په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠١٢

هەرزەکاران و ئاڵۆزییە دەروونییەکان.


تریفە ئەحمەد*     


سەرەتا، هەموومان دەزانین کە هەرزەکاران ئەو توێژە هەستیارەی کۆمەڵن کە ئەگەر هاتو ژیانیان لەسەر ئاستێکی رۆشنبیریی و زانستیی بنیات نەنرا، ئەوە ناتوانن گەشەیەکی تەواوی لەشولار و هەروەها گەشەی بیر و هۆش پێکەوە بکەن، و رووبەڕووی چەندین گرفت و ئاڵۆزیی دەروونی دەبنەوە، کە راستەوخۆ کاریگەریی نەرێنییان دەبێ لەسەر پاشەرۆژیان.


لێرەدا، دەمەوێ تیشک بخەمە سەر چەند راستییەک دەربارەی ئەم بابەتە.


منداڵان و هەرزەکاران رۆژانە لە ناو ئێمەدا دەژین و راستەوخۆ هەڵسوکەوت دەکەن لەگەڵمان بۆیە، باسکردنی کێشەکانی ناو خێزان بە تایبەت کێشەی ئابووریی و نەبوونی و کەمیی پارە و پول و دابین نەکردنی پێویستییەکان، دەبنە مایەی تێکچوونی باری دەروونییان و بە جۆرێک بەردەوام وا هەست دەکەن کە ئیتر ناتوانن لە چوارچێوەی خێزانێکی ئاسوودە و بەختەوەردا بن، بەمەش باوەڕیان بە خۆیان و دەوروبەر کەم دەبێتەوە و بە شێوەی بێدەنگیی و لاوازیی و پشتکردنە وانەکان تێیاندا دەردەکەوێ.


بۆیە دەبێ ئەم کێشانە لە بەردەمیاندا باسی لێوە نەکرێ و دایکان و باوکان ئەو کاتانە هەڵبژێرن کە ئەوان لە ماڵ نین.


باسکردن لە شتی ئەفسانە و ئەو دیاردە دزێوانەی کۆمەڵگە و ترساندنیان بە ئاگر و زیندووبوونەوە و گۆڕ و دووپشک و مار و هەڵواسین و... هتد وایان لێدەکا بەردەوام هەست بە نائارامیی و دڵەراوکێ و بە جۆریک هەندێکیان شەوان لە خەو رادەچڵەکن یان هەوڵدەدەن بە دەم خەوەوە بڕۆن و جێگەکانیان جێبیڵن.


جگە لەمەش هەڵەی زۆریک لە گەورەکان کە باس لە جنۆکە و دەستوەشاندن و نوشتە و دوعاکردن و بردنیان بۆ لای کەسانی نەزان و جادووگەر بە مەبەستی چارەسەر ئەوەندەیتر بارەکە ئاڵۆز و پەشێو دەکا، زۆر جار بەرەو ئاقاری شێتبوونیان دەبا.


لە کۆمەڵگەیەکدا کە بڕێکی کەم لە سایکۆلۆژیست و دەروونناسی تێدا بێ و ئەمەش بارودۆخی کۆمەڵگە بێ ئەم هەرزەکارانە بەرەو رٶژگارێکی ناڕۆشن دەبا.


نەخوێندنی وانە بایۆلۆژییەکان کە باس لە پێکهاتەی جەستەیان و لە ئەندامی زاوزێی نێر و مێ دەکا.. ئەو پەڕانەی کە تایبەتن بەو باسانە لە لایەن هەندێک مامۆستاوە دەق دەکرێن و ئەو راستییە زانستییانەیان لێ دەشارنەوە، ئەمەش وایان لێدەکا زۆر کەم شارەزا بن لە بارەی گۆڕانکارییە جەستەییەکانیان و زۆر پرسیاری بێ وەڵام لە مێشکیاندا دێ و دەچێ بە تایبەت کچان کاتێک گۆڕانە هۆرمۆنیی و بایۆلۆژییەکان لە جەستەیاندا روودەدا، بە شتیکی نامۆ و نەخوازراوی سەیر دەکەن و هەمیشە بەرانبەر وەڵامی ئەو پرسیارانە گۆشەگیر و دەستەوەستان خۆیان دەبینن، ئەمەش هۆکارێکی ترە کە هەڕەشە لە باری دەروونیان دەکا.


گوێنەگرتن لە مێردمنداڵان و لاوان کە ژێر تەمەنی بیست ساڵن کاتیک دەیانەوێ دەربارەی کێشەیەک بدوێن، زۆر جار سەرزەنشت دەکرێن و بە هەرزەکار ناوزەند دەکرێن، ئەمەش زەنگێکی ترسناکە لەسەر دروستبوونی کەسایەتییان لە دوارۆژدا.


ئەرکی هەر ئێستای دەسەڵاتە، کە یارمەتیی خێزان بدا بە کردنەوەی چەندین خولی رۆشنبیریی و هۆشیارکردنەوە کە تێیاندا دایکان و باوکان لە سەر ئاستێکی زانستیی کۆرسی تایبەتیان وەک وانە لەسەر بابەتی سایکۆلۆژیی پێ بگوترێتەوە.


ئامادەکردنی بابەتی زانستیی لە پرۆگرامی تەلەفزیۆن و رادیۆ هەروەها دەرکردنی گۆڤار و نامیلکە لە پەیوەست بەم باسانەوە.


مایەوە بڵیم، بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتوو دەبێ خێزان لە زانست و رۆشنبیریی بەهرەمەند بێ، تا ئێمەش وەک گەلانیتری دونیا لە نەزانین و کۆلەواریی رزگار ببین.

________________________________

* تریفە ئەحمەد / بایۆلۆژیست.


trefa.ahmad@ymail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک