١٧\٦\٢٠١٢
هەرگیز
تشتەکان شی مەکەوە.*

ناڵە عەبدولڕەحمان
سەختترین و نابووتترین تشت لای من ئەوەیە: مرۆڤ خۆی تاقەتی ئەوەی هەبێ
رووداوەکانی ژیانی تایبەتی خۆی بە پێی قەبارەی ئەنگوتکی هەویری دەستی
خۆی گەورە و گچکە یان پان و خڕ و درێژ بکا، یان خەلکی نەشارەزا لە
دوورەوەڕا تشتەکان بە سەقەتیی بە پێی گریمانە و گومانەکانی مەژی خۆیان
لێک بدەنەوە، بەوەی هەرگیز ئامادە نەبوویمە تشتەکانی ناو ژیانی خۆم بە
پێی ئارەزووی خەلکی لێک بدەمەوە.. لە ژیانمدا زۆرترین باجم داوە...
بۆیە ئەوەندەشم بەلاوە زۆر ئاساییە خەلکی چۆن لێکدانەوە بۆ تشتەکان
دەکەن بۆ خۆیان ئازادن...، ئەنیشتاین**
گۆتەنی: هەموو رایەک و لێکدانەوەیەک دروستە شایەنی پەسندکردن بی
تەنانەت ئەگەر بۆ خودی خۆشمان هەڵە و نەخوازراو بی، من لە دوو خاڵ
مەبەستەکەم روونتر دەکەمەوە و دەبێژم:
(١) پرۆسەی لێکدانەوە تنێ بۆ تشتی گەورە دەکرێ و تشتی گچکە لێکدانەوە
هەڵناگرێ، چونکێ نە بوونیان ئەوەندە گرنگە و نە شرۆڤەکارانیش ئامادەن
کاتی لێکدانەوەی بۆ تەرخان بکەن.
(٢) مرۆڤ درەنگ زانی خۆر چییە و لە چ ماتریالێک پێکدێ، دروست مەبەستم
ئەوەیە کرۆکی فەلسەی سوکرات درەنگ کرا بە میتۆدی توێژینەوەی زانستیی..
لە سەروەختی ژیانیدا بە لادەر و نابووت دەزانرا...، زۆریکی دیکەش هەروا...
ئەمن نزیکترین نموونەی جیاوازی واری ئەدەبیی دەهینمەوە: (ئارسەر رامبۆ)
بگرە نزیکتریش (فەروخ و سوهراب) هەرچی گۆترا گۆترا.. هەرچی لە دژی
جوانییەکانیان کرا کرا.. لێ ئەوان چونکێ مرۆڤی پاک و هونەرمەندی
راستەقینەی جوانیی بوون، دەژین و بۆ چەندین سەدەش هەر دەمینێن و
نامرن.. (گچکەکان) ئەوانەی درۆ و بوختانیان بۆ هەڵبەستن تا وێنەیان
کرێت و نابوود بکەن، ریسوا بوون و بۆ تاتایە مردن...
____________________________________________
*
زانایەک وەی گوتیە، لە ناوەکەی بە تەواویی
دڵنیا نیم.. بیرم نەمایە.
**
چەمکی گوتەکەی ئەنیشتاینە نەوەکی دەقەکەی.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|