
هەر کەسێک دەتوانێ
بە ''ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین''ەوە پەیوەست بێ،
تاکە مەرجیش تەنیا و تەنیا ئازادییە و هیچی دیکە!
ئێمە وەک ئەندامانی ''ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین'' لە پێناو
بەدەستهێنانی ئازادییەکانی ملیۆنان مرۆڤی برسیی و چەوساوە و ژێردەستی
ئەو سیستەمە چەوسێنەرە باوە جیهانییە تێدەکۆشین کە ئێستا لە کوردستان
لە لایەن چەند پارتییەکی چەتگەریی و خێڵەکیی و داغان بە کۆنەپەرستیی
ئیسلامیی و نێرسالاریی و دابونەریتی سەدەکانی نێوەڕاست بەڕێوەدەبردرێ.
ئامرازی تێکۆشانی ئێمە رێکخراوبوونێکی ئاسۆییە بە شێوەی هەروەزیی و
کاری بەکۆمەڵ، واتە زۆر دوورە لە هەر جۆرە رێکخرابوونێکی قووچەکیی و
دەسەڵاتخوازیی پارتی و پارتیایەتی و دینیی و ئەو رێکخراوانەی بە ناوی
''کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانیی و بانگەوازخوازیی و مافی و مرۆڤ و
دیموکراسیەت''ەوە سێبەر و چەتەی پارتییە جۆراوجۆرەکان و دەروێش و
موجاهیدی کۆمەڵە و دەستەگەرییە دینییەکان و کاسەلێسی دامودەزگە
سیخوڕییەکانی داگیرکەرانی کوردستان و کۆمپانیایە بازرگانیی و
رامیاربازییەکانی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی رۆژاوان.
ئێمە بێدەنگ نابین و سووردەبین لەسەر وەدەستهێنانی مافەکانی سەرجەم
برسییکراوان و سەرکوتکراوان و چەوساوان، کاری ئێمە سنووری دیارکراوی
خۆی هەیە ئەویش تەنیا لە پێناو بەرجەستەکردنی ئازادییەکانی دەربڕین و
وەدەستهێنانی زۆرترینی ئازادییەکانە و هیچی دیکە. بەڵێنمان داوە و هەر
لێرەشەوە دووپاتیدەکەینەوە بەوپەڕی راشکاوییەوە کۆششدەکەین لە ئاستی
ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەدا بین کە خستووماننەتە ئەستۆی خۆمان و
هەرگیز لێیان لانەدەین.
جا دەنگی ئێمە تەنیا و دابڕاوە نییە.. واتە بە پێچەوانەی دەنگی ئەندێشە
و ئارەزووی کۆمەڵە کەسێکی دەسەڵاتخواز و بەرژەوەندخوازی کەسییە کە
ئامانجیان تەنیا قازانجی مادیی و ناو و ناوبانگە.. واتە دەنگی
ئازادییخوازانەی (من و تۆ و ئەو ئێمە و ئێوە و ئەوان)ە کە مرۆڤپەروەریی
و ئاژەڵپارێزیی و ژینگەدۆستیی هەم لە نیشتیمان و هەم لە هەموو جیهان لە
سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێ و هەمیشە لە کۆششدایە لە پێناو یەکسانیی و
ئازادیی و سەربەخۆیی و ئاشتیی و ئاسوودەیی و ئاسایشی گشتیی، بەڵام
ئێستا لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی ئەو دەنگە دەسەڵاتی چەند پارتییەکی
ستەمگەر و دژەمرۆیی و چەوسێنەرمان بەسەر خۆمان داسەپاندوە، دەکرێ هەر
ئێستا بە دەنگی بەرز و دلێری خۆمان تەنیا لە رێی دەنگنەدان و
خۆدابڕینمان لە هەموو پارتییەکان دەسەڵاتداران بێدەنگ بکەین و
دایانبەزێنینە خوارەوە و ئەو سیستەمە چەوسێنەرە هەڵبوەشێنینەوە چونکە
ئێمە زۆرینەین و ئەوان کەمینەیەکی زۆر زۆر کەمن و بێ ئێمە هیچ لەسەر
هیچن!
کەواتە فەرموون با پێکەوە دەنگەکانمان لە ریزەکانی ''ناوەندی کاری
ئازادیی دەربڕین'' یەکبخەین و هەر یەک لە ئێمە خۆمان خۆمان بین و رێگە
نەدەین هیچ کەس و دەستەیەک خۆیان بەسەرمان دابسەپێنن و خەریکی
سەرکوتکرتکردن و دزینی رەنج و ماندووبوونەکانمان بن بەڵکە تەنیا و
تەنیا خۆمان بڕیار لەسەر سەرجەم ژیان و گوزەران و چارەنووسی خۆمان
بدەین.
هەڵبەتە ئەوەش لە هەنگاوی یەکەم بەوە دەستپێدەکا کە لە رێی کار و
چالاکییەکانمانەوە سەرجەم ئازادییەکانی دەربڕین بەرجەستە و فەراهەم
بکەین.. واتە لە سادەترین خۆدەربڕینەوە دەستپێبکەین کە ئازادیی شێوە و
جلوبەرگ پۆشین و گەشت و گەڕانە تا دەگا بە ئازادیی هزریی و دەروونیی و
جەستەیی تاکەکان، ئازادیی رێکخراوبوون و تێڕوانین و بیروباوەڕیی
رامیاریی، ئازادیی ژنان و پێکەوە ژیانی سێکسیی و کۆمەڵایەتیانەی نێوان
نێر و مێ، ئازدایی فەرهەنگیی و رۆژنامەگەریی و سەرجەم ئازادییە هزریی و
فەلسەفییەکان.
جا ئەو کاتە دەتوانین خۆمان ببینە خاوەنی ئاو و کارەبا و گاز و
رێگەوبان و سەرجەم پێداویستییەکانی دیکەی ژیان و گوزەران کە خۆمان
بەرهەممانهێناون و دەسەڵاتداران لێیان داگیرکردووین، ئەو کاتە دەتوانین
دامودەزگە سیخوڕییەکانی میتی تورکیا و ئیتلاعاتی ئێران و ئەمن و
موخابەراتی سوریا و عێراق و کۆمپانیایە بازرگانییە چاوچنۆک و داگیرکەرە
ئابووریی و رامیارییەکانی وڵاتانی رۆژاوا هەر هەموویان سنووربەدەر
بکەین و خۆمان ببینە خاوەنی خاک و ئاو ئاسمانی خۆمان و ئێمەش وەک
گەلانی دیکە لە نێو نیشتیمانی خۆمان سەربەخۆ بین و لەسەر جیاوازیی
نەتەوەیی و نیشتیمانی نەچەوسێندرێینەوە، ئەو کاتە دەتوانین واتایەکی
ئەوتۆ بە ژیان ببەخشین کە هەر کەس بە بێ جیاوازیی رەگەزیی و نەتەوەیی و
دینیی هەر جیاوازییەکی دیکە لەسەر توانا و هێزی هزر و بازوو و
ماندووبوونی خۆی بژیێ و هەموومان پێکەوە هاوکار و هەرەوەز بین لە
بنیاتنانی ژیانێک کە تێیدا سەرجەمی چەوسانەوەکان بنەبڕ بکرێن و
هاوکاتیش لەگەڵ خۆمان و ئاژەڵان و دارودەوەن سەرجەمی سروشت ئاشتببنەوە.
بە واژۆی ئەندامان:
ئاڤان کەریم، ئاواز سامان، ئاشتی شاباز، ئومێد قەرەنی، بوڕهان غەفور،
خوناو سمایل، پایزە ئەحمەد، جیهاد محەمەد، دارا خونچە، رەزا ساڵح،
رووناک ئەحمەد، زانا ئاسیا، ژیار زاگرۆزی، سەلام نەجیبە، فەرهاد مازێ،
کەریم سەرکەش، مەهدی یوسف، مینا سوارە، هەردی ئەحمەد، هەندرێن هەندرێن،
یاسین جەبار.
ناوەندی کاری ئازادیی
دەربڕین
٢٧\٨\٢٠٢١
rojnamen@yahoo.com
|