١٦\٦\٢٠١٧
ھەتاکەی
تاڵانکردنی نیشتیمان؟

شوانە حەسەن ئەبوبەکر
لە ھەر کوێیەکی ئەم دونیایە بوایە حکومەتێک ھاوشێوەی ئەوەی ھەرێم، ئەم
ھەموو شکست و گەندەڵییەی تێدا رووبدات بە سەرۆک و جێگر و بەرپرسەکانی
دەبوایە دەستیان لە کار بکێشایەتەوە یاخود بەشێکیان ھەر دادگایی
بکرانایە. کە دەست لە کار ناکێشنەوە و دۆخی ھەرێم و خەڵکەکەی رۆژ بە
رۆژ لەسایەی ئەوانەوە خراپتر دبێت، ئەوا لە جیاتی ئەوەی ھەوڵی خۆ
چاککردن و چاکسازی بدەن، دێن بە بەڵێنی ناڕاست بۆ باشکردنی بژێوی خەڵک
و بە بەرنامەی وەھمی چاکسازی، خەڵک چەواشە دەکەن.
ئەم ھەموو سەرچاوەی; سامانی سروشتی، سامانی ئاو، خاکی بە پیت و جوانی
سروشت کە لە ھەرێمەکەماندا ھەن، تەنھا ئەگەر بە عەقڵێکی باش و دەستێکی
پاک مامەڵەیان لەگەڵ بکرابوایە، ئێستا دەبوایە یەکێک بین لە وڵاتە
دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە. جا نەک ھەر ئەوە نەکراوە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی
حزبی و بنەماڵەیی خۆیان، زۆر بێ ویژدانانە و نازانستیانە ھاتوون
مامەڵەیان لەگەڵ ئەم سەرچاوانەی داھات کردووە. بۆیە دەبینین ھەمیشە
مەترسی ئەوە ھەیە کە لە چرکە ساتێکدا فرۆکەخانەکانمان یاخود جوڵەی
بازرگانی خاڵە سنورییەکانمان بە ھەر ھۆیەک بێت لەکار بوەستن، مەترسی
ئەوە دێتە گۆڕێ کە ئەم حکومەتە نەتوانێت بۆ یەک مانگ ژیانی ئاسایی
درێژە پێبدات، کە بە دڵنیاییەوە دیسان ھەر زەرەرمەندی یەکەم خەڵک دەبێت
نەوەک حیزبەکان و بنەماڵەکانی خۆیان ، چونکە ئاشکرایە لە چەند ساڵی
رابردوودا، لە جیاتی لە خەمی دروستکردن و پتەوکردنی ژێرخانی ئەم ھەرێمە
بن، تەنھا لە خەمی زامنکردنی ژێرخانی حیزبی و بنەماڵەکانیان بوونە.
ھەموومان دەزانین بەھۆی نەزانی و گەندەڵی ئەم حکومەتەوە، تاکە سەرچاوەی
سەرەکی داھات لە بواری نەوت و گازە، بەڵام شکست و گەندەڵییەکانی ئەم
سێکتەرە و ئیمزاکردنی گرێبەستە ناشەفاف و نھێنییەکان لەگەڵ ووڵاتان و
قۆرخکردن و قەتیسکردنی مامەڵەی بازرگانی نەوت و گاز بۆ چەند کەسێکی
حیزب و بنەماڵە ، وایکردووە ئەم سەرچاوە گرنگەی داھات ھەمیشە روو لە
مەترسی بێت. دوا جوڵەی گوماناوی لەم بارەیەوە، ئیمزاکردنی گرێبەستە
لەگەڵ کۆمپانیا روسیەکان، کە ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا نە
پەرلەمان و نە خەڵکی کوردستان، یەک بڕگە و ماددەی گرێبەستە پەنجا
ساڵیەکەی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی تورکیایان نەبینیوە. حکومەتێک
ئەوەندە بێباک بێت و بە بێ شەرم رێککەوتن و گرێبەستی نەوتی لە پەرلەمان
و خەڵکی بشارێتەوە، ئەی گرەنتی چییە ئەو گرێبەستانەی کە لەم چەند رۆژەی
دواییدا لەگەڵ کۆمپانیا روسیەکاندا ئیمزایان کردووە، ھەمان چارەنوسی
ئەوانەی پێشوی نابێت کە لەگەڵ تورکیاو تەنانەت ئەوانەشی کە لەگەڵ
داناغازدا کراوە، نابێت !
جیاوازییەکی دیار لەنێوان ئەو رێککەوتنانەی کە لەگەڵ تورکیا و روسیادا
کراون ئەوەیە کە نوێنەری یەکێتی بە ئاشکرا و بە رەسمی بەشداری لە
کۆبوونەوەکان و ئیمزا کردن و گرێبەستەکانیان کردووە.
پێشتر و لە ئێستاشدا، بەشێک لە بەرپرس و پەرلەمانتارانی یەکێتی جار
جارە رەخنەیان لە رێککەوتنەکەی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ تورکیا دەگرت،
بەڵام جگە لە قسەی سەر شاشەکان ھیچی ترمان نەبینی، لە ھەمان کاتیشدا
بەشێکی تر لە بەرپرسە باڵاکانی ئەو حیزبە رایاندەگەیاند کە ئەوان
ئاگاداری تەواوی مەلەفی نەوتن. جا ئەوە زۆر کاری ئێمە نییە کەوا بزانین
یەکێتی ئاگای لێیە یاخود نا ! بەڵام لەوەی روسیا و ئەنجامدانی
رێکەوتنەکان یەکێتی بە روونی بەشدارە، بەشدارییەکەش لەکاتێکدایە کە
پەرلەمان با نایاسایی بەدەست شەریکەکەی لە حکومەت کە پارتییە پەکخراوە،
حکومەت ئیفلیجە،بۆیە سەرەڕای ئەوەی یەکێتیش بەقەد پارتی بەرپرسیار
دەبێت،پرسیاری ئەوەش دەکرێت کە چۆن لە دۆخیکی سەرگەردانی یاسایی و
سیاسی ئاوادا یەکێتی لەگەڵ پارتی بەشدار دەبێت !
سەبارەت بە دۆخی ناھەمواری خەڵکیش، ھەر ئەو حکومەتەیە کە دروستی کردوە.
وێڕای ئەوەش، ھەمیشە ئەم دۆخە ناھەموارە لەلایەن پارتی و یەکێتی
ئیستغلال کراوە بەوەی بەردەوام و ھەر رۆژەی بەڵێنێک دەدەن بۆ باشکردنی
بژێوی خەڵک و دڵیان خۆش دەکەن، لەلایەکی تریشەوە، نە بەڵێنەکان جیبەجێ
دەکەن، نە گەندەڵییەکان دەوەستێنن.
ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر
|