٣٠\٥\٢٠١٢
حەشرنامە.

تەیب
هۆشیار
-
بەشی یەک -
لە ناوەڕاستی
شەقامێک بە پڕتاو خەڵک لە هاتووچوودا بوون؛
قاچیان لە پێش خۆیان هەنگاوی دەنا سەریان هەڵدەهات تا لاقەکانیان
بگرنەوە.
من: سەرم رێک لە جێی خۆی بوو لەگەڵ قاچەکانم هەنگاوی دەنا! سەرم بە
ملمەوە بوو ملیشم بە لاشەمەوە...
فێشەکێک هات نازانم لە کام دەڤەرەوە هاتبوو خۆی کێشا بە سەرمدا؛ بە
نێوچاوانمدا خوێنی شین دەهاتە خوار...
ئیزرائیل بە عەباییەکی
سپییەوە، دەمی نا نێو خوێنەکەم؛
هەموو گیانی شین هەڵگەڕا... ئیزرائیل تا
دوایین دڵۆپی خوێنی هەڵنۆشیم و مرد، من بە
هەردوو دەستی خۆم ئیزرائیلم ناشت، لە ناوەڕاستی
ئەو شەقامەدا کە خەڵکەکە قاچەکانیان لە پێش سەریان دەرۆیشت...
ئێستە ئیزرائیل بووە بە فولکە و خەڵک و سەیارەکانیان لەو فولکەدا پێچ
دەکەنەوە یان کە کچەکان عاشق دەبن دەرۆن لەوێ لە ئیزرائیل دەپارێنەوە!
رۆژێکی تر زۆرم گەرما بوو بێ دەرپێ! لە ژێر هەتاودا راکشابووم،
تۆپێک لە ئاسمانەوە هات و رێک لە بەردەمم دا تەقی...
پەڕاش پەڕاش بوو، منداڵانی نێو کۆڵان
دەستیان کرد بە شین و شەپەرۆ بۆ تۆپەکەیان.
من مردم ئەمجار جوبرەیل گیانی کێشام!
لە ناوەراستی شارەزوور لەو دەشتە پان و
بەرینەدا حەشر هەستابوو نە بەعەینی سەفی بەنزین و نەوت و کۆپین و
بایەعی...!
هەموومان چاومان وەک چاوی مەکینەی فۆرگاسن لە تەوقی سەرمان بوو!
ژن و پیاو هەمووی بێ گەڵا و بێ جل...
ئیتر رۆژی حەشرە تەنگانەیە چی دەبێ با ببێ...!
سەرم نەوی کرد کە چاوم لەو حەشرە بێ...
باوکی باوەگەورەی باپیرە گەورەی باوانی باوەلەێم بینی قاچەکانی بە قەد
یەک سینی برنج بژاردن دەبوو...
بزەیەک گرتمی! وای لە باوکی باوەگەورەی باپیرە گەورەی باوانی باوەلەێم!
چەن پان و پۆڕه؛ ئەگەر لە سەر زەوی
بمایە تا سەردەمی دیجیتاڵ ئەم حکومەتەی هەڵدەلووشی:
(خوا تا کێو نەبێنێ بەفری تێ ناکا).
ئاوڕێکم دایەوە بە لای خواری خوارەوە لە دووری دوور دایەگەورەی دایکی
دایکی سێ جار دایکم بینی کە چۆن بەری هەڵدەکرێنێ؛ دەتگوت ئاڵۆشی تێچووە!
بزەیەک گرتمی...
گووتم چاکتر کە دایەگەورەی دایکی دایکی سێ جار دایکم نەماوە تا سەردەمی
دیجیتاڵیی، ئەگینا ئیستە هەموو پیاوانی تێر دەکرد...!
یەکێ زۆر درێژ بە سەرمەوە وەستابوو، نە بە
سەری منەوە بە سەری هەموو خەڵکەوە ئەگەر نەویش نەبی دەیبینی!
خودا هاوار لە سەر سەرم بوو، یەکێ وتی بێ دەنگ بە دەجاڵە!
گووتم: وای کە درێژە جا خۆ بیکەین بە پرد
کوردستان هەمووی بە سەریدا ئەپەرێتەوە، هەر
چوار پارچە دەکات بە یەک پارچە! ئیتر دوایشی
ناکەوین تەرسەقوول بخۆین!
دەنگە دەنگ پەیا بوو، هەموو خەڵک کردیان بە
هات و هاوار تەپ و.. تۆزێک هەستا چاومان کە
لە تەوقی سەر بوو پڕ بوو لە خۆڵ...
سپێتی هەموو شارەزوری داپۆشی! کۆمەڵێ باڵدار هاتن بە سەرمانەوە وەستان.
یەکیان منی هەڵگرت و لەگەڵ خۆی بردمی! پیاوێکی بە
هەیبەت! هەیبەتی چی؟ تۆ بلێ سورێن، سورێنی چی؟ بلێ قەندیل...
نە نە هیمالایا...
با درێژەی پێ نەدەم، بەڵام هەیبەت و
مەیبەت لە چاویدا فشە بوو، بەس یەک چاوی
هەبوو.
- دانیشە زەڕنەقووتە.
- ئاخر قوربان خۆ من بە پێوەیش بم هیچ ناگۆرێ لای جەنابت؟!
هەناسەی لووتی کە دەرکرد گەیشتمە عەرەبستان... باش بوو
بە چەند باڵداری سەیر لە یەک چاوتروکاندن دا
هێنامیانەوە...دیسان لە بەردەمیدا حازر و
ئامادە.
- بۆ ئیزرائیلت کوشت؟
بێ یەک و دوو بێ ترس و دوودڵی.
- ئاخر قوربان فولکەمان نەبوو خەڵکی شار تێدا خول
بخۆن و کچانیش هیچ کوێ نەبوو دوعای تێدا
بکەن بۆ عەشق!
tayyeb.hosyar@gmail.com
|