په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٨\٢٠٢٥

هەر گەڵایەک کە لە دارێ دەوەرێ.


برایم فەڕشی       


هەر کمان خەڵکی شارێک بووین، ئەو شارەی لە تەمەنی پانزدە ساڵان لێی هەڵقەندرام. ئەو کەی و بۆچی شاری بەجێ هێشتبوو و بۆ کوێ چووبوو، لام ڕوون نەبوو. بڵێی لە شەقام و کۆڵان، بەردەرکی کتێبفرۆشی، ڕۆژنامەفرۆشی، لێرە و لەوێ، بەر دەرکی دووکانی شاعیر، ڕێبوارانە چاومان بە یەک کەوتبێ، نازانم. هاوتەمەن نەبووین، من لە چاو ئەو منداڵ بووم، منداڵێ کە خەریکی گەڕان و پشکنین بوو، بۆ ئەوەی زێد و کەسایەتییەکانی بناسێ. تەقولبابی ماڵانم دەکرد و سەرم بە هەر شوێندا دەکرد، بۆ ئەوەی چاوم بەم و ئەوی هونەرمەند بکەوێ و گوێ بۆ گێرانەوە و شمشاڵ و بەسەرهاتنیان ڕاگرم. ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هیچ شوێنێک و لە زاری کەسەوە ناوی ئەوم نەبیست. لە ناو هونەرمەند، نووسەر و شاعیر، نە لە ناو دامودەزگای ئیداری و فێرگە، کەس جارێک ناوی نەهێنا!


لە سەردەمی جوڵانەوەی سیاسی و نیزامی گەر ئەو لێرە و لەوێ لە ناو بازنەی ئەم حیزب و گرووپدا بووبێ، لای من شاراوە بوو. لە کوردستان و دەرەوەی وڵات و لە هیچ کۆڕ و کۆمەڵێک ناویم نەبیست و کەسیش ناوی نەهێنا. هەموو ئەوانە بەو مانایە نەبوو کە ئەو هیچی لە باراندا نەبووە، ڕێک بەپێچەوانە، ئەو لە زۆر لایەنەوە هەمبانی پڕ بوو، بەڵام هەڵاچی نەبوو.


لە وڵاتێکی ئورووپا لە ماڵی ئازیزێک، کە ئێستا ژن و پیاو هیچیان نەماون، بێ ئەوەی بیناسم، لە گەڵ یەک کەوتینە گفتوگۆ، ئەو هەم میوانی ئەو ماڵە بوو، هەم میوانی خاو وخێزانی خۆی، ئەو لە وڵاتێک و خاو وخێزان لە وڵاتێکی تر دەژیان. منداڵەکانی و خۆی و خێزانی بە ساڵان ژیانی ناو گوند و شاخیان تێپەڕاندبوو، ئەو یەکێک لە ڕابەرانی حیزبەکەی بوو، کە دوای لەتبوونەکان گەیشتبووە ئورووپا و دوای ساڵانێک بە دیداری بنەمـاڵە و خزمەکانی شاد دەبۆوە. دوای ئەم دیدارە گەڕایەوە ئەو وڵاتەی، ژیانی نامۆیی و کاری ڕۆژانەی تێدا تێدەپەڕی. بەردەوام نامەی دەنارد..


شەڕەفەدین کوردستانی جگە لە نامە، بابەتی سیاسی، مێژوویی، ئەدەبی بۆ دەناردم و پاش هەڵگەڕاندنەوە بۆ سەر زمانی ئاڵمانی لە گۆڤاری "Kurdistan heute" چاپ دەکرا، گۆڤارێک کە ناوەندی بەڵگەنامە و زانیاریی لە شاری بۆن(پێتەختی پێشووی ئاڵمان) دەریدەکرد و لە وڵاتانی(ئاڵمان، ئوتریش،سویس) بڵاو دەکراوە و نووسەری ئەم دێڕانە یەک لە ئەندامانی ڕێداکسیۆن بوو.


ڕۆژێک لە ڕۆژانی ساڵێک گوتی، دێم و دەمەوێ بچمە فستیواڵی کوردەکان لە شارەکەی ئێوە، ئەوە هەمان ساڵ بوو، کە حیزبێکی باکووری کوردستان بۆ یەکەمجار لە مەیدانی تۆپی پێی ناونەتەوەیی شار، گەورەترین فستیواڵی هونەریی فەرهەنگی سیاسی وەڕێ خستبوو. پاش چوون بۆ ئەو فستیواڵە و بەیەکەوە بوون و قسە و باسی زۆر، بۆم دەرکەوت کە ئەو دۆست و نزیک و هەواڵ و هاوپۆل و هاوتەمەنی دۆستێکی خۆمە کە ئەویش لە فێرکارانی فێرگە و زیندانی سیاسی و نووسەر و مێژوونووسە و هەروەها هەرکیان دۆست و هاوڕێی کاکە سوار بوون و هەر ئەوان تێکەڵ بە ڕووداوی سیاسی و فەرهەنگی بوون و هەمووشیان سەردەمێکی درێژ لە تاران نیشتەجێ بوون. ئەو و سوارە "ماف"یان خوێندبوو، سوارە لە بەشی کوردی ڕادیۆ دامەزرابوو، ئەو لە شارێکی کوردستان ببووە قازی.


سەرئەنجام دوای دووریی چەند ساڵە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان، یەکتریان گرتەوە و ڕێگای دیتن کورتر بووە. ڕۆژێک ئەو و کۆنە دۆستەکەی هەرکیان بوونە میوانی شارەکەی قەراخ چۆمی ڕاین و دەمێک لە دەمی ژیانی هاوبەش بە یادی گۆمی سەرسەکۆ تۆمار کرا، وەک فرمێسکی هەژارێک لە سەر چۆمی ڕاین.

لەسەر چۆمی ڕاین لە ڕۆژگارێ جارێ
تکا ئەشکی ئاوارە کوردێ، هەژارێ
بەسەریا خوڕی: کوێندەریی ئەی تکەی سوێر
ئەتۆ و ئێرە چی دەنکە فرمێسکی بێ خێر؟
وتی: ئاوی چاوی کوڕی کوردستانم
لە دەجلە و فوراتڕایە ناو و نیشانم
لە زێڕینەڕوود و تەتاهۆ سەلامێ
لە بەژنت لە چلچەشمە پێمە پەیامێ
لەسەرخۆ بە ئەی ڕاینی شۆخ و شیرین
شتێک بووین ئەمەش گەرچی ئێستا ئەسیرین
هەچەند دیل و بێچارەشە نیشتمانم
ببەخشە لە جێی تۆی بە خۆشتر دەزانم
چ کەڵوە و چ سیروان و ئاوێژەڕۆیە
بە دیمەن هەمووی شۆخ و شەنگتر لە تۆیە
ئەگەر لادەچێ ئەم تەمەی نەگبەتیمان
بە خاوەن دەبێ کێو و چۆم و زەویمان
لە دڕکی نەیاران بژارێکی دەکرێ
هەزارانی وەک تۆ لە شاباشی دەدرێ
بەڵێ ئاوی چاوم لە دڵ هەڵکزاوم
لەڕێی سەربەخۆبوونی کوردان ڕژاوم
وتی ڕاین: ئەی تیشک و هێزی دڵی من
وەرە باوەشم بتبەمە بەحری بێ بن
بە هاوار و دادت موحیت بشڵەژێنە
لە چەپگەردی گەردوون بەشی کورد بسێنە
١٩٥٧/٨/١٥ بادگودەزبیرگ- بۆن- ئەڵمانیا


پاش دامەزراندنی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات - بۆکان، ئەو و کەسانی وەک حەسەن سەلاح سۆران، ئەنوەر سوڵتانی یەک لە دوای یەک بوونە نووسەر و ئەندامی دەستەی نووسەران و بەرهەمەکانیان شیعر، چیرۆک، وەرگەراندن بڵاو دەکرایەوە، ئەو لێزانی زمان بوون، لە زمانگەلی ئاڵمانی، ئینگلیسی، فەڕانسە، ئازەری، فارسی شارەزا بوو.


چیرۆکەکانی چ ئەوانەی ژیانی خۆی لە سەردەمی منداڵی و دواتر دەگرتەوە، چ ئەوانەی باس لە ژیانی نیشتمانپەروەران بوو، چ ئەوانەی وەرگەڕاندن بوون، هەڵگری زمان و جوانییەکی تایبەتی زمانی کوردی و هونەریی وشە بەکارهێنان و فانتێزیی هونەریی و ئەستەتیکی بوون. شیعرەکانی خۆی و وەرگەڕاندنەکانی شیعریی لە زمانی ئاڵمانی، فەڕانسە، عەڕەبی، فارسی و ئازاری، نووسەر و شاعیر و کوردییزانێکی، کەم وێنەی دەناساند.


[من و داره‌به‌ن.


کا‌ت ده‌مه‌و زه‌رده‌په‌ره، داره‌به‌ن له ئامێزی دۆڵی چۆل و کراڵدا به شنه‌ی شه‌‌ماڵ، پرچی ئاڵۆزی به‌شانه‌‌ده‌کا و لیزگه‌لیزگه ده‌یهۆنێته‌وه. له شادیی ژوان و شه‌ورامووسانێکی خه‌یاڵاوی له‌‌‌گه‌ڵ تریفه‌ی مانگه‌‌شه‌و ته‌زوویه‌کی سارد به ‌سه‌رتاپای له‌‌شی دادێ.


شه‌و زرینگاوه‌ته‌وه، ئاره‌قی ئه‌وین دڵۆپ دڵۆپ ده‌تکێته نێو هه‌ناوی داره‌‌به‌ن و په‌نجه‌کانی هێدی هێدی به سروه ده‌له‌رن و شه‌وباش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره ده‌که‌ن. تریفه‌ی بێ ئارام تارمایی شه‌وه‌زه‌نگ وه‌ڵاده‌نێ و ئامێزی فێنکی له باڵای داره‌به‌ن وه‌ردێنێ و له‌‌نێو یه‌کتردا ده‌توێنه‌وه. *** 


کات به‌ره‌‌به‌‌یانه، گزنگ ئه‌نگوتووه، داره‌به‌ن سه‌رمه‌ستی ئه‌و ژوانه‌یه، که قه‌ڵتی ته‌‌شوێی کاسبکارێک له‌و خه‌‌وه یه‌‌زدانییه رایده‌په‌رێنێ. ئه‌و خه‌وپه‌ڕێنه ده‌ست‌‌وه‌شێنه سه‌رتاپای داره‌به‌‌ن ‌به‌بێ به‌زه‌یی زامدار ده‌کا و بۆ هه‌ر زامێ گۆمیلکه‌یه‌کی قوڕین وه‌کو قاپێلکه‌ی چاوی برسی به‌‌له‌‌‌شییه‌و ده‌لکێنێ. زامه‌کان ده‌بن به چاو و هه‌موو  ئه‌سرینیان لێده‌بارێ. فرمێسک ده‌رژێنه نێو گۆمیلکه قوڕینه‌که‌وه و ده‌بن به ئاوێنه. له‌و رۆژه‌وه که زاممه‌کانی داره‌به‌ن ده‌بن به چاو و چاوه‌کانیش روندکیان لێده‌بارێ ئاهی ساردی، له به‌ندی هێشووی قه‌زوانی شلک و بۆنخۆشدا ده‌مێنێته‌وه، که له‌‌هه‌ر ده‌ستپێداهێنانێکدا ده‌ڵێی دایکی رۆڵه‌ کوژراوه که به‌‌ڕانی خۆیدا ده‌‌کێشێ و په‌‌ککوپه! ‌‌‌ککوویه‌تی!


منیش ئه‌و کورده‌م که له ‌‌به‌ره‌به‌‌یانی خه‌‌وێکی یه‌زدانی‌‌دا وه‌کو داره‌به‌ن، زامداری بێتاوانی ئه‌‌و‌‌ وڵاته‌‌کاول کراوه‌م. هه‌ر دوو له‌شمان به ئاوریشمی ئه‌وین چنراوه و پێ به‌‌ستراوی ئه‌‌‌و لێڕه‌وار و چۆڵ و چڕه‌ین.


به‌ندی دڵی داره‌‌به‌‌ن به ناخی زه‌‌ویدا چووه‌ و من به پانایی و درێژایی ئه‌و وڵاته‌دا به تای که‌زی و به‌‌تیری مژۆڵی نازداران به سینگی ئه‌رده‌وه هه‌زار هه‌‌زار مێخه‌‌کراوم و کێوی یادگاری باووباپیرانیان له‌‌سه‌ر سینگ داناوم.


ئێمه‌‌ دوو ئه‌وینداری له‌‌مێژینه‌ین و دووو پێ له‌زنجیرکراوی دێرینه. به‌‌سه‌رهاتی ئێمه‌ له له بلوێری شوانه‌‌وێڵه‌ و له‌ قاسپه‌‌ی که‌و و چریکه‌ی بولبول دایه. داخوا که‌‌س هه‌یه ئه‌و به‌سه‌‌رهاته‌ی ئێمه‌ی به‌‌گوێ نه‌گه‌یشتبێ؟]

ئەو ڕاستگۆیانە بابەتی سیاسیی دەنووسێ، لێ وەک دۆستەکانی و گەلێک کەسی تر کەوتۆتە مەیدانێکەوە کە مەیدانی ئەو نەبوو. ئەوان لە ڕێگای بەرهەمەکانیانەوە چ خۆیان بخوازن و چ نەخوازن باسەکانیان سیاسی و کۆمەڵایەتییە و تێکەڵبوونی ئەم کەسایەتییانە لە تەک حیزب چ لە کوردستان و هەر شوێنی تر، ڕێگرییە لە ئازادیی کەسەکە خۆی و ڕووشاندنی کەسایەتی بە هۆی تایبەتمەندی سیاسەت و حیزبایەتی کە بە پێی بارودۆخ سەروخواری پێدەکرێ و لەم ڕێگایەدا پڕێنسیپ، ئەخلاق، تێگەیشتن و لە هەموو گرنگتر بۆچوون و هزریی ڕاستەقینەی کەسەکە یان دەبێ بۆ بۆچوونی حیزب و سیاسەت لەبەرچاو نەگیرێ، یان دژ بوەستێ کە تاکە کەس وەبەر شاڵاوی حیزبەکە دەکەوێ، کە ئەم دیاردەیە لە ناو کوردستان لە سەد ساڵی ڕابووردوو بەردەوام بووە و دیتراوە. هێمن، هەژار، قزڵجی، پەشێو، سابیر، بێکەس و دەیانی تر زیانمەندی ناو ئەم بازنەیە بوون، ئەوە کەسانی وەک برێشت، گراس، سارتر و دەیان و سەدانی تر دەگرێتەوە کە بە هیوای ئینسانی تێکەڵ حیزبەکانی کۆمۆنیست و سۆسیال دێموکرات کەوتن و هیواکانیان لە ناو ئەو حیزبانەدا نەبوونە واقعی ژیانی خەڵک. ئەویش یەک لەو کەسانە بوو، کە لە ناو و دەرەوەی حیزب تووشی باڵانس نەبوو. کارە هونەریی و ئەدەبی و هزرییەکانی کەوتنە ژێر سێبەری نووسینە سیاسییەکانی و بازاڕی بێ پڕێنسیپی سیاسی و حیزبی!


شەرەفەدین کوردستانی جارێکی تر گەڕایەوە کوردستان بەو هیوایەی بتوانێ لە بواری پیشەیی خۆی و بواری ئەدەبی و هزریی و زانستی خۆی گوتەنی خزمەتێک بکات. چی دیت و چی چێشت جیاواز لە دنیای حیزبی و حیزبایەتی و چەندە بواری بۆ ڕەخسا لە بواری پسپۆڕیی خۆی و هزر و ئەدەب کار بکات، چیرۆکەکەی لای خۆیەتی.


دیداری دووبارەی ئێمە ساڵی ٢٠٠٥ ڕووی دا ئەو کاتەی، دەستێکی غەیب ناوی منی خستبووە ناو لیستی بانگێشتکراوانی فستیوالی یادکردنەوە لە زیندەیاد قازی محەممەد لە شاری سولەیمانی. نیوەشەوێک لە هوتێل ئەزمەر توانیم حەسەن سەلاح سۆران و ئەو و خالید حیسامی و گەلێک کەسی تر لە ئامێز بگرمەوە. کە هێندێکیان دوا دیدار و هێندێکی تر دیداری تازەی ئەو نووسەر و شاعیر و ئاکادمیسین و چالاکانی سیاسی بوون کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتبوون.


کوردستانی جارێکی تر گەڕایەوە شارە نامۆکەی هەندەران و ژیانی ڕۆژانەی لە ناو کتێب و نووسین و خوێندنەوەدا کۆ کردەوە و جار بەجار سەفەری ئێرە و ئەوێ و تەلەفونات لە گەڵ ئەم و ئەو و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی لە وێبلاگی تاکە کەسی خۆی و لاپەڕەی سۆسیال مێدیا. ئەوە ساڵێکە ئیتر وێبلاگ و لاپەڕەکەشی بێدەنگ بوون.


هێڕمان هێسە شاعیر، نووسەر و بیرمەندی تەرکە وڵاتی سەردەمی فاشیسم، باس لە پیشلەیەکی دوورە وڵات دەکات کە لە کۆڵانەکان کەس درگای لێناکاتەوە. هێرمان هێسەکانی وڵاتی من کە لە وڵاتەکەی خۆشیان و دەرەوه‌ دەرگا لەسەر داخراو ماونەتەوە، یەک و دووان نین، یەکیان لە شارەکەی خۆی لە ناو تابڵۆکانیدا بێدەنگ گیانی دەردەچێ. ئەویتر کە لە دەرەوە هەستان و دانیشتنیان لە تەک فیلسووف و بیرمەند و شاعیر و نووسەری ئورووپا و ئامریکا و کانەدا و ئێرە و ئەوێ بووە، بێدەنگ و نەناسراو دەمێننەوە، وەک گۆران(شاعیر، چیرۆکنووس، وەرگێڕ)، عەزیز(نووسه‌ر، وه‌رگێڕ، فەیلەسووف)، عەزیز(هونەرمەند، نووسەر، ته‌نزنووس)، عه‌زیز(فه‌رهه‌نگنووس)، حەسەن(پزیشک، فەرهەنگناس)، عه‌لی( نووسه‌ر، شاعیر، وێژه‌ر) و گەلێکی تر.


هەر گەڵایەک کە لە دارێ دەوەرێ، دەنگ و ڕەنگی هەیە، بەڵام لە ناو میللەتەکەی گەڵا و دەنگ و کەس، هەموو پرسیار ماوەتەوە...!
_________________________________________________
* هەر گەڵایەک.. شیعری هەڵۆ سوارە ئیلخانی زادە.
 

ماڵپەڕی برایم فەڕشی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک