٧\٩\٢٠١٨
ھەردوو جۆر فیلمی
ترسی ئاسایی و سەرووی ئاسایی.

بورهان جۆڵا
فیلمی لەڕادەبەدەری ترسناک یان سەرووی ترسناک پێکھاتووە لە چیرۆکی
سەرووئاسایی و چیرۆکی ترسی دەروونی، پاڵەوانی زۆرینەی ڕووداوەکانیش
بریتیە لە رۆح، جنۆکە، کەسایەتی ئایینی، ھەندێجاریش گەڕانەوەی ڕۆح
بەمەبەستێکی بابەتی و یان سەرەکی، لەھەردوو جۆری چیرۆکەکەدا
نزیکبونەوەیەکە لە (دوای مردن) بەھۆی رۆحی شەیتانی و داگیرکردنی مرۆڤ
لەلایەن شەیتانەوە واتا چوونی جنۆکە بۆ ناو لەشی مرۆڤ.
رەخنەگران جیاکاری دەکەن لە نێوان ھەردوو جۆری فیلمدا، فیلمی ترسی
دەروونی گێڕانەوەی بەسەرھاتە ترسناکە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤە لەنێو
سرووشتا گەرچی ھەندێجار لەودیو باوەڕەوەیە، بەڵام فیلمی ترسی
سەرووئاسایی بڕین و چوونە ئەودیوی یاسای فیزیکە وەک ھەڕەشەکاری لەودیو
ژیانی مرۆڤەوە بۆ ئەمدیوی ژیان لەناو ماڵێکی جنۆکەنشین، بەھۆی نەفرەتی
شەیتان، بەھۆی مرۆڤە خوێنمژەکان، شێوەی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای
یۆنیڤێرساڵ لە ١٩٣٠ لەو جۆرە فیلمانە جیھانێکی شاراوەی ترسی
لەڕادەبەدەری داھێناوە وەک کارکردن لە فیلمەکانی نێو (جیھانی خەیاڵ)ی
دەرەوەی سروشت کە بەریەککەوتنی مرۆڤە لەگەڵ بوونەوەرەکانی ئەودیو سروشت.
(پۆل میھان).
چ فیلمی ترسی سەروو ئاسایی یان ترسی درۆینە(دەروونی) دوو ڕێگەی سەرەکین
بۆ باسکردن و لێدوان لەسەر رووداوەکانی ئەودیو ژیان، لەھەمان کاتداو
بەھەر رێگەیەک بێت مرۆڤ دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ مەخلوقەکانی
ئەودیو ژیان. (تشارلز دیری). بۆ ھەموو ئەوجۆرە فیلمانە لێکۆڵینەوەیەکی
پزیشکی دەروونی لەلایەن زانانیانی بەریتانی لە زانکۆی (لایدن)
سەلماندوویانە کە سەیرکردنی فیلمی ترسناک نزیکبوونەوەیە لە مردن چوونکە
لە ئاکامی دڵەخورپەدا خێرایی ئاسایی سوڕانەوەی خوێن تێکدەچێت، خوێن
خەست دەبێتەوە، جەڵتە روودەدات، ماددەی (ئەدرنالین) بەرزدەبێتەوە کە
چالاکیەکی لەڕادەبەدەر دەبەخشێتە دڵ، زیاتریش کاریگەری لەسەر ئەو
گەنجانە ھەیە کە ئالودەی ئەلکھول و ماددە سڕکارەکانن.
ماڵپەڕی
بوڕهان
جۆڵا
|