په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٢\٢٠٢١

ھێڕشەکانی داعش لە بەرژوەندی دەسەڵاتدارانی ھەرێمە.


زاھیر باھیر       

 

بە داخەوە کە چڕبوونەوەی ھێڕشەکانی داعش لەم ماوەیەدا بووە ھۆی بە قوربانیدانی کۆمەڵێک چەکداری ڕەش و ڕوت، کە ئەوەی پاڵیان پێوەدەنێت کە خۆیان بدەنە کوشت و منداڵ و خێزانیان و ئازیزانیان لەدوای خۆیان بە ئازارەوە، سەرگەردان بکەن، بژێوی ژیانیانە دەنا کەسێکیان نییە کە باوەڕی بە کوردایەتی و پاراستنی خاک و نیشتمان و نیشتمانیبوون، بێت.
ھاوکاتیش زۆرێک لە ڕۆشنبیران و نوسەران و ئەھلی فەیسبوک نەک ھەر گلەیی لە حیزبەکانی دەسەڵاتدار و سەرانی کورد، دەکەن ، بەڵکو ھێڕشیشیان دەکەنە سەر و بە خائینیان دادەنێن کە لە کاتێکدا ئامادەنین ھیچ جۆرە ئاسانکارییەک بۆ چەکدارەکانیان لە بەرانبەرر ھێڕشی داعش-دا بۆ بکەن. لەوانەش ناردنی چەکی باش و سەیارەی ھەمەر و ئامادەبوونی ئیسعاف لە کاتی زەرووریدا بۆ گواستنەوەی برینداران یا ھەر ھیچ نەبێت راھێننانی دووان لە چەکداران لە سەنگەرەکانیانا دەربارەی ئیسعافاتی ئەوەلی و زیادە موچە یاخود ھەر ھیچ نەبێت پێزانین و سوپاسگوزاریەکیان .
لە ڕاستیدا ئەوانەی سەرەوە کارێکی ئاسانە و تێچونێکی زۆریشی تێناچێت لە بەرانبەر بەھیزکردنی ھێڵی پێشینەی جەنگ و بەرەی شەڕ دژ بە داعش.

بەڵام بۆچی ناکرێن؟
دەسەڵاتدارانی کوردی باشوور زۆر زیرەکن و خۆیان دەزانن چی دەکەن . ئەوان ئەو جۆرە ئەرکانە یاخود تاکتیکانە بەکارناھێنن لە پێناوی بەرگریی یاخود پارێزگاری لە ستراتیجیان، بەڵکو ئەوان ئەو تاکتیکانە دەکەنە قوربانیی لە پێناوی ستراتیجییەتیانا.
ستراتیجێتی دەسەڵاتداران مانەوەیانە لە حوکمڕانیدا، مانەوەشیان لە حوکمڕانیدا یانی ھەر بە تەنھا بوونی دەسەلاتی سیاسی نییە بەڵکو دەسەڵاتی ئابووری و فەرھەنگی و کولتوریی و پێگەی کۆمەڵایەتی و نێو خێزانی و پاراستنی ئەجەندەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا و ئەمەریکایە. بۆ ئەمەش ئەوان پێویستیان بەوە ھەیە کە خۆیان لە مەترسی خۆپیشاندان و پرۆتێستی گەورە کە ڕەنگە کۆتاییەکەی بە ڕاپەڕین بێت ، بپارێزن .

دەسەڵاتداران چۆن ئەمە دەکەن؟

ھەموو حکومەتەکانی سەر زەمین بە تایبەتی حکومەتەکانی وەکو وڵاتانی ڕۆژائاوا و ئەمریکا و کەنەدە و ڕوسیا، لە کاتێکدا کە ڕووبەڕوی مەترسییەک دەبنەوە بۆ لە خشتەبردنی ھاووڵاتیانیان و بەلاڕێبردنیاندا و سەرنجنەخستنە سەر داخوازییە ھەنووکەییەکانیان، دیمەنێکیان بۆ دەھێننە پێشەوە کە پلانیان لە کردنیا، پێشوەخت کردوە.
دیارە ئەم بەلاڕێبردن و لە خشتەبردنە لە کوردستانا جیاوازە تاکو با بڵێین وڵاتێکی وەکو بریتانیادا ، چونکە ھەر یەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان کە پێویست بکات ئەو تاکتیکە بەکاردەھێنن. بۆ نموونە تۆنی کلیف-ی کۆنە پەڕلەمانتاری حیزبی کرێکارانی بریتانیا دەڵێت: کەسایەتی مارگرێت تاچەر سەرەکوەزیرانی ئەو کاتەی بریتانیا ئەوەندە دابەزیبوو ھاتە خوارەوە بۆ لە سەدا ١٧ ئیتر ئەوە نەنگی بوو بۆی . بۆیە باشترین کارێک بۆ بەرزکردنەوەی کەسایەتی و پاراستنی حوکمەکەی ھات کێشەی دوورگەی فۆکلەندی لە تەک ئەرجەنتینا کردە بەھانەیەکی زۆر گەوەرە و لە ٠٢/٠٤/١٩٨٢ دا شەڕی ھەڵگیرسان. دوای بردنەوی ئەم شەڕەش کە ڕاپرسی کرایەوە لەسەر کەسایەتی تاچەر ، رادەی کەسایەتی ئەو بۆ لە سەدا ٦٧ بەرزبووەوە .
ھەر دوور نەڕۆین جەنگی ئێران و عێراق بووە ھۆی درێژبوونەوەی رژێمی ئاخوندەکانی ئێران کە لە سای ئەو جەنگەدا نەک ھەر خەڵکێکی زۆری ئێرانیان گەمژاند بەڵکو ھەموو موعارەزەی ناو ئێرانیشیان تێشکان و ئیدۆلۆجی دەسەڵاتخوازی ئیسلامیان برەو پێدا و چەندەھا حیزب و ھێزیان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بۆ دروستکرد. ئەمە جگەلەوەی کە ئەمەریکایان بە مەترسی گەورە لەسەر نەتەوەکانی ئێران، زەقکردەوە تاکو تێکۆشان دژ بە ئەمریکا سەراپای نەھامەتیەکانی کە دانیشتوانی ئێران رووبەڕووی بووبوونەوە، خەفەبکرێت.
لە ئەمەریکا لە ھێڕشی ڕاستڕەوەکان بۆ سەر کۆشکی سپی لە دیسەمەبەری ساڵی پێشوودا و زەقکردنەوەی ئەم کێشەیە کە تا ئیستاش بە بەردەوامی لە ناو میدیاو سەنەتای ئەمەریکیدا باس دەکرێت و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دانراوە کە بە دەیەھا ملیۆن دۆلاری تێدەچیت، ئەمانە ھەمووی بۆ خەفەکردنی کێشە سەرەکەییەکانی خەڵکی ئەمریکی بوو بۆ داپۆشینی ئەو کێشانە و لابردنی سەرنجی ھاووڵاتیان بوو بە سەرنجڕاکێشانیان کە گوایە پرسی " دیمۆکراسی" لە مەترسیدایە و ئەمە کێشەی سەرەکی ھاووڵاتیانی ئەمەریکەییە .
من دەتوانم دەیەھا نموونەی جۆرا و جۆر لە زۆر وڵاتدا بۆ ھەمان مەبەست بھێنمەوە، بەڵام لێردا دەوەستم و دەگەڕێمەوە سەر کوردستان .

ئەی لە کوردستاندا ئەمە چۆن دەکرێت؟

لە کوردستاندا بۆ لابردنی مەترسی و لە ڕێلادانی خەڵکی ، " خودا" داعشی داوە . پێشتر بەعس بوو کە ھەر خەڵکی گلەیی لێبەرز دەبووەوە ، بەوە دەمکوتدەکران کە حکومەتەکەیان ساوایە، دەبێت خەڵک ئەوە لەبیرنەکەن. بەڵام ئێستا کە داعش ھەیە ئەمان بە ھەموو شێوەیەک مەترسی لە کاتی کردنی ئەم ھێڕشانەدا بە خەڵکی دەفرۆشنەوە کە گەورەترین مەترسی لەسەر کوردستان و قەوارەکەی ھەیە، بۆیە ھەر بەرپرسێک لە لایەکەوە سەبارەت بەو مەترسییە لاوەکییە کە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی و بە تێچونێکی کەم چارەسەر بکرێت ، ڕاگەیاندن دەدات. ببینن:
"مەسرور بارزانی: داعش بۆتە ھەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان."
" قوباد تاڵەبانی: زۆربونی ھێرشەکان سەلمێنەری ئەوەن کە مەترسی ئەو داعش ھێشتا زیندوە"
نابێت باوەڕ بەمانە ھیچی بکرێت شلکردنی جڵەوی داعش و توندکردنەوەی بە دەستی خۆیانە [ تکایە واتێمەگە کە بڵێم ئەمان بەشێکن لە داعش و پەیوەندی گەرموگوڕ و راستەوخۆیان ھەیە] بەڵام ھەر بیھێننەوە بەرچاوی خۆتان ، باشە بۆچی کە لە ئێستادا کە خۆپیشاندانی گەورەکراون و ھەن، ھێڕشی داعش لە زۆر لاوە بەردەوامە؟!!
گەر ئەمە بۆ تۆ خاڵێک نەبێت، لای من فەرامۆش ناکرێت، جێگای بیرکردنەوە و تێڕامانە.

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک