په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١١

ھێرشێکی بەھێز و ... بەرگرییه‌کی لاواز...!
دەربارەی بنەماو ناھاوسەنگی کێشەو ھێرشی مەلاکان بۆ سەر ڕۆشنبیران.


موزەفەر عەبدوڵا


ئەو ھێرشە بەھێزو گەورەو ترسناکەی چەند ساڵە ئەم دەسەڵاتدارانەی کوردستان کردویانەتە سەر جەماوەری ئازادیخواز بە گشتی، و لایەنە کۆمۆنیست و چەپ و ڕۆشنبیرو نوسەرو ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان بە تایبەتی، لە چەند مانگ و ھەفتەی ڕابردودا، گەیشتۆتە لوتکەی خۆی کە تا تیرۆرو بە دادگایی گەیاندن و زیندانی کردن چۆتە پێشەوە .


دیارە لەم ھەڕەشەو ھێرشە گەورەو ترسناکانە، مەلاکان بە پاڵپشتی ڕاستەو خۆو ناڕاستەو خۆی پارتی و ئیسلامی یەکان و دامودەزگاکانیان، وەک دەڵێن ،کەواسوری بەرلەشکر بوونە .


بێگومان ئەم ھێرش و بانگشەی تیرۆرکردنانە بە ئاشکرا لە خوتبەی ڕۆژانی ھەینی مزگەوتەکانەوە،و نوسین و بڵاو کردنەوەی کتێب ،و سی دی ،و ڕاگەیاندنەکانی ووتە بێژی وەزارەتی ئەوقاف ،و یەکێتی مەلاکان، لە شارەکانی کوردستان، بە تایبەتی لە ھەولێر، دژی نوسەران و ڕۆشنبیران و شاعیران و ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان و رێکخراوەکانیان، جارێکی تریش بووە مایەی ھەژانو شڵەقانی کومەڵگای کوردستان، ئیتر ھەر لە دامودەزگا رەسمی یەکانەوە بگرە تا خرۆشانی شەقام و ناڕەزایەتی جەماوەر بەرامبەر بەم ھێرش و فەتوای تیرۆرو بانگشەی خوێن حەڵال کردنانەی ھەر ڕەخنەگرو نارازی یەک .


ھەڵبەت ئەم ھیرشانە ھەر لە جنیوو سوکایەتی و ناوزڕاندنی ئەخلاقی یەوە دەستی پێ کردوە تا ڕادەی گرتنی بەردەم دادگاو بانگشەی تیرۆری ئاشکرا بە بەرچاوی دەسەڵاتدارانەوە.ئەمەش ھەروەک یەکێک لە مەلاکان لە ھەولێر لە خوتبەی ڕۆژی ھەینی لە بڵندگۆوە بانگەوازی دەکردو دەیوت: ئەگەر بارزانیش بێدەنگ بێت لەوانەی کە ڕەخنە لە ئیسلام و دابو نەریت و ھێماکانی ئیسلام دەگرن ئەوە ئەوان - یانی مەلاکان - بێدەنگ نابن و بە سزای خۆیانیان دەگەیەنن. ئەمە ئیتر خۆی لە خۆیدا بانگشەیەکی ڕوون و ڕاشکاوە بۆ تیرۆرکردنی ھەر کەسێک کە ھەر ڕەخنەیەک لە ئیسلام بگرێت.لە کاتێکیدا ڕەخنەگرتن لە ئایین ھەروەک کارڵ مارکس دەڵیت: بنەمای ھەر ڕەخنەگرتنێکە ،و دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ ئەم جۆرە ڕەخنەیە، پێودانگێکە بۆ ڕادەی بوونی ھەر جۆرە ئازادی یەک ،و بە رەسمی ناسینی ئەم ئازادی یە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی یەوە ڕادەی لایەنگری ئەو دەسەڵاتە لە ئازادی دەگەیەنێت.


پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە ھێرشی ئەم مەلایانە لە ڕووی ئامرازو ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەوە ھاوتاو جوتە لەگەڵ ھێرشەکانی دەسەڵات، بە تایبەتی پارتی بۆ سەر ڕۆشنبیران.


دیارە کە مەلاکان و وەزارەتی ئەوقافەکەیان و یەکێتی مەلاکان، کە چەند ئامرازێکی کاراو لەبارن بەدەستی پارتی و ئیسلامی یەکانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ھەوڵ دەدەن لە ھەموو ڕوویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی یەوە، پاشەکشە بە بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و سکولاری لە کومەڵگای کوردستاندا بکەن تا لە ئێستاوە بەربگرن بە ھەر ھەوڵێک کە دەدرێت بۆ ئاڵوگۆرو وەرچەرخانی سیاسی لە ئاییندەدا. چونکە ئەوە لە لای چینی دەسەڵاتداری بۆرژوازی ڕوونە کە کۆمەڵگای کوردستان لە سایەی ئەواندا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی وسیاسی یەوە جەمسەربەندی چینایەتی دەکات ،بۆیەش کێشمەکێش و ناڕەزایەتی ھەر بەردەوام دەبێت.


بەڵام جوتبونی ئەم ھەڕەشەو گوڕەشەو ھێرش و بانگشەی تیرۆرە خۆبەخو_عفوی_ نی یەو بەڵکو نەخشە بۆ داڕێژراوەو بەشێکی گەورەو گرینگی ئەو ستراتیژە سیاسی یە کونەپەرستانەو سەرکوتگەریانەیەیە کە پارتی بە کۆمەکی ھاوکارەکانی لە دەسەڵاتدا دەیەوێت جێ بە جێی بکات، بۆ زیاتر سەقامگیر کردنی دەسەڵاتی ڕەھای سەرکوتگەری خێڵەکی و ئیسلامیانەی خۆی و پاراستنی ئەو ھەلومەرجە ئابوری و کومەڵایەتی و سیاسی یەی بۆی بەدی ھاتووە، بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوەو شکانەوەی تای تەرازووی ھێز لە بەرامبەر یەکیتی بە قازانجی پارتی.


لە ڕوویەکەوە ئەوەی وا دەکات کە مەلاکان و پارتی و سەرجەم دەسەڵات ئەم ھێرش و بانگشەی تیرۆرەی ڕۆشنبیرانیان بۆ بچێتە سەر تا ئێستا، ڕادەی ڕێکخراوەیی خودی دەسەڵاتە لە ھەموو ڕوویەکی ئابوری و سیاسی و حزبی و سەربازیی و میلیشیایی و دەزگا سەرکوتگەری یەکانی تریانەوە.


وە لەم لایشەوە ڕادەی لاوازی بەرگری و نارێکخراوەیی سیاسی وکومەڵایەتی و ئاسۆ تەسکی و تەمومژاویی ئەم لایەکەی کێشمەکێشەکەیە، کە ڕۆشنبیران و نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان و بەرەی مەدەنی و سکولاری کومەڵگایە.


ئەم ڕاستی یە ھەر لە توندو تیژی و گەورەیی ھێرش بەرانەوە دیارە. ئیتر ھەر لە ھێرشەکانی مەلاکانەوە بگرە تا ھێرشەکانی پارتی وخودی بارزانی و ئیسلامی کان. لە قسەکانی بارزانی یەوە تا دەعواکانیان لەسەر ڕۆشنبیران و یاساکانیان لە مەیدانی ڕۆژنامەگەری و یاسای خوپیشاندان و چەندین یاساو و بڕیاری تر لە دژی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان.یانی فاکتەری سەرەکی لە سەرھەڵدانی ئەم کێشەو ململانی یە ئەوە نی یە وەک پارتی و ئیسلامی یەکان و مەلاکانیان دەڵێن، کە گوایە ڕۆشنبیران و نوسەران و ھەڵسوراوانی بزوتنەوەی ژنان ھێرشیان بۆ سەر دەسەڵاتداران و ئایینەکەیان و ھێما پیرۆزی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتیمانی یەکانیان ھێناوە،نەخێر! بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە دەسەڵاتداران و ھاوکارەکانیانە کە گەورەترین ھێرشیان ھێناوە تا ڕادەی کوشت و بڕو تیرۆرو تۆقاندن و زیندانی کردن.


ھەڵبەت فاکتەرێکی سەرەکی لەم خاڵی لاوازی بەرەی مەدەنی یەت و سکولاری کە لە رۆشنبیران و نوسەران خۆیان دەبیننەوە، لەوەدایە کە وێرای ئەوەی خودی ڕەخنەو بەرگری ھێرش بۆسەرکراوان زور لاوازە ،ھاوکات بەشێکی بەرچاو لەو ڕۆشنبیرو نوسەرو ھەڵسوڕاوانەی بزوتنەوەی ژنان، یاخود لە ژێر باڵی دەسەڵاتدان ،یاخود لە باشترین باردا لە ژێر ئاسۆی سیاسی و فکری و کومەڵایەتی ئۆپۆزیسیۆندان، کە تاقمی گۆڕانی نەوشیروانە، کە ئەویش لە ڕووی ئاسۆ و ئامانجی سیاسی و فکری یەوە نەک ھەر ھیچ جیاوازی یەکی ڕیشەییان نی یە لەگەڵ لایەنی دەسەڵاتدار و ھێرشبەران بەڵکو لە ھەندێک باردا زۆر دواکەوتو تر و بەمەش زیانبارترن.


بۆ سەلماندنی ئەم داوەری یەش سەرنجێکی خێرا بەسە خوێنەر بیدات لەسەر کارنامەو ھەڵوێستە سیاسی یەکانی چەند مانگی ڕابردووی گۆڕان . بە تایبەتی چاوپیاخشانێک بەو ڕاگەیاندنەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن دەزگای ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەرکراوە، دەربارەی کێشەی نێوان مەلاکان و ڕۆشنبیران، لەوێدا ڕادەی ھەلپەرستی و دوو ڕوویی و کۆنەپەستانەی ھەڵوێستی گۆڕان ڕوون و ئاشکرا جارێکی تر بە دیار دەکەوێتەوە کە بەشێک لەو ڕۆشنبیرانە پشتیان پێ دەبەستن.


بۆیە ئەگەر ڕۆشنبیران و نوسەران و ھەر ھەڵسوراوێکی سیاسی و بزوتنەوەی ژنان، بیانەوێت ئەم ڕەخنەو بەرگری یە لاوازەی خۆیان پڕ کەنەوەو بەھێزی بکەن، تا ڕادەی ھێرشی پێچەوانە بۆ سەر مەلاکان و پارتی و ئیسلامی یەکان و سەرجەم دەسەڵات ،و کۆتایی بە بانگشەی مەلاکان بێت بۆ تیرۆرو کوشت و بڕ، ئەوە پێویستە بەر لە ھەر شتێک ئاسۆی سیاسی و ڕەخنەی ھەمەلایەنەو شێوازو میکانیزمی خەبات و ناڕەزایەتی خۆیان و ھەر خۆش خەیاڵی یەک کە ھەیانە ،جیاکەنەوە لە بزوتنەوەی قەومی و حزبەکانیان، بە تایبەتی گۆڕان، کە ئەمە نزیک بە یەک دوو ساڵە ،ناڕەزایەتی یە بەرھەقەکانی جەماوەری ئازادیخوازی کردۆتە ژێر کونترۆڵی خۆیەوە.


وە پەیوەست بن بە ئاسۆ و ئامانج و شێوازێکی خەباتی سیاسی چینایەتی کرێکاری کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ھەمیشە بە جورئەتەوە خستویەتی یە ڕوو و پیادەی دەکات، لە بەرامبەر سەرجەم دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی ،و دەستەو تاقمە ئیسلامی یەکانی تر .


15\1\11

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا