په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠٢٢

هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا

خولێکی نوێی کێشەکانی جیهانی چەند جەمسەریی.


نوری بەشیر      

 
هەڕەشەکانی چەند هەفتەی رابردوی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا و کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی ١٥٠ هەزاری بە جۆرەها چەکی قورس و سوکەوە، بردنی ژمارەیەک کەشتی جەنگی بۆ دەریای رەش، ئامادەکردنی چەکی ئاسمانی و مەشقی سەربازی لە ناوچەکانی بێلاڕوسیا، خۆئامادەکردن لە نیمچە دورگەی کرایمیا و ئامادەکردنی لایەنگرانی لە هەرێمی دۆنباس و چەکدارکردنیان، بەدوایدا رۆژی ٢١ فێبریوەری پۆتین یەک لایەنە سەربەخۆیی هەردوو ناوچەی دۆنيتسك و لۆگانسكی لەهەرێمی دۆنباس راگەیاند و هێزی زیاتری بۆ ناردن، ئەمە سەرەتای هێرش و جەنگێکی فراوانترە بۆسەر ئۆکرانیا. بەمە پۆتین یەکەم هەنگاوی جەنگێک کە رەنگە دوور ماوەبێت، نەک تەنیا دەبێتە کوشتارگای خەڵکی ئۆکرانیا بەڵکو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی خستۆتە دڵەڕوکێ و ترس کە بەدوایدا ناوچەی جوگرافیایی جەنگەکە گەورەتر بێت.


بەو خۆئامادەکردنەی پۆتین و پڕوپاگەندەی جەنگی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە جۆرێک چاوەڕوانی لە داگیرکردنی ئۆکرانیا، خەڵکی ئۆکرانیا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان لەبەردم مەترسیەکی گەورەدا داناوە کە بووە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەرێمی دۆنباس ناوچەکانی تری ئۆکرانیا. پاش ئەوەی پۆتین چەکی کاریگەری شەڕی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەوروپای بە پڕوپاگەندەی جەنگی و گەمارۆ بیست کە یەکەم؛ بەناردنی هێزێکی زۆرتر لە سەرباز و چەک و هێزی ئاسمانی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دووەم؛ دانانی گەمارۆی ئابوری و سیاسی، کە لەلایەن ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمەریکا دەستی پێکرد، رووسیای نەترساند وەک ئەوەی بە شێوەیەک لەم گەمارۆیەی پێشتر تاقی کردۆتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی کە رووسیا ئابوری گازی بۆ ئەوروپا لەدەستدایە، وە لەباری سیاسیەوە لە دنیادا پێشڕەوی سیاسی و سەربازی کردبوو و بازاڕی چەک فرۆشی پەیداکردووە هەروەها کاری لەناوخۆی ئۆکرانیا کردووە سورە لەسەر پێشڕەویەکانی لە هەڕەشە و هێرشی بۆسەر ئۆکرانیا.


لەکاتێکدا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هێشتا کوشتاری بەکۆمەڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەخەی بەرنەداوە، هێشتا کوشتار و برسێتی و ئاوارەیی و هەژاری لە: یەمەن، سوریا، عێراق و ئەفغانستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتە سەرمایەدارە گەورانە بەسەریاندا سەپاوە بەردەوامە، ئەمانە هەڕەشەی جەنگێکی گەورەتر دەکەن کە دەبێ چ سیناریۆیەکی ترسناک چاوەڕێی کۆمەڵگای ئینسانی بکات!
ئێستا جەنگێک کە رووسیا لەبەرامبەر ئۆکرانیادا بە بەهانەی شکاندنی رێکەوتنی مینسک و ئەندامێتی ناتۆ و کوشتاری خەڵکی هەرێمی دۆنباسەوە دەستی پێکردوە، کە هەموو ئەوانە پاساوێکن بۆ جەنگێک کە ئامانجی گەورەتری لەپشتەوەیە، وەستانەوەیە لەبەرامبەر ئەمەریکادا.


ئەم هێرشەی ئێستای رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەرئەنجامی هەلومەرجی دەیەیەی رابردووە. دەیەیەک کە زۆر شت لەدنیادا گۆڕاوە بەتایبەتی دەورەی کۆتایی دنیای یەک جەمسەریە ( قطب )ە کە ئەمەریکا رابەرایەتی دەکرد، دەیەی دەرکەوتنی چین وەک جەمسەرێکی ئابوری گەورەیە و کاریگەری هەیە، دەورەی هاتنەمەیدانی رووسیا لەسەرەتادا وەک جەمسەرێکی سیاسی و دەخالەتەکانی لەزۆرێک لە وڵاتان بەتایبەت سوریادا و بەدوایی دا وەک جەمسەری ئابوری و ناردنی گاز بۆ وڵاتانی ئەوروپا. هەر لەم دەیەیەدا لەگەڵ پاشەکشەی ئەمەریکادا جەمسەری رۆژئاوا و بەتایبەت وڵاتانێکی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا هەوڵیانداوە لەژێر سایەی ئەمەریکا بێنە دەرەوە و بڵێن ئێمەش هەین.


هەر لەو دەساڵەدا ئەمەریکا مۆری شکست و پاشەکشەکانی لە عێراق، سوریا و ئەفغانستان دا تۆمار کردوە، بەرامبەرکێی ئابوری لە مەیدانی چەک و هێزی ئاسمانی و تەکنیکی پێشەکەوتودا بۆ پەیدابووە، ئەمەریکا شکستی هێنا لە رێکەوتن لەگەڵ حوسیەکاندا لەیەمەن. سازشی کرد لەگەڵ کۆریای باکور، رێکەوتنی لەگەڵ تاڵیبان و هێنانەوەیان بۆ سەرسەری خەڵکی ئەفغانستان وەک هێزێکی کۆنەپەرستی دژی ئینسانی. داپۆشینی کۆمەڵگای عێراق و سوریا و یەمەن و کوردستان لە زۆنگاوی هێزە میلیشیا قەومی دینیەکان، پاشەکشەو لاوازی ئەمەریکا لەبەرامبەر ملهوڕیەکانی جمهوری ئیسلامی ئێراندا، هەموو ئەوانە راستی ئاوابونی خۆری ئەمەریکا و کۆتاییهاتنی دنیای یەک جەمسەریە کە ئەمەریکا رابەرایەتی دەکرد.


دنیای ئەمڕۆ دنیای چەند جەمسەریە کە ئەمەریکاش خۆی ناتوانێت حەشای لێبکات، وە میدیاکانی دەستەڕاستی بۆرژوازیش لە کێشەی ئێستای هێرشی رووسیادا تاکیدی لێدەکەنەوە، کێشەی ئێستا دەورەیەکی نوێیە لە کێشەی نێوان جەمسەرەکان کە رووسیا دەستپێشکەری کردوە، دەستپێشکەری سیاسی و سەربازی و ئابوری رووسیایە لەبەرامبەر ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دەڵێت ئەو دەورەیە تەواو و ناتوانن لەسنوری ئێمە و بەرژوەندی ئێمە نزیک ببنەوە و ئێمەش دەخالەت لە هەلومەرجی جیهان دا وەک جەمسەریکی گەورە دەکەین، ئەم هەنگاوەی هێرش بۆسەر ئۆکرانیا لەو راستایەدایە.


لە کێشەی ئێستادا وڵاتان و جەمسەرەکان، لەدەوری لایەنگری و دژایەتی ئەو دوو جەمسەرەی رووسیا و ئەمەریکا وەستاون، لەدرێژماوەی ئەو کێشەو جەنگەدا زیاتریش دەبینرێت. لەسەرەتای هەڕەشەکانی رووسیاوە وڵاتانێکی ئەوروپا و بەتایبەت ناتۆ لەدەوری سیاسەتی ئەمەریکا کۆبونەتەوە، بەجیا لەوەی بەرەی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست دژی ئەم سیاسەت و هێرش و شەڕەیە. لەولاوە چین لەدەوری رووسیا خۆی دەبینێتەوە بەوەی گەمارۆی لەسەر دوو کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی دادەنێت کە چەک بە تایوان دەفرۆشن و بەپاساوی ئەوەی ئەو کارە لەدژی چینە!. واتە ئەم کێشە و هەڕەشەی جەنگە چوارچێوەیەکی جیهانی هەیە کەسەرەتایەکی نوێیە لە هەڕەشە و جەنگی جەمسەرەکان بەدژی کۆمەڵگای ئینسانی و وڵاتانی کەمهێز، وە لەدرێژماوەدا کێشەو شێوەی جۆراوجۆر لایەنگری جەمسەرەکان هاوسەنگی هێزی جیاواز بەخۆیەوە دەگرێت.


لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە رۆشن بێت، کە ئەم لەشکرکێشێ و جەنگە کە رووسیا دەستی پێکردووە نە شەڕی خەڵکی رووسیا و نە ئۆکرانیا و نە ئەوروپایە، لەگەڵ ئەوەی زیندوکردنەوەی گیانی قەومپەرستی روسی و ئۆکرانی زیاد دەکات، بەڵام جەنگێکە بەدژی سەرجەم کۆمەڵگای بەشەریە لە کرێکاران و ڕێزی ملیۆنی خەڵکی بەشمەینەتە کە بەدەست قازانجپەرستی و شەڕ و برسیەتی ئەم جەمسەرانەی سەرمایەداریەوە دەناڵێن و لە ئایندەدا شێوەی جیاواز لە کۆنترۆڵی سیاسی و ئابوری و سەربازی لە جیهاندا بەخۆوە دەگرێت و کوشتار و ماڵوێرانی زیاتر دەسەپێنێ بەسەر مرۆڤایەتیدا.


هەربۆیە دروشم و کاری ئێمە؛ کۆمۆنیستەکان و کرێکاران و رێزی هەزاران ملیۆنی خەڵکی ئازادیخواز بۆ ئەم دەورە نوێیەی دنیای چەند جەمسەری سەرمایەداری نایە بە جەنگێک رووسیا لە ئۆکرانیا دەستی پێکردوە و نایە بە هەڕەشە و ناردنی هێزی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بۆ شەڕێکی ترسناک و ماڵوێرانکەر. ئەم دەورەیە دەورەی هاتنەمەیدانی ئێمەیە و لەهەمووکات زیاتر زەرورترە کە کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و بەرەی ئازدیخواز و کەمدەرامەت لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا هەین خۆمان رێکخراو بکەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سۆشیالسیتی خۆمان دامەزرێنین و مرۆڤایەتی لە جەنگ و کاولکاری و کوشتار و برسیەتی بۆرژوازی و دنیای چەند جەمسەری سەرمایەداری رزگار بکەین.


٢٣\٢\٢٠٢٢
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک