٣٠\٨\٢٠١٥
هەر وانەیەک بە (دەفتەر)ێک
دۆلار.

ستار محەمەد قادر
عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەئێستادا سیخناخە لەخەڵکی
خاوەن بڕوانامەی دکتۆراو ماستەر، ئەم حەشاماتە بۆ ئەوە روویان
لەزانکۆکان نەکردووە تا خزمەتی پێ بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەم
بەشەهادەکەیانەوە پۆز لێ بدەن و پلەیان دوا نەکەوێ و بەرز بکرێنەوە،
هەمدیسان بۆ ئەوەی بڵێن کوڕی فڵانە کەس دکتۆرای هەیە لەبواری فڵان شتدا،
بەقەولی خۆیان سەردەمی ئێستا هیی شەهادەیە نەک مەعریفە بۆیە دەبێ بۆ
ئەوەی دوا نەکەون و لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریە رووکەشیەدا خۆیان بسازێنن،
بەهەر نرخێک بێت دەبن بەهەڵگری بڕوانامە لەزانستی سیاسی و کۆلێژی یاساو
هیی واشیان هەیە لەمنداڵی خودا پێدراوانی ئەم وڵاتە بێ سیستمە حەزی
بەوەیە لەکۆلێژی پزیشکی بخوێنێ و ببێت بەپزیشکێکی نەخوێندەوار.
لەزاری مامۆستایەکەوە گوێبیستی چیرۆکێک بووم، بەحەقیقەت تووشی شۆک بووم،
چونکە ناوەڕۆکی ئەم چیرۆکە، ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە، کە گەندەڵی و
نادادپەروەری گەیشتووە بەچ ئاستێک و چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو خەڵکانەی
کە دەبێت داکۆکی لەمافی هاوڵاتییان بکەن، بێ گوێدانە هیچ پڕنسیپێک دەست
بۆ هەموو شتە حەرام و تابۆو یاساغەکان دەبەن.
ئەو مامۆستا بەڕێزە گووتی، بەر لەدوو ساڵ بەڕێوەبەری یەکێک لەو
قوتابخانانە بووە کەتاقیکردنەوەی وزاری پۆلی شەشەمی ئامادەیی تێدا
ئەنجام دەدرا، یەکێک لەخوێندکارەکان، لەشوێن وەڵامدانەوەی پرسیارەکان،
وێنەی چوار گۆشەیەکی دەکێشاو ناوی خۆی تێدا دەنووسی، مامۆستاکە دەبینێت
ئەو خوێندکارە هیچ وەڵامێک ناداتەوە، لای خۆیەوە ئەو پرسیارەی لەلا
درووست دەبێت، ئەی کەوتا بۆ ئیمتیحان دەکات؟ ئەی چۆن داخیل کراوە؟
دوای دوو ساڵ مامۆستاکە بۆ سەردانی پزیشک لەگەڵ برایەکی روو لەیەکێک
لەشارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، پاش ناو نووسین بۆ پشکنین، روخسەت
لەبراکەی وەردەگرێت بۆ ئەوەی بڕوات چایەک بخواتەوە، روو لەچایخانەیەک
دەکات، گەنجێک پارەی چاکەی دەدات، ئەمیش پێی دەڵێ: " دەستەکانت خۆش و
زۆر سووپاسگوزارتم بۆ ئەو خزمەتە، بەڵام ئەگەر بێڕێزی نەبێت دەتوانی
خۆتم پێ بناسێنیت "؟
کوڕە گەنجەکەیش دەڵێ: های مامۆستا نامناسیتەوە، من فڵان کەسم وا
دەفتەرەکەم بەسپێتی رادەستتان دەکرد، کوڕی باجی ... فڵانم ئەندام
پەرلەمانی عێراق لەخولی پێشوو، مامۆستا دەیناسێتەوە، بەڵێ ... بەڵی
کەوتەوە بیرم ... ئەی ئێستا چی دەکەیت؟ گەنجەکە دەڵێت: لەکۆلیژی پزیشکی
دەخوێنم. مامۆستا دەڵێت بەڕاست؟ بەڵێ ... ئاخر چۆن، بۆ دەرچویت لەپۆلی
شەش؟ بەڵی ... مامۆستا چۆن؟ وەڵاهی بۆ هەر وانەیەک یەک دەفتەر دۆلارم
داوە، بەوشێوەیە واتا هەشت دەفتەرم دا بۆ ئەوەی نمرەیەکم بۆ دابنێن
کۆلێژی پزیشکی وەرمبگرێت.
باشە بێ ویژدانی بێ مۆڕاڵی بگات بەو ئەندازەیەی گەندەڵی ئەو شوێنەیش
بتەنێتەوە کە شوێنێکی زۆر هەستیارەو کەسانی لەوشێوەیەیش دەبن بەمەترسی
بۆ سەر ژیانی خەڵکی، کەچی بەلای خەڵکانێکەوە ئاسایی بێت هەم گەمە
بەژیانی خەڵکی بکەن لەرووە سیاسیەکەیەوە هەم لەرووە زانستیەکەوە ببن بە
ئیزرائیل و رۆحی خەڵکی بکێشن!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|