٣١\٣\٢٠١٥ هەر بژی دیموکراسیی؛ خۆی و بارزانی و کورسیی!
دارا خونچە
ئیدی پێویستە واز لەوە بهینین کە دیموکراسیی
واتە ''دەسەڵاتی گەل''.. چونکە ئەوە سەدان و هەزاران ساڵە دەیجوینەوە
لێ لە هێلکەیەکی پیس پتر بترازێ هیچی دیکەی لێ وەبەرهەم نەهات، ئەوەش
لەبەرئەوەیە چونکە دیموکراسیی هەرگیز زادەی رامان و بیرکردنەوەی هیچ
جۆرە بزاڤەکی مرۆڤە چەوساوەکان نەبووە و تەنێ چەوسێنەران بنیاتنەر و
خاوەنی بوونە.. هەر لە سەرەتای وەدەرکەتنیشیەوە لە سەردەمی پڕژان و
رسکانی رەوتی فەلسەفەی یۆنانییەوە تا دەگاتە سیستەمی جیهانگیریی و
کەڵەگایی ئەوڕۆی دەسەڵاتدارە زلهێزەکانی جیهان.. هەرگیز دیموکراسیی
رۆژەک لە رۆژان دەرفەتی هەناسەدانی هزر و رامانە چاک و جوانەکانی مرۆڤە
خۆبەخش و تێکۆشەرەکانی نەدایە.. چونکە ئەو خاوەن هزر و رامانانە لە نێو
سیستەمی چەوسێنەردا هەمیشە کەمینەیەکی زۆر کەمی نێو کۆمەڵن.. لە
بەرانبەریشدا کرۆک و گەوهەری دیموکراسیی هەڵبژاردن و زۆرینەی دەنگی
هەڵبژاردنەکانە.. ئیدی هەر نەزانەکان و ئەو کەسانەی کە لە ژێر گوشاری
(ژیان و نانبڕین و گۆشەگیرکردن و توندوتیژییە جۆراوجۆرەکان) دان زۆرینە
دەردەچن و دەیبەنەوە.
لە کوردستانیش لێدوان لە سەربەخۆیی یەک میللەتی ٥٠ ملیۆن کەسیی لە بەرانبەر دیموکراسییە نازدارەکە و مافە مرۆڤە نایابەکەی هێڵی سۆرە! لە نێوخۆش هەر کەسەک لە دەسەڵاتی پتر لە بیست ساڵەی (بارزانی) بدوێ هێڵی زۆر زۆر سۆرە و بەر بۆکسان دەدرێ ئەگەر بەوەش هۆشی نەهاتەوە بەر ئەوە راودەندرێ.. جا ئەگەر نەیتوانی پەڕاگەندەی هەندەران ببی ئەوە یان دەبی ملی خۆی شۆڕ بکا و لە ژێر رۆشنایی داهێنانەکانی (خێڵ و بنەماڵە و نێرسالاریی و زانستە گرنگ و پڕ بایەخەکانی نێو قورئانەکەی داعش و داعشییە نێوخۆییەکان!) بژی یان نێو دەوی پڕ گوللە دەکرێ!
٣٠\٣\٢٠١٥
|