|
١٦\١٠\٢٠٢٦
هەر شوێنێک
چیڕۆکێکی هەیە؛ پوهۆس بەشێکە لە
چیڕۆکی من.

هێمن عەلی
بیست
و یەک ساڵ لەمەوبەر، کاتێک گەیشتمە یۆنان، چوومە ئۆمۆنیا لە دڵی ئەسینا؛
شوێنێک پڕ لە خەڵکی وڵاتانی جۆراوجۆر. بۆ من کە تازە گەیشتبوومە
وڵاتێکی نامۆ، ئەو دیمەنە مایەی ئارامی بوو: تەنها من نەبووم کە لە
نێوان ژیانی پێشوو و ژیانێکی نوێدا ڕاوەستابووم.
دوای یۆنان، ڕێگام کەوتە شاری لوزێرن لە سویسرا. لە شەقامەکانی بازڵشتراسە
و بێرنشتراسەدا، لە نێو خەڵکی ڕەچەڵەکجیاوازدا، هەستم بە ئاشنایی و
ئارامی دەکرد. ئەو شوێنانەی هەندێک کەس بە «پڕ لە بێگانە» وەسفیان
دەکەن، بۆ من جێگای ئەو کەسانە بوون کە وەک خۆم تامی نامۆییان چەشتبوو.
پاشان هاتمە فینلەندا؛ لێرەش، پوهۆس لە شاری هێلسنکی بوو بە یەکێک لەو
شوێنانەی دڵم تێیاندا دەکرێتەوە. ڕووخسارە جۆراوجۆرەکان و دەنگی زمانە
جیاوازەکانی ئەوێ هەستی نزیکی و ئاشناییم پێ دەبەخشن؛ لە نێو ئەو هەموو
جیاوازییەدا، کەمتر هەست بە نامۆیی دەکەم. هەر کاتێکیش دەچمە تورکو، لە
ڤاریسۆئو هەمان هەست دەدۆزمەوە. ئەو ناوچەیەم بە خەڵکەکەی و ژیانی
ڕۆژانەیانەوە خۆش دەوێت، بە هەموو شادی و سەختییەکانییەوە.
دوو ساڵ لەمەوبەر، گەڕامەوە بۆ یۆنان و سەردانی ئەو شوێنانەم کرد کە
پێشتر تێیاندا ژیابووم. ئەو گەڕانەوەیە ئەوەی بیر خستمەوە کە شوێنەکان
تەنها بە بینا و شەقامەکانیان لە یادماندا نامێننەوە؛ بەو هەست و
بیرەوەرییانەش دەمێننەوە کە لەگەڵیان هەمانە. پوهۆسیش ئێستا بۆ من
یەکێکە لەو شوێنانە.
لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، هەواڵی سەردانی گرووپێک لە حیزبی
فینلەندییە ڕەسەنەکان (پێرووسوئۆمالایسێت) بۆ پوهۆس لە میدیاکانی
فینلەندا بڵاو بووەوە و سەرنجی ڕاکێشام. ئەم حیزبە بە هەڵوێستی توند
بەرامبەر کۆچ و داوای سنووردارکردنی پەنابەری ناسراوە. لە ڕوانگەی
منەوە، ئەو سەردانە ڕەنگی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەبوو.
ئەندامانی گرووپەکە بە پاس گەیشتنە پارکینگی پوهۆس، بەڵام کەسیان لە
پاسەکە دانەبەزی. ئیلتالێهتی لە ناونیشانی هەواڵەکەیدا نووسیبووی «نەوێران»
(ئیلتالێهتی، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)؛ یەکێک لە بەشداربووانیش بە ئولێی
(دەزگای گشتیی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی فینلەندا) گوتبوو کە پاسەوانەکانی
حیزبەکە دابەزینیان بە مەترسیدار زانیبوو. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوون نەبوو
مەترسییەکە چی بووە؛ ئەو خەڵکەی ناوچەکەش کە ئولێ قسەی لەگەڵ کردبوون،
گوتیان هەست بە ئاسایش دەکەن (مارتینێن و کۆنتینێن، ٥ی تشرینی یەکەمی
٢٠٢٦).
من نازانم ئەوانەی ناو پاسەکە چ هەستێکیان هەبووە، بەڵام پوهۆس بۆ من
شوێنی ئارامی و ئاشناییە. ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت، دەبێت بە بەڵگەوە باس
بکرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. زۆریی بیانییەکان بەڵگەی مەترسی نییە
و هیچ کەس یان ناوچەیەک نابێت تەنها لەسەر بنەمای ڕەچەڵەک پێناسە بکرێت.
لە ئۆمۆنیاوە بۆ لوزێرن و لە پوهۆسەوە بۆ ڤاریسۆئو، ئەم شوێنانە هەر
یەکەیان بەشێک لە ژیانی من هەڵدەگرێت. لە پشت وشەی «بێگانە»وە، مرۆڤ
دەبینم: مرۆڤانێک کە لە
چیڕۆکی ژیانیاندا بەشێک لە
چیڕۆکی خۆم
دەناسمەوە.
بۆ ناسینی پوهۆس، دەبێت گوێ لە خەڵکەکەی بگریت و لە نزیکەوە ژیانی
ڕۆژانەیان ببینیت. ژیانی هیچ ناوچەیەک لە پشت پەنجەرەی پاسێکەوە
ناناسرێت.
___________________________________________
سەرچاوەکان:
Iltalehti 4 October 2026. Perussuomalaiset eivät uskaltaneet tulla
ulos bussistaan Helsingissä – ”Uhka käsin kosketeltavissa”.
Iltalehti. URL:
https://www.iltalehti.fi/politiikka/a/d7f9fc57-dca0-40b8-9cb1-156e5872dba9.
Accessed: 9 October 2026.
Marttinen, V. & Konttinen, M. 5 October 2026. Kävimme kauppakeskus
Puhoksessa, jonka edustalle perussuomalaiset jäivät bussiin. Yle
Uutiset. URL:
https://yle.fi/a/74-20249892. Accessed: 9 October
2026.
hemn.abdulhaq@gmail.com
|