ئەڵماس.

هیوا ڕەش
ئەمشەو بادە مەستى
نەکردم
لە گەڵ مەى دا
شووشەى پەرداخیشم
وورد وورد جنى و
هەڵم دا و
گەڕامەوە بۆ کەرکوک
بۆ زێدى خۆم
بۆ ئەڵماس
بۆ ئەو شوێنەى
وەکو خۆم
سەرمەست و
سەرخۆش و
ووڕ و کاس
مات و مەلوول
وەکو قەبرسان
دانیشتبوو بێدەنگ و باس
منیش چاوەڕێ بووم
ئەڵماس وەکو شازادەى کەرکوک
بۆ م ببێت بە بووک
*
* * * *
ئێستا هێندە ترساوم
لە ترسا خەو ناچێتە چاوم
تۆ بڵێى ئەمجارەش
دوورى ئەڵماس
هەناوم دروێنە نەکات
وەکو داس
*
* * * *
ئەو کاتە من مناڵ بووم
نازانم چەند ساڵان بووم
بەڵام وەکو شێت
بە ئەڵماسەوە ئاڵابووم
وەلێ
ڕیشم سپى کرد و
دەستم بە ئەڵماس
هەر نەگەییشت
لە پێناو ئەڵماسا
ئازارى زۆرم پێگەییشت
*
* * * *
ئەڵماسم
کوا ژمارەیەک!
بگات بە تۆ
سەد و جل
ناگات بە پاژنەى تۆ
تۆ لە هەموو پیرۆزییەکان بەرز ترى
تۆ لە دوو سەد و هەشتاش
هێشتا واوە ترى
تۆ لە گلێنە ئازیز ترى
ئەڵماس
ئەڵماس
ئەڵماس
من مەکە
بە گوڵە گەنم و
خۆتیش مەبە بە داس.
چى بکەم ؟!
ئەگەر لێو و بادە نەکەم بە هاوڕێم
چى بکەم ؟ !
لێو هەڵنەمژم و
بادە فڕ نەکەم
چى بکەم ؟ !
بۆ مەزەى مەستیى
دەست لە سینە و بەرۆک گیر نەکەم
چى بکەم ؟ !
بۆ کش کردن لە پەستیى
باوەش بە سەرخۆشى دا نەکەم
چى بکەم ؟ !
لە دەست مۆتەکەى بێ تۆیى
پێم بڵى :
چى بکەم ؟ !
چى بکەم ؟ !
ئەمەوێ بە جەستەت دا هەڵشاخێم
بۆ گەردن و مل
بە پەنجە و پل
بگرم لیمۆى باخى باڵات
تۆ سینەت بکە بە نیشتمانم و
منیش جێ دەستم ئەکەم بە ئاڵات
چى بکەم ؟ !
تا وەکو هەنگى سەرهەڵگرتوو
پەڕەى لێوت هەڵمژم و
بە ماچ بیتاسێنم
چى بکەم ؟ !
تا لە سەر کوڵمەکانت
نەمامى ئەوینى ئەبەدى بچێنم
چى بکەم ؟ !
کە من حەز بکەم بە بەژنت دا هەڵزنێم
وەکو چنگە پشیلە
لە ژێر سێبەرى خۆمت بنێم
تا گشت جەستەت
بدەمە بەر شڵپەى ماچ
لە تەوقى سەرتەوە تا پەنجەى قاچ.
بە ڵێن
نادەم.
هیوا ڕەش
بە ڵێن نادەم
نا بە تەما مەبە
لە ئامێزى خۆمت بگرم
نەبادا
بە تاسەى ئاوێتە بوون
گڕم تێ بەر بدەیت و
ئیتر نەگەڕێیتەوە
تۆش بەڵێن مەدە
بە گەردنما هەڵبزنێیت و
خۆت بگەیەنیتە لێوەکانم
چونکە بۆ هەتا هەتا
وەکو مۆم
لێوەکانم ئەتوێنیتەوە
بەڵێن نادەم
ببیت بە هاوسەر و هاوغەمم
چونکە تۆ فریشتەیت و
ئەستەمە لاى من
ئۆقرە بگریت و بمێنیتەوە
نامەوێت چەشنى لاولاو
لێم بئاڵێیت
ئەزانم وەکو دوا پێک
بۆ دوا جارهەڵم ئەدەیت و
لێم جیا ئەبیتەوە
بەڵێن ئەدەم و
هەرئەوەندەم لە دەست دێ
جێگەت بۆ ڕاخەم
لە ناو بیلبیلەى چاوەکانم
ئەتوانم
تێکەڵت بکەم
لە گەڵ هەناسەى سییەکانم
ئەتوانم
ئاواتەکانم
هیواکانم
خولیاکانم
خەون و خواکانم
بە تۆوە ببەستم
بتکەم بە نیشتمانم - - -
لە ساباتى پرچى تۆ بەولاوە
ساباتى هیچ پرچێ
نەکەم بە هەوارم
هەتا دنیا ماوە
دڵنیا بە کچێ - - -
تۆ فریشتەیت و من ئینسم
ئەزانم لام نامێنیتەوە
لە هێلانەى دڵما ئارام ناگرى
بۆیە ئەترسم
لە شەققەى باڵ بدەیت و بفڕیت
نەهێڵیت لە سۆراغیشت بپرسم.
هۆ کچێ.
کچێ !
ئەگەر بڵێم :
وورد وورد هەنگاو ئەبڕم ،
بەرەو عەشق و ئەوین
تۆ ئەڵێى چى ؟
کچێ !
ئەگەر پێت ڕا گەیەنم :
مەحاڵە بێ تۆ ،
هەناسە و ژین
تۆ ئەڵێآ چى ؟
کچێ !
خۆ من هەمە تەنها دڵێ
ئەویشم داوە بە تۆ
تۆش چى ئەڵێى ، بڵێ
کچێ !
خۆ من نیمە زیاتر لە گوڵێ
ئەویش تۆى
جا تۆش چى ئەڵێى ، بڵێ
کچێ ! پێلووى چاومت
بۆ ئەکەم بە چڵێ
تۆش وەکو بولبولێ
لە سەرى بنیشەوە و
ئەم شیعرەم
بە دەنگى خۆشخوانت
بۆ بڵێ
کچێ !
ئەگەر عەشقت
وەکو دڕک
بە چاوم دا چێ
ڕوخسارى تۆم
لە بەر چاو لاناچێ
وە یا وەکو تەور
جەرگ و دڵم دا پاچێ
ئەوینى تۆم
لە دڵ دەر ناچێ
کچێ !
هۆ کچێ !
سەد ئەوەندە
تەمەن بە ساڵ دا بچێ
خۆشەویستیت قوڵتر
بە ناخم دا ئەچێ
کچێ ، هۆ کچێ !
کچێ ، هۆ کچێ !
ئەویندارێکت دەست ناکەوێ
وەکو من شەیدات بێ و
لە من بچێ.
توڕەیى.
من لەو پێکە توڕە ئەبم
لە یەکەم قوما
کە شۆڕ ئەبێتەوە بە گەرووما
پێم نەگرێتە بەر
ڕێگەى سەرمەستى
من لەو شیعرە توڕە ئەبم
لە یەکەم بەیتا
تێم نەگەیەنێت مانا و مەبەستى
من لەو شۆخەش توڕە ئەبم
کە هۆنراوەى بۆ بکەم بەگەردانە
لێم وەر بگرێت بە پەستى
بەڵام چى بکەم ؟ !
زایەڵەکانم
پیتە ڕایەڵەکانم
ووشە زاڵەکانم
دێڕە عەوداڵەکانم
ئەبن بە بەیت
بۆ ئەو کچەى
لە غەفڵەتا ڕایچەڵەکانم
بەیتەکانم ئەبن بە شیعر
ئەبن بە گەردانە و ئەچنە
ملى ئەو کچەى
لێى کردم سیحر
*
* * * *
ئەمشەو
زۆر توڕەم گوڵم
ئەمشەو
لە توڕەییدا
ئارام نابێتەوە کەف و کوڵم
مەگەر بە ئۆخژنى چاوەکانى تۆ
بە بیستنى دەنگ و سەداى تۆ
بە نەرمە ماچى لێوان
بگەڕێمەوە دۆخى جاران
*
* * * *
لە توڕەبوونى من هەرگیز مەڕەنجێ
بە خەندەیەکت
سارد ئەبمەوە دەسبەجێ
من
ئەزانم کە تۆ ئەوە ئەزانى
بۆیە زوو زوو
جێم ئەهێڵى بە ئاسانى
ئەزانم جار جارە بە عیشوە و ناز
جەرگم ئەبڕى
وەکو ئەڵماس
منیش ئەزانم کە تۆش
قەد لە دڵ ناگرى
توڕەبوونى بەتاڵ و بۆش
*
* * * *
هەموو جارێک
دواى توڕە بوونەکانم
هەمیشە چاوەڕوانم
بێیتەوە و بە شێنەیى
دەم بخەیتە دەمم
ماچى خوایى
ببارێنیتەوە سەر لێوەکانم
*
* * * *
ببورە
ژیانم بێ تۆ دەیجورە
تێ بگە لە مەبەستم
بزانە بۆ توڕە و پەستم !
من کوشتەى دەستى چاوەڕوانیم
من گیرۆدەى عەشقى
تۆى پڕ لە جوانیم
چى تر بەرگەى دوورى تۆ ناگرم
جا لە داخا بەرۆکى شیعر ئەگرم
ئەڵێم ببورە لە توڕە بوونم
باش بزانە
توڕە بوونى من
زۆر زوو دا ئەچێ
هەموو توڕە بوونەکانم
ماچێکى تۆى تێ ناچێ.
زام.
بڕیارى ئەمجارەم دوا بڕیارە
چونکە زامم
قەتماغە ناگرێ
ئەگەر تەلبەندى سنوورەکان
هەموو جەستەم لێک دادڕێ
قرشى دەریا
قەپ لە جەرگم بگرێ
بە شوێن بۆنى تۆ دا دێم
دێم و ناگەڕێمەوە
ئەگەر بە ئۆردووى لەشکر
ڕێگەکان بتەنن لێم
من بێ تۆ ناحەوێمەوە
بەرگە ناگرم
هەروا دوور بیت لێم
چاوەڕێ ناکەم تۆ بێى
چاوەڕێ بە
من بۆ لاى تۆ دێم
ئەزانم تۆ دڵت بێ من ئارامە
بەڵام گوڵەکەم
من دڵم بێ تۆ
لانکەى زامە
بڕیارى ئەمجارەم دوا بڕیارە
هەر ئەبێت بگەمە لاى تۆ
چارم نا چارە.
بەرزى.
من
باڵندەیەکم خۆش ناویست بەرز بفڕێ
چونکە نە جوانییەکەیم ئەبینى
نە گوێم لێ ئەبوو
گۆرانیم بۆم بچڕى
*
* * * *
کە مناڵیش بووم
بەردم ئەگرت لە دارى بەرز
وا نەبوایە
نەیئەهێشت دەمم
چێژ لە تامى بەرەکەى وەر بگرێ
*
* * * *
ئێستاش ڕقم لە بەرزییە
چونکە کە ستەم ئەبینم
خوا لەو بەرزییەوە
نە گوێ لە سکاڵام ئەگرێ
نە بەرۆکى زۆردارم بۆ ئەگرێ
*
* * * *
بەڵام نازانم بۆ ؟
خۆشم ئەوێن
گشت بەرزییەکانى تۆ !
ئاى خۆزگەم بەو کات
کە بەرزى باڵات
بۆم ئەبوو بە سابات
بەڵام گیانە
هەرچەندە لوت بەرزییەکەت
ناهێڵێ تیلەیەکى نیگات
ئاماژەیەکم پێ بدات
بۆ سینەى بەرزى
ڕوو لە ئاسمانت
دەستم بکەم بە ئەستوندەگى
بۆ مەمکەکانت !
*
* * * *
بەڵام چى بکەم
نازانم بۆ ؟ ! هێندە
ڕقم لە بەرزییەکان ئەبێتەوە
کەچى بۆ بەرزییەکانى تۆ
خەریکە سوێم ئەبێتەوە !
چاوەڕوانى.
ئەمشەو
قەرسیلەى خەیاڵم
بە شنەباى دوورى تۆ
کەروێشکەى ئەکرد
ساتەکانم
وەکو گەڵاى زەرد
بەدەم هەڵوەرینەوە
سەمایان ئەکرد
کەسێک نەبوو
لێوى ووشکم
بە بادەى لێوى تەڕکا
تا مەستم کا
کەسێک شک نابەم
جگە لە تۆ
دەرگاى باخى سینەى خۆیم
بۆ واز بکا
تێر مەزەى خۆشم کا
ئەمشەو
دانیشتووم
تەنهاو بێ تۆ
مەوداى نێوان چاوەکانم و چاوەکانت
پردێکە لە هیوا
پڕ لە ڕاز و باس
بەڵام دیار نەبووى و بێ تۆیى
دیوارى شووشەیى دڵمى لەت کرد
وەکو ئەڵماس
دە وەرە گوڵم
مەگەر تۆ نازانى
مەرگ خۆشترە لە چاوەڕوانى !
خۆ ئەزانى ؟
هیچ پەنجەیەک
لە نێو پەنجەکانم جێیان نابێتەوە
لێوم ، هى تۆ نەبێ
لە سەر هیچ لێوێک ناحەسێتەوە
ماندووم
هەرچەندە لە گەڵ ماندوێتى دا
ڕاهاتووم
بەڵام دڵم ،
تۆ تەنها ئەمشەو
ئەمشەو ببە میوانم
ئەمشەو زۆر شەکەتم بێ تۆ
وەرە و من شەوانە چاوەڕوانم
بەڵام قەد وا نەبووم
بۆچى ؟ نازانم
نۆ تەنها ئەمشەو
بە پشکۆى لێوت
گەرم بکەوە لێوى سارد و سڕم
من بە ماچێکى تۆ
نەک جارێ ، سەد جار
مەرگى پێ ئەکڕم
ماچێک بۆ تۆ هیچى تیا ناچێ
بەڵام من حەزم لێیە
با ژیانمیشى تیا چێ !
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|