په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٨\٢٠١٥

حەقیقەتی کێشە سیاسییەکەی ئێستای کوردستان.

جیهاد محەمەد     

- بەشی دووەم -

 

((حەقیقەت بە ڕووتییەوە وەک خۆی دەبینرێت، بەڵام کاتێک پۆشاکێکی لەبەر دەکرێت بە ناوی ئەتەکێتی قسەکردن، یان ئادابی قسەکردن، یان زۆر جار بە ناوی قسەی سیاسییانە و دیبلۆماسیانە، ئیتر حەقیقەت وەک خۆی نامێنێت و دەشێونێرێت. هەڵبەت هەریەک لە ئەتەکێت و ئاداب و سیاسیی و دیبلۆماسیی لە شوێنی خۆیدا گرنگ و بە بایەخە، بە مەرجێک وەک ئاماژەم پێدا حەقیقەت نەشێوێنێت. بۆیە با بە ڕووتی قسە بکەین تا حەقیقەت پیشان بدەین، بەڵام مەرجیش نییە ئەمەی من دەیڵێم هەموو حەقیقەت بێت، بۆیە من ئامادەم بۆ دیالۆگ و قسەکردن لەسەر رای خۆم، هیچ رایەکی دژ بە راکەی خۆم رەتناکەمەوە تەنها ئەوەی بە حەقیقەتی دەزانم لە راکەی خۆمدا بەرگری لێدەکەم بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە ئەرگۆمێنت و بەڵگەوە.)).

هەڵەکانی پارتی و سیاسەتە فێڵاویی و بێمتمانەییەکانی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتریدا:


• پارتی و سەرۆکەکەیان، هەڵەیەکی گەورەیان دەرهەق بە خۆیان و میللەتی کوردیش کردوە و دەشیکەن. هەڵەکەشیان ئەوە بووە هەر لە سەرەتاوە ئەوەندەی سەرقاڵی خۆ دەوڵەمەندکردن و خۆسەپاندن و لوتبەرزیی بوون بەسەر خەڵکی کوردستاندا وەک حیزبێکی گەورەی کوردستان دەیەکێکی ئەوە ئاوڕیان لە خەڵکی کوردستان نەداوەتەوە. لای پارتی و سەرۆکەکەیان تەنها یەک شت گرنگ بووە لایان ئەویش جار جار راگەیاندن لەسەر ئەوەی کە پارتی و ئەم سەرۆکەیان پێ لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دادەگرن، ئەمەش لای ئەوان باشترین میکانیزم بووە بۆ ئەوەی کە هەموو کێشە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و کولتوورییەکانی کوردستانی پێ کپ بکەن و خەڵکی پێ بێدەنگ بکەن، لە راستیشدا پارتی لەم مەسەلەیەدا زیرەک بوون، چونکە میللەتی کورد میللەتێکە بە شێوەیەکی عاتیفانە بیری لە دەوڵەتی کوردی کردۆتەوە، وەک تۆڵەیەک لە نەتەوەکانی عەرەبیی و تورکیی و فارسیی بیری لەوە کردۆتەوە کە دەوڵەتی هەبێت، نەک وەک مافێکی رەوای خۆی، نەک وەک ئەوەی کە دەوڵەتی کوردی میکانیزمێکی بەهێزە هەر هیچ نەبێت بۆ ئەوەی کە جینۆساید نەکرێت. بۆیە پارتی بەم پێداگرتنەی لەسەر دەوڵەتی کوردی توانیوێتی سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، دیسان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی حیزبەکانی رۆژهەڵات، کە زیاتر بەلای پارتیدا دایدەتاشن و لەگەڵ ئەم حیزبەدان، (بەڵگەشم لەسەر ئەوەی کە ئەم حیزبە وەک میکانزیمێکی بەهێز بۆ کۆکردنەوەی حەشامات لەدەوری خۆی باس لە دەوڵەتی کوردی دەکات، ئەوەیە کە لە سەرەتای دورستبوونەوەی دەوڵەتی عێراقدا، ئەم حیزبە نەک باسی دەوڵەتی کوردیان نەدەکرد ماف و سیستمی فیدراڵیەتیشیان بە زیاد دەزانی بۆ گەلی کورد و هەر لەسەر ئەجندا سیاسییە کۆنەکەی خۆیان داوای تۆتۆنۆمییان دەکرد بۆ گەلی کورد).


بەڵام پارتی لەوەدا زیرەک نەبوون کە یەکێتی و گۆران و حیزبە ئیسلامیەکان لە کاتێکی تایبەتدا دەتوانن ئەم میکانیزمەی پارتی(میکانیزمی مانەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی و بەکارهێنانی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی) لەبار بەرن بە ناوی یاسا و سەروەریی یاسا و دیمکوراتیتەوە وەک ئەوەیان لە ٢٣ی حوزەیراندا کرد. پارتی لەوەدا زیرەک نەبوون کە دەوڵەتی کوردی ئەگەر بە فیعلیش رابگەیەنرێت قەرەبووی بێ موچەیی و بێ کارەبایی و پەروەردەی خراپ و تەندروستی خراپ ناکاتەوە بۆ خەڵک، لە کاتێکدا کە سەرۆکی حوکومەت لە پارتییە و زۆربەی وەزارەتەکان و دامەزراوە هەستیارەکان بە دەست پارتیەوەیە.


• پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژیەکەیاندا(یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) وازیان لە باری کۆمەڵایەتیی و کولتووریی کۆمەڵگای کوردی هێنا و خەریکی دابەشکردنی پۆست و قۆرخکردنی هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی و درێژەدان بە حوکمڕانییەکەیان بوون. چۆڵکردنی ئەم دوو بوارە گرنگ و بە بایەخ و هەستیارەی کۆمەڵگا و بەجێهێشتنی بۆ حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان، یەجگار باری کۆمەڵایەتی و کولتووری دواخست و لەباریبرد. جار جارێک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لێدوانەکانی هەندێک لە سەرکردەکانیان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیان دژی حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان و بە دینیکردنی هەموو کۆمەڵگا و کولتووری هەموو کۆمەڵگا دەوەستانەوە، بەڵام پارتی نەک هەر ئەمەی نەدەکرد بەڵکو هەرچ جارێک قسەیەکی باشبکرایە کە بۆنی دژایەتی و رخنگرتنی لێبهاتایە دژی بە دینیکردنی هەموو کۆمەڵگا و سەپاندنی کولتووری دینی بەسەر کۆمەڵگادا، مەلاکان بە ناوی(یەکێتی زانایان) دەگەیشتنە لای مەسعود بارزانی و سکاڵایان تۆمار دەکرد و دەیانوت قوربان تۆ کوری مەلا مستەفای بارزانی ئەوەتا لە پەرلەماندا باسی وشەی(جێندەر) دەکرێت، ئەمە هێنانی کولتوورێکی رۆژئاواییە و بێ رەوشتی لە کۆمەڵگای کوردیدا دروست دەکات، مەسعود بارزانی بۆ موجامەلی ئەم هێزانە لایەنداری دکردن و هەرچیان بویستایە بۆی دەکردن، ئەمە کارێکی کرد کە بەرەی مەدەنیەت و بەرەی چەپ و لیبراڵەکان زۆر لە پارتی و ئەم سەرۆکە نیگەران بن. کاتێکیش کۆمەڵ و یەکگرتوو زانیان کە رەگیان بە تەواوەتی داکوتاوە لە ناو کۆمەڵگادا و کۆمەڵگایان کردووە بە کۆمەڵگایەکی دینی دەستیان خستە ناو دەستی بزووتنەوەی گۆران و یەکێتییەوە دژی پارتی و مەسعود بارزانی، تۆڵەی ئەوەیان لەم حیزبە کردەوە کە چەندین جار لە زاخۆ و بادیناندا پەلامار دراون و بارەگاکانیان سوتێراوە و ئەندامانیان لێ زیندانی کراوە. کەواتە پارتی لێرەشدا سیاسەتێکی زیرەکانەی نەکرد بۆ خۆی و بۆ میللەتی کورد.


• پارتی هەر لەسەرەتای راپەڕین و هەڵبژاردنی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ەوە کەوتە دژایەتی یەکێتی نیشتیمانی، هەرچەندە ئەم دژایەتیکردنە بە رێکەوتن(سازان) کۆتایی هات و ئەم دوو حیزبە لەسەر حسابی دیموکراتیەت و لەسەر حسابی مافی تاک و کۆمەڵگای کوردی پۆستەکانیان وەک یەک لە ناو خۆیاندا دابەشکرد و حوکومەتیان پێکهێنا. بەڵام ئەم دوو حیزبە چونکە لەسەر بنەمای دژایەتییکردنی یەکتری دامەزرابوون، ماکی ئەم دژایەتیکردنەش لە سەرەتای دروستبوونی شۆڕشی گەلی کوردەوە و لە ململانێی نێوان مەلامستەفا وەک سەرۆکی پارتی و مەکتەبی سیاسیی و برایم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتی تا ئێستاش بەردەوامە، هەر ئەم ململانێیەش کە سلێمانچێتی و هەولێرچێتی دروستکردووە، چونکە سلێمانی بەردەوام چەقی ئەو هێزە سیاسییە بووە کە هیچ کات دانی خێری نەناوە بە بنەماڵەی بارزانی و پارتیدا، بادینان و لەم دواینەشدا هەولێر بوون بە چەقی هێزی پارتی و بنەماڵەی بارزانیەکان. ئەم بێمتامانەییە، ئەم بێ بڕوابوونە بە یەکتری، چەندین جار سەری هەڵداوە و شەری راگەیاندنی لێکەوتۆتەوە و لە دواجاریشدا لەسەر داهاتی زۆر و زەوەندی برایم خەلیل کە پارتی دەستی بەسەردا گرتبوو لە ساڵی ١٩٩٤دا شەڕێکی نەگریسیان دروستکرد و دەیان و سەدان کوردیان بە کوشتدا و سەدان ماڵ و خێزان ئاوارە بوون و سەدان خانو ماڵ و موڵک و باخ و باخات داگیرکران لە لایەن هێزەکانی ئەم دوو حیزبەوە. هیچ کات پارتی دیموکراتی کوردستان نەرمی نەنوواندووە و بەعەقڵ کاری نەکردوە بۆ هێورکردنەوە و سڕینەوەی ئەم برینە قوڵەی کردویانەتە جەستەی هەموو گەلی کورد. هەمیشە بنەماڵەی بارزانی بە گومان بوون لە هەموو حیزبێکی کوردستانی. بۆ نوموونە:


کاتێک گۆران دروستبوو، لێکدانەوەی پارتی لەسەر گومانەکەی خۆیان وابوو کە ئەمە فێڵی نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفایە، لە کاتێکدا کە مام جەلال گەورەترین سازشی لەگەڵ پارتیدا کرد و کوردستانی بۆ بەجێهێشتن و چووە سەر گۆڕەکەی مەلا مستەفا و لە هەموو خەبات و دژایەتیکردنێکی ئەم بنەماڵەیە پەشیمان بووەوە. پارتی بە جۆرێک دژایەتی گۆرانیان کردووە، کە بەردەوام کادرەکانیان لە بچوکترین رێنەکەوتندا لەگەڵ گۆراندا، هێرشی زۆر تووندیان دەکردە سەر نەوشیروان مستەفا، هەمیشە بە خوێنڕێژ و خائین ناویان دەبرد.


پارتی هەر لەسەرەتای دروستبوونی هێزی سیاسی پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، کەوتنە دژایەتی ئەم هێزە و بە هێزکیان دادەنا کە جێگە بەمان لەق دەکات و میراتگریی مەسەلەی کورد و دەوڵەتی کوردی لە دەست ئەم بنەماڵەیە دەردەهێنێت. هەموو چاودێرانی سیاسیی دەڵێن، پارتی چەند رقی لە دووژمنانی گەلی کوردە دە هێندە زیاتر رقی لە پەکەکە و عەبدوڵا ئوجەلانە.


پارتی لە بەرخۆدانی کوردەکانی رۆژئاوا و دروستبوونی پەیەدەدا کەوتەنەوە دژایەتی و سەنگەر لێدان دژیان. ئەم دژایەتیکردنە گەیشتە ئەو ئاستەی کە خەندەق لێبدەن لە نێوان سنوری بادینان و رۆژاوادا، بۆ ئەوەی هیچ کەس و هیچ یارمەتییەک لە باشورەوە نەگاتە دەستی پەیەدە و کوردەکانی رۆژئاوا.


ئەمانە هەووی کۆمەڵە فاکتەرێكن کە پارتیان خستە نێو بازنەیەکی داخراوەوە، ئەم بازنە داخروە لە ٢٣ی حوزەیراندا هێندەی تر بەرتەسک بووەوە.


پارتی لەم قەیرانە قوڵەیاندا، لە جیاتی ئەوەی بە عەقڵ بیربکەنەوە، لە جیاتی ئەوەی نەرمی بنوێنن بەرامبەر بە حیزبە هاوپەیمانەکانی خۆیان و ئەو حیزبانەی لەگەڵیاندا حوکومەتی بنکە فراوانیان دروستکردووە، کەچی تەنها یەک قسەیان هەیە و هیچی تر: مەسعود بارزانی دەبێت بۆ چوار ساڵی تر سەرۆکی هەرێم بێت بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە. بە هەموو بیرکردنەوەی خۆیان و دۆستەکانیان ئەگەر گوێیان لە دۆستەکانیان گرتبێت، لەم دویانەدا هاتنە سەر ئەوەی ئەم چوار ساڵە بکەن بە دوو ساڵ و ئێستا داوای ئەوە دەکەن کە مەسعود بارزانی بۆ ماوەی دوو ساڵی تر بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە سەرۆکی هەرێم بێت. لە کاتێکدا خۆشیان و هەموو چاودێرانی سیاسیی و دەوڵەتانی دەوروبەر و ئەمەریکاش دەزانن کە ئەمە خۆ سەپاندنە پارتی دەیکات.


هەموو ئەم خاڵە نەگەتیفانەی من باسی دەکەم لەسەر پارتی لە حیزبەکانی تریشدا هەیە، بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر، جگە لەوەش حیزبەکانی تر ئامادەن بۆ گفتوگۆ، هەر بۆ نموونە هەموویان لەم کێشەیەی دواییدا لەسەر درێژکردنەوەی ولایەتەکەی مەسعود بارزانی پرۆژەیان هەیە، بەڵام پارتی وەک ئامژەم پێدا یەک قسەی هەیە و هیچی تر.

 
• گەورەترین کێشەی پارتی، رێکەوتنێتی لەگەڵ تورکیا و ئۆردۆغان و حیزبەکەی ئۆردۆغان، بە جۆرێک ئەم رێکەوتنە ژێر بە ژێر دروستکراوە، کە هیچ کەس و هیچ حیزبێکی تر لە کوردستاندا ئاگاداری نییە، ئەو هەموو کۆبوونەوەیەی نێچیرڤان بارزانی و خودی مەسعود بارزانی لەگەڵ ئۆردۆغان و ئەحمەد داود ئۆغڵۆدا هیچ هێزێکی سیاسیی و پەرلەمانیش ئاگاداری نییە و نازانرێت لە نێوانیاندا چی دەگوزەریت. سەیر لەوەدایە ئەم حیزبە و سەرۆکەکەیان و نیچیرڤان بارزانیش ئەم رێکەوتنەیان کردووە بە منەت بەسەر هەموو گەلی کوردەوە، وەک ئەوەی تورکیا نەتەوە یەکگرتووکان بێت و دانی بە مەسەلەی کورد و دەوڵەتی کوردیدا نابێت. لە کاتێکدا بە ئاشکرا تورکیا و ئۆردۆغان دژایەتی کورد دەکات و پشتیوانی داعش دەکات دژی کورد و هێرشی ناڕەوا و دڕندانە دەکاتە سەر پەکەکە و خەڵکی سڤیلی کوردستانی باشور.


ئەم خوێندنەوەیەی من کە زیاتر پارتی گرتەوە و باسی کارە نەگەتیڤەکانی پارتیم کرد، بە هیچ جۆرێک لە لایەندارێتیمەوە نییە بۆ هیچ حیزب و هێزێکی سیاسی لە کوردستاندا، چونکە هەموو حیزبەکان بە لای منەوە یەک جیهانبینیان هەیە بەرامبەر بە مەسەلەی دیموکراتیەت و ئازادیی و مافی مرۆڤ و بە سێکۆلارکردنی دەستوور، ئەم یەک جیهانبینیە گەورەترین زیانی لە خەڵکی کوردستان داوە و بەردەوام خەڵکی کوردستانی بۆ دواوە گەڕاندۆتەوە. بەڵام پارتی لە هەموو حیزبەکانی تر زیاتر حیزبێکی خۆسەپێن و نەریتیی و باوە.

_________________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/heqiqetikeshes1.htm


١٦\٨\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک