په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠٢٠

هەراوهۆریای پەرلەمان و مووچەی خەڵك.

دەشتی جەمال     


گرژی و ئاڵۆزی و نمایشی ئەندام پەرلەمانە تێر و تەسەلەکان لە پەرلەمان!! و نیشاندانی گرتەی ڤیدیۆیی، وەڕێخستنی شانۆی دەهۆڵکوتان و هەراوهۆریا سازکردن و بەخشینەوەی درۆی پێشتر ئەزموونکراو لەلایەن فراکسیۆنی حیزبە سیاسییە دز و تاڵانچیەکان، گوایە شەڕی داهات و شەفافیەت و چاکسازی دەکەن، بەکردەوە دەرکەوتووە، کە حیزب و بزووتنەوە سیاسیەکانی خۆیان، سەرچاوەی هەموو ئەو موسیبەت و کوێرەوەریانە کە رووبەڕووی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی کوردستانیان کردۆتەوە. هەر حیزبی ئەو فراکسیۆنانەن کە دۆخێکیان خوڵقاندووە کە بەبڕینی مووچە و لێبڕین و دواخستنی خەریکە ژیان بەمانای وشەکە، لە هاوڵاتیانی بێبەشی کوردستان دەسەننەوە. بێ باکی سەبارەت بەدۆخی کۆرۆنا ڤایرۆس، جینۆسایدێکی ئاشکرا بەسەر خەڵکی بێبەشدا سەپێنراوە ئەگەر کەمترین بەرپرسیاریەتی دەسەڵات و حیزبە چاوچنۆکەکانی هەبوایە ئەو هەموو مەرگە هەرگیز نەدەبووە کابوسی کۆمەڵگەی کوردستان.


ئەم هەنگاوانەی پەرلەمانتاران بەرهەمی ناکۆکی و ڕێکنەکەوتنی نێوان حیزبەکان و قەیرانێکی سەراپاگیر و بنەبەستێکە کە دەسەڵات و حکومەتی کارتۆنی هەرێمی کوردستان و حیزبە پکێهێنەرەکانی تیادا نقوم بوون و وەڵامیان نییە بەکێشەو گرفتەکانی خەڵک، بێوەڵام راوەستاون و دەریچەیەك نابیننەوە لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا بەغەیری ئەوەی خۆڵ بکەنە چاوی خەڵك و خۆیان بدزنەوە لە بەرپرسیارێتی چەندین ساڵەیان کە دەستیان لەنێو کایەکانی ئەو حکومەت و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەدایە، بەتایبەتیش یەکێتی و گۆڕان وەکو دوو حیزبی بەشداری نێو کابینەی نۆهەمی مسرور بارزانی.


لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە زۆنی سەوزو نیلی لەژێر قەلەمڕەوی یەکێتی و گۆڕاندایە کە رۆژانە دەیان ملیۆن دینار دۆلاری خاڵە سنوریەکان و باچ و روسومات و داهاتی نەوتی دزراو وە قازانجی سەدان کۆمپانیای حیزبی و داهاتی دەرمان و کۆمپانیای سیکورتی و نەخۆشخانەی ئەهلی بەرپرسەکان و ناوەندی پیشەسازی و بازرگانی بە مەوادی هۆشبەرەو دەیان بنکەی بازرگانیان بەدەستەوەیەو یەکێتی شەریکی ڕاستەقینەی پارتییە لەدزی و تاڵانکردنی داهات و سامانی کوردستاندا.


کێشەی ئەم پەرلەمانتار و حیزبانە لەگەڵ پارتی وەك هێزی باڵادەست لە کوردستاندا ئەوە نییە ئاو و کارەبای ٢٤ سەعاتە بۆ خەڵک دابین بکەن، خۆشگوزەرانی و بیمە کۆمەڵایەتیەکان لە چەشنی بیمەی بیکاری و کاری گونجاو بۆ بێکاران دەستەبەر بکەن، ماف و ئازادی فەردی و مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستان بەستانداردێکی جیهانی بکەنە یاسا، یان ستانداردی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بەشێوەیەکی مۆدرین سکولار ڕێك بخەن، کۆتایی بەتوندتیژی وکوشتنی ژنان بهێنن و یەکسانی هەمەلایەنە جێبخەن، خۆیندن و پەروەردە ڕێک بخەنەوە، داهاتی بەتاڵانبراوی سنورەکان بگێڕنەوە و مووچەی فەرمانبەرانی پێبدەن وەیا سنورێك بۆ دەستدرێژی هەررۆژەی دەوڵەتانی ناوچەکە لەسەر ژیانو گوزەرانی خەڵك دابنێن... هەر بۆیە ئەم هەراو هۆریایانەی پەرلەمانتارەکانتان بەقەد تاڵە پوشێک پەیوەندی بە بەرژەوەندی و مووچەو مافە دزراوەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیشی کوردستانەوە نییە، کێشەی ئەوان ئەوەیە ئەم سیستەمەی ئێستا قازانجی سەرمایەکانی ئەوان مەیسەر ناکات، لەبەشی خۆیان ناڕازین، منەت بەسەر خەڵکەوە مەکەن پاساوەکانتان پوچ و بێبناغەیە، بەکەڵك وەرگرتن لەناڕەزایەتیەکان و توڕەی خەڵك بەرامبەر بێمووچەی و نەداری دا دەیانەوێت بەسەر پلیکانەکانی ناٌڕەزایەتی قوڵی خەڵك و نەفرەت لەم دەسەڵاتە، سەرکەون تا بنکەو پێگەی سیاسی خۆیان بەهێز بکەن، ئەوان نۆێنەری سەرمایەدارو پارەدارن کە فرسەتیان پینادرێت بەشی خۆتان لەدزینی ڕەنجی خەڵکی کریکارو زەحمەتکێش و دەستەنگی کوردستان بخۆن، کۆبوونەوەی لوتکەو هاندانی خەڵك بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و خۆشباوەڕی بە کازمی و پەرلەمانی عەسابەکانی ئیسلامی و تایفی و قەومی لەبەغدا کە دووبەرەکی قەومی دەنێنەوەو بەنەفەسەی رژێمی سەرکوتگەری بەعس مامەڵە بەماف و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن و خەڵکی عێراقیان لەگەڵ بێمافی هەژاری و داپڵۆسینی ناڕەزایەتیە بەرهەقەکانین کە لەخوینی هەڵدەکێشن. هەوڵێکی حەقیرانەی ئەو لایەنە سیاسیانەیە کە زۆر باش دەزانن لەسەردەستی کازمی حکومەتە شکستخواردو یەک لەدوا یەکەکاندا چ بەڵایەك بەسەر خەڵکی عێراقدا هاتووە، بەڵام دەیانەوێت تۆوی فریوکاری لەنێو خەڵکی کوردستان بڵاوبکەنەوە.


خەڵکی کوردستان و ناڕەزایەتیەکانی کەماوەی ١٠ رۆژێکە بەهۆی دواکەوتنی مووچەو بایکۆت لە فەرمانگەکانی چەند شاری کوردستان دەستیپێکردۆتەوە وە ڕێگا چارەیەکی واقعی و کارساز بۆ رزگاری خەڵك لەدەرەوەی فەلەکی سیاسەتی فریوکاری ئەم حیزبانە و تێكوپێکدانی ئەو سیستەم و یاساو رێسایەیە کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی وەك دوو دەسەڵاتی کۆنەپەرست و میلیشیاو تاڵانچی لە سی ساڵی رابردوودا لەسەر ژیانی خەڵك بەڕێوەیان بردووە، بەرێخستنی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی سیاسی بە ئاسۆیەکی شوڕشگیرانە بۆ تەفروتوناکردن و وەلانی ئەم دەسەڵاتە ستەمگەرە لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو ئەرکێکی دەسبەجێی هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازنە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشتبەستو بە ئیرادەی راستەخۆی جەماوەری بەشمەینەت.


ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو بەش و کەرتانەی داهاتی خۆیان هەیە، وەکو هاتوچۆ، ئاو، کارەبا، شارەوانی، تەندروستی و تاپۆ... لە کۆبونەوەی کرێکاران و کارمەندانی خۆیاندا، نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و داهاتی ئەو جێگایانە لەلایەن ئەو نوێنەرانەوە دابەشی سەر کرێکار و کارمەندەکانیان و پێداویستیەکانیان بکرێت و داهاتی زیادەش لە سندوق و خەزینەی ئەو بەشانەدا هەڵبگیرێت، یان دابەشی سەر ئەو کەرت و بەشانە بکرێت، کە خۆیان داهاتیان نییە، وەکو مووچەی مامۆستایان و خانەنشینان... هاوکات لە گەڕەکەکان کۆمیتەو ئەنجومەنەکان دروست بکەن کاروباری کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرن و نۆینەرانی هەڵبژیراوی خەڵك داهاتی خاڵە سنوریەکان سەرپەرشتی بکەن لە باج و ڕسومات و داهاتەکان مووچەی فەرمانبەران و کارمەندان و کرێکاران دابینبکەن، چەکداری گشتی لە گەڕەکەکان لەئاستی شارو شارۆچکەکان دروست بکرێت، بانگەوازی رۆڵەی کرێکارو زەحمەتکیشی دەوری ئەو حیزبانە بکرێت بەهێزی چەکداری پاراستنی جەماوەریەوە پەیوەست بن، ناڕەزایەتیەکان لەم پەرشوبڵاوی و راوەستاوی و بەتەنها بایکۆتکردنە دەربکێشرێت و بەدڵنیایەوە هەر دەسکەوتێکی سەرکەوتووی خەڵک لەم هەنگاوەدا لەگەڵ پشتیوانی جیهانی ئازادیخوازان بەرەوڕوو دەبێت. رۆڵی کۆمۆنیستەکان خەباتگیڕانی ئازادیخوازو لەم نەبەردیەدا چارەنوسسازە.
 

٢\١٢\٢٠٢٠

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک