیان زیادی
کردووە, لە ساڵی ٢٠٠٩ ژمارەی ملیاردێرەکان ٧٩٣ کەس بووە, کە خاوەندی
٣,٦ ترلیۆن دۆلار بوونە, لە ساڵی ٢٠١٨ بوونە بە ٢٢٠٨ ملیاردێرو خاوەند
٩,١ ترلیۆن دۆلار, ژمارەیان ٣٥٩% و سەرمایەکەشیان ٣٩٦% زیادیان کردووە.
ساڵی ٢٠٠٠ژمارەی ملیاردێرەکانی جیھان تەنھا ٤٧٠ کەس و سەرمایەکەشیان
٨٩٨ ملیار دۆلار بووە, لەوساوە سستەمی سەرمایەداری جیھانی چەندین
قەیرانی درێژخایەنی توندی بڕی, وەلێ ئەمان لە روی ژمارەو سەرمایەوە ھەر
زۆربوون و دەوڵەمەندتر بوون, لە کاتێکدا جان بۆل غیتی بەریتانی
لەپەنجاکانی سەدەی رابردوو بووە یەکەم ملیاردێر لە جیھاندا, ساڵی ٢٠١٩
ژمارەیان بەرەو ٢٥٠٠ دەڕوات.
١٠ لە یەخە ئاڵتونییە ملیاردێرەکان کە بەشدار بوون لە دافوسی ٢٠٠٩ کە
ئەمساڵیش بەشداری دەکەنەوە, سەرمایەکانیان ٦ جار زیادی کردووە ,
خاوەندی فەیس بووک سەرمایەکەی لە ١٠ ساڵی رابردوو لە ٣ ملیار دۆلارەوە
بۆ ٥٥,٦ ملیار دۆلار بەرز بۆتەوە واتا ١٨٥٣% گەشەی کردووە,ستیف
شوارزمان سەرۆکی کارگێڕی گروپی بلاکستۆن سەرمایەکەی لە ٢,١ ملیار
دۆلارەەوە بۆ ١٠,١ ملیار دۆلارزیادیکردووە .....
بە پێی راپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی ئۆکسفام ٨٢%ی زێدەی سەروەت و سامانی بەرھەم
ھاتوو لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ١%ی کۆمەڵگا بووە, ٩٩%ەکەی تریش بە ھەر
ھەمویانەوە ١٨%یان بەرکەوتووە,لە ھیندستان ١% تەنھا ٧٣%ی بەرکەوتووە,
لەوەش زۆر وڵات دەست بەتاڵ دەرچوونەو لە زێدەی سەروەت و سامان ھیچیان
لە نیعمەتی گەشەی ئابوری و سەروەت و سامانی جیھان بەر نەکەوتووە, لە
ساڵی ٢٠١٠ ەوە کرێکاران کرێکانیان تەنھا ٢% زیادی کردوە, کەچی
ملیاردێرەکان داھاتیان ١٣% چۆتە سەر, لە نێوان ١٩٨٠ بۆ ٢٠١٦ , ٥٠%ی
ھەرە ھەژارە دانیشتوانی جیھان ١٢ سەنتیان لە ھەر دۆلارێکی داھاتی جیھان
بەدەست ھێناوە, کەچی ١%ی ھاووڵاتیانی دەوڵەمەندی جیھان ٢٧ سەنتیان
بەدەست ھێناوە.
ئەمەش ھۆکاری ئەوەیە رۆژ لە دوای رۆژ قڵشتی چینایەتی لە جیھاندا دەچێتە
سەر, بە پێی راپۆرتی جیاوازی داھاتی ساڵی ٢٠١٨, ١%ی دەوڵەمەندە
ئەمەریکیەکان داھاتیان لە ١١% ەوە لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ٢٠% لە ساڵی ٢٠١٤
بەرز بۆتەوە, لە روسیا لە ٤% لە ساڵی ١٩٨٠ بەرز بۆتەوە بۆ ٢٠% لە ساڵی
٢٠١٥, لە چین ٦% لە ١٩٧٨ بۆ ١٤% لە ٢٠١٥, ئەمەش پێچەوانەی ئاستی ژیری
قەڵەم بەدەستانی بۆرژوازی کوردە کە وا دەزانن دیاردەی ھەژاربوون تەنھا
کوردستانییە,بە پێی ئاماری ناوەندی جیھانی نایەکسانی بۆ ساڵی ٢٠١٨, لە
رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ١٠% دەوڵەمەندەکان خاوەند ٦١% سامانن ئەمەش
بەرزترین رێژەی نایەکسانییە لە ئاستی جیھان, کە ھەرێمەکەی خۆمان بەشێکە
لێی, لە ھیندو بەرازیل و ئەفریقا٥٥ - ٥٤%و باکوری ئەمەریکا ٤٧% و
یەکێتی ئەوروپا٣٧%,لە ئاستی جیھانیش١%ی ھەرە دەوڵەمەندەکان خاوەند ٢٧%ی
سەروەت و سامانی جیھانن, لە ساڵی ١٩٨٠ تەنھا خاوەندی ١٦%ی بوون,ھاوکات
لە بەرامبەردا ٥٠%ی ھەرە ھەژارەکانی جیھان تەنھا خاوەند ٩%ی سەروەت و
سامانی جیھانن.
ئۆکسفام رێگ گرتن لە ھەڵاتن لە دانی باج و بەرزکردنەوەی کرێی کرێکاران
و سنور دانان بۆ موچەو داھاتی بەڕێوەبەری راپەراندنی کۆمپانیاکان بە
رێگا چارەی گونجاو دەزانێت بۆ رێگا گرتن لە بەرز بونەوەی نا یەکسانی,
نەک ھەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی, وەلێ کاتێک ترمپ دەبێتە حاکمی
جیھان, پێشنیارەکەی بستێک بڕ ناکات, چونکە حکومەت و چین و کۆمپانیا
بونەتە یەک دەستگا, ٤١ ساڵە ئەم حکایەتە روو لە دافوس و دافوسچییە ھێقە
ئاڵتونییەکان دەڵێنەوە, نەیتوانی بە نیو ئەندازەی راپەڕینی ئێلەگ
زەردەکان کاریگەری دابنێت و تەخت و تاراجێک بلەرزێنێت, ئەدی کاتێک لە
بری راپۆرتە ساڵانەکان برۆلیتاریاو بریکاریای جیھانی قسەی خۆیان بکەن و
شەڕی ھێقە رەنگاو رەنگەکان بێتە ناو باریکاردو سەر شەقامەکان چی
رودەدات؟.
بە پێچەوانەی ویستی ئۆکسفامەکان,باج لە ساڵی ١٩٧٠دا بە رێژەی ٦٢% بوو,
بۆ ٣٨% کەمبوەوە لە ساڵی ٢٠١٣, لە وڵاتانی تازە گەشەکردوو ٢٨% و لە
وڵاتێکی وەک بەرازیل ١٠% ەیە.
دەوڵەمەندەکانیش نەک رێژەی باجیان بۆ کەمکراوەتەوە, بگرە ٧٦٠٠ ملیار
دلاریان لە ٢٥٠٠ شوێنی جیھان لە باج شاردۆتەوە, بەشێوەی گشتی ئێستا
دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیاکان باجی کەمتر دە دەن وەک لەوکات, بگرە بە
کۆمەڵ وڵاتان بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی باج دەدەن, کەواتا دافوس و
ئۆکسفامەکان ٤١ ساڵە چی دەکەن و چ بەرھەمێک دەدورنەوە .
زیاد بوونی ژمارەی دەوڵەمەندەکان نیشانەی پێشکەوتنی ئابوری نییە, بەڵکە
نیشانەی شکستی سستەمە کە ناتوانێت پارسەنگ رابگرێت و بەرئەنجامی گەشەی
ئابووری دادپەروەرانە لە نێوان مرۆڤەکان لە جیھان دابەش بکات, نەک وەک
سیاسییەکانی کوردستان پێیان وابوو بوونی ھەزاران ملیۆنێر و ٣٠ ملیاردێر
نیشانەی پێشکەوتنی کوردستانە.
لە کاتێکدا ٣,٨ ملیار کەس ھیچیان بەر نەکەوت لە نیعمەتی گەشەی ئابوری
جیھان بگرە قازانج سەری مایەشی خواردووە,تەنانەت کریستین لاغارد
بەڕێوەبەری سندوقی دراوی جیھانی وتی"لە ١٥ وڵاتی جیھانی سێیەم داھاتی
تاک دابەزیوە"کەچی لە لایەکی ترەوە رۆژانە ٢ ملیاردێری نوێ چاو
ھەڵدەھێنن لەسایەی سستەمی سەرمایەداری جیھانی و ژمارەیان لە ئێستادا
گەیشتۆتە ٢٢٠٨ کەس تا سەرەتای ئەمساڵ, کە نزیک ٩٠%یان پیاون, لە
کاتێکدا ساڵی ٢٠١٧ ژنان بایی ١٠ ترلیۆن دۆلار کاری خۆبەخشیان
ئەنجامداوە لە ماڵەکانیان, ھەرچەندە ئەمساڵ بەشێک لە دانیشتنەکانی
دافۆس ژنان بەڕێوەیان بردو ١%ی بەشداری ژنان زیادیکرد بۆ ٢٢%.
دیاردەی جیف بیزۆس.
پارساڵ ئەمساڵ دوای ٧ دەیە لە دایک بوونی یەکەم ملیاردێر لە مێژووی
جیھاندا, یەکەم خاوەند سەت ملیار دۆلار لە دایک بوو,ئەویش جیف بیزۆس "
١٢-١-١٩٦٤ "ی ئەمەریکی خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆنە" ٥-٧-١٩٩٤ دامەزراوە,
نرخەکەی ئەمساڵ ترلیۆنێکی دوای ئەپڵ تێپەڕاند کە دواتر دابەزییەوە,
داھاتی ساڵانەی ١٧٧,٩ ملیار دۆلارە, بیزۆس خاوەند١٦%ی پشکەکانی
کۆمپانیاکەیە, ٥٥٠٠٠٠ ژمارەی ھێزی کارێتی,لە ئەمەریکا ١٢ دۆلار کرێی
سەعات کاری کرێکارانێتی , بڕیاری داوە پەیوەست بێت بە کەمپەینی ١٥
دۆلار بۆ سەعاتێکی کار کە سۆسیالستەکان و بیرنەر ساندەرز کاندیدی
پێشووی سەرۆک کۆماری پشتیوانی لێدەکەن وەک یەکەم سەرمایەداری ئەمەریکا
, لە ھیندستانیش کرێکارانی مانگانە ٢٣٣ دۆلار وەردە گرن, واتا کرێکارێک
١٥٠ ھەزار ساڵ کاربکات ناتوانێت سەرمایەی بیزۆس وەربگرێت نەک کۆبکاتەوە,
ھەر خولەکێک بە ئەندازەی ١٢ ساڵی ئەوانی دەست دە کەوێت " تەنھا٢٢ رۆژی
ئەمساڵ ١٤,٥ ملیار دۆلار دەست کەوتی بووە , لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە ھاتە ریزی
١٠ دەوڵەمەندەکەی جیھان و پلەی پێنجەمی بەدەست ھێنا,لە ساڵی ٢٠٠٢ لە
ریزی ٢٩٣ ەمین و لە ٢٠٠٦ لە ریزی ١٤٧ەمینی ملیاردێرەکانی لیستی
فۆربیسدا بووە, ئێستا ناوبراو خاوەند ١٤٠ ملیار دۆلارە و دەوڵەمەندترین
کەسە لە مێژوی مرۆڤایەتی, بە سەرمایەەیەکەی دەتوانێت چارەسەری
نەخوێندەواری وبەشێک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وڵاتانی ھەژار و
ژینگەی جیھان بکات.
چین و دافوس.
عەولەمەی چوار , شۆڕشی پیشەسازی چوار, رێژەی گەشەی ئابووری جیھان و
شەڕی بازرگانی .... ئەمانە بابەتە گرنگەکانی دافوسی ئەمساڵن , لێرەوە
دەچنە نێو پیشەسازی زیرەک یاخود زیرەکی دەستکرد و رۆبۆت و ..., ھەمووشی
لە دەورو بەری چین دەخولێتەوە, ئەگەر بەشداریش نەبێت لەناو ناوەندی
بابەتەکاندایە.
چینییەکان ٤٠ ساڵ لەمەوپێش بە شاندێکی چەند کەسی بەشداری دافوسیان کرد,
تەنھا گوێگر بوون نەک قسە کەر, لە کاتی دگمەندا نەبوبێت قسەیان ناکرد,
ئێستا پێشبڕکێ لەسەر ھێزی یەکەم دەکەن لە جیھان , خاوەند کۆمپانیای
زەبلاحی داھێنەر و دووەم ھێزی ئابووری و یەکەم ھێزی بازرگانی جیھانن,
چین ھەفتەی دو ملیاردێری زیاددەکات, کۆمپانیاکانیش لە پێشکەوتنی
بەردەوامدان, لە روی داھێنانیشەوە ھەنگاوی گرنگی ناوە, بۆیە چین بە
شاندە ١٢٠ کەسیەکەیەوە کە نزیک ٤%ی بەشدار بووانە, بەھۆی ئامادە
نەبوونی شاندی ئەمەریکا و بەریتانیا و روسیا و فەرەنسا و ھیندەوە ,
بونەتە بابەتی سەرەکی کۆڕبەندەکە, ئاخر چین ٣٠%ی گەشەی ئابووری جیھان
دابین دەکات, شادەماری گەشەی ئابووری جیھانە, بۆیە کرۆِبندی ئابووری
جیھانیش ناتوانێت خۆ لەباسکردنی لا ببات, لە کاتێکدا بۆتە ئاڵا ھەڵگری
داکۆکی لە بازاگانی ئازاد لەمڕۆی جیھاندا.
ملیاردێرەکانی کوردستان.
ئۆغستینۆس ئێژێت لە وڵاتێک دادپەروەری نەبێت دەبێتە وڵاتی دزان,
کوردستانیش وای لێھاتووە دزە گەورەکان لە ھەمووان رێزدارترو شەریفترن,
بندیواری فەقیر پێی دەڵێن گەندەڵ, سەرمایەداری گەورە کە دز یان شەریکە
دزی گەورەیە پێی دەڵێن وەبەرھێن, ھەردوکیشیان یەک پرۆسەیان ئەنجامداوە,
یەکیان بە خەفیفی ئەوی تریان بە خەستی, وەک سەردەمی شاخ خەفیفە زۆرجار
سزاکەی قورستر بوو لە مەفرەزە خاسەی سەقیلە.
دیموکراتیەتی دو بنەماڵە, دووی بچوکیش لەدایک بوندایە, ئەوانیش وەک
ئەمیبا زیاد دەکەن بۆ بنەماڵۆکەی بچوکتر لە ئایندە , وەک دیموکراتیەتی
رۆمانی وایە, تەنھا بۆ خۆیانە , ھەموو شتێکیان بۆ خۆیان و کۆیلەکانیان
کۆنترۆڵکردووە.
ئێمە لە کوردستان خاوەند زیاتر لە ٣٠ ملیاردێری ئاشکراو ھەندێکی سیاسی
شاراوەین, کەچی ناوی ئاشکراو شاراوەیان لە لیستەکانی فۆربیس و بلۆمبێر
و ..... نین, حالەتێک نەبێت بەشداری کۆڕبەند و کۆنفرانسە ئابوورییەکان
ناکەن, ناوی ئەوان تەنھا لە لیستی خەڵکی کوردستانە, ١٠ لەوانە کە
سەرمایەکانیان ئاشکرایە بریتین لە "ئەحمەد ئیسماعیل خاوەندی کۆمپانیای
ماس , خاوەند زیاتر لە ٦ ملیار دۆلارە , شێخ باز بارزانی خاوەندی گروپی
کۆمپانیاکانی کار و سەرمایەکەی زیاتر لە ٤ ملیارد دۆلارە, شێخ فاخیر و
براکانی خاوەندی کۆمپانیاکانی قەیوان سەرمایەکەی نزیک ٤ ملیار دۆلارە,
فاروق مەلا مستەفا خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی فاروقە و خاوەند نزیک ٤
ملیار دۆلارە, سیروان بارزانی ٨٠% کۆڕەک سرمایەکەی نزیک ٣ ملیار دۆلارە,
ھادی نەزیرو براکانی یۆبی ھۆڵدین زیاتر ل ٣ ملیار دۆلار, ئاسۆ یامۆڵکی
گروپی کۆمپانیاکانی ھەڵەبجە سەرمایە نزیک ٣ ملیار دۆلارە , ئازاد حاجی
یەحیا و براکانی گروپی کۆمپانیاکانی جیھان ٢,٥ ملیار دۆلار, پێشڕەو
ئاغا دزەیی گروپی کۆمپانیاکانی فالکۆن ٢ ملیار دۆلار, سەعد فایەق کۆڵەک
کۆمپانیاکانی کۆڵەک زیاتر لە ١ ملیار دۆلار- ١٥ ملیاردێرو ٥ ھەزار
ملیۆنێر ھەیە دیپلۆماتیک مەگەزین " , کۆی گشتی ئەم ١٠ ملیاردێرە کە
ناوی ھیچیان لە لیستە جیھانییەکان نییە, خاوەند ٣٠,٥٠٠ ملیار دۆلارن,
خاوەند ٥ ساڵ بودجەی سەرجەم ھاووڵاتیانی کوردستانن, دەبێت ئەم جیھانە
چەند ملیاردێری شاراوەی وای ھەبێت کە فۆربیس و دافوسەکانیش نایان
دۆزنەوە.
لە کۆتادا دەڵێم لە سایەی دافۆسچییەکانەوە , ٦٠% خەڵکی جیھان چاوەڕوانن
ھەلێکیان بۆ رێکەوێت کۆچ بکەن, کەواتە جەھەنەمەکەی کوردستان تەنھا نییە
, ئەگەر پرۆلیتاریای رۆمانی لەسەر کۆیلەکان دەژیان وەک مارکس وتەنی,
ئەوا ئەمرۆ دافۆسچییەکان لەسەر پرۆلیتاریای جیھانی دەوڵەمەندتر دەبن,
کەواتا تەنیا نیین ١٠٠٠ ھێندەی ئێمە خەڵک لە نیشتمانی خۆیان بێزارن.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|
       |