په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١١

هەرەسی نووسەر لە هەرەسی چیایەک مەترسیدارترە!!


رابه‌ر ره‌شید   


مرۆڤەکان زۆر بە دەگمەن نەبێ نابن بە نووسەر، کە بوونە نووسەریش ئیدی کۆڵێک خەم و ئەندێشە و پرسە چارەنووسسازەکانی نەتەوە و گەل و چینەکەیان دەکەوێتە ئەستۆو لەوە دەردەچن کە خاوەنی خودی خۆیان بن، چونکە دەبنە بەشێک لە جەستەی زیندووی پێشهات و رووداوەکان و هەرگیز لە ئاست کێماسییەکاندا سەرکز و بێدەسەڵات نابن، بەڵکو لە هەمبەر هەر چەوتەکردارێکی نا بەرپرسانەی بەرپرسێک و بڕیار و یاسایەکی نابەجێ، دێنەدەنگ و بڵندگۆئاسا، چین و توێژەکانی میللەت لە خەوی بێدەنگی راستدەکەنەوە و دەبنە زایەڵەی دەنگە بوێرەکان و پێشڕەوایەتی گەل دەکەن، هەر کاتێکیش نووسەرێکی راستەقینە کۆڵیدا و لەژێر کاریگەریی هەر هۆکارێکدا بێت، هەرەسی هێنا، ئیدی نابێتەوە تاکێکی ئاسایی نێو کۆمەڵگا، لەبەرئەوەی نووسەری راستەقینە لووتکەی چیایەکی سەرکەشە و هەمیشە وردە تیشکاوێژەکانی ئاسۆ لەوێوە موژدەی راونانی شەوە تاریکەکان بە مرۆڤە بندەست و بەشمەینەتەکان دەگەیەنن، لێ ئای چ کارەساتێک دەبێ، کاتێ چیا هەرەس دێنێت و لووتکە بە قەدپاڵدا شۆڕدەبێتەوەو تیشکە زێڕینەکانی دەمکەلی ئاسۆ دەتۆرێن و بینایی گەل دەبێتە شەوەزەنگ.

 

کارەساتە کارەسات، کاتێ گوێبیستی نووسەرێک دەبیت زۆر بە داڕووخاوییەوە دەڵێ: برا نووسینی چی، کێ نووسینەکانمان دەخوێنێتەوە؟، مەگەر هەر خۆمان بینووسین و هەر خۆمانیش بیخوێنینەوە!!

 

لەمڕۆژانەدا یەکێک لەو نووسەرانەی کە دەمێکە لە بواری نووسین و شانۆ و کارە هونەرییەکاندا، تا رادەیەک بەرچاوە، لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە رۆڵی رۆژنامە و راگەیاندن لە تەزرەکوتکردنی بەرپرسانی گەندەڵ و کەمتەرخەم و ریسواکردنیان، هەرەس پەی بە ناخی بردبوو و زۆر بە حەماسەتەوە گوتی: ئەوە ئێوە باسی چی دەکەن، کێ نووسینەکانمان دەخوێنێتەوە، مردم ئەوەندە بنووسم، چیم بە چی کرد؟!، بەرپرسانی ئەمشارو وڵاتە پەمۆیان لە گوێچکە ئاخنیوە و گوێیان لە هیچ نابێت.

 

برایەکی نووسەری دیکە کە هێشتا هەرەس پەی بە داڕووخاندنی ورەی نەبردبوو و دوای چەک پێنووسەکەی پێ گرتبووە دەست، هەڵیدایەو گوتی: ئەوە بەڕاستتە؟!.. خوام دەکرد بەرپرسان قوڕقوشمیان لە گوێچکەکانیان دەئاخنی، نەک پەمۆ!!، بەڵام دڵنیابە وشەی دڵسۆزانەو بوێرانەی هەر نووسەرێک، پێویستە ببێتە (درێل)و قوڕقوشمی نێو گوێچکەی بەرپرسان بسمێت، کە دڵنیاشم هەر وایە و چ درەنگ بێ و چ زوو، هەر دەبێ ئەو قوڕقوشمە بسمێت.

 

نووسەرێکی دیکەش زۆر لەسەر خۆ و بە سەرسووڕمانەوە، سەرنجێکی وردی دایە ئەو برا نووسەرەی کە دیاربوو هەرەسی هێنابوو و پێیگوت: ئەها بڕوانە دەسەڵات ئەمەی دەوێ، دەیەوێ وا خۆی پیشان بدات کە نووسەران با هەر رەخنە بگرن و خەڵکیش با هەر ناڕەزایی دەرببڕن، کەچی ئەوان مێشیشیان مێوان نییە!!، کە راستییەکەی پێچەوانەیە، چونکە ئەگەر وا بوایە ئەو هەموو نووسەرو رۆژنامەنووس و گۆڤارو کەناڵی راگەیاندنانە لەلایەن دادگاکانەوە ئەو بڕە پارە خەیاڵییانە سزا نەدەدران، هەندێ لێرە و هەندێ لەوێ، تا ئەو برا نووسەرە هاتەوە سەرخۆی و کەوتە ئاماژەکردن بە رۆڵی چەند نووسینێکی خۆی کە چۆن چەند بەرپرسێکی هەراسان کردووەو گلەیی و هەتا هەڕەشەشیان لێکردووە، کە واز لە نووسین بهێنێت، تا گەیشتە باڵانسی ورەی بەرزتر ببێتەوەو بڵێ:

 

لەسەر دەستی ئێوە هەر ئەمشەو سەرلەنوێ تێهەڵدەچمەوە، راستە گوتوویانە: (هەرەسی نووسەر لە هەرەسی چیایەک مەترسیدارترە، چونکە هەرەسی چیایەک دۆڵێک پڕ دەکاتەوە، لێ هەرەسی نووسەرێک میللەتێک دووچاری گێژاو دەکا.


که‌رکوک

ماڵپەڕی رابەر رەشید