٤\٧\٢٠١٢
حەسەن زیرەک،
گەورە دیکتاتۆرى گۆرانى و ئاوازى کوردى.

هیوا رەش
پێرار
و ئەمساڵیش لە باتی چوون بۆ کێوی عەرەفەپارەم پێکەوە نا و ڕووم لە
ناڵەشکێنە کرد و لە جیاتی حەج و عەمرە مەزاری حەسەن زیرەکم تەواف کرد و
بە حەسرەتەوە تاوێک لەسەر گۆِڕەکەی بە دەم قسەوباس و وێنەگرتنەوە بە
تێکەڵەیەک ماچی کێلی گۆڕەکەی و گریانی قەتیسی گەروو و کڕنوش بردن بۆ
گلکۆکەی یادی چلساڵەی کۆچی زیرەکی بلیمەتم لەگەڵ (( ئاری بابان و شۆڕش
ئەمین و مەجید ڕۆژھەڵاتی )) دا کردەوە ، ئەوەی لە ھەردوو سەردانەکەمدا
بەدیم کردووە ، جاری یەکەم خانەوادەیەکی فراوانی ١٧ کەسیی فارسم بینی
کە بە تایبەتی ھاتبوون بۆ سەردانی گۆڕی زیرەک ، لە نێویاندا ئافرەتێک
سەرنجی ڕاکێشام و ناچاری کردم بە تیلەی چاو لێی بڕوانم ، چونکە
بێئاگایانە خەریکی خومارە تەڕبووەکانی بوو بە دیار گۆڕە بێنازەکەی
زیرەکەوە دەیسڕییەوە ، بە داخەوە نە ئەوان کوردیزان و نە منیش فارسیزان
بووم تا بتوانم ڕایەڵەیەکیان لەگەڵدا ببەستم و تێکەڵیان بم و پێکەوە
گفتوگۆ لە بارەی زیرەکەوە بکەین ، جاری دووەم و دەوروبەری ھەفتەیەک
پێشئێستا ، پیاوێکی بەتەمەنی سەروڕیش سپیم بینی بە دیار گۆڕەکەی
زیرەکەوە حەپەسابوو ، سەروسیمای ھێند جوان و ڕوحسوک بوو ھەر لەو
پیرەمێردانە دەچوو کە لە تابلۆ دانسقە جیھانییەکاندا بونەتە مایەی
ناوداریی بۆ ئەو ھونەرمەندانەی وێنەیان کێشاون ! لەگەڵ ئەمدا پێم وابوو
ئاسانە بچینە ناو وتووێژەوە ، بەڵام مخابن لە کاتی دوان لەگەڵیدا
دەرکەوت ئەویش کوردی نازانێ ، برادەرە ڕۆژھەڵاتییەکەمان بووە
نێوانگیرمان و قسەکانمانی وەردەگێڕا ، ھەرچەندە لێدوانەکەمان کەم بوو
بەڵام ھێندە پڕمانا بوو تا ئەوپەڕی سەرسامی و خۆشنودیی .
چوونی ئەمجارەم ھاوکات بوو لەگەڵ چلساڵەی کۆچی دوایی زیرەک ، دیارە ئەو
پیاوە ڕوخسار نورانییەی کە لەوێ بینیمان ئەویش بەو بۆنەیەوە ھاتبووە
سەر مەزاری زیرەک ، لە جوانترین قسەکانیدا وتی : (( من ھەموو ساڵێک لەم
ساتەوەختەدا چەندێک دوور و چەندێک بێپارە بم وەکو ئەرکێکی سەر شانم
دەبێت بێم بۆ لای زیرەک ، چونکە زیرەک بێھاوتایە و ھەرگیز لە وێنەی
پەیدا نابێتەوە و شایەنی ئەوەیە بیپەرستین )) ، کە گوێم لە قسەکانی بوو
قەسدم دەکرد توندتوند بە ئامێزی خۆمەوە بیگرم بەڵام دەترسام لەشە لەڕ و
لاوازەکەی بەرگە گوشین نەگرێ و ئازاری پێبگات ، بۆیە بە ماچی نیمچە
لێسانەوە دەمم خستە سەر ڕومەتە ڕیشن و زبرەکەی و لە خۆشەویستیدا خەریک
بوو ماچەکانم دەبون بە گاز و لەوەش زیاترم پێنەوترا کە بڵێم : (( ئاغا
بە ڕاستی تۆ بەم ھەڵسەنگاندنە پڕواتایەت ئێمەی کوردت شەرمەزار کرد )) !
دوای ئەوەی ڕۆییشت ھەزارانجار دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندانی لای خۆمانم بە
قوربانی کرد .
بیرم نایەت لە کەنگێوە زیرەکپەرستم ، ھێندەم لە یادە لەو دەمەیدا ئەو
زاتە مەزنە ماڵئاوایی لێکردین لە ٢٦ ٦ ١٩٧٢ من تەمەنم ٩ ساڵ و ٨ مانگ
بوو ، لەو تەمەنە چکۆلەییەمدا نە دوژمنایەتیم دەزانی و نە بە رق و کینە
ئاشنا بووم ، لێ لەبەر ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاو ببۆوە گوایە محەمەدی
ماملێ زیرەکی ژارخواردوو کردووە ، ئیتر کوێرانە ڕقم لە مامڵێ دەبۆوە ،
شوکر پاشان ئاشکرا بوو ئەو باسە لە دەلەسە و پڕوپاگەندەی نەیارانی
ھونەری کوردی و ساواکی شاھەنشای گۆڕبەگۆڕی ئێران بترازێ ھیچیتر
ھەڵناگرێ .
لە ساڵی ١٩٧٧ دا کاک عەبدولڕەحمان لێفەدوری بە ئەسڵ خەڵکی شاری سلێمانی
دراوسێمان بوو بۆی گێڕاینەوە و وتی : (( ئێمە کۆمەڵە گەنجێکی شاری
سلێمانی بوین و زۆرزۆر زیرەکمان خۆشدەویست و تەنانەت لە ئاھەنگەکانیدا
شانازیمان بەوەوە دەکرد کە لەگەڵیدا بین و لە دەوری کۆوە بین ، لە
یەکێک لە ئاھەنگەکانیدا وەکو ئابڵوقە دەورمان دابوو ، لە گەرمەی ئەو
گۆرانییەی زیرەک دەیچڕی لە پڕتاودا بڕی ، چونکە شۆڕەژنێکی شۆخ و شەنگ
کاتێ لە دوری ئێمەوە بە بەردەمماندا گوزەری کرد و بانگی لە کوڕە
بچکۆلانەکەی کرد : - ڕێبوار پەلە کە - ، ئیتر زیرەک دەسبەجێ
گۆرانییەکەی گۆڕی و بە سەرگەرمییەوە پڕ بە گەرووی ھاواری کرد : ((
ڕێبوار و ڕێبوار بە ڕێبوارت بم ..... تۆ زێڕی خاڵس من عەییارت بم )) ،
شەوکەت ڕەشیدی ھونەرمەندی کۆچکردوو لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا پێش
نزیکەی ٣٥ ساڵ لەمەوبەر بەم جۆرە لە بارەی زیرەکەوە دوا : (( کاتی خۆی
بە تاسوقەوە ھەویای دیدەنی زیرەک بووم ، ڕۆژێکیان پێیان ڕاگەیاندم کە
زیرەک تەشریفی ھێناوەتە سلێمانی ، منیش لە خۆشیدا خەریک بوو شاگەشکە
دەبووم ، بۆیە بە ھەڵەداوان خۆم گەیاندە لای کاک - ولیەم حەننا - و پێم
وت حەسەن زیرەک لە سلێمانییە ، ئەویش لە من خۆشحاڵتر بوو ، بۆیە
ھەردوکمان کەوتینە ڕاوتەگبیری سازدانی ئاھەنگێک بۆی ، بۆمان لوا و شوێن
و کاتمان دەسنیشان کرد و زیرەکیشمان بانگھێشت کرد ، لە ماڵێکدا کۆ
بوینەوە و دوای خواردن و خواردنەوەیەکی زۆر لە درەنگانی شەودا دەسمان
بە ئاھەنگگێڕان کرد و وەکو نەریتێک سەرەتا پارچە مۆسیقایەکی کۆنی
فولکلۆریمان ژەنی ، دوای تەواو بونی مۆسیقاکە زیرەک داوای لێکردین
دوبارە مۆسیقاکە بژەنینەوە ، ئێمەش دڵیمان نەشکاند و داواکەیمان
بەجێھێنا ، کە دووەمجاریش لێبوینەوە زیرەک داوای لێکردین و وتی :
سێبارەی کەنەوە دەیکەم بە گۆرانی . ھەموو دانیشتوان لێی کەوتینە تکا و
پێمان وت : زیرەک گیان ئەم ئاوازە ھێندە کۆنە و نەتوانراوە بکرێتە
گۆرانی ئێستا بەم دەمودەسە چۆن دەکرێتە گۆرانی ؟ ! زیرەکیش بە زمانە
سادەکەی خۆی وتی : بابە ئەگەر نەمکردە گۆرانی لەم ماڵەم وەدەر نێن ، لە
کۆتاییدا ناچار ملمان بۆ داواکەی دا و سێبارە دەسمان بە ژەنینی
ئاوازەکە کردەوە و لە زیرەکمان دەڕوانی ، کتومت وەکو ئەوەی چوبێتە
خەڵوەتەوە لە ناخەوە ئاوێتەی بە ئاوازەکە ببوو ، لە ناکاودا دەسی لە
پەناگوێی نا و دەتوت ڕێژنەی بارانی بەھار دادەکا ، لە دوای
درێژکردنەوەی زۆری ئا ئا ئا ئا ئا ئای ، ئینجا دەمی وەکو خەزنەی وشە
کرایەوە و بۆ یەکەمینجار گۆرانی (( ئۆخەی ئۆخەی لەو باڵایە ..... ھەر
دەڵێی داری بێگەڵایە )) لە ناخەوە ھەڵڕشت و بە گوێمانی دادا و خستیە
سەر خەرمانی لە بننەھاتووی لێھاتویی خۆی ! ئەحمەد شەماڵی بێناز و
نەمریش لە چاوپێکەوتنێکدا لێیان پرسی ڕات چییە بەرامبەر زیرەک ؟ ھێندە
زیرەکی خۆشدەویست نەیدەزانی چۆن ناخی خۆی دەرببڕێ بۆیە ئەوەندەی پێ کرا
بڵێ : حەسەن زیرەک گۆرانی بێژە و گۆرانی بێژە و گۆرانی بێژە ! ئاغای
موشتەبازادەی نەمر و گەورە کەمانچەژەنی فارس لە بارەی زیرەکەوە دەڵێ :
جارێکیان دوای پرۆڤەم لەگەڵ زیرەک بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەک ڕومان لە
بەشی کوردی ئێستگەی تاران کرد ، لە ڕێگا لە ناو ئۆتۆمبیلدا زیرەک پێی
وتم گۆرانییەکی نوێم پێیە با بیڵێم ، وتم : ئاغای زیرەک گۆرانی نوێی چی
؟ وا ئێمە دەچین گۆرانییەکەی خۆمان تۆمار دەکەین ، دوای ئەوەی زیرەک
پێداگریی دەکات لەوەی کە ئەگەر نەیڵێ گۆرانییەکە لە گەرویدا دەتاسێ ،
بۆیە ناچار بووم گوێی لێبگرم ، بێھیچ پرۆڤە و ماندوبون لە ئێستگە
گۆرانییە نوێیەکەشمان لەگەڵ ئەوی دیکەدا بە سەرکەوتویی تۆمار کرد ! باس
لە پیاھەڵدان و نرخاندنی کەڵە ھونەرمەندانی وەکو مامۆستایامەزھەری
خالقی و سەگرمە و ڕەزازی ) ناکەم کە چەند نیازپاکانە و زانستیانە زیرەک
ھەڵدەسەنگێنن ، مامۆستای جوامێر عەبدولی حەمەباقی قسەی کەسێکی بۆ
گێڕامەوە کە وتویەتی : (( کورد بەختی ھەبوو خاوەنی حەسەن زیرەک بوو ،
بەڵام حەسەن زیرەک بێبەخت بوو لەوەی کە کورد بوو )) ،
زیرەک تەنھا گۆرانبێژێکی موجەڕەد نەبوو بەڵکو ئاوازدانەرێکی بە سەلیقە
و لێھاتوش بوو ، لە ھەمان کاتیشدا بە پێچەوانەی ( ھونەرپەند ) ەکانی
ئێستاوە کە ھونەری گۆرانی و ئاوازی کوردییان شێواندووە و بە دزینی
ئاوازی بێگانە و کەلیماتی پەڕپووت ڕەسەنایەتییان ئەنفال کردووە و
بەرگێکی بێگانەیان کردۆتە بەر گۆرانی کوردی و ئاستنزمانە وەکو -
موھەڕڕیج - گۆرانی کوردی لە پێناو بەرژەوەندی کەسیی خۆیاندا بە پەند
دەکەن ، لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ ھونەرمەندە بەھرەدارەکان لە دەڤەرە
جیاجیاکانی کوردستان .
ڕەنگە خوێنەر لە ھەڵبژاردنی ناونیشانی وتارەکەمدا واقیان وڕ بێت و
بپرسن کە چۆن زاتم کردووە حەسەن زیرەک بە دیکتاتۆر ناوزەد بکەم ؟ زیرەک
بلیمەت بوو ، بلیمەتێکی بێھاوتا ، زیرەک زیرەک بوو ، زیرەکێکی کەموێنە
، ئەگەر جوانی خوداوەندی ھەبێ ، پاکی خوداوەندی ھەبێ ، عەشق خوداوەندی
ھەبێ ، گۆرانی خوداوەندی ھەبێ ، ئاواز خوداوەندی ھەبێ ، دەنگخۆشیی
خوداوەندی ھەبێ ، بەھرەمەندی خوداوەندی ھەبێ ، سروشتناسی خوداوەندی
ھەبێ ، ڕەوانبێژی خوداوەندی ھەبێ ، شیعر خوداوەندی ھەبێ ، ئەوا حەسەن
خودای گشت خوداوەندەکانە و ئیمپراتۆریای روحی پاکی مرۆڤی ھەست ناسکە ،
زیرەکی بلیمەت نزیکەی نیوسەدە پێشتر توانیویەتی ئاوازی ڕۆژئاوایی
بھێنێتە ناو گۆرانی کوردی و مۆرکی کوردانەی پێببەخشێ ، کێ ھەیە گوێی لە
گۆرانی (( چاوت جوانە لەیلا ..... بۆ تۆ مردم لەیلا )) نەبوبێ ؟ بەڵام
لەوە ناچێ کە بە ئاوازێکی ڕۆژئاوایی زاخاو کرابێ ، جگە لەمەش زیرەک
دەربەدەرییەکەی کردویەتی بە گەڕیدەیەکی شارەزا و سودی لێبینیوە ،
چەندین ئاوازی فارسی و تورکی و عەرەبی و بلوجی و ئازەری و نەتەوەکانی
تر و موناجاتی ئاینی ھێناوەتە ناو ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییەوە و
زانایانە بەرگی کوردیی بە بەردا بڕیون ، نەک وەکو ھەندێ شایەری نەزان
کە بەردەوام پەردەی گوێچکە ئازار دەدەن گۆرانی و ئاوازی کوردییان لە
زەلکاوی ناکەسبەچەییدا نغرۆ کردوو ، مامۆستای بەڕێز حەمەی حەمەباقی
ھێندە زانستیانە ڕاڤەی کردووە و جوان بۆی چووە کە ھەقی تەواو بە زیرەک
دەبەخشێ : کاتێک گوێبیستی مامڵێ دەبین زیاتر پەلکێشی ھونەری ناوچەکانی
پشدەر و ڕانیە و قەڵادزەمان دەکات ، عەلی مەردان دەمانباتە قوڵایی
گەرمەسێر و دەڤەری کەرکوک ، حەمەساڵح دیلان وێنەی سلێمانیمان نیشان
دەدا ، خاڵە تایەر تۆفیق بە کۆیە و دەوروبەری ئاشنامان دەکا ، محەمەد
عارف دەبێتە چاوساغمان بۆ بادینان و ڕەسول گەردیش دەمانباتە ناوجەرگەی
شاری ھەولێرەوە ، بەڵام ھەیمەنە و باڵادەستیی زیرەک لەوەدایە ، بە
بێسەوادی و نەخوێندەواری ، بە ئاوارەیی و پەڕاگەندەیی ، بە بێلانەیی و
بێپشتیوانی ، بە ڕاوەدونان و زیندانی ، بە برسێتی و نەبونی ، بە بێکاری
و بێپارەیی ، بە ستەم و زوڵم لێکردنیەوە ، توانیویەتی سنورە
دەسکردەکانی کوردستانی گەورە ببەزێنێ و لە ھەر کوێیەک بخوازێ ھەواری
ھونەری لەوێدا ھەڵبدا و بە گۆرانییەکانی ئاشنایەتی سەرتاسەری نەتەوەکەی
خۆی و ئەوانی دەوروبەریش بێت و خەڵکیی بھێنێتە جۆش و خرۆش ، حەسەن
دیکتاتۆرێکی شۆڕەسواری ئاواز و گۆرانی کوردی بوو ، دەسەڵاتی ھونەری ئەو
باڵادەستترینی نێو ھونەرمەندانی کورد بوو ، جگە لەوەی توانیویەتی وەکو
داگیرکارێکی ھونەریی کوردانە ئاوازی نەتەوەکانی دیکە لە بەرژەوەندی
ھونەری گۆرانی کوردیدا بخاتە گەڕ ، لە ھەمان کاتیشدا چەندین گۆرانی و
ئاوازی زیرەکیش دەستیان بۆ براوە و گۆرانیبێژانی نەتەوە ناکوردەکان
سودیان لێبینیوە و ویستویانە بەرگی خۆیانی بەسەردا بدەن کەچی
نەیانتوانیوە ، (( یەڵڵا شوفێر و گویلدر مەنی گویلدر )) دیارترینیانن ،
ئەفسوس گۆرانی و ئاوازەکەیم بیر نەماوە بەڵام بێدودڵی دەزانم کە
بەعسییەکانیش سودیان لە ئاوازی زیرەک بینیوە و سرودی جەنگییان بۆ
قادسیەی دۆڕاو بە بەریدا بڕیوە و : (( گار گیارە المیک ، گیارە البعپیە
باللیل یا عینی باللیل )) لە ئاوازی زیرەکەوە ھەڵێنجراوە ، زۆرن
ئەوانەی توخنی ھونەری زیرەک کەوتوون و بێمایە بوون و نەیانتوانیوە
کاریگەریی لەسەر دابنێن . ئەمانە ھەموو بە لایەک و لە لایەکی تریشەوە ،
ھەندێک ھەن لە ئاکامی خودکەمیی خۆیانەوە دەیانەوێ لە پایەی زیرەک کەم
بکەنەوە و دەڵێن : - زیرەک فولکلۆریستە - ، ئەو نمونانەی سەرەوە کە
ئاماژەم پێداون و بەڵگەی داھێنەرایەتی و تواناداری زیرەک نیشان دەدەن ،
دڵۆپەیەکە لە دەریای وزە بێئەندازە و بێسنورە ھونەربەزێنییەکانی زیرەک
کە چۆن توانیویەتی لە ساتەوەخت و لە ناکاودا داھێنان بکات و جوانترین
گۆرانی بھێنێتە نێو دنیای ھونەری گۆرانی و ئاوازی کوردییەوە ، جگە
لەمەش ، گریمان زیرەکی بێسەواد و نەخوێندەوار ، بێمامۆستا و
بێڕێپیشاندەر ، بێقوتابخانە و بێحوجرە ، بێکەس و بێفریادڕەس گۆرانی
فولکلۆری چرَیبێت و توانیبێتی ڕوحی بە بەردا بکات ! ئەدی خێرە لەو
سەدان ھونەرمەندە کۆن و نوێیەی جیھانی ئاواز و گۆرانیدا قابیلیەتی
ئەوەیان نەبووە وەکو ئەو ئەو ئەرکە ڕابپەڕێنن ؟ یان کاوێژکردنەوەی ئەو
قسە پڕوپوچانە مەرامی کەمکردنەوەی بەھای ھونەریی زیرەکی لە پشتەوەیە و
دەیانەوێ لە شەئنی زیرەک کەم بکەنەوە ، ئەوانەی وا دەڵێن جگە لە کوتانی
تەپڵی دڕاو ، وەکو ئەوە وایە بوختان بە تریفەی مانگەشەو بکەن و دەریای
توانایی و بەھرەمەندیی زیرەک بگڵاوێنن .
ئێستا کە یادی چلساڵەی دواکۆچی زیرەکە ، ئەو زیرەکەی تەنھا بە جەستە
جێیھێشتوین و بە نەست ھەمیشە لە ناوماندایە ، ئەو گۆرانییانەی نیوسەدە
لەمەبەر چڕیویەتی ھەر دەڵێی نیو چرکە پێش ئێستایە ! زیرەک ھونەرمەند
نەبوو ، بەھرەمەند نەبوو ، زیرەک خوداوەند بوو ، بەڵام ئەفسوس باغێک بە
ناوی - موعەممەر قەزافی - شەقامێک بە ناوی جەواھیری و دەیان کوچە و
کۆڵان و بازاڕ و ئەپارتمان چاپخانە و پارک و مارکێت ناو دەنرێن و دوو
شەقام بە ناوی کەسێکەوە دەکرێ بەڵام زیرەک چۆن بە کولەمەرگی ژیا و چۆن
بێکەس و بێدەرەتان بوو ھەروا ماوەتەوە ، زیرەک بە تۆبزی خۆی
نەسەپاندایەتە نێو ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییەوە ئەوا دەمێک بوو
نابەرپرسانە و بێوێژدانانە ھەوڵ بۆ سڕینەوەی ناوی دەدرا ، ئەمەش لە
تێنەگەییشتن و نەخوێندەواری و نەزانی و گەمژەییەوە سەرچاوەی گرتووە ،
ئەگینا بۆچی تا ئێستا نە پەیکەرێکی بۆ کراوە و نە لاکۆڵانێک بە ناویەوە
ناونراوە ؟ !
ئەمساڵ ، چلساڵ بەسەر کۆچی دوایی زیرەک و بیستساڵ بەسەر لە دایکبونی
دەسەڵاتدارێتی کوردیدا گوزەر دەکات و تا دێت زیرەک خۆشگۆتر دەچریکێنێ و
شارەکانی کوردستانی گەورە پێکەوە گرێ دەدا و دەسەڵاتدارێتی کوردیش خەڵک
و خاک و سامانی باشوری بچکۆلەی کوردستان لەتوپەتتر دەکەن ، زیرەک بە
زمانی جوان و خۆشەویست و ڕاستگۆ ، دەسەڵاتدارێتی کوردیش زمانیان گرتووە
بە بەڵێنی بێبنەما و درۆ ، زیرەک وێڕای ئەوەی کەمدەرامەتی دەسبڵاو بوو
، دەسەڵاتدارێتی کوردیش زۆردەرامەت و دەسگڵاو . زیرەک تا مرد خزمەتی
نەتەوەکەی کرد ، دەسەڵاتی کوردیش لە بەردەمی سنوقەکانی دەنگداندا نەبێ
ھەستی نەتەوەییان نابزوێ ، زیرەک داھێنەر و داینەمۆی ئاواز و گۆرانی
کوردی بوو ، دەسەڵاتدارێتی کوردیش پسپۆڕن لە دزی و تاڵانی ، زیرەک
ناووناوبانگی ھونەریی دەنگی داوەتەوە ، دەسەڵاتدارێتی کوردیش لە
گەندەڵیدا ناووناوبانگی کوردیان لەکەدار کردووە ، زیرەک مایەی شانازیی
گەلەکەیەتی ، دەسەڵاتدارێتی کوردیش پەڵەی نەنگی و شورەەیی ، زیرەک
ھەژارێکی سومعەدار ، دەسەڵاتدارێتی کوردیش دەوڵەمەندێکی بێسومعە ،
زیرەک تا چاوی لێکنا جوانپەرست و نەتەوەپەرست بوو ، دەسەڵاتدارێتی
کوردیش لەوەتی ھەن پارەپەرست و بێگانەپەرستن ، زیرەک ئاە و حەسرەتکێش
بوو ، دەسەڵاتدارێتی کوردیش غاز و نەوتکێشن ، زیرەک مردویەکی زیندووە ،
دەسەڵاتدارێتی کوردیش زیندویەکی مردووە ، زیرەک گیرۆدەی دڕندایەتی
دوژمنان بوو ، دەسەڵاتدارێتی کوردیش دەسکەلایانە ، زیرەک بە
گۆرانییەکانی خۆی لە قەرەی کوردستانی گەورە و سەربەخۆ دەدا ،
دەسەڵاتدارێتی کوردیش سەربەخۆیی کوردستان بە خەون دەزانن ، زیرەک بە ((
کرماشان شاری شیرینم ، شاری گەورەی کوردنشینم )) ڕێگەی سازشی لەسەر
سنوری جوگرافیایی کوردستان بەستووە ، دەسەڵاتدارێتی کوردیش کەرکوک بە
ژمارە مردوەکەی ١٤٠ ەوە دەبەستنەوە ، زیرەک لە نێو گۆڕیشدا ھاوڕێی
ھونەرمەندی ڕەسەن و زەحمەتکێشی نەتەوەکەیەتی و پێشوازی لە قالەمەڕەی
شمشاڵژەن کردووە کە لە کونی شمشاڵەکەیەوە جوانی و خۆشەویستی و عەشق و
ئەوینی دەباراند ، دەسەڵاتدارێتی کوردیش ھەمیشە ئامێزیان بۆ ئەردۆگان و
خامەنەئی و فەرخەسەدامەکان لەسەرپشتە ، زیرەک گیرفانی خۆی لە ئۆغری
خەڵکدا دادەنا و دەسەڵاتدارێتی کوردیش خەڵک لە ئۆغری گیرفانی خۆیاندا
لە گرەو دەنێن !
زیرەک ئاوێتەی کاسەدۆی ماڵەگوندنشینان ، گاسنی جوتیاران ، مێرگوڵی
کوێستانان ، ماندوێتی ڕێبواران ، ئارەقەی ھەنیەی کیژان ، ئاوێزانی
جێژوانی گەنجان ، خەڵوەتی عاشقان ، کەرنەڤاڵی خۆشەویستان ، لاوانەوەی
منداڵە بێنازەکان دەبوو ، عەشقی گۆرانی بێئۆقرەی کردبوو ، تەمەنی بە
گەڕیدەیی و گەڕان بە دوای سروشتی جوان و ئاوازی جۆشدار و گۆرانی
خرۆشدار بردە سەر ، ئەوەی لە ناخیدا گینگڵی دەدا ، ئەوەی ھەناوی
دەوروژاند وایلێکردبوو (( جێیەک نەبێ تێیدا بسرەوێ )) ، ئەو ڕوحی ، دڵی
، ھەستی ، نەستی ، ھێز و وزەی لە قوڕگیدا کۆوە بوون ، نەدەسرەوت ئەگەر
ژێیەکانی گەرووی بە خۆشترین ، نایابترین ، جوانترین و پیرۆزترین گۆرانی
نەلەراندبایەتەوە ، گەروی زیرەک تەنھا پڕ نەبوو لە ژێ ، پڕ نەبوو لە
نۆتەی مۆسیقی ، پڕ نەبوو لە ئاواز ، پڕ نەبوو لە گۆرانی ، پڕ نەبوو لە
ئامێرەکانی مۆسیقا ، گەرووی زیرەک لێوانلێو بوو لە دانسقەترین
سیمفۆنیای ژیان ، ناوازەترین گۆرانیی سروشت ، بەپێزترین ئاوازی ئەوین ،
نایابترین دەربڕین ، غەمناکترین یاخیبوون ، یاخیبوون لە ستەم ، لە
نادادی ، لە دزێوی و ناشیرینییەکان ، گەرووی زیرەک گڕی شوعلەی شۆڕشی
بەڕەنگاربونەوە بوو ، کڵپەی جۆشسەندووی ئاگری بەتینی ناخی مرۆڤانە بوو
، بۆیە دەکرێ بڵێم زیرەک نە پێشتر بووە و نە لە سەردەمی خۆیدا ھەبووە و
نە لە دوای خۆشیدا دەبێ ، ئەو نەک کەمھاوتا بەڵکو بێھاوتایە ، ئەو نەک
دەگمەن بەڵکو بنبَڕ ھاوشێوەی نیە ، ئەو نەک ھونەرمەند بەڵکو خوداوەندە
و لەویش بەولاتر کەسێک نیەک وەکو ئەو بوبێ یان ببێ .
زیرەک گەورەترین دیکتاتۆری مێژووە ، بەڵام دیکتاتۆرێکی پیاوکوژ و
خوێنمژ نا ، ئەو گەورەترین دیکتاتۆری ئاواز و گۆرانی سەرگۆی زەوی و
مێژووی مرۆڤایەتیە کە جوانپەرستی و خۆشەویستی و سروشتپەرستی و
مرۆڤپەرستی و ھەقپەرستی و نەتەوەپەرستی و خاکپەرستی و عەشق و ئەوینی
پاوان کردبوو ، تەواوی ھەست و نەستی ئینسانیی لە ناخی خۆیدا قۆرخ
کردبوو ، گشت ئەمانەشی لە دەروازەی گەروویەوە بەڕەڵا دەکردە دەشت و کێو
و زنار و بنار و کەنار و زەوی و ئاسمان . زیرەک منەتی بەسەر کەسدا
نەکردووە ، چونکە گۆرانی وتنی ئەو سروشێکی سروشتی بووە و نەیھێڵاوە
گینگڵ بدا و لە گەروووە نازدارەکەی خۆیدا خەفەی بکات و بیتاسێنێ ، ھەر
کاتێک فشاری گۆرانیوتنی بۆ ھاتبێ کات و شوێنی بەلاوە گرنگ نەبووە و چی
بۆ ھاتبێ ئەوەی وتووە و لەو پێناوەشدا باجی گەورەی داوە ، گەرچی ھەوڵ
درابێ بە بەندی و دەربەدەری و ئازار و ئەشکەنجە تەنگی پێھەڵچنن ، زۆڵە
کوردانی ئێستگەکانی تاران و کرماشان و بەغا دەرگای بە ڕوودا دابخەن ،
ئەو نەبادانە کاری خۆی بەجێ ھێناوە ، بە سروشتی کوردستان و سنوری
کوردستان و کوڕ و کاڵی کوردستان و جوتیاری کوردستان و ڕێبواری کوردستان
و شار و دێھاتی کوردستاندا ئیلھامی بەرھەمھێناوە ، نەخوێندەواری
نەیتوانیوە ڕێگەی لێبگرێ ، بۆیە مامۆستایانە شیعرەکانی ھێمن گۆران و
ناڵی و قانع و بێکەس و ھەردی و تایەربەگی جاف و پیرەمێردی بە دەنگە
پڕسۆزەکەی ئاو داوە ، لە سەرووی ھەموو ئەمانەوە ڕاشکاوانە پڕ بە گەرووی
ھاواری کوردانەی کردووە : (( نە حیزبیم و نە جاشی )) ی بەڵگەی
بەرجەستەی نەتەوەپەروەری و واتای (( کوردی بێغەل و غەش )) ی زیرەک
دەردەخەن ، زیرەک گۆرانی بۆ گەل و نەتەوەکەی چڕیوە ، وەکو کوردێکی
ستەمدیدە ھەموو ژیانی سیخناخ بووە لە نەھامەتی ، ھەر لە مێرمنداڵییەوە
تا ئەو کاتەی شۆڕ بۆتەوە بۆ ناو دوائارامگای ، خۆی وتەنی : (( بۆچ من
لە جوملەی عەبدی خودا نیم ..... سەعاتێ لە دەس میحنەت ڕەھا نیم ))
ڕۆژگاری گوزەراندووە ، تەنھا ئەو کاتانە دڵخۆش بووە کە بە دەنگە
حەسرەتاوییەکەی بۆ منداڵەکانی لاواندوویەتیەوە و وتویەتی : (( تاقە
گوڵەکەی من مەھتابە ..... ماچی بۆ من شەرابە )) ، (( تاقە گوڵەکەی من
ئارەزوو ..... بۆم ببە بە گوڵ زووبەزوو )).
پێویست ناکات من بڵێم یادی پیرۆز ، چونکە یادی زیرەک پیرۆزە و ھەر بە
پیرۆزیش دەمێنێتەوە ، بەڵام شەرمەندەم لەوەی نەمتوانیوە لە حزوری
گەورەیی زیرەکدا شتێک بڵێم دڵی تینوم ئاو بخواتەوە ، چونکە ئەو کاتە
ویژدانم ئاسودە دەبێ کە لە پرۆگرامەکانی خوێندندا منداڵە چاوگەشەکانمان
ئاشنای ژیان و لایەنە شاراوەکانی زیرەک بن ، لێکۆڵینەوەی زانستیانەی
لەسەر بکرێ و نامەی دکتۆرای لەسەر وەربگیرێ ، میدالیای ڕێزلێنانی
ھونەری و فیستیڤاڵە ھونەرییەکانی بە ناوەوە بنرێ ، زراڤترین پەیکەری
ببێتە ھێمای ناونیشانی ھونەریی کوردەواریمان و ( پێڵاو ، تەسبیح ، کڵاو
، مشکی ، جەمەدانە ، جلوبەرگ ، دەسڕ ، پشتێن و شتە جێماوەکان ) ی کۆ
بکرێنەوە و لە مۆزەخانەیەکی تایبەتدا ھەڵگیرێن و بپارێزرێن ، بەڵام
لەبەرئەوەی سامانی زۆروزەوەند بەم کارە کۆ ناکرێتەوە بۆیە پێموایە
دەسەڵاتدارێتی ئێستای کورد تا تانکەرە نەوت وەستابێ ئەم ئەرکە بە ھی
خۆیان نازانن ، بە ھیوام مێژوو خۆی لە ئاستی زیرەکدا شەرمەزار نەکات و
لە دواڕۆژدا مافی ڕەوای زەوتکراوی خۆی بۆ بگەڕێنێتەوە.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|