په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠١٥

هەرگیز ئێوە رِقی من بەدەستناهێنن.
- نامەکەی رۆژنامەنووس ''ئەنتۆنێ لێریس'' بۆ داعش لە دوای کوژرانی خێزانەکەی لە پاریس -


پێشرەو حەمید    

 

شەوی هەینی، ئێوە گیانی مرۆڤێکی ناوازەتان هەڵكێشا کە خۆشەویستی ژیانم بوو، دایکی کوڕەکەم بوو، بەڵام هەرگیز ئێوە رقی من بەدەستناهێنن. من نازانم ئێوە کێن و ناشمەوێت بزانم، ئێوە رۆحێکی مردوون.

ئەگەر ئەو خودایەی ئێوە ئاوا کوێرانە خەڵك دەکوژن لەپێناویدا ئێمەی لە وێنەی خۆی دروستکردبێت، کەوابێت هەرچی فیشەکە بە جەستەی ژنەکەمەوە، بەر دڵی خواش کەوتووە.

من ئەو دیارییەتان پێنابەخشم کە رقم لێتان بێ. زۆر ئاشکرایە کە ئێوە ئەوەتان ئەوێ بەڵام وەڵامی رق بە توورەیی واتە تەسلیم بوون بەو جەهالەتەی کە ئێوەی گەیاندووە بەم رۆژە.

ئێوە ئەتانەوێ من بترسم، ئەتانەوێ بە چاوی گومانەوە سەیری هاوشارییەکانی خۆم بکەم. دەتانەوێ ئازادی خۆم بکەمە قوربانی ئاسایش . بەڵام یارییەکی دۆڕاوە، یارییەکە دووبارەیە و یاریزانەکانیشی.

ئەمڕۆ من ژنەکەم بینی، دوای چەندین شەو و رۆژ لە چاوەڕوانی. ئەو وەک ئەو ئێوارەیەی رۆژی هەینی جوان بوو کە منی بەجێهێشت. هێندەی ئەو رۆژە جوان بوو کە پێش ١٢ ساڵ لەمەوبەر شێتانە کەوتمە داوی خۆشەویستییەوە.

من سەرکەوتنێکی بچکۆلەتان پێ ئەدەم و دان بەوەدا دەنێم کە لەناو خەم وئازاردا تێكشکاوم، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە خەمێكی درێژخایەن نابێت. دڵنیام لەوەی کە ئەو هەر دێتەوە بۆ لامان و لە بەهەشتی رۆحە ئازادەکاندا کە ئێوە هەرگیز ناتوانن بچنە ناویەوە، ئێمە یەک ئەبینینەوە.

ئێمە ئێستا تەنها دوان ماوینەتەوە، من و کوڕەکەم، بەڵام ئێمە بەهێزترین لە هەموو سوپاکانی دونیا. من هیچ کاتێکی ترم نییە لەئێوەدا بەفیرۆی بدەم، ئەبێ بگەڕیمەوە بۆ لای کوڕەکەم "مەلڤیل" کە خەریکە لەسەرخەوی نیوەڕوانی خەبەری دەبێتەوە. ئەو تەمەنی تەنها ١٧ مانگە. ئەو نانی خۆی دەخوات هەموو رۆژێ و وەک هەموو رۆژێکیش یاری خۆمان دەکەین. کوڕەکەم هەموو رۆژێکی ژیانیشی بە خۆشبەختی و ئازادی سووکایەتیتان پێ دەکات. چونکە ئێوە شایەنی رقی ئەویش نین.
 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک