١١\٥\٢٠١١
هه‌ر چاره‌سه‌رێک
دوور له ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر، سه‌رکه‌وتوو نابێ.

حاجی ئه‌نوه‌ر
مێژووی مرۆڤایه‌تی ئه‌و ڕاستیه‌ی دووپاتکردوه‌ته‌وه که هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی
نادیموکراتیک هه‌رچه‌نده خاوه‌نی چه‌ک و چه‌کدارو ئامره‌زه‌کانی تری
چه‌وساندنه‌وه بێت، ناتوانێت درێژه به‌ته‌مه‌نی خۆی بدات و هیچ گه‌لێکیش
نه‌بووه ئاماده‌ی ژیان بوبێت له ژێرڕکێفی ده‌سه‌ڵاته نادیموکراسیه‌کان.
ئه‌م ئه‌زموونه ته‌واوی گه‌لانی گۆی زه‌وی پیایدا تێپه‌ڕیون و ته‌واوی
ده‌سه‌ڵاته‌کانیش له‌وه گه‌یشتون که هه‌رکاتێک گه‌ل گه‌یشته ئه‌و
باوه‌ڕه‌ی ده‌بێت ده‌سه‌ڵات بگۆڕێت یان سهرهونگوبکرێت، بێ دوودڵی و
بێئه‌وه‌ی هێزێکی ڕێکخه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری بکات، هه‌موو هێزه ناڕازییه‌کان
لێکده‌ئاڵێن و وه‌ک گڕکان به رووی زوڵم و ناعه‌داله‌تیدا ده‌ته‌قێنه‌وه
و موعجیزه‌یه‌ک ده‌خوڵقێنن که هه‌رگیز چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا له‌لایه‌ن
ده‌سه‌ڵاته‌وه. هه‌رئه‌و ئه‌زمونه ئه‌وه‌یشی دووپاتکردوه‌ته‌وه،
دانا ئه‌و که‌سه‌یه وانه له ڕه‌وتی رووداوه‌کانی مێژووه‌وه وه‌ربگرێ،
نه‌ک بێ‌ئاگا له مێژوو و وانه‌ی لێوهوهربگرن، تازه‌ترین نموونه‌ش
دیکتاتۆره عه‌ره‌به‌کانه که زینولعابدین و موباره‌ک وانه‌یان له ره‌وتی
رووداوه‌کانی مێژوو وه‌رگرت و چۆکیاندا، به زیانێک زۆرکه‌متر له به‌شار
ئه‌سه‌د و عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح و موعه‌مه‌ر قه‌زافی که له داهاتوویه‌کی
نزیکدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌بنه مه‌خسه‌ره‌ی مێژوو، کارهساتیشیان
به‌سه‌ر گه‌لی ئازادیخوازی سوریا و یه‌مه‌ن و لیبیا هێناویانه و
ده‌هێنن.
بزووتنه‌وه‌یه‌کی مێژووکردی بابه‌تی به‌ڕێوه‌یه که هێز و توانایه‌کی
له راده‌به‌ده‌ری له ئازار‌و ئاواته‌کانی جه‌ماوه‌ری به‌شمه‌ینه‌تی گه‌لانه‌وه
وه‌رگرتوه، و مژده و په‌یامی سه‌رفرازیی و دنیایه‌کی باشتری پێیه
. ئه‌م بزووتنه‌وه خۆڕسکه، ته‌واو کامڵ و له ترۆپکی ئاواته‌کانی هه‌ژاران
و گه‌نجانی دڵپڕلههیوا، وه‌ستاوه و چاوه‌ڕوانی چرکه‌ی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه
و له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین چه‌خماخه‌یدا ئیلهام به هه‌زاران هه‌زار له‌و
مرۆڤانه‌ی که چاوی هیوایان بڕیوه‌ته ئه‌و رۆژه و وه‌ک لێزمه‌بارانی
به‌هار ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان.
ئه‌مڕۆش له باشوری کوردستاندا پاش بیست ساڵ له ناڕه‌زایه‌تی و
قوربانیدان له دژی بێمافی و ناعه‌داله‌تی، له ڕۆژی 17.2 گڕکانی په‌نگخواردووی
رقی پیرۆزی جه‌ماوه‌ر ته‌قیه‌وه و له چه‌ند کاتژمێرێکدا سهرروبهری
ئه‌و ئه‌زموونه شکستخواردووه‌ی که شانازیی پێوه‌ده‌کرا خسته‌ژێر
پرسیاره‌وه وئه‌و به‌سته‌ڵه‌که‌ی ووردوخاشکرد که سه‌رتاپای کوردستانی
گرتبوو، به‌سته‌ڵه‌کێک که سه‌دان پرسیاری لای مرۆڤی کورد دروستکردبوو،
پرسیارگه‌لێک که بیری مرۆڤی کوردی به‌سه‌دان لادا کێش ده‌کرد، سه‌ره‌تای
پرسیار له‌وه‌وه ده‌ستی پێده‌کرد، هۆکارچی بوو ئه‌و مرۆڤه بزێو و
هۆشیار و گیانبازه‌ی کورد، ده‌سته‌مۆ کرا و کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی
زۆرجار ئاماده‌بووه ده‌ستبه‌رداری مافی خۆی ببێت و پاساویش بۆ ئه‌و ده‌ستبه‌ردارییه
بهێنێته‌وه؟
ئه‌گه‌رچی جه‌ماوه‌ری شاری سلیمانی به ڕێپێوانێکی ئاشتی ده‌ستی پێ‌کرد،
به‌ڵام ده‌ستێکی شاراوه، په‌یامه ئاشتیخوازانه‌که‌ی گۆڕی بۆ
توندوتیژیی و ده‌سه‌ڵاتیش له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رپرسانه مامه‌ڵه بکات
وگوێ له هاواری جه‌ماوه‌ر بگرێ، به کلاشنکۆف و بی که‌ی سی وه‌ڵامی
دانه‌وه وخوێنی گه‌نجان بۆ جارێکی تر کرایه‌وه به به‌راتی ئازادی و
لاشه‌ی شهڵالکراویان، شه‌ڕی به‌رده‌رکی سه‌رایان هێناینه‌وه یاد. به‌م
کرداره، ده‌سته توندوتیژه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵات دووپاتیانکرده‌وه
سوودیان له ره‌وتی رووداوه‌کانی مێژوو وه‌رنه‌گرتوه و دوێنێی عابدین
و موباره‌کیان بیرچوه‌ته‌وه و هه‌مان ده‌ست نیازیانه لاسای قه‌زافی و
ئه‌سه‌د و عه‌لی عه‌بدوڵا بکه‌نه‌وه و به‌رده‌وامی به توندوتیژیی بده‌ن.
تێکدان و ئاژاوه‌نانه‌وه، به پێچه‌وانه‌ی بنیادنان و ئاسووده‌یی
کارێکی ئاسانه، هه‌مان ده‌ست له رۆژی 19 نیساندا په‌لاماری مه‌یدانی
ئازادیاندا و دڵڕه‌قانه‌تر له رژێمی پاشایه‌تی و به‌عسیه‌کان، به‌رده‌رکی
سه‌رای دوێنێ که مه‌یدانی ئازادی ئه‌مڕۆیه، له‌ناو ده‌نگی گولله و
ناڵه‌ی قومبه‌له‌ی گاز و دووکه‌ڵدا خنکاند و نه‌ک ئه‌و سه‌کۆیه‌ی ببووه
قیبله‌ی ئازادیخوازان، به‌ڵکو وێنه‌ی شه‌هیده‌کان و ئاڵای پیرۆزی
کوردستانیشیان پێوه سوتان، هه‌ر به‌مه‌شه‌وه نه‌وه‌ستان، ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بوو
بکرایه، پڕ به واتای ووشه کردیان، ئه‌م کاره نامرۆڤانه‌یه یه‌ک
راستی ده‌رده‌خا، ئه‌ویش ده‌ستی ره‌شی ناو ده‌سه‌ڵات به نیازه هه‌موو
ده‌نگه دڵسۆزه‌کان بخنکێنێ و له‌بری چاره‌سه‌ری دیموکراسیانه، قه‌یرانه
قووڵتربکاته‌وه، هه‌ر بۆیه به‌ن یازه دوور له ئیراده‌ی جه‌ماوه،
له ژووره تاریکه‌کاندا چاره‌سه‌رێکی چه‌واشه‌کارانه بکا.
قه‌یران به‌رده‌وامه و هێزی چاکسازیی بنه‌ڕه‌تی چاوکراوه وگوێ قوڵاغه،
گه‌نجان چاوه‌ڕوان و لهبۆسهدان، ناوچه‌که‌ش گه‌رم و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر
یه‌کتری هه‌یه و هه‌موو لایه‌کیش گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی
روخانی رژێمه‌کانی سوریا و لیبیا و یه‌مه‌ن نزیکه و ته‌نها مه‌سه‌له‌که
کاته و به‌س، داخوازیی خۆپیشانده‌رانیش له به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی
کوردستاندایه و ده‌نگۆی دانیشتن و رێکه‌وتن له نێوانی ده‌سه‌ڵات و
ئۆپۆزیسیوندا زۆرترین باسی ناو راگهیاندنهکانه، هه‌رهه‌ڵه‌یه‌ک یان
هه‌ر چه‌واشه‌کارییه‌ک رووبدا، مایه‌ی کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه، ده‌سه‌ڵات
هیج مافێکی نه‌بوو به‌و شێوه دڵڕه‌ق و نایاساییه وه‌ڵامی جه‌ماوه‌ر
بداته‌وه، چونکه هیچ یاسایه له کوردستاندا نییه ماف به
ده‌سه‌ڵات و هیچ لایه‌ن و که‌سانێک بدا قه‌تلوعامی جه‌ماوه‌ر بکه‌ن،
که‌واته به بێ چاودێریی و به‌شداریی جه‌ماوه‌ر و جێبه‌جێکردنی
داخوازیه‌کان، کڵپه‌ی ئاگره‌که گه‌وره‌تر و به‌رزتر و به‌هێزترده‌بێ و
سه‌رئه‌نجام په‌شیمانیی دادی که‌س نادا، چونکه باهۆزی گۆڕانکاریی
هێشتا سه‌ره‌تایه و په‌یامی دیموکراسی راسته‌قینه‌ی له مشتدایه.
ماڵپه‌ڕی
حاجی ئه‌نوه‌ر
|