١٣\١٢\٢٠١٣
ھەردەم
دایک.

عەلی رهسولی. وهرگێڕانی: ئازاد نەجم
دەنگی دەسڕێژێک
لەرزەی خستە باڵای لێوانی
دایکێک گریا
کچۆڵەیەک بە رقەوە
بەندی زوڵفەکانی بە کارەسات سپارد
نیگای خزیی
پەڵە خوێنی یاخیی
بە سەنگەری تێکشکاوەوە لکا
خۆریش ھێدی ھێدی لە پێشوازیی تەرمەکەیدا، ھەڵات.
ژەنەڕاڵێک
پەنجەی بە پەلاپیتکەی تاریکیی دا ھێنا
لە دەرچوونی ناوەختی فیشەک
سروودێک بەسەر لێوانی گوڵەباخێکەوە
بێ ئیرادە، خەمگین
رەش ھەڵگەڕا.
دایکێک لێوەکانی کەوتنە تەتەڵە
شۆڕشگێڕی دووەمیش گیانی بەخت کرد.
لە نییەتی سەنگەردا
نارنجۆکێک رەھا نەبوو
ئەستێرەیەک بەسەر سینەوە لە جریوە کەوت
مارشی دنیایەکی باشتر بەسەر لێوانی گوڵەباخێکەوە
بێ ئیرادە، خەمگین
رەش ھەڵگەڕا.
دایکێک
پەلاپیتکەی تفەنگی لە پەنجەکانیدا چاند
نارنجۆکی نایە مشتی
گۆرانییەکی سووری خەونەکانی بە سینەوە خست
تابووتێکی بە بۆنی بارووت و شۆڕش گوڵاوپڕژێن کرد.
communard@live.com
|