په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٨\٢٠١٧

لە یادی ٣ ساڵەی تاوانی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکاندا:

 

ھەر کەس و لایەنێک نکۆڵیی لە تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بکا دەبێ سزا بدرێ.

 


لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەکدارە بەربەرییەکانی داعش یەکێک لە ھەرە قێزەونترین تاوانەکانی سەردەمیان بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی شەنگال و پێشتریش کریستان و شەبەک و تورکمانە شیعەکانی ناوچەی موسڵ ئەنجامدا, کە نموونەی ئەم تاوانانە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا لە جیھاندا کەموێنەبووە.


ئێمە لە ٤ی ئابی ٢٠١٤ ە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا وەک یەکەم لایەن ئەو تاوانەمان بە جینۆساید ناساند و داوامان لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و کوردستانی کرد بەرەو روی تاوانەکە ببنەوە,لە رێگای کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بە دۆکۆمێنتی بکەن, ھاوکات لەسەرەتای تاوانەکە کاری جدی باشمان لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوخۆیی و راگەیاندن بۆی ئەنجامدا, ئێستا لە یادی سێ ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا کۆمەڵێک داواکاری دەخەینە بەردەست دەسەڵاتداران و رایگشتی:


- حکومەتی ھەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر حکومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆ ئەوەی نیازپاکی خۆی لە رێگای بە ئەندامبونیەوە لە دادگاکە بۆ پێکھاتەکانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت کە دژ بە دوبارەبوونەوەی تاوانەکانی رابردووە کە بەسەر گەلەکەماندا ھاتووە( ھەڵەبجە, ئەنفال, بارزانی, فەیلی, تەعریب, شەنگال, سمبێل, قەڵادزێ , .... )), تاوانەکانی شەنگال سەلماندییەوە بە ئەندام بوونی عێراق زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانەو سزا دانی بکەرانی و ناساندنی حەقیقەتی یاسایی تاوانەکەیە لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا.


- داوا لە دەسەڵاتدارانی کوردستان دەکەین, داواکاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بکەنە یەک لە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لە دانوساندنەکانیان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی بەغدا لە گەڵ لایەنە عێراقیەکان و سازشی لەسەر نەکەن.


-داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەین, ھەر دیلێکی داعشی ھاووڵاتی ١٢٤ وڵاتەکەی ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیان لایە تەسلیم بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکەن, بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن, مخابن لەم روەوە ھیچ ھاوکارێک و ھەنگاوێک نەنراوە, کە بە پێی زانیارییەکان دیلی وایان لایە.


-داواکارین لە ھەردوو لایەن بڕیار بەدەستان و تاوانبارانی داعش دیاری بکەن, ئەوانەی لە بڕیاردان و تاواندا رۆڵیان ھەیە, ناوەکانیان بدەنەدادگای تاوانی نێو دەوڵەتی.


- داواکارین ھاوکاری وڵاتان بکەن بۆ دادگاییکردنی ھاووڵاتیانی خۆیان و دیلەکانیان تەسلیم بکەنەوە.


-ئەگەر بڕیار وایە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بێت , بە ئەندام بوونی دەوڵەتی کوردستان زامنی رێگرییە لە تاوانی پەلاماردانی خەڵکی کوردستان لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە ,ھاوکات تاکە رێگای دوبارە نەبونەوەی جینۆسایدە بۆیە پێویستە لە ئێستاوە رایبگەیەنن , دەوڵەتی داھاتووی کوردستان یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.


-ھەر کەس و لایەنێک لە کوردستانەوە ریکلام بۆ داعش و بیری داعشیزم بکات, یاخود پەلاماری پێکھاتە ئاینییەکان بدات , پێویستە دادگایی بکرێت.


- ھەر کەس و لایەنێک نکۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و کریستان و کاکەیی و شەبەک و پێکھاتەکانی دیکە بکات لە لایەن داعشەوە پێویستە سزا بدرێت و ئینکار کردنی تاوانەکانی جینۆساید وەک تاوان سەیر بکرێت لە ھەرێمی کوردستان, بە یاسا رێکبخرێت.


- پێویستە قوربانیانی ئێزیدی و کریستان و کاکەیی ناسنامەی شەھیدیان بدرێتی وەک تەواوی شەھیدانی جینۆساید و بزاوتی رزگاریخوازی کوردستان , ھەر کەس و لایەنێک درێغی بکات لە ناو نانیان بە شەھید , وەک تاوانباری ئینکاری جینۆساید سزا بدرێت.

-ئەو تاوانبارانەی پەلاماری ژنانی ئێزیدی و کریستانیان داوە, یان مامەڵەیان پێیانەوە کردووە, دیاری بکرێن و دادگایی بکرێن.


-ھەر پارت و لایەنێکی سیاسی ئینکاری جینۆسایدی ئیزیدی و کریستان و شەبەک و کاکەیی .... بکات , یاخود برەو بە سیاسەتی جیاکاری بەرامبەریان بدات لە ئاستی خوارەوە پێویستە قەدەغە بکرێت.


-پێویستە ئەو چەکدارە کوردستانیانیانەی لە ریزی داعش بوونە, لە کاتی واز ھێنانیان و گەڕانەوەیان دادگایی بکرێن لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە.


-حکومەتی کوردستان دەبێت جیاکاری ئاینی و نەتوەیی نەھێڵێت ,رێگری بۆ گەیشتن بە ھیچ پۆستێک بۆ تەواوی پێکھاتەکانی کوردستان نەبێت و لە تەواوی پۆستە سیادییەکان شەریک بن, لە رێگای نوێنەرانی راستقینەی خۆیانەوە , نەک نوێنەرانی داتاشراو, بگرە بە کۆتا بەشداریان زیاتر بکات لە فەرمانڕەوایی کوردستان.


-دەبێت سنورێک بۆ تەجاوزات بۆ سەر ناوچەی ئێزیدی و کریستان و پێکھاتەکانی دیکەی کوردستان دابندرێت, تایبەتمەندی ناوچەکانیان بپارێزرێت ئەو خاک و زەوییەی لە لایەن کەسانی دەستڕۆیشتوەوە دەستی بەسەردا گیراوە بۆیان بگەڕێنرێتەوە.


- پێویستە ھەموان خۆمان ئامادە بکەین بۆ قۆناغی دوای ھەرەسی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە, بڕیار بەدەستان و تاوانبارانیان بدۆزینەوەو سکاڵایان لە وڵاتەکانیان لەسەر تۆمار بکەین, یاخود ناوەکانیان و شوێنی ژیانیان بدەینە دادگایی تاوانی نێو دەوڵەتی.


-داواکارین ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری داگیرکردنی شەنگال لە ٣-٨ لە لایەن داعشەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت, ئەگەر شکستی سەربازییە ئەوانەی ھۆکاری شکستەکەن سزا بدرێن و لە بەرپرسیارێتی سەربازی دوور بخرێنەوە, ئەگەر کارئاسانیکردنێک ھەبووە بۆ لایەنی بەرامبەر, ئەوا بە تاوانی ھاوکاریکردنی جینۆساید سزا بدرێن.


-داواکارین حکومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی زیاتر تەرخان بکات بۆ ئازاد کردنی کچانی ئێزیدی و قەرەبوکردنەوەیان دوای گەڕانەوەیان.

-پێویستە ئەو تاوانانەی لە رابردوودا لە رێگای ٧٢ فەرمانەکەوە بەرامبەر بە ئێزیدی و کریستان و پێکھاتە ئاینییەکانی کوردستان کراوە, تۆمار بکرێن وەک مێژوو و بچێتە بواری خوێندنەوە.


تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی –Koncicc ٣٥٣ رێکخراو
تۆڕی رێکخراوە کوردییەکان بۆ قەدەغە کردنی چەکی ئەتۆمی - ICAN_KURDISTAN ١٠٣رێکخراو
کوردستان بێ جینۆساید kurdistan without genocide
رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆکوژ لە کوردستان - OAWMD
 


٢\٨\٢٠١٧
k_cicc@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک