٢٩\١٠\٢٠١٠ هەڕەشەکردن لە "دەرسیم دیبەگەیی" هەڕەشەیە لە چارەنووسی نەتەوەیەک!!
کەواتە ئەوانەی وەکو " دەرسیم دیبەگەیی" دەیانەوێ راستییەکان راستگۆیانە بۆ مێژوو و نەوەکانی ئاییندە تۆمار بکەن، ئەوە مێژووی نەتەوەیەک دەنووسنەوە، دوور لە پەنجەشکاندنی یەکتری و ناوزڕاندنی کەس، چونکە ئەوانەی بەشدارییان لە نغرۆکردنی نیشتیمانێک کردووەو بوونەتە دارشەقەی بنباڵی داگیرکەرانی ئەم نیشتیمانە پارچە پارچەیە، ئەوانە بە گەورەیی ء پیرۆزی مرۆڤەکان نامۆن، ئاخر ئەگەر ئەنفالچییەکانی ئەم نەتەوەیە کڵۆڵە نەبوایە، کەنگێ لەشکری عروبەو سەدام دەگەیشتنە بەرزترین لووتکەی سەرکەشی گۆی مەمکی دایکێک؟!
ئەگەر دەیان موستەشارو سەدان توولە جاشی زۆڵە کورد نەبوونایە، کەی سەعلووکەکانی عروبەو نیمچە بیابانی عەرەبی دەیانتوانی قژی ژنی پێشمەرگەو کچی جووتیاری گوندەکانی ئەم باشووری کوردستانە دەسکەنە بکەن؟!، چەند گەورەییە بۆ کەسێک کە ئەگەر موستەشارو ئەنفالچیش بووبێ، ئەگەر یەک زەڕە مرۆڤایەتی تیا مابێت، پێ لە هەڵەو تاوانەکانی خۆی بنێت و داوای لێبووردن لە منداڵە شیرەخۆرەکانی بیابانی عەرعەرو نوگرە سەلمان و گۆڕستانەکەی دووبز بکات و لە پەنای ئەم حیزب و ئەو گرووپەوە بەشان و باڵی خۆیدا هەڵنەڵێ و ناوی ئەم و بنەماڵەی ئەومان بۆ نەکاتە نموونە، چونکە هێشتا بۆنی لاشەی ئەوانەی ئەو خائینانە ئەنفالیان کردن و بەدیاری بەخشییاننە بەعس کڕووزە لە هەناومانەوە دەهێنن. بۆیە بەدڵنیاییەوە هەڕەشەکردن لەو نووسەرانەی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بە مێژوو دەکەن و لە پرۆسەیەکی زانستییانەدا دیکۆمێنتیان دەکەن، ئەوانە دەبنە زمانحاڵی ئاییندەی مێژووی ئەم نەتەوەیە، کەواتە هەڕەشەکردن لەوانە، هەڕەشەکردنە لە چارەنووس و ئاییندەی نەتەوەیەک.
ئەوەی ئەمڕۆکە " دەرسیم دیبەگەیی"و دەرسیمییەکانی دیکە پەرۆشی دیکۆمێنت کردنین، ئەستەمە لەسایەی حکومەتێکی کوردیدا بەر هەڕەشەو لافاوی ئەنفالێکی دیکە بکەوێت. بۆیە پێویستە چیتر ئەو موستەشارو ئەنفالچییانە لێبووردنی بەرەی کوردستانی ساڵی 1991 وەکو بنێشتە خۆشە نەجووێننەوە، چونکە بەرەی کوردستانی لە هەقی خۆی خۆش بووە، نەک هەقی خوێنی رژاوی نەتەوەیەک.
هەر لێرەشەوە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە چیتر ئەو لێبووردنە لە ئەستۆی خۆی نەهێلێت و لە رێگای یاساوەش رێگە بە ئەنفالچییەکانی کوردستان نەدات، زاخی هەڕەشەکردنیان بێتەوەبەرو وەکو قاسم ئاغاش بەبەرچاوی نەتەوەیەکی بریندارەوە لە بنباڵی دەسەڵاتی حیزبیدا حەشار نەدرێت. جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە تیغی مێژوو تیژەو بەزەیی بەکەسدا نایەتەوە.
|