١٨\١١\٢٠١٣
ھەرێمی کوردستان..
بازرگانیی بە دووکەڵەوە!

ریپۆرتاژى: شوان سدیق
بازاڕێکی ئازاد و کراوە وایکردووە ھەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی پڕ
لەقازانج بۆ بازرگانییکردن بە جگەرەوە بۆیە بازرگانان سەریانکردووەتە
بازرگانییکردن پێوەی.
ئەو کەسانەی ھەوڵ دەدەن جگەرەکێشان کەمبێتەوە لە کوردستان دەڵێن بەھۆی
ئەوەی بازاڕێکی کراوە ھەیەو ھەموو کەس دەتوانێ جگەرە بکڕێ، ساڵانەی
رێژەی ئەو کەسانەی فێری جگەرەکێشان دەبن روو لە زیادبوونە.
بەگوێرەی ئامارێکی کۆمەڵەی نەھێشتنی جگەرەکێشان، بە گشتی لە سەدا٤٠ ی
خەڵکی ھەرێمی کوردستان جگەرە دەکێشن.
ئەو رێژە زۆرەی جگەرکێشان وایکردووە ببێتە بازاڕێکی پڕ لەقازانج بۆ
بازرگانان. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، ئامارێکی
داوەتە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، بەگوێرەی ئەو ئامارە لە مانگی ١ی
ئەمساڵ تا مانگی ئەیلول، وەزارەتی بازرگانیی ١٤٥ مۆڵەتی داوە بە
کۆمپانیاو خاوەنکاران بۆ ھاوردەکردنی جگەرە بۆ ناو ھەرێمی کوردستان ھەر
بەگوێرەی ئەو ئامارە لەماوەی ئەو کاتە دیاریکراوەدا بایی ٥١٠ ملیار و
٦٥٠ ملیۆن دینار جگەرە ھاوردە کراوە.
لەشارەکانی ھەولێرو سلێمانی، بێجگە لە مارکێتەکان، بازاڕی تایبەت بە
بازرگانیی جگەرە ھەیە، بازاڕی فرۆشتن بێ سانسۆرە و ھەموو تەمەنێک
دەتوانێ جگەرە بکرێ و بیفرۆشێ.
بەگوێرەی قسەی چەند بازرگانێکی جگەرە، ئێستا ئەو کارە قازانجی "زۆر
باش"ی تیایە بۆ ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ھاوردەی دەکەن، لەو بارەیەوە
باج و گومرگ لەلایەن حکومەتەوە بەکەمی خراوەتەسەری. لەبازگە
گومرگییەکانی ھەرێم بۆ ھەر کارتۆنێ جگەرە ١٦ دۆلار وەردەگیرێ، بەڵام
حکومەتی عێراق ٣٠ دۆلار وەردەگرێ. ئەوە جیاوازییەکی زۆری ھەیەو
وایکردووە بازرگانان زیاتر جگەرە بۆ ھەرێمی کوردستان ھاوردە بکەن.
ئەو وڵاتانەی جگەرەی لێوە ھاوردە دەکرێ بریتین لە تورکیا، لوبنان،
ئوردن و وڵاتانی کەنداو. بێجگە لە بەکارھێنانی بەشی ھەرە زۆری ئەو
جگەرەیە لەناوخۆی کوردستان، بەشێکیشی ھەناردەی کۆماری ئیسلامی ئێران
دەکرێ و لەڕیگە قاچاخەکانەوە ئاودیو دەکرێن.
بازرگانانی جگە نایانەوێ لەبارەی کارەکەیانەوە قسە بکەن، ئەوان زۆر
بەکەمی ئامادەن زانیاریی بدەنە کەسانی دیکە. بەڵام ئەوەی زانراوە ئێستا
کاربەدەستانی حزبیش لەھەرێمی کوردستان، لەو بازرگانییەدا شەریکی
بازرگانان دەکەن.
گەورەترین کارگەی بەرھەمھێنانی جگەرە لە ھەرێمی کوردستان لەشاری
سلێمانی دایە، بەڵام وا نزیکەی ١٠ ساڵە لەکارکەوتووەو ھیچ بەرھەمێکی
نییە. کارگەی جگەرەو پوختەکردنی توتن لەناوەڕاستی شاری سلێمانیدایە،
دوای ھەوڵدانی زۆر بۆ بەکارخستنەوەی بەشێوازێکی نوێ بەڵام تێدا
سەرکەوتن بەدەست نەھات و ئێستا وردە وردە ئامێرو کەرەستەکانی بەرەو
کۆنبوون و ژەنگ ھەڵێنان دەچن. بۆیە جگەرەیش وەکو زۆر شتی دیکە لەدەرەوە
ھاوردەی ھەرێم دەکرێ.
لەگەڵ ئەو ھەموو بەکاربەرو قازانجە ماڵییەی بۆ بازرگانان ھەیە، بەڵام
پسپۆڕانی ئابووریی جەخت دەکەنەوە ئەو جۆرە بازرگانییە لەڕووی
ئابورییەوە قازانجی بۆ بازرگانان و وڵاتانی دەرەوە زیاترە تا ناوخۆیی.
ئەیوب سماقەیی، پسپۆڕی ئابووریی و مامۆستا لە زانکۆ سەڵاحەدین بۆ
ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھاوردەکردن مانای وایە سەرمایەی کوردستان
دەڕواتە دەرەوە، چەند بازرگانێکی ناوخۆ و دەرەوە، سودمەند دەبن لێی.
بازرگانیی جگەرەش بۆ ھەرێمی کورستان زیانی زۆرترە لەڕووی ماڵی و ژینگە
و تەندروستی و لایەنی کۆمەڵایەتی نەک قازانج.".
بەھۆی زۆری جگەرەکێش لەکوردستان، چەند کەسێ بیریان لەوەکردەوە کۆمەڵەی
نەھێشتنی جگەرەکێشان لەکوردستان ساڵی ١٩٩٩ دروست بکەن. سەرۆکی کۆمەڵکە
دەڵێ جگەرەکێشان لەم ھەرێمە بۆتە دیارەدەو ھەڕەشە لەداھاتووی
دانیشتوانەکەی دەکات.
بەپێی توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی نەھێشتنی جگەرەکێشان، بە گشتی لە سەدا ٤٠ی
دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان جگەرە دەکێشن، لە سەدا ٢٠ ی پزیشکەکان لە
سەدا ١٨ ی خوێندکارانی زانکۆ ھەروەھا لە سەدا ٣٥ی فەرمانبەرانی
تەندروستی جگەرەیان کێشاوە.
دکتۆر فەیسەڵ بڵباس، سەرۆکی کۆمەڵەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە
بەرە ئەوەی دەستکەوتنی جگەرە ئاسانە و تەنانەت منداڵانیش دەتوانن بیکڕن،
جگەرەکێشان وەکو دیاردەیەکی بەر بڵاوی لێھاتووە لەناو چین و توێژەکانی
کۆمەڵگەدا، ئەوەیش مەترسییە بۆ داھاتوی کۆمەڵگە. ھەروەھا کۆنترۆڵی جۆری
رێگر نییە لە ھێنانی ھەموو جۆرەکانی.".
ساڵی ٢٠٠٨ پەرلەمانی کوردستان. یاسای ژمارە ٣١ی بەرەنگاربوونەوەی
جگەرەکێشانی پەسەندکرد، بەپێی ئەو یاسایە ریکلامکردن بۆ جگەرە قەدەغە
کراوەو کێشانیشی لەشوێنە گشتییەکان سزای جگەرەکێشی دەست نیشانکردووە،
بەڵام ئەوە دەبینرێ کەمتر خەڵک و بازرگانان پابەندن بەو یاسایەوە.
نەریمان تاڵب، گوتەبێژی وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان دەڵێ: "جێبەجێ
نەکردنی یاساکە وەکو ئەوەی پێویستە، پەیوەندیی ھەیە بە ئاستی ھۆشیاریی
خەڵکەوە. پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێی راگەیاندن و ھەڵمەتی
گەڕان گرنگی بە زیانەکانی جگەرە بدەن.".
ماڵپهڕی شوان سدیق
|