په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٥\٢٠١٧

حەشارگەیەک لە مێژووی ناکۆکی نێوان دینی جووله‌كه‌ و كریستیان.


سه‌‌لاح رێبوار      

 

ئه‌گه‌ر به‌ ناو حه‌شارگه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی دا بگه‌ڕێین، زۆر ڕوودای ڕه‌نگه‌ به‌ قه‌باره‌ بچووك ببینینه‌وه‌، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ناكۆكی تا بگره‌ گۆڕینی ڕه‌وتی مێژوو به‌ ئاقارێكی وادا كه‌ تا هه‌زاران ساڵ مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ستییه‌وه‌ بناڵێنێ.


ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجی منه‌ زۆر له‌و ناكۆكییانه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا لۆژیكی تێدایه‌، به‌ڵام به‌ڕه‌تبوونی كات و ‌كه‌ڵه‌كه‌بوونی ڕووداوی تر لۆژیكه‌كانیش ده‌كه‌ونه‌ تاریكی و بۆ لێكدانه‌وه‌یان مرۆڤ تووشی گومان له‌ دووفاقه‌یی پرسی ناكۆكییه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

یه‌ك له‌و گرفتانه‌ی كه‌ لێره‌دا ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م پرسی ناكۆكی نێوان دوو دینی جووله‌كه‌ و كریستیانه‌. كه‌ به‌درێژایی مێژووی دوور و نزیك كوشتن و راونان و ماڵوێرانكردنی جووله‌كه‌ی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان لێبۆته‌وه. له‌و ماوه‌ درێژه‌دا به‌ ده‌یان ملیۆن جووله‌كه‌ گیانیان به‌خت كردووه‌. تەنیا له‌ شه‌ڕی جیهانی دووه‌م ٦ ملیۆن كوژران و چه‌ندین ملیۆنی تریش ده‌ربه‌ده‌ر و ماڵوێران بووین. زۆر كه‌س پێی وایه‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا پرسێکی سیاسییە هیتله‌ر و نازیسم بەرپرسن لە هۆکار و ئەنجامەکانی. ڕاستە هیتلەر و ناسیزم بکەری ئەو کارەساتە گەورەیە بوون و مرۆڤایەتی تا هەتایە نەفرەتیان لێدەکات. بەڵام نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە پاشخان و هۆکارەکانی بەو سادەییە نییە بەڵکوو زۆر کۆنتر و قوولترن. ئەو پاشخانە تەماوییە زۆر جار مرۆڤی سادە و بێلایەنیش دەکاتە بەشدار لەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی دەکرێن. لە ئەڵمانیا کەنیسە و قەشەکانی و خەلکی سادە بە ناوی بەرەنگاری لە ئەلمانیا و دینی کریستیان، شانبەشانی نازییەکان چەکیان هەڵگرتبوو. توونێلە تاریکەکانی مێژووی ناکۆکی هەردوو دینی کریستیان و جوولەکە ئەو دەرفەتەیان دایە نەتەوەپەرست و ناسیزمەکان کە وا بەئاسانی تەواوی ئەلمانیا و ئیتالیا تا دەگاتە ئۆکراینا و کرۆواتیا و کریستیانەکانی تر لەو تاوانە گەورەیە بگڵێنن.

ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ ناكۆكییه‌كان ڕیشه‌یه‌كی دینی قووڵ و دێرینی هه‌یه‌ و ئه‌وان ته‌نیا له‌ خزمه‌تی ئیدیۆلۆژی ناسیزمی خۆیان به‌كاریان هێناوه‌.

ئه‌گه‌ر به‌ ووردی سه‌رنجی په‌یوه‌ندی ئه‌و دوو دینه‌ بده‌ین هەرلە سەرەتاوە دوو فاقەییه‌ك ده‌بینین كه‌ جێگای هه‌ڵوێسته‌ كردنه‌. كریستیانه‌كان ڕقیان له‌ جووله‌كه‌یه‌ له‌ هه‌ردوو مه‌یدانی دین و كۆمه‌ڵگه‌ و به‌ دینێكی خراپی ده‌زانن. له‌ لایه‌كی تر كتێبه‌كانی مووسا كه‌ به‌شی په‌یمانی كۆن له‌ ئینجیل پێكدێنن ( بێجگه‌ له‌ چه‌ند ڕه‌وتی بچووك كه‌ ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌) ئه‌گینا سه‌رجه‌می كریستیانه‌كان به‌ په‌رتووكی خۆیان ده‌زانن و لایان پیرۆزه‌.


ڕه‌نگه‌ ئه‌و دووفاقه‌ییه‌ سه‌رنجی زۆر خوێنده‌واری بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشابێ. كه‌ ده‌بێ له‌ ڕەوتی مێژووی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و دوو هه‌زار ساڵه‌ی ته‌مه‌نی دینی كریستیان ڕووداوی وا رووی دابێ كه‌ بووبنه‌ هۆكار و خودی ڕووداوه‌كان له‌ناو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا بزر بووبن. به‌ڵام كاریگه‌رییان به‌ ته‌وێڵی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌.

با لێره‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین:


هه‌موومان كه‌م یان زۆر به‌ مێژووی دینه‌ ئیبراهیمییه‌كان ئاشناین و ده‌زانین دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كترین. دوژمنایه‌تی ئیسلام دژی جووله‌كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستی پێكردووه‌. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی محمد چه‌نده‌ هه‌وڵی دا جووله‌كه‌كانی یه‌ثرب وه‌ك په‌یامبه‌رێكی خۆیان بیناسن و به‌ یه‌ك له‌ نه‌وه‌كانی به‌نی ئیبراهیم بیژمێرن هەوڵەکانی بە فیڕۆ چوون. و ئەوان نەهاتنە بەر بار. لەبەر ئەوەی ئه‌وان محمدیان ده‌ناسی و ده‌یانزانی كه‌ ڕاست ناکات، بایی ئەوە نییە ئەو به‌هایەی پێ بدرێ. بۆیە ڕه‌تییان كرده‌وه‌ دانی پێدا بنێن. ئه‌ویش تا لە توانای هه‌بوو دوژمنایەتی کردن. زۆر چیڕۆكی جه‌رگبڕ له‌سه‌ر ئه‌و دژایه‌تییه‌ی محمد به‌رامبه‌ر جووله‌كه‌كان هه‌یه‌ و زۆریشمان بیستووه‌. كه‌ لێره‌ جێگای باسكردنییان نابێته‌وه‌. به‌ڵام دژایه‌تی جووله‌كه‌ له‌لایه‌ن كریستیانه‌كان كه‌ چه‌نده‌ها شه‌ڕی جه‌رگ بڕی لێكه‌وتۆته‌وه‌. گه‌وره‌ترین قڕكردن و ده‌ربه‌ده‌ركردنی جووله‌كان له‌لایه‌ن نازییه‌كان بوو له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی جیهانی دووه‌م. ئه‌و دژایه‌تییه‌ بنه‌ڕه‌تێكی كۆن و دوورو درێژی هه‌یه‌.‌ كه‌م كه‌س به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ له‌ بواری مێژووی و كۆمه‌ڵایه‌تی لێی ئاگاداره‌. من لێره‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌ كورتی باسی ئەو ڕووداوە بکەم کە وەک فتیلەی بۆمب تەقاندییەوە و تا دێ ئاگرەکەی زیاتر پەرە دەستێنێ.

له‌ مێژووی كۆنی جووله‌كاندا دوو بێجگە لە پەرتووکەکانی مووسا، پەرتووکێکی تر هەبێ بە پیرۆزی ڕابگیرێ پەرتووکی تالموودە. كه‌ له‌ ڕووی مێژوویی ڕێزیان له‌ ئاستێكی به‌رز دابێ.


تالموود‌ بریتییه‌ له‌و گۆتانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هۆزه‌كانی جووله‌كه‌ و لێكدانه‌وه‌ی پاشا و دینی جوولەکەو پێخه‌مبه‌ره‌كانیان دەدوێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وە ڕوومالكردنی زۆر ڕووداوه‌كانی ڕۆژانه‌ی دینی و كۆمه‌ڵایه‌تی تێدایه‌. به‌ كورتی تالموود وه‌ك په‌رتووكێكی مێژوویی پیرۆز له‌لای جووله‌كان سه‌یر ده‌كرێ. و ئاستی ڕێزگرتنیشی كه‌متر نییه‌ له‌ په‌رتووكه‌كانی تری مووسا، چونكه‌ مێژووی كۆنی جووله‌كه‌ وه‌ك ڕووداوه‌كانی ڕۆژانه‌ی تێدایه‌ و پاڵپشتێکی بە هێزە، بۆ ڕاگرتنی کولتوور و بە زیندوویی ڕاگرتنی بنەڕەتەکانی دینی جولەکە. سەڕای ئەوە پشتڕاستکردنەوەیەکیشە بۆ پەیامەکانی ناو ته‌ورات و په‌رتووكه‌كانی تر. تالموود له‌ نێوان ساڵه‌كانی ١٧٠ تا ٦٠٠ زاینی كۆكراوه‌ته‌وه‌. یه‌كه‌م جار میشنا، دواتر گه‌مارای ئۆرشه‌لیم و گه‌مارای بابل.

هه‌ر دوای له‌خاچدانی یه‌شوو کریستۆ و پەرت و بڵاوبوونی قوتابییه‌كانی، هەر زوو درکیان بەوە کرد کە کارەساتی لەخاچ دانی یەشوو پەڵەیەکی ڕەشە بە تەوێڵی دینی جوولەکە. بە تایبەتی ڕابینەکانی کە ڕێبەری ڕووحی دینین. دوای بەردەوام بوونی قوتابییەکانی یەشوو و بڵاوبوونەوەی دینی كریستیانی له‌سه‌ر ڕێبازی یه‌شوو كریستۆ. هه‌ر زوو ئەو گرفتەی چاوەڕوان دەکرا، بۆ دینی جووله‌كان هاتە دی. ‌ هه‌میشه‌ په‌یڕه‌وكارانی كریستیان بەرەنگاری رابینه‌كانی جوولەکە دەبوونەوە. به‌وه‌ تۆمه‌تبارده‌كردن، كه‌ ئه‌وان له‌ پشت له‌ خاچدانی یه‌شووبووین و تاوانبارن به‌ خیانه‌ت له‌ دینی باو و باپیرانیان. ناكۆكییه‌كان له‌ سه‌ره‌تادا له نێوان نوێنه‌رانی هه‌ردوو دینه‌كه‌ له‌‌ چوارچێوه‌ی دیبه‌یت و ده‌مه‌قاڵی ئازاد دابوون. زۆربه‌ی دیبه‌یته‌كان سه‌باره‌ت به‌ ڕۆلی جووله‌كان بوون له‌ له‌خاچدانی یه‌شوو. هه‌میشه‌ به‌‌ ده‌مه‌قاڵی توند كۆتاییان ده‌هات. به‌ڵام هه‌ردوو لا خۆیان به‌ ئه‌ندامی یه‌ك بنه‌ماڵه‌ ده‌زانی بۆیه‌ ترسی ته‌قینه‌وه‌ی توندو تیژی تێدا نه‌بوو.


ئەو دێبەیت و دەمەقالییانە لێرە ولەوێ، بە شێوەی هەندێک جار توند و هەندێک جاریش هێور بە شێوەی گلەیی دووبارە دەبووەوە. هۆکارەکەشی لە بنەڕەتدا هەردوو دینەکە لە أێر تەوژمی زۆرداری ڕۆمەکان دەچەوسانەوە و هەوڵیاندەدا، دژی لایەکەی تر بەکار نەهێنرێن.


له‌ ساڵی ٣١٣ ز له‌سه‌ر ده‌می كۆنسته‌نتین ئیمپراتۆری رۆمی ڕۆژهه‌ڵات، کریستیانیزم وەک دینێکی ئازاد دانی پێدانرا. لە هەمان کات بووە دینی دەستەڵات و هاوبەش له‌ ده‌سته‌ڵاتی ئیمپراتۆرییه‌تی ڕۆم. ئه‌وه‌ش وایکرد هاوکێشيی لایەنی دینی لە نێوان جوولەکەو کریستیانەکان بگۆڕێ. ئەو گۆڕانە كاریگه‌ریەکی بەرچاوی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كریستیان و جووله‌كان وەدی هێنا. دیبه‌یت و بەرەوڕووبوونەوەکانیش شێوه‌ی تووندتریان وه‌رگرت. زۆر جار گه‌یشته‌ ئەو ئاستەی. كریستیانه‌ تووندەکان داوای قه‌ده‌خه‌كردنی زمانی عیبری و ئامۆژگارییه‌كانی دینی جووله‌كەیان ده‌كرد‌. بەڵام لە ناو کریستیانەکان میانڕەو هەبوون و هەوڵیان دەدا ڕێ لەو کارە بگرن.

له‌ ساڵی ٥٥٣ ز ژوستینیانوس Justinianus قه‌یسه‌ری ڕۆمی ڕۆژهه‌ڵات بڕیارێكی ده‌ركرد. كه‌‌ بریتی بوو له‌وه‌ی، به‌كارهێنانی‌ په‌یمانی كۆن به‌ زمانی عیبری له‌ سیناگۆگه‌كان قه‌ده‌خه‌یه‌. ئه‌وه‌ش برینی کۆنی نوێ کردەوە و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان جووله‌كه‌و كریستیانه‌كانی توندتركرد و دێبه‌یته‌كانیش به‌ره‌و ئاقارێكی ترسناك ده‌ڕۆیشتن.

ئه‌و ناكۆكییه‌ له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێك به‌پێی هه‌ڵومه‌رج، شێوه‌ی توند یان نه‌رمی وه‌رده‌گرت، کە هۆکارەکەی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی. چی ڕابینه‌كانی جووله‌كه‌ و چی قه‌شه‌ و بیشۆپه‌كانی كریستیان، نه‌یانده‌ویست بگاته‌ ئاستێكی نه‌خوازراو، چونکە توند و تیژی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كیان دا نه‌بوو. بۆیە هەوڵیان دەدا هاو کێشەکە وا ڕابگرن، کە بتوانن هەرچۆنی بێ لە پاڵ یەک بژین و ئاسایش بەردەوام بێ. بەو شێوەیە چەند سەدەیەکی برد و تەنانەت قەشەکانی کریستیان بۆ خوێندنی پەیمانی کۆن بە زمانی عیبری سەردانی سیناگۆگەکانیان دەکرد. ئەوەش کاریگەری لەسەر ڕەفتاری خەڵکی هەر دوو لا هەبوو. جا ئەگەر بەگومان و دڕدۆنگییەک لە ناو کریستیانەکان هەشبایە، هەوڵیان دەدا لە پێناوی ئارامی گشتی خۆگیربن و یەکتری قەبووڵکەن.

له‌ ساڵی ١٢٢٤ ز ئه‌وڕوپا ئارامییەکی وای به‌خۆیه‌وه‌ بینی و ناكۆكییه‌كان تا ئاستێكی زۆر باش هێور بووبوونه‌وه‌. ئه‌وه‌ش وایكرد ده‌رفه‌ت بۆ كردنه‌وه‌ی خوێندنگای تالموود لە دەرەوی سیناگۆکەکان بڕه‌خسێ. ئیتر ده‌رگای خوێندنگا ئاوەڵا بوو بۆ هەر جوولەکەیەک له‌ ئه‌وڕوپا بۆ خوێندن و لێكۆڵینه‌وه‌ی تالموود‌. یه‌ك له‌و خوێندنگایانه‌ له‌ پاریس كرایه‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگاكه‌ ناوی ژیكێل Jechiel بوو. ژیكێل مامۆستایه‌كی زۆر به‌خه‌می خوێندنگاو له‌ كاره‌كانی چاڵاك بوو. خوێندكاران له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌وڕوپاوه‌ ده‌هاتن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێندنگا ناوبانگێكی زۆر باشی هه‌بوو. زۆر له‌ زمانزانه‌ كریستیانه‌كانیش، بۆ وه‌رگرتنی وانه‌ی تایبه‌تی ڕوویان تێده‌كرد. له‌ خوێندنگا به‌ هۆی بوونی كریستیان و جووله‌كه‌ دیبه‌یتی توند له‌سه‌ر تالموود هه‌بوو. ئه‌وه‌ش ڕێبه‌ران و نه‌جیبزاده‌كانی پاریسیان هەندێک سه‌خڵه‌ت كردبوو.

بۆ نموونه‌ تیۆلۆژی كرویستیان پیته‌ر ئه‌ڤ بلۆیس ده‌نووسێ ( شتێكی زۆر بێجێیه‌ له‌ سووچی كۆڵانان گفتوگۆ له‌سه‌ر سێ كوچكه‌ بكرێ، هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ستی له‌ سێ كوچكه:
"in the name of the Father, and of the Son, and of the Holy Spirit"

مه‌به‌ست له‌وە نیشانه‌ی پاڕانه‌وه‌ی كریستیانه‌كانه‌ به‌ هه‌ر سێ ناوی خودا و كریستۆس و گیانی پیرۆز. كه‌ له‌كاتی پاڕانه‌وه‌ به‌ ده‌ست هێمای بۆ ده‌كه‌ن و لە هەمان کات ئەو سێ ووشەیە دەدرکێنن (به‌ناوی باوك، و كوڕ و گیانی پیرۆز).

له‌ناو ئه‌و خوێندكارانه‌ی بۆ خوێندن ده‌هاتنه‌ لای ژیكێل گه‌نجێك پەیدابوو به‌ ناوی دۆنین. هەر دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌ركه‌وت، دۆنین كه‌سێكی زۆر كراوه‌یه‌ و ئازادانه‌ بیرده‌كاته‌وه‌. له‌ هه‌موو وانه‌كاندا پرسیاری بوێرانه‌ ده‌كات كه‌ پێش ئه‌ هیچ كه‌س نه‌یوێراوه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ بكات. ئه‌وه‌ش مامۆستاكانی سه‌خڵه‌ت ده‌كرد. به‌تایبه‌تی به‌ ئاشكرا ده‌یگوت تالموودی به‌ڵ نییه‌. ژیكێل كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگابوو، له‌سه‌ر به‌رگری كردن له‌ تالموود زۆر سه‌رسه‌خت بوو. هیچ ڕه‌خنه‌ی وه‌رنه‌ده‌گرت.


بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ دێبه‌یتی نێوان دۆنین و ژیكێل درێژه‌ی كێشا. هه‌ردووكیان سه‌خت گیربوون. دۆنین ئازادانه‌ ڕای خۆی ده‌رده‌بڕی و ژیكێل ڕێگای ڕاوێژ یان دێبه‌یتی لێده‌گرت. دوای ساڵێك ژیكێل دۆنینی له‌ به‌رده‌م هه‌موو خوێندكار و مامۆستاكان، به‌ شێوه‌یه‌كی بێ ویژدانانه‌ ریسواكرد و بڕیاری سڕكردنی دا. ئه‌و بڕیارە زۆر نا ڕه‌وا و بێویژدانانه‌بوو. مەبەستی ژیکێل ئەوە بوو کە دۆنین خوێندنگا بەجێ بێڵێ و بەبێ دەردەسەری دۆنینیان لە کۆڵ ببێتەوە. سڕكردنه‌كه‌ وای كرد له‌ خوێندنگا كه‌س قسه‌ی له‌گه‌ڵ دۆنین نه‌ده‌كرد، نانی له‌گه‌ڵ نه‌ده‌خوارد، ته‌نانه‌ت كه‌س هاوڕێیه‌تی نه‌ده‌كرد.


ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ دۆنین كه‌سێكی نه‌خوازراو بوو Persona non grata سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ دۆنین هەر مایەوە. و سەرسەختانە توانی بۆ ماوه‌ی ١٠ ساڵ به‌رگه‌ی ئه‌و سزایه‌ بگرێ و له‌ خوێندنگا به‌رده‌وام بێ. ئه‌وجا تۆڵه‌ی خۆی بكاته‌وه‌. ساڵی ١٢٣٦ ز دۆنین ئاشكرای كرد كه‌ وه‌رگه‌ڕواوه‌ته‌ سه‌ر دینی كریستیان و ناوی خۆشی كردۆته‌ نیكۆلوس Nicolus. له‌و ڕۆژه‌وه‌ چووه‌ سه‌ر ڕێبازی فرانچێسكۆ. دوای ئه‌وه‌ بۆ گه‌شتێكی دینی كه‌وته‌ ڕێگا. شار بەشار بە‌ ناو فه‌ره‌نسادا دەگەڕا. سه‌ری له‌ باره‌گای سوارچاكانی خاچ په‌رست دا. كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ دژی ئیسلام دەجەنگان. له‌ به‌رزی ده‌سته‌ڵاتدا بوون له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌وڕوپا.


دۆنین جلی ڕه‌به‌نی له‌به‌ركرد و ده‌ستی كرد به‌ ووتاردان دژی دینی جوو و جووله‌كه‌. ده‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی وایكرد سیناگۆگ بسووتێندرێن ته‌وراتی پێچراوه‌ بسووتێندرێن. دۆنین داوای ده‌كرد كه‌ جووله‌كه‌ ناچاربكرێن، به‌ كۆمه‌ڵ وه‌رگه‌ڕێنه‌ سه‌ر دینی كریستیان. له‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌ ووتاری لێ ده‌دا ٥٠٠ جووله‌كه لە ترسی شالاوی کریستیانەکان به‌ دوای قسه‌ی دۆنین كه‌وتن و‌ وه‌رگه‌ڕان. به‌ڵام ٣٠٠٠ جوولەکەی تر کە لەو ناوچەیە بوون، ڕەتیان کردەوە و نه‌هاتنه‌ ڕایێ. لەسەر ئەوە زۆر به‌بێ ویژدانی كوشتنیان.


له‌ كۆتایی ساڵی ١٢٣٧ نیكۆلوس دۆنین به‌ گه‌شتێك چووه‌ ڕۆما خزمه‌ت پاپا گریگۆریۆس ٩ Gregorius IX. له‌ ڕۆما داوای یارمه‌تی دژی تالموود له‌ پاپا كرد. دۆنین سكاڵایه‌كی ٣٥ خاڵی له‌سه‌ر تالموود خسته‌ به‌رده‌م پاپا. و داوای كرد ته‌واوی كۆپییه‌كانی تالموود له‌ جیهانی كاتۆلیك له‌ ناوببرێن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی به‌ پاپا ڕاگه‌یاند كه‌ ڕابینه‌كان تالموود له‌ ئینجیل به‌ پیرۆزتر ده‌زانن. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕابینانه‌ ئه‌وه‌نده‌ گرنگییان به‌ پیرۆزكردنی تالموود نه‌دابایه‌ جووله‌كه‌ له‌ مێژ بوو وه‌رده‌گه‌ڕانه‌ سه‌ر كریستیانیه‌تی.

پاپا گریگۆریوس هه‌م تووڕه‌ بوو، هه‌م سه‌رسام بوو. چونكه‌ تا ئێستا جووله‌كه‌ په‌یامی كریستیانییان وه‌رنه‌گرتووه‌ و یەشوو کریستۆش به‌ ڕابه‌ری پیرۆزی خۆیان نازانن. لەلایەکی تر، تا ئێستا هیچ كه‌س ڕه‌خنه‌ی‌ له‌ په‌رتووكه‌كانیان نه‌گرتووه‌ و ده‌ستنیشانی سووكایه‌تی و گوناح و كفریان ناكا. عیبری وه‌ك پرینسیپ به‌شی په‌یمانی كۆن له‌ ئینجیل پێكدێنێ. به‌ڵام نیكۆلوس دۆمین ئه‌و ڕه‌به‌نه‌ی له‌به‌رده‌می وه‌ستاوه‌ ڕه‌خنه‌كانی له‌سه‌ر تالموود بوون، نه‌ك په‌یمانی كۆن. ئه‌و ده‌یگوت تالموود وایكردووه‌ كه‌ جووله‌كه‌ سه‌ختگیربن و نه‌بنه‌ كریستیان. ئه‌وه‌ش پاپای زۆر تووڕه‌ ده‌كرد.

پاپا بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ بۆ ئەو مەبەستە خەریکی ڕاوێژ و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ تیۆلۆژ و عیبری ناسان. ئه‌وسا بڕیاری دا. هه‌موو ده‌سته‌ڵاتی كه‌نیسه‌ی كاتۆلیك بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی په‌رتووكی تالموود به‌كاربێنهێی.

له‌ ٩ ژونی ١٢٣٩ له‌ نووسراوێكدا. داوا له‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌وڕوپا ده‌كات، كه هه‌ر یه‌ك له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی دا‌ ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی په‌رتووكه‌كانی تالموود دابگرن. ئه‌وه‌ش ده‌بێ هاوكات له‌یه‌ك چركه‌سات به‌ڕێوه‌ بچێ. ڕۆژه‌كه‌ش یه‌كه‌مین شه‌ممه‌ی به‌ ڕۆژوو بوون له‌ ساڵی داهاتووبێ.


دۆمین خۆی ئه‌و به‌رپرسیارییه‌ته‌ی پێ سپێردرا كه‌ نووسراوه‌كه‌ بگه‌یێنێته‌ لای بیشۆپی پاریس. بیشۆپی پاریس له‌به‌ر دڵسۆزی بۆ كاره‌كه‌ی، هەرچەند لەگەڵ ئەو بڕیارە نەبو، بەڵام به‌ گه‌رمی پێشوازی له‌ داخوازییه‌كه‌ی پاپا كرد.

هەواڵی نامەی پاپا و ووتارەکانی کلۆدۆس دۆمین، هەڵومەرجەکانی پێکەوە ژیانی زۆر سەخت کردبوو. تا گەیشتبووە ئەو ئاستەی، پاریس ببووه‌ شوێنی ڕاوكردنی چاڵاكیه‌كانی‌ دینی جووله‌كه‌ و تا ئاستێك ژیانیان لێ بووبوو به‌ دۆزه‌خ. به‌تایبه‌تی له‌ ساڵی ١٢٤٠ ز له‌ ئاستی دیبه‌یت ده‌رچوو وته‌نیا ده‌مه‌قالی بوو. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌رچه‌رخانێك بوو بۆ هێرشی به‌رمه‌یدان له‌سه‌ر تالموود. به‌و ناوه‌ی كه‌ گوایه‌ تالموود سووكایه‌تی به‌ یه‌شوو كریستۆ كردووه‌.

بیشۆپی فەرەنسا سه‌ر له‌ به‌یانی شه‌ممه‌ی ٣ مارسی ١٢٤٠ فه‌رمانی ده‌ركرد، كه‌ گشت تالمووده‌كانی سەرتاسەری سیناگۆگ و خوێندگا دینییەکانی جوولەکە لە فه‌ره‌نسا بدۆزنه‌وه‌ و ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرن. و بیانگوازنه‌وه‌ بۆ دێرێك له‌ پاریس. هه‌ر له‌ دوای ئه‌وه‌ش دادگایی كردنی تالموود و ڕابینه‌كان ده‌ستی پێكرد.


شاژنی فەرەنسا لەو دەمەدا بلانكه‌ ئه‌ڤ كاستیلیێن بوو Blanka av Kastilien كه‌ دایكی پاشا لودڤیگی ٩ Ludvig IX بوو. ژنێكی به‌ توانا و خاوه‌ن ده‌سته‌ڵات بوو. كوڕه‌كه‌شی لودڤیگ هێشتا ته‌مه‌نی یاسایی پێنه‌گیی بوو. بۆیه‌ دایكی بلانكه‌ ئه‌ڤ كاستیلیێن سه‌رپه‌رشتی فه‌ره‌نسای ده‌كرد. بلانكا به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ كاری دادوه‌ر‌ی دژی تالموود خسته‌ ئه‌ستۆی خۆی. له‌ ٢٤ ژولای ١٢٤٠ ز بۆ دادگایی کردنی ڕابینەکان و تالموود کۆشکی پاشایەتی هەڵبژێردرا. بلانكه شاژنی ووڵات و‌ ده‌بێته‌‌ دادوه‌ر. بۆ هەڵستان بە کاروباری داواکاری گشتی دژی تالموود نیكۆلوس دۆنین هەڵدەبژێردرێ. دۆنین به‌و پێیه‌ی زۆر باش شاره‌زای تالموود بوو و زمانه‌كانی عیبری و فه‌ره‌نسی و لاتینیشی باش ده‌زانێ، بۆیە زۆر گونجاو بوو ببێتە داواکاری گشتی لە پرۆسەی دادگا دژی تالموود و ڕابینەکان.

چوار ڕابینی جووله‌كه‌ی فه‌ره‌نسی، هه‌ر چواریان ڕۆلی ڕابه‌ریان له‌ نێو جووله‌كاندا هه‌یه‌. لە دادگا ئامادەن تا به‌رگری له‌ په‌رتووكی پیرۆزیان تالموود بكه‌ن و بتوانن پارێزگاری هەم لە تالموود وەک پەرتووکێکی پیرۆز. هەمیش لەو جوولەکانەی لە سەرتاسەری ئەوڕوپا دەژیان، و هەڵومەرجی ژیانیان بەو دادگایە بەسترابووەوە بکەن.


یه‌كه‌م كەس‌ بانگكرا ژیكێل بوو. هه‌ڵومه‌رجه‌كه‌ زۆر ناخۆش بوو. ئه‌و ده‌مه‌قاڵییه‌ی پێش ٢٠ ساڵ له‌ نێوان مامۆستا و خوێندكاره‌كه‌ی ده‌ستی پێكرد، و گه‌یاندییه‌ ئاستی سزایه‌كی ناڕه‌واو بێویژدانانه‌. ئێستا ڕۆله‌كان گۆڕاون و مامۆستا و تالمووده‌كه‌ی له‌ به‌رده‌م دادگان. دۆنین گه‌یشتبووه‌ خوزگه‌ی خۆی و دلی ئۆخژنی دابوو. ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ڕۆژێك سزای ئه‌وی دابوو ئێستا له‌گه‌ڵ پەرتووکە خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌سه‌ر كورسی تاوانباری دانیشتوون. له‌لایه‌كی تر نیكۆلوس دۆنین گشت به‌رگه‌كانی تالموودی له‌گه‌ڵ خۆی دا هێنابوونه‌ دادگا. له‌ ناكاو یه‌ك له‌ په‌رتووكه‌كانی به‌رزكرده‌وه‌، تا هه‌موو دانیشتوان بیبینن. دوایی سووڕاندی و پیشانی بینه‌رانی دا. تا له‌به‌ر ده‌میان به‌ ناو تێكسته‌كاندا بچێ. ئه‌وسا سووڕایەوە و ڕووی کردە كۆنه‌ مامۆستای و پرسیاری لێكرد: (ئه‌وه‌ی له‌و په‌رتووكه‌ ٤٠٠ ساڵ كۆنه‌دا هه‌یه‌، هه‌مووی ڕاسته‌؟) ژیكێل هاواری كرد (چوارسه‌د ساڵ؟ ئه‌وه‌ ١٥٠٠ ساڵ كۆنه‌. ئه‌وجا ژیكێل به‌ شێوه‌ی گالته‌ پێكردن، به‌ كۆنه‌ خوێندكاره‌كه‌ی گوت (ده‌ته‌وێ له‌سه‌ر كام به‌شی ئه‌و په‌رتووكه‌ قسه‌بكه‌ین؟) وه‌ڵامی دۆنین مامۆستاكه‌ی حه‌په‌ساند و ووتی (من به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نامه‌وێ قسه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر، ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌و په‌رتووكه له‌ناو جووله‌كه‌‌ ڕێشانده‌ریه‌تی).

نیکۆلوس دۆنین نه‌شی ده‌ویست دیبه‌یت له‌سه‌ر ٣٥ خاڵی ئه‌و سكالایه‌ش بكا كه‌ پێشكه‌شی پاپای كردبوون. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ ڕوونی كرده‌وه‌. قسه‌و باسی ئه‌وڕۆ له‌سه‌ر یه‌ك شته‌. ئه‌ویش (چۆن تالموود باسی یه‌شوو كریستۆ ده‌كا).

ڕابین حه‌په‌سا و ده‌می به‌سترا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌و شته‌ی نه‌ده‌كرد، كه‌ به‌رگری له‌و شته‌ بكا و ده‌یزانی ده‌گاته‌ كوێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕووی له‌ شاژن كرد و ووتی (خاوه‌ن شكۆ: ناچارم مه‌كه‌ وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌. تالموود په‌رتووكێكی پیرۆزه‌ ده‌بێ ڕیزی لێبگیرێ، تا ئێستا هیچ كه‌س نه‌یتوانیوه‌ هه‌ڵه‌ی لێ بدۆزێته‌وه‌. هیرێنجۆ خۆی یه‌ك له‌ پیاوه‌كانی ئێوه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی له‌ یاسای ئێمه‌ بدۆزیبایه‌وه‌، هه‌رگیز رێی نه‌ده‌دا‌ بمێنێ. له‌و هه‌موو كه‌سه‌ زانایانه‌، كه‌سێكی تر نه‌بوو جگه‌ له‌ نیكۆلوس دۆنین. له‌ ماوه‌ی ١٥٠٠ ساڵی ڕابردوو، كه‌س ڕه‌خنه‌ و هێرشی نه‌كردۆته‌ سه‌ر تالموود.

دوای ئه‌وه‌ ژیكێل ڕووی له‌ دانیشتوانكرد و ووتی( با پێتان بڵێم بۆ ئه‌وه‌ی بزانن، ئێمه‌ ئاماده‌ین له‌ پێناوی تالموود بمرین).

دوای ئه‌وه‌ شاژن قسه‌ی پێ بڕی و ژیكێلی دڵنیا كرده‌وه‌، كه‌ هیچ ترس له‌سه‌ر جووله‌كه‌ و ماڵ و موڵكیان‌ نییه، به‌ڵام ڕابین ناچاره‌ وه‌ڵامی سكاڵای دژی تاوانه‌كانی تالموود بداته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ نۆره‌ی نیکۆلوس دۆنین هات. هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی قسه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر سكاڵاكه‌ی، كه‌ چۆن تالموود باسی یه‌شوو کریستۆ ده‌كا، دوایی ده‌ست ده‌كات به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ باسی یه‌شوو ده‌كا. هه‌موویان بریتی بوون له‌ ٢٠ كورته‌ باس. دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌ عیبری وه‌ریگێڕانه‌ سه‌ر فه‌ره‌نسی.

ده‌قێك له‌ تالموود:
كاتی دایكی ئه‌و (مه‌به‌ست یه‌شوو) سكی پڕ بوو، دارتاشه‌كه. كه‌ لێی ماره‌كرابوو‌ ده‌ریكرد. به‌تاوانی ئه‌وه‌ی كه‌ خیانه‌تی كردووه‌ و منداڵی له‌ سه‌ربازێك با ناوی بن په‌نتێره‌ بووه‌.

یان

ڕابین شیدا فه‌رمووی: بن ستادا مێردیتی و بن پانتێره‌ خۆشه‌ویستی (عشیق).

تێبینی بن ستادا مەبەست یوسفی مێردی مریەمە و بن پانتێرە ئەو سەربازەیە کە دەبێ مریەم خۆشەویستی لەگەڵ کردبێ و یەشوو کریستۆ کوڕی ئەو بێ. هەڵبەتە پانتێرە ناوی تەواوی Tiberius Julius Abdes Pantera بەپێی لێکدانەوەی مێژوویی تەنیا سەباز نەبووە، بەڵکوو پلەیەکی بەرزی لە سوپای ڕۆم هەبووە و لە کاتی مریەم سکی بە یەشوو پڕ بووە، پەنتێرە لە ناسرە (کە شوێنی لە دایک بوونی یەشووە) سەرکردەیەکی دیاری لەشکری رۆم بووە.

كاتی ته‌واو بوو‌، رووی له‌ دانیشتوانكرد و ووتی (سه‌یركه‌ن چون ئه‌و خه‌ڵكه‌ سووكا‌یه‌تی به‌ خودای ئێوه‌ دەكا. ئێوه‌ چۆن ڕێده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ له‌ ناو ئێوه‌ بژین؟) ژیكێل چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد، خۆشی بۆ ئاماده‌ نه‌كردبوو. به‌ڵام له‌ وه‌ڵامدا ووتی( هیچ شتێك له‌وه‌ی نیكۆلوس دۆنین خوێندییه‌وه‌ ده‌رباره‌ی یه‌شوو كریستۆ نییه‌. ئه‌وە ده‌رباره‌ی كه‌سێكی تره‌).


ڕابین ژیكێل ئه‌وه‌نده‌ له‌خۆی دڵنیابوو، به‌ به‌ڵگه‌ به‌رگری ده‌كرد. ئه‌وه‌ش گه‌یاندییه‌ ئه‌و ئاستەی دۆنین ده‌ستی به‌ قسه‌ی سووك كرد به‌رامبه‌ری. تا دوایی شاژن بلانكا هاته‌ ناو ده‌مه‌قاڵییه‌كه‌و ڕووی له‌ هه‌ردووكیان كرد و ووتی (له‌به‌رچی ئێوه‌ ووزه‌ی خۆتان به‌ فیڕۆده‌ده‌ن) دوایی ڕووی له‌ ڕه‌به‌ن نیكۆلوس دۆنین کرد و پێی ووت (ئه‌وجووه‌ له‌به‌ر ڕێز بۆ ئێوه‌ توانی بیسه‌لمێنێ كه‌ باپیرانی ئه‌و سووكایه‌تییان به‌ خودای ئێوه‌ نه‌كردووه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ تۆ هه‌وڵده‌ده‌ی ئه‌و دان به‌ سووكایه‌تی دابنێ. شه‌رم له‌خۆتان ناكه‌ن؟


دوای ئه‌وه‌ ژیكێل و هاوڕێكانی ئازادكران،بەڵام نه‌ك تالموود. بڕیار درا جارێكی تر داگا له‌سه‌ر تالموود په‌رتووكی پیرۆزی جووله‌كان بەردەوام بێ. ئه‌و جاره‌ له‌به‌رده‌م تریبیۆنی كه‌نیسه‌. بۆ جاری دووه‌م دادگا به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و جاره‌ كۆتایی هات. ڕاگه‌یاندرا كه‌ تالموود بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك درۆ بۆیه‌ ( بڕیار درا ده‌بێ گشت تالموودەکان لە ناو ببردرێن و به‌ ئاگر بسووتێندرێن).


هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كه‌ به‌ ته‌واوی ده‌نگه‌كانی تریبیۆن نه‌بوو. ناكۆكی له‌سه‌ر هه‌بو. هەر بۆیە بیشۆپی فه‌ره‌نسا له‌به‌ر دۆستی و ئاشته‌وایی نێوان دینه‌كان و دروست نه‌بوونی ئاژاوه‌ دژی جووله‌كان. تا دووساڵ نه‌ی هێشت بڕیاره‌كه‌ ئه‌نجام بدرێ. كه‌چی دوای مردنی بیشۆپ له‌ ساڵی ١٢٤٢ كه‌سێكی تری له‌و ئاسته‌ نه‌بوو بتوانێ بڕیاره‌كه‌ ڕابگرێ، نه‌یه‌ڵێ تالموود بسووتێندرێ. له‌ مانگی ژونی ١٢٤٢ گالیسكه‌ دوای گالیسكه‌ له‌و دێره‌ی په‌رتووكه‌كانی لێ ئه‌مباركرابوون، ڕاگوێزران و گشتیان فڕێدرانه‌ ناو گڕی ئاگر و له‌ناو بردران.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار بوو له‌ به‌رده‌م دادگا تالموود به‌ سووكایه‌تی كردن به‌ یه‌شوو كریستۆ تاوانبار بكرێ. به‌ڵام دواجار نه‌بوو. ئیتر ڕێگا کرایەوە بۆ تۆمەت پێکردن. و گەیشتە ئەو ئاستەی، چه‌ند جاری تر سووتێندرا. تا ساڵی ١٥٥٤ پاپا له‌ ڤاتیكان فه‌رمانی دا، كه‌ نەک هەر تالموود. بەڵکوو تەواوی په‌رتووكه‌كانی جووله‌كه‌، له‌و نووسینانه‌ پاك بكرێنه‌وه‌ كه‌ شتی تێدایه یان لێكده‌درێته‌وه‌‌ سووكایه‌تی به‌ یه‌شوو كریستۆ کردبێ.


دوای پێنج ساڵ تالموود خرایه ناو ‌ Index Expurgatoriusلیستی ئه‌و په‌رتووكانه‌ی كه‌ قه‌ده‌خه‌بوون كاتۆلیكه‌كان بیانخوێننه‌وه‌.

دواتر پاپا پیۆس٤ Pius IV فه‌رمانی دا كه‌ تالموود ناوه‌كه‌شی لێبسه‌ندرێته‌وه‌.


یه‌كه‌مین ڤێرژه‌نی تالموود كه‌ سێنسۆركرابێ له‌لایەن ڤاتیکانەوە، لە نێوان ساڵانی ١٥٧٨ - ١٥٨١ له‌ باسیل ده‌رچوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش‌ ماوه‌یه‌ك‌ دواتر، توانرا ڤێرژه‌نه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی تالموود وه‌ده‌ست بێننه‌وه‌.‌ دواتر دووباره‌ بڵاوكرایه‌وه‌، تا له‌ بنكه‌كانی جووله‌كه‌ و سیناگۆگه‌كان بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوەی تیۆلۆژی ده‌ست بكه‌وێ.

ئیتر راوەدوونانی جوولەکە لە ووڵاتانی ئەوڕوپا نەک هەر بەردەوام بوو. دوژمنایەتییەکەش هەموو ئاستێکی گرتبووەوە و تا دەشهات شێوەی تۆند و تیژتر دەبوو. هەر لە سووکایەتی پێکردن تادەگاتە تێهەڵدان و کوشتن و بن بوو کردن. لەو سەردەمەوە ژیانی تاکی جوولەکە، سیناگۆگ و ڕێکخراوە دینی و کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە جوولەکە. لە سەرتا سەری ئەوڕوپا لە ترس و تۆقاندن دان. ژیان بۆ ئەوان بۆتە ئاگری دۆزەخێک کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی. نادڵنیایی، متمانە بەیەک نەکردن تا دەگاتە ڕاوەدوونانی جوولەکە بەردەوام بێ. ئەو دوژمنایەتییە تا ئێستا کۆتایی نەهاتووە و هەر بەردەوامە و ڕەنگە هەرگیز بەو ئاسانییە کۆتایی نەیێ. دژایەتی جوولەکە بە هەموو شێوەکانی بۆتە بەشێکی شاراوە لە بەرنامەی پەروەردەی کەنیسە. تا گەیشتە ئەو ئاستەی پاپای کاتۆلیک یارمەتی نازیی و فاشیستەکانی دا بۆ هەوالگیری سەبارەت بە جوولەکە هەڵاتووەکان و شاردنەوەی ئەو تاڵانەی لە ماوەی شەڕی جیهانی دووەم لە جوولەکان دەیانکرد. ئەوە دوای تەواو بوونی شەڕ و تا ئێستاش ڤاتیکان دەرگای بو کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی نەکردۆتەوە بۆ دۆزینەوە و قەرەبووی ئەو کەسانەی بە هۆی کەنیسەکانی کریستیانی تووشی کارەساتی مردن و دزی و ئەتککردن بووین.

خوێنه‌ری به‌ڕێز له‌ ده‌مه‌قاڵی نێوان مامۆستاو خوێندكارێك، دوژمنایه‌تی نێوان دوو دین، به‌ درێژایی مێژووی هه‌زار ساڵه.‌ به‌ سه‌دان ملیۆنی تێدا كوژراوه‌و تا ئێستاش له‌ سه‌رتاسه‌ر جیهانی كریستیانیی، مرۆڤی سەر بە دینی جووله‌كه‌ وه‌ك بوونەوەرێکی سووك سەیر دەکرێن.

دین بە هەموو شێوەکانییەوە. لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە. ئەگەر خۆشی لایەنێکی شەڕ نەبێ، بە دڵنیاییەوە هۆکارێکە، ڕێخۆشکەرە بۆ هەڵگیرسان..... تا ئێستا نە ڤاتیکان. نە نوێنەرێکی کەنیسەی ئەو ووڵاتانەی کە نازییەکان جوولەکەیان لێ گاز داون، کوشتوون ڕاوناون ... هتد. داوای لێبووردنیان لە خەلکی جوولەکە تاک یان کۆمەڵ نەکردووە.

دین ئاگر خۆشکەری شەڕە لە نێو مرۆڤان، نەتەوەکان. ئەو شەڕەی کە دین هەڵی دەگیرسێنێ زۆر ئەستەمە، بە ئاسانی خامۆش بکرێتەوە. شەڕی چەند سەد ساڵەی خاچپەرستان و ئیسلام، شەرێ هۆزەکانی ئەفریقا تا دەگاتە بۆکۆحەرام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دین و ئاینزاکانیان، چ دژی دینەکانی تر یانیش دژی خۆیان. ئەوە نوێنەری دینەکانن بە مەبەست یان بێ مەبەست سووکایەتی بە هەموو مرۆڤایەتی دەکەن دۆنین و مامۆستاکەی ژیکێل دوو سەرسەختی دینی بوون. بە دەمەقالییەکی ناو چواردیواری خوێندنگا. ئاگرێکیان کردوە ٨٠٠ ساڵە دڕدۆنگی لە دڵی هەردوو کریستیان و جوولەکە چاندووە، کە ئەستەمە جارێکی تر ئەندامانی ئەو دوو دینە وا بە سادەیی، متمانە بەیەکتری بکەن.


بۆیە دین لە هەر شوێنێک بێ مرۆڤ ناتوانێ بە ئارامی بژی.
______________________________
سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و باسه:

Alla, Temko (1954) The burning of the Talmud in Paris. Commentary Magazine nr. 17
Sussaneh, Heschel (2004) Nazifying christian theologi. Walter Grundman and the Institute for the study and Eradication of influence on German church life.
Talmud. Contra Celsum 1:32
Lena Einhorn (2006) Vad hände på vägen till Damaskus? På spaning efter den verklige Jesus från Nasaret.
Unterman, Isaac (1971) The Talmud. An analytcal Guide to its History and teachings. Bloch Publishing Company. New York.

 

ماڵپەڕی سەلاح رێبوار

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک