٢٠\١٢\٢٠١٠
هەڤاڵ عەلى یگیت/
بەڕێوەبەرى گشتى کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان:
ئێستا لە هەموو کاتەکان زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزیی و تەبایی و یەکێتى
نەتەوەییە.
هەڤپەیڤین: شێرزاد عومەر
کۆنگرەی
نەتەوەیی کوردستان KNK لە 24ی ئایارى ساڵی 1999 لە شاری ئامستردام
پایتەختی هوڵەندا بە بەشداریی 500 رووناکبیرو نوێنەرانی 16 حیزبو
رێکخراوی سیاسیو 13 کۆمەڵەو ناوەندی کۆمەڵایەتیو کولتووریی کورد
دامەزران، هێزەکان ئەگەرچی لە کۆنگرەدا بەشدار نەبوون و رەخنەیان لە
شێوەی دامەزراندنو بەڕێوەچوونی کۆنگرە دەگرت، بەڵام دژایەتییان لەگەڵ
بەرنامەو ئامانجی سیاسیی کۆنگرە نەدەکرد. بە دامەزراندنی KNK پرۆژەی
نەتەوەیی کورد گۆڕانێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیو نەوەیەکى نوێی
سیاسەتمەدار و ڕووناکبیرانی کورد بە پەیامی هاوبەشی نەتەوەیییەوە،
کراوەتر لە بەرنامەی تاکە حیزبو لە قەوارەیەکی سنوورپەڕێندا کەوتنە
خەباتەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دژایەتیی بەرنامەی هیچ کام لە
هێزە سیاسییە کوردستانییەکانی نەدەکردو وەک ئاڵتەرناتیڤی هیچ هێزێکی
سیاسی نەهاتە مەیدانەوە، بەڵام پێداگیریی لە سەر چارەنووسی هاوبەشو
ناسنامەی هاوبەشی نەتەوەیی کورد دەکرد. لە سەرەتای بەرنامەی کۆنگرەی
نەتەوەییشدا بە ئیشارە بە ڕابردووی تێکۆشانی نەتەوەی کورد بۆ
وەدەستهێنانی سەروەریی نەتەوەیی، هاتووە: "نەتەوەی کورد 40 میلیۆنەو
بە درێژایی مێژوو لە نشتیمانی بابو باپیرانیدا ژیاوە. ئێستا لە سەدەی
بیست ویەکەمدا نەتەوەی کورد هێشتاش لە ژێر دەسەڵاتی بێگانەدا ماوە.
کورد پارچە کراوەو بە هۆی ئەو دابەشکرانەوە لە سەرەتاییترین مافەکانی
بێبەش بووە. بەرنامەی ڕاگەیەندراوی کۆنگرە خەبات بۆ یەکیەتیی نەتەوەی
کورد بوو. بۆیەش داوای دەکرد کە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار هەبوونی گەلی
کورد بە ناسنامەی نەتەوەیی سەربەخۆیەوە بە فەرمی بناسن. پەیمانی ئاماژە
پێکراو بەرهەمی چوار رۆژکۆبوونەوەی بە شداران بوو و هەروەها 282نە فەر
بۆئەو ئەرکە نەتەوەییە هەڵبژێردران و سوێندی ئاساییان خوارد. دەقی
سوێندەکە "بەشەرەفم سوێند دەخۆم کە هەموو کات نیشتیمان و بەرژەوەندی
گەلی کوردستان بپارێزم، وخەبات بکەم بۆ پێشخستنی، وپابەندبم بەپەیمانی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان" لە دەرفەتێکدا توانیمان ئەم دیمانەیە
لەگەڵ بەڕێوەبەرى کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان ساز بدەین و لە نزیکەوە
ئەم پرسیارانەى ئاراستە بکەین:
*
تائێستا بۆ یەکگرتنى نێوان کوردان چیتان کردووە.؟
- ئێمە لە دەرەوەى وڵات لە
ئەوروپا چەند کۆنفرانسێکمان سازدا، لەوانەیە ئەو کۆنفرانسانە لە گوێرەى
داخوازییەکانى نێوان ئێمە نەبووبێ، بەڵام دیسان باش بوو چونکە بەلایەنى
کەم توانیمان کوردان لە یەکتر نزیک بکەینەوەو گفتوگۆ لە بارەى
پرسەکانەوە بکەین، کە ئەمڕۆى قۆناغى کورد چى پێویستە لەسەر ئەم
بنەمایانە ئەم کۆنفرانسانەمان پێکهێنا، ئێمە ئێستاش هەوڵ دەدەین کە
ئەمڕۆ کۆنفرانسێکى تر ئەنجام بدەین، ئەمڕۆ و کارو خەبات دانوستاندن
هەیە. ئومێدەوارم ئەمە بێتە دى چونکە لەو باوەڕەداینە کورد لە هەر چوار
پارچەى کوردستان زیاتر لە یەکتر نزیکەن و ئەمە داخوازى وانە، میللەتى
ئێمەش ئەمڕۆ لە هەموو کاتەکان هۆشیار تر بووە، سیاسەتى وڵاتانى هەرێمیش
ئەمڕۆ کە دەیانەوێت یارى بە چمکە سیاسیەکان بکەن و میللەتى پێ
هەڵخەڵەتێنن، کورد نەگات بە ئامانجە ستراتیژیەکانى خۆى، تەواوى ئەم
شتانە لەلاى میللەتەوە ئاشکران و زاندراوە، پاراستنى دەسکەوتەکانى
میللەتى کوردو خۆ بە خاوەن زانینى پارچەکانى ترى کوردستان لە ئەوەلیاتى
کارەکانمانە، بێگومان کەسێک دۆستایەتى میلەتى کورد بکات تەواوى ئەو
شتانە لەبەر چاو بگرێت، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ کورد خۆیان ببنە خاوەنى
خۆیان لەبەر ئەمانە ئەمڕۆ کارو خەباتى ئێمە بەردەوامە، بێگومان ئەمڕۆ
هەموو کورد لە هەموو دونیا باشوورى کوردستان بەهى خۆى بزانێت و وەکو
گلێنەى چاویش پارێزگارى لێ بکەن. چى پێویستە بۆ ئەم هەرێمە بیکات، چ
پارت و رێکخراو کۆمەڵە و چ شەخس یاخود رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى
یان کەسایەتى چالاکوانى سیاسى و رۆشنبیرى دەتوانن چ لە بوارى
کۆمەڵایەتى بێت یاخود سیاسى بێت، وەزیفەى نەتەوەیى خۆیان پێک بهێنن و
ئەو ئەرکەى لەسەر شانیانە جێ بەجێى بکەن. دواتر دەتواندرێ لە پارچەکانى
تریش چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە ئەمڕۆ بۆ داخوازییەکانى نەتەوەى
کورد شەڕ هەیە کە پێویستە ئەو شەڕە رابگیرێت، بۆ ئەوەى حاڵەتى ئاشتى
لەم وڵاتانە پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەى بە هەمان رێگەچارە بگەین بە ئامانجە
دوور و نزیکەکانمان بگەین، پێویستە خەبات و تێکۆشان و بێ وچانى بۆ
بکەین، ئێمە ناڵین لە ماوەى دەست بەکاربوونمان زۆر چاک بووین و ئیشى
باشمان کردووە و کارەکانمان بەبێ هەڵە تێپەڕیووە، ئەو ئیش و کارەى ئێمە
دەیکەین بە جدیەوە هەوڵى بۆ دەدەین لە پێناو هیچ بەرامبەرێکیش کارو
خەبات ناکەین، واتە لە پێناو بەرژەوەندى تایبەتى، ئێمە بۆ بەرژەوەندى
کوردو کوردستان کار دەکەین، برادەرانى نێو (KNK) بە هەمان شێوە کارو
خەبات دەکەین، ئەو ئامانج و دروشمانەى ئێمە هەڵمان گرتووە وەها ئاسان
نییە، بەڵکو شەو نخونى و کار و خەباتى بۆ دەوێ. بەڵام ئێمە زۆر بە بیرو
باوەڕ بەرامبەر بە کارو خەباتەکانى خۆمان و بە ئیرادەیەکى پۆڵاینەوە،
لەم پێناوەشدا ئێمە زۆر بە هیواوە دەڕوانیینە ئایندە چونکە لە یەکتر
نزیک بوونەوەکانى کوردان هەموو لایەکمانى دڵخۆش کردووە، گەلێک جار
سەرۆک کاک(مسعود بارزانى) سەرۆکى هەرێمى کوردستان چەخت لەسەر ئەوە
دەکاتەوە دەڵێت: هەتا من مابم لێناگەڕێم شەڕى نێوان کوردان دروست
بێتەوە، نابێت بە هیچ جۆرێک شەڕى برا کوژى دروست ببێتەوە، بەراستى ئەمە
شتێکى پیرۆزە، کە ئەمە داخوازى هەموو میللەتى کوردە، کە ئەو هەڵە
گەورانەى کە لە رابردوو روویاندا ببن بە ئەزموون و جارێکى تر دووبارە
نەبنەوە، ئەم ئەزموونە تاڵانە هەمیشە هۆکارێک بوونە بۆ یەک نەگرتنى
هەموو کوردان لە هەموو دونیا، بۆیە ئەمڕۆ هەموو کەس دەڵێ پێویستە ئەم
یەکێتیەى نێوان کوردان دروست بێت و پێویستە کورد یارمەتى دەرى یەکتربن
و ئێمەش ئەمرۆِ لە هەموو کاتەکان زیاتر بە هیواین. پێموایە ئامانجى
ئێوەش یەکێتى نەتەوەییە، ئامانجى ئێوەش ئەوەیە کورد لە یەکتر نزیک
بکەنەوەو کورد لە ژێر دەستى رزگار بکەن و ژیانێکى سەرفراز بۆ
میللەتەکەتان بهێتە دى. هەڵبەتە بە دەیان کەسایەتى نەمر لەم پێناوانەدا
خەباتیان کردووە و قوربانیان داوە، پێویستە ئێمەش درێژە بە رێگە و
رێبازى ئەوانەوە بدەین.
* لە ناوەندەکانى
سیاسى دەگووترێ کە ئەم رێکخراوەى ئێوە لە ژێر کاریگەرى پارتى کرێکارانى
کوردستان دایە، لاى ئەوانیشەوە هاوکارى دەکرێن..؟
- بەراستى من ئەوە بە هەڵوێستێکى
ناهەق دەزانم بەرامبەر بە (KNK) لەبەر ئەوەى ئەو کاتەى کە چووینە
دەرەوەى وڵات ئەو کاتە بوو ئەو کات لە باکوور پارتى ئێمە قەدەغە کراو
چالاکوانى سیاسى دەستگیر کران و دووچارى تیرۆرو رەشەکوژى بوونەوە، واتە
هیچ دەرفەتێک بۆ کار و خەبات نەمایەوە، تەنها دەرەوەى وڵات نەبێ، ئێمە
کە چووینە ئەوروپا ویستمان ئەو دەرفەتە بقۆزینەوەو بەبێ کارو خەبات
نەوەستین، هەروەها بۆ ئەوەى نەکەوینە نێو هەوڵدان بۆ ژیانى شەخسى، بە
پێویستمان زانى دەزگایەکى نەتەوەیى سەربەخۆ دروست بکەین و لەسەر ناوى
کورد کارو خەباتى خۆمان بکەین. لەو کاتە لە ساڵى 1994 کۆمیسیۆنێکمان
دروست کرد کە تەواى پارت و رێکخراوەکان و کەسایەتى سیاسى و رۆشنبیرى
تیایدا بەشدار بوون، کە کورد لە تەواوى وڵاتەکانى ئەڵمانیا و فەرەنسا و
بەلجیکا و هۆڵەنداو سوێد و نەرویج و فرلەندا...هتد، لەم کۆمیسیۆنە
بەشداربوون، بێگومان لە ناو ئەمانەشدا (PKK)هەبوو، واتە لەسەرەتاوە
تاوەکو ئەمڕۆ (PKK) هەموو کات پشتگیرى لە کارى نەتەوەیى کردووە، ئەمە
راستییەکە پێویستە ون نەکرێت و لەبەر چاو بگیرێت.
* بەڵام لە باکوور
هیچ کروپ و رێکخراوێک بەبێ روخسەتى (PKK) دروست نابێت و هەموو کروپ و
رێکخراوەکانى کوردانى ئەوروپا لە ژێر کاریگەر و فلتەرى (PKK)دان..؟
- لە باکوور زۆر شت دروست بووە
زیاتر 100 شارەدار هەیە و زیاتر لە 20 پەرلەمانتار هەیە، بە دەیان
رێکخراوى کۆمەڵایەتى و سیاسى هەیە، بێگومان ئەمە تێکۆشانێک دروستى
کردووە، نەک لە خۆیانەوە دروست بووبن، ئەمانە لە خاڵى سفرەوە دروست
بوونە، لەبەر ئەوە ئێمە لە سەرەتاى دروست بوونى (KNK) هەموو لایەکمان
بانگهێشت کرد هەر لەو کاتەوە حزبى زەحمەت کێشان و حزبى سۆسیالست و حزبى
شیوعى و زۆر کەسایەتى ترى سیاسى لە ناو دابووە کە ئەمڕۆ زۆربەى ئەم
کەسایەتیانە لە هەرێمى کوردستان ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەرپرسى
باڵان لە حکومەتدا، بەڵام هەر لە سەرەتاوە هەتاوەکو ئەمڕۆ (PKK) و
سەرۆکایەتیەکەى پشتگیرى لە (KNK) دەکەن، ئێمەش بە هەموو لایەکمان
دەگووت: فەرموو ئێوەش وەکو (PKK) پشتگیرى لە (KNK) بکەن بۆ ئەوەى
یەکێتیەک لە نێوان کوردان دروست بێ، وەرنە ناو کۆنفرانسەکەمان و لە
نزیکەوە یەکتر ببین و دیالۆگ و رەخنە و پێشنیار چۆن، واتە هەموو مرۆڤێک
ئازادە بێتە نێو کۆنفرانسەکە واتە ئەندامێکى (Pkk) ئازادە بێتە ناو
گۆنگرەکەمان یاخود ببێتە ئەندام لە کۆنگرەکەمان لە هەمانکاتدا کەسێکى
سەربەخۆش ئازادە ببێتە ئەندامى (KNK) لێرەوە هێز بۆ ئێمە گرنگ نییە،
بەڵکو دڵسۆزى بۆ ئێمە گرنگە، ئەگەر ئەندامێکى (PKK) ئەندام بێ دەبێ لە
چوارچێوەى سیاسەتى (KNK) دابێت، لەبەر ئەمانە (KNK) ئەمە بە پلات
فۆڕمێکى ئازاد دیموکرات دەزانم، چونکە ئێمە هەردوو ساڵ جارێک خۆمان نوێ
دەکەینەوە گۆنگرەى خۆمان ساز دەدەین، گۆنگرەى ئایندەشمان لە مانگى
ئایارى ساڵى (2011) ساز دەدەین، بەم بۆنەیەوە هەموو لایەکمان بانگهێشت
کردووە کە بفرموون بۆ کۆنگرەکەمان، ببینن کە دیالۆگ و رەخنە و پێشنیار
چۆنە، ببینن کە ئێمە چۆن تائێستا کارو خەباتمان کردوە، بۆ ئێمە هەموو
پارت و گروپ و رێکخراوێک موڵکى کوردانە و هى ئێمەیە، زۆرینەى
رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی و چالاکوانانى سیاسى لەگەڵ ئێمەن و
پشتگیرى لە ئێمە دەکەن، ئێمەش ئەوە بۆ ماوەى چوار ساڵە کار و خەبات و
تێکۆشانمان درێژە پێ دەدەین، بۆیە هیچ ماناى نییە بگووترێ کە ئێمە لە
ژێر کاریگەرى و فلتەرى (PKK)دابین.
* پەیوەندى و
نزیکایەتى ئێوە لەگەڵ پارت و گروپە سیاسیەکانى کوردستان بە تایبەتى
پارتى و یەکێتى و گۆڕان چۆنە..؟
- پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو حزبە
کوردستانیەکان باشە بە تایبەتى لەگەڵ پارتى و یەکێتى و کۆمەڵ و حزبى
سۆسیالست و حزبى زەحمەت کێشان و حزبى شیوعى و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى
مەدەنى و کەسایەتى رۆشنبیرى و...هتد. تێکەڵاوى و دانوستاندنمان لەگەڵ
هەموو لایەن و کەسایەتیەکانى تر هەیە. چونکە لە سەرەتاشدا گووتم:
ئامانجى ئێمە یەکێتى گەلى کوردە و ئێمەش بە تەنیا ناتوانین ئەو بارە
گرانە بخەینە سەرشانى خۆمان و هەڵى گرین.
* ئایا هیچ خواستێکی
وان هەیە بۆ ئەو یەکێتیە نەتەوەییەى کە ئێوە بانگەشەى بۆ دەکەن..؟
- بەڵێ هەموو لایەنەکان خواستیان
لەسەر ئەمە هەیە، لە سەرەتاشدا گووتم: ئێمە بێ هەڵەو بێ کەموو کوڕى
نیین، ئێمە ناڵێین ئێمە شتى زۆر باش و چاکمان کردووە، یان تەنها ئێمە
بووینەتە هۆکارى ئەم یەکێتەیە، بەڵام هۆکارێکى یاخود پاڵنەرێکى ئەم
دیدگایە بووینە، ئێمە نامانەوێ هەموو لایەنەکان بە ناچارى ئێمە قبوڵ
بکەن، ئەوەى دەبێتە ئەندام یان نابێتە ئەندام ئەوە ئازادە، دەتوانێ
وەکو چاودێرێک بەکارو خەباتەکانى ئێمە بڕوانێ، با رەخنە و پێشنیارەکانى
ئاراستەى ئێمە بکات بۆ ئەوەى ئێمەش رێڕەوێکى راست تر بگرینە بەر بۆ
کورد و کوردستان.
* ئەداى حکومەتى
هەرێمى کوردستان چۆن دەبینن و چۆن هەڵیدەسەنگێنن..؟
- لە راستى ئێمە سەرکەوتن بۆ
حکومەتى هەرێم دەخوازین، تەواوى داخواز و ئامانجى ئێمە ئەوەیە حکومەت
بۆ گەلى ئێمەى باشوور ئەو گەلەى کە زۆرترین شەهید و ئەنفال و
کیمیاباران کراوەو زۆرترین زوڵم و زۆرى و چەوسانەوەى چێشتووە کە
بەراستى ئەم گەلە زۆرترین خزمەتى بە نەتەوەکەى کردووە بۆیە شایەنى
هەموو کارێکى باشە، بێگومان بەڕێوەبردنى وڵاتێکیش کە لە دەست پێکدا بێت
لە نەبوونەوە هاتبێتە وجوود ئەرک و کارەکانى سەرشانى زیاتر دەبێت و
گرانترە، یاخود تۆ بڵێى ئەوە حکومەتى هەرێم چەند ساڵە حکومەتە کێشەکانى
چارەسەر نەکردووە و گرفتەکان وەکو خۆى هەڵواسراوە، ئەمە قسەیەکى دروست
و راست نییە، بۆ نموونە: ئەو وڵاتانەى کە لە سیستەمى کەپیتاڵیزمەوە
خزانە ژێر چەترى کۆمۆنیزم لە چوار چێوەى یەکێتى سۆڤیەت جێگیر بوون،
وەکو وڵاتێکى تازە دروست بوو هەتاوەکو ماوەى (15)ساڵان گێژبوون بەدەست
گرفت و کێشەکانەوە نەیاندەزانى چى بکەن، بەڵام ئەمڕۆ لێرە کارو
خەباتیان هەیە کە بە گوێرەى خواستى ئێمە نییە، بەڵکو پێویستە زیاتر
هەوڵدانى بۆ بدرێ، نەک تەنها حکومەت پێویستە هاوڵاتیان و رێکخراوەکانى
کۆمەڵگاى مەدەنیش هاوکار و یارمەتى دەرى ئەو حکومەتە بن، پێویستى
حکومەت بە تەنها بەجێ نەهێڵن، ئێمە زۆر جار لەگەڵیان دادەنیشم هەمان
قسە بەو کەس و لایەنانە دەڵێم، چونکە ئەمڕۆ زۆرترین کۆمەڵە و رێکخراو و
گروپ هەیە لە کوردستان و لە پارچەکانى ترى کوردستان و هەتا لە
ئەوروپاش، کە هەموومان دەتوانین ئیشى زۆر زیاتر و باشتر بکەین نەک بە
قسە بەڵکو بە پراکتیک، پێویستە ئێمە هەموومان خۆمان بە خاوەنى حکومەتى
هەرێمى کوردستان بزانین، پێویستە بە هەموو شێوەیەک هاوکارى ئەم حکومەتە
بین، لەوانەیە بڵێین حکومەت لە کابینەى خۆیدا هەموو شتێک بکات و 100%
بەڵێنەکانى بگەیەنێتەجێ، بەڵام ئەگەر پشتگیرى و هاریکارى هەموو لایەک
بۆ ئەو حکومەتە هەبێت ئەوە کارەکان وەکو یەک بەرێوەبچێ، لێرەوە ئێمە
داوا لە حکومەت دەکەین کە پشتگیرى کوردان بکات لە هەموو دونیا، ئێمەش
هیواى سەرکەوتن بۆ حکومەتى هەرێم دەخوازین و زیاتر خزمەتى گەل بکات.
*
لە کاتێکدا بە هەزاران کوردى خاوەن ئەزموون و بڕوانامە و کوردى
سەرمایەدار هەیە، ئێوە تاچەند توانیوتانە ئەم کوردانە بهێننە کوردستان
و ببنە پردێک بۆ ئەوان و تاوەکو بە ئەزموون و سەرماییەکانیان خزمەتى
هەرێمى کوردستان بکەن..؟
- هەڵبەت ئامانجى ئێمە بۆ یەکێتى
نەتەوەیى تەنها لە رووى سیاسى نییە، بەڵکو دەخوازین ئەم یەکێتیە یاخود
تۆخ کردنەوەى ئەو برایەتیەى نێوان کوردان لە بوارى رۆشنبیرى و فەرهەنگى
و ئابوورى و ...هتد، بێت بۆ ئەوەى بتوانین پردێکى برایەتى توندو تۆڵ لە
نێوان پارچەکانى کوردستانى تر دروست بێت.
*
وەکو دەزاندرێ ئەمڕۆ بە سەدان کۆمپانیاى تورکى و ئێرانى و عەرەبى
گوماناوى لە ژێر ناوى کۆمپانیا لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن ئێوە چۆن
ئەمە هەڵدەسەنگێنن، ئایا ئەمە هەڵەى حکومەتە یاخود لاوازى ئینتیماى
نەتەوەیى کوردانە..؟
- بێگومان حکومەتى هەرێمیش
پێویستە لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى دانووستاندن و پەیوەندى هەبێ، ئەمڕۆ
هەڵوێستى تورکەکان بەرامبەر بە کوردان زۆر روون و ئاشکرایە، نەک تەنها
بەرامبەر بە کوردى باکوور، دەمەوێ تەنها گووتەیەکى (سلێمان دیمرال)تان،
وەبیر بهێنمەوە، کە دەڵێت: ئەگەر کورد لە ئەفریقاش دەسکەوتێکیان بە
دەست هێنا ئەوە پێویستە ئێمە لێیان تێک بدەین. دەبێ ئێمە ئەو راستیە
هەمیشە لەبەر چاو بگرین، ئێمە ناڵێین با دانوستاندن و بازرگانیان لەگەڵ
نەکەین، بەڵکو دەڵێین بە وردیى مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، ئەمڕۆکە
دەبینین(فتحوڵا گولەین) کۆمەڵێک ناوەندى خوێندنى کردۆتەوە لە هەرێم
بەگشتى و لە پایتەخت بە تایبەتى، بە ناوى ئیسلامگەرایى و خێرخوازى و
زانست خوازى، ئەمانە ئاییندەیەکى زۆر ترسناکیان هەیە پاشەرۆژى ئەمانە
لە داهاتودا دەبیندرێت، لەوانەیە ئەمڕۆ بڵێین ئەوانە منداڵەکانى ئێمە
فێرى زمان و زانست دەکەن، بەڵام پێویستە لەسەریان زۆر وشیار بین، لە
ژێر کۆنتڕۆڵ دابن، بەیانى ئەگەر هاتوو لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچوون، ئەو کات
ناتوانین بەریان لێ بگرین، چونکە دوور نییە لە ئاییندەدا ناکۆکى و
دووبەرەکى لە نێوان کورداندا دروست ببێ، بۆیە پێویستە دەرفەتیان پێ
نەدرێ، کورد ئێستا بەهەزاران سەرمایەدارو بازرگان و خێرخوازى هەیە،
لەوانەیە زۆر کوردى سەرمایەدار و خێرخواز لە ژێر ناوى کوردەوە
هاتوونەتە ئەو هەرێمە، کارى ناباش و سەختەییان کردووە و خەڵکیان لە
خشتە بردووە، ئێمەش ئەو شتانەمان بیستووە، بۆیە ئەو جۆرە کەسانە ریسوا
دەکەین، چونکە هەرێمى کوردستان تەنها هى ئەوە نییە قازانجى تێدا بکەى،
بەڵکو لە پاڵ ئەو قازانجە خزمەتى حکومەت و ئەو میللەتە بکەیت، ئەمڕۆ لە
باکوور بەهەزاران کوردى وڵات پارێز و دڵسۆز هەیە، کە ساڵەهاى ساڵ
پشیگیریان لە کوردى باشوور کردووە، من سەدان مرۆڤ لە ناوچەکەى
خۆم(موسەیبین) دەناسم هاوکارى ماددى و مەعنەوى پێشمەرگەیان کردووە،
ئێمە ناڵێین لە کاتى ئەنفال و کیمیاباران و کۆچ رەودا خەڵکى باکوور چۆن
نان و جلوبەرکى خۆیان پێشکەش بە برا کوردەکانى باشوور دەکرد، ئەم شتانە
منەت نییە بەسەر کوردى باشوور شەرمە مرۆڤ ئەم شتانە بە چاو دابداتەوە و
باسى بکات، بەڵام پێویستە چ حکومەتى هەرێم و چ کوردانى باشوور ئەو
شتانەیان لەبەر چاو بێت و ئەمڕۆ بە هاناى برا کوردەکانیان بێن لە
پارچەکانى تر.
* بە بۆچوونى تۆ
حکومەت لە هەبوونى ئەو کۆمپانیا سیخوڕیانەى لە شێوەى(فتحوڵە گولەین) بێ
ئاگایە..؟ حکومەت درک بەو راستیە مێژوویە ناکات لە هەمبەر کوردى
پارچەکانیتر..؟
- ئێمە ناڵێین نابینێ، بەڵام
پێویستە هەندێک بایەخ بە کوردان بدات، چونکە ئەمڕۆ ئێمە دەبینین
کۆمپانیاى هەرە گەورە لە کوردستان کار دەکات هى تورکانە، لە هەمان
کاتدا کۆمپانیاى کوردى لە هى ئەوان دەوڵەمەنتر هەیە لە ئەستەمبۆڵ و
ئەزمیرو مەرسین، کۆمپانیاى زۆر زۆر دەوڵەمەنترى کوردان هەیە، ئەمڕۆ
ئابوورى و بازرگانى تورکیا لەبەر دەستى کوردانە، ئێمە چەندین جار ئەم
راستیەمان بە برادەرانى حکومەت و پەرلەمانتاران گووتووە.
*
ئەمرۆِ کاریگەریەکى زۆر مەترسى شەڕى براکوژى بەسەر هەست و نەستى
کورداندا زاڵە و ماوە بەتایبەتى کوردانى باکوورى کوردستان، ئێوە وەکو (KNK)
چیتان کردووە بۆ رەواندنەوەى ئەو کاریگەریە نێگەتیڤەى شەڕى براکوژییەى
ساڵانى رابردوو..؟
- بێگومان تێکەڵى ئێمە بە میللەت
زۆر توندو تۆڵە، لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوەکانماندا ئێمەش دەخوازیین ئەم
کاریگەرییە خراپە بڕەوێنینەوە بەسەر هەست و بیرى میللەت، بەڵام
دیسانەوە میللەتیش ئەو پرسیارانە لە ئێمە دەکات، ئێمەش بە گوێرەى
زانایى و وشیارى خۆمانەوە وەڵام دەدەینەوە، ئێمە لەو باوەڕەداین ئەوسا
لەبەر لێک حاڵى نەبوونى دیالۆگ و دانووستاندن و تێکەڵاوى ئەم رەوشە
هاتە پێش، لە کاتێکدا ئەم شتانە نەبێت هەڵبەتە رووداو کارەساتى
نێگەتیڤى لێ دەکەوێتەوە، زۆر مخابن ئەو رووداو کارەساتانە و دروست بوون
و تێپەڕین، گرنگ ئەوەیە ئەمڕۆکە بتوانین ئەو رووداو کارەساتانە دروست
نەبنەوە، منیش لەو بڕوایەدام ئەم کاریگەریەى کە ئێوە باسی دەکەن ئەمڕۆ
لاواز بووە، پێویستە بیر لەوە بکەینەوە وەکو کورد کەچى بکەین کە بۆ
ئەوەى ئەو مێژووە تاڵە دووبارە نەبنەوە، ئێمە دیالۆگى نێوان کوردان
توندو تۆڵ بکەین، برایەتى نێوان کوردان پتەوتر بکەین بۆ ئەوەى دوژمنان
و داگیرکەران لە هیچ درزێکەوە نەخزێنە ناو ریزەکانمانەوە، لێرەوە لە
رێى ماڵپەڕەکەى ئێوەوە پەیامى خۆمان ئاراستەى نەتەوەى کورد دەکەین، با
هەموو لایەک خۆى بە بەرپرس ببینێت و رۆڵى خۆى ببینێ و بڵێت: من وەکو
کوردێک یاخود وەکو خەبات گێڕێکى کورد هەرچى ئەرکى لەسەر شانمە جێ بەجێى
دەکەم. لە پێناو برایەتى و یەکێتى و پێشکەوتنى ئەمانە، کە ئەمانە
بنەماى سەرەکى دووبارەنە بوونەوەى ئەزموونە تاڵەکانە.
*
ئەمڕۆ لە نێوان شۆڕشوانانى باکوورو دەوڵەتى تورک شەڕێک لە ئارا دایە،
لە حاڵەتى ئاگربەستدا، ئەگەر ئەم ئاگربەستە کۆتایى هاتوو و شەڕ دروست
بۆوە بە بۆچوونى ئێوە ئەم شەڕە تاچەند پێگەى حکومەتى هەرێم لە ناوچەکە
لاواز دەکات و تاچەند کاریگەرى نێگەتیڤى بۆ سەر باشوورى کوردستان دەبێت
چونکە زۆرینەى شەڕەکان لەسەر هەرێمى کوردستانە..؟
- ئەمڕۆ شەڕێکى سەرتاسەرى لە
ئارادایە، نەک تەنها لەسەر سنوورەکان بەڵکو لە شارە تورکیەکان و لە
شارەکانى باکوورى کوردستان و بەڵام تورک هەمیشە ئەمە دەکەنە مەهانە، بۆ
ئەوەى فشارى زیاتر بخەنە سەر هەرێم بۆ وەدەستێنانى دەستکەوت، لە
کاتێکدا ئەو چالاکییە سەربازیانەى کە لە نێو تورکیا ئەنجام دەدرێن لە
کوێوە دێن ئایە ئەمەش لەسەر سنورەکانە، کێشەکە ئەوە نییە کێشەکە ئەوەیە
تورکیا دەیەوێت کێشە و ململانێ بخاتە نێو کوردانەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەو
ئاگربەستەى راگەیاندراوە پێویستە وەڵامێکى بدرێتەوە، هەڵبەتە ئەگەر
وەڵامیشى نەدرێتەوە، هەڵبەتە دیسانەوە شەڕ دروست دەبێتەوە، هەمیشە لە
لاى کوردانەوە شەڕ دادەگیرێت، لە دواهەمین جاریش دیسان دەستپێشخەرى
کوردان.
*
بەڵام دیسانەوە تورکەکان وەڵامیان نەدایەوە..؟
- بەڵێ وایە وەڵامیان نەداوەتەوە،
ئەمەش چەندین جارە ئاگر بەست دروست دەبێتەوەو شەڕ دروست دەبێتەوە
ئۆپراسیۆنیەکان بەردەوام دەبن، کەچى لەلایەن تورکەکانەوە هەمیشە ئەو
دەست پێشخەریە بێ ئەنجام دەرچوون، هیوادارین وەڵامێک بدرێتەوە ئەمجارە
وەڵامێک بدرێتەوە، شەڕ بوەستێت چونکە وەستاندنى شەڕ لە بەرژەوەندى
هەموو لایەک داییە.
*
بە بۆچوونى تۆ پێت واییە
شەڕ لە بەرژەوەندى کورد دابێت ئەمڕۆ..؟
- دواى 26ساڵ شەڕ ئەمڕۆ
پێشکەوتنێک هاتۆتە ئاراوە، بەڵام دیسانەوە شەڕ پرسەکانى چارەسەر
نەکردووە ئەگەرچى ئەمڕۆ (AKP) دەیەوێت هەندێک هەنگاوى ئیجابى باوێژێ،
بەڵام زوو پەشیمان دەبێتەوە، ئەوانیش هەمان دروشمە سواوەکان دەهێننەوە
زمان، لەسەر هەمان رێبازى یەک ئاڵا یەک دەوڵەت یەک میللەت سیاسەتەکانى
نکۆڵى کردن بەرێوەدەبەن بەم شێوەیەش هیچ پێشکەوتن و گۆڕانکاریەک نایەتە
ئاراوە، بۆ هەڵگیرساندنەوەى شەڕ کوردان ناچارن پەنا بۆ شەڕ ببنەوە،
ئەگەرچى شەڕ خواست و ویستى کوردان نییە چونکە هیچ کاتێک شەڕ بە
ئامانجەکانمان ناگەینێت، دواجار هەر دەبێت لەسەر مێزى دیالۆگ بە
ئاشتیانە پرسەکان چارەسەر بکرێت.
*
کێ هاوکارى ماددى ئێوە دەکات..؟ئایا هیچ بودجەیەک لە حکومەتى هەرێمى
کوردستانەوە وەردەگرن..؟
- زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە کە
زۆرم پێ گرنگە، ئێمە هاوکارى لە گەلى خۆمانەوە وەردەگرین، واتە بە
ئابوونەى کوردانى ناوەوەو کوردانى ئەوروپا هاوکارى ماددى دەکرێین، لە
دەرەوەى ئەمانە هیچ کەس و لایەنێک هاوکارى ئێمە ناکەن.
* تەنانەت حکومەتى
هەرێمیش هاوکارى ماددیتان ناکات..؟
- نەخێر حکومەتى هەرێمیش هاوکارى
ماددیمان ناکات ئێمەش داوامان لێ نەکردوون، بەتەنها بەو هاریکاریەى
گەلى کورد لەسەر پێى خۆمان وەستاوین، تەنانەت ئەوانەى لەم دامەزراوەش
خەبات دەکەن بەبێ بەرامبەر ئیش دەکەن و چاوەڕوانى هیچ بەرامبەرى
مادیەکیش ناکەن، هیچمان خاوەن مووچە نین و لە پێناو مووچەش ئیش ناکەین،
زۆر پڕوپاگەندەى وا دەکرێت کە گوایە ئێمە هاوکارى ماددى دەکرێین
لەلایەن پەکەکەوە. ئێمە لە باشوور کارو خەباتى خۆمان ئەنجام دەدەین
بەبێ هیچ کێشەیەک چونکە کوردستان ئارامەو هیچ کەسێک رێگریمان لێ ناکات.
* کەوایە بۆچى هیچ
تابلۆیەکى کۆمەڵەکەتان و هیچ ئاڵایەک لەسەر بارەگاکەتان نییە وەکو ئەوە
وایە بارەگاکەى ئێوە نهێنى بێت..؟ ئەگەر ئەمە لە ترسان نەبێ چ مانایەکى
تر دەبەخشێ..؟
- ئێمەش نامانەوێ حکومەتى هەرێم
دووچارى رەخنە و فشار ببێتەوە لەلایەن ناحەزانى کوردەوە، چونکە کورد
هەرچى دەبینن کە ئاڕم و نیشانەى کوردبوونى پێوە دیار بێ وەکو ئەو
گاییەیان لێ دێ کە لە ڤیستیڤاڵەکانى ئیسپانیا بە جوڵە پێ کردنى پەڕۆیە
سوورەکان شێت و هار دەبن، ئێمە نامانەوێ ببینە هۆى دروست بوونى کێشەو
گرفت بۆ حکومەتى هەرێم.
* بەڵام لە هەرێمى
کوردستان بنکە و بارەگاى هەموو گروپ و رێکخراو پارتە سیاسیەکانى هەموو
پارچەکانى کوردستان هەیە بەبێ ئەوەى کەس رێگریان لێ بکات زۆر بە
ئاشکرایش ئاڵا و دروشمەکانى خۆیان بەرز کردۆتەوە بۆچى تەنها ئێوە نەبێ..؟
- لەبەر ئەوەى ئێمە داواى مافى
نەتەوەیى کوردانى هەموو دونیا دەکەین، نەک یەک پارچە بە تەنیا، کە
ئەمەش بەلاى داگیرکەرانى کوردستانەوە، تاوانى هەرە گەورەیە، چونکە
داگیرکەران دەڵێن: بڕۆ تۆ چى دەکەى بیکە، دەبیە ئیسلامى دەبیە کۆمەنیست
دەبیە بازرگان، بەڵام تەنها باسى کوردایەتى مەکە. نزیکى کوردایەتى
مەکەوە، ئێمەش ئەمڕۆ نزیکى کوردایەتى بووینە و بە نەزەرى ئەوان ئێستا
ئێمە تاوانبارى گەورەین.
*
میدیاى کوردى چۆن دەبینن لە باشوورى کوردستان..؟
- میدیاى کوردى باشە ئیمکانیاتى
باشى لە دەست دایە، بەڵام دیسان رەخنەى گەورەمان لەسەر میدیاى کوردى
هەیە کە خۆیان لە پرسە نەتەوەیەکان بە دوور دەگرن، رۆژانە بە دەیان کەس
لەلایەن سووپاى تورکیاوە دەکوژرێن و زیندانى دەکرێن و بە هەزاران کورد
لە سوریا دەخزێندرێنە ناو زیندانەکانى بەعس و بە دەیان گەنج لەسەر کورد
بوونیان لە ئێران لە سێدارە دەدرێن، کەچى میدیاى کوردى لە هەموو ئەو
شتانە بێ دەنگ بوون، کە سەیر دەکەم لێرە تەلەفزیۆنە کوردیەکان زۆر شت
هەیە نایڵێن و پیشانى نادەن بۆ ئەوەى تورکەکان توڕە نەبن، پێشوو کوردى
باکور بە هەموو شێوەیەک هاوکارى کوردى باشووریان کرد بۆ هێنانە ئاراى
ئەم هەرێمە ئازادە و ئەمڕۆش هەموو کوردانى دونیا چاویان بڕیوەتە هەرێمى
کوردستان و کوردانى باشوور کەچی میدیاى باشووریش هیچ ئاگایان لە رەوشی
کوردانى پارچەکان نییە و باسیان ناکەن، بەراستى ئێمە زۆر رەخنە لەو
میدیایانە دەگرین و لە زۆر چاوپێکەوتنیش ئەوەم باس کردووە بۆیە ئەمڕۆ
لە رێگاى ئەم هەڤپەیڤینەشەوە جارێکى تر بانگى نووسەر و رۆشنبیر و
رۆژنامەوانانى باشوورى کوردستان دەکەینەوە و کە خۆیان دوورە پەرێز
نەگرن با پرس و مەینەتى براکوردەکانیان لە پارچەکانى تریش ببینن، با
ئەو راستیە ببینن کە ئاکەپە نزیکتر نییە بەڵکو کورد نزیکترە بۆیە با
بێن باسی کورد بکەن نەک هەواڵێک کە پەیوەستە بە ئاکەپە ئەوان ئیبرازى
بکەن، با باسی راستیەکانى سیاسەتى هەڵخەڵەتاندنى ئاکەپە بکەن نەک
ئاکەپە بە راست بزانن، با بەراستى بڵێن کە ئاکەپە نزیکى چێ ناکە بە
باشوور و حکومەت و حیزبەکانەوە، لێرەوە بە ئومێدین کە میدیاى کوردى ئەم
رێچکە و سیاسەتەى خۆیان بگۆڕن.
*
لەباشوور هەموو میدیاکان سەر بە حکومەتى هەرێم و حیزبەکانى باشوور نین،
بەڵکو میدیاى حیزبی هەیە، میدیاى سێبەر هەیە، میدیاى سەربەخۆ هەیە،
میدیاى ئۆپۆزۆسیۆن هەیە، ئەگەر میدیاى حیزبی و حکومى تەحەفوزاتى هەبێت
خۆ میدیاکانى تر تەحەفوزاتیان نییە، بە راى تۆ ئەوان بۆچی خۆیان بە
دوور دەگرن..؟
- پێویستە هەموو لایەک باس لەو
مەینەتیانە کوردانەوە بکەن، کاتێک لە ساڵانى 90 و 91 ئەو هەموو زوڵم و
زۆریەى دەهاتە سەر کوردان لە باکور، کە هەر رۆژ چەندین مرۆڤى کورد
شەهید و زیندانى و ئەشکەنجە دەکران و چەندین گوندى کورد دەسوتێنرا و
دەڕوخێنرا کەسێک نەبوو شتێک بنووسێت نە میدیاى ئەوروپا و نەکەسیتر،
کەچی لە فەڵەستین شتێکى زۆر بچووکیش رووى بدابایە هەموو عەرەبێک لە هەر
کوێیەک بوایە هەڵوێستى خۆی بە نووسین و گووتن دەردەبڕی، لە زوودا
رۆژنامەى ئازادیا وەلات و ئوزگور گوندەم هەبوو داخران و بۆمبیان خستە
بارەگاکەیانەوە و هەوڵی تیرۆرکردنیان درا و رۆناکبیرى نەتەوەى
کورد(مامۆستا موسا عەنتەر) تیرۆر کرا کەس باسی نەکرد، ئەمڕۆ ئێمە
دەبینین باشوورى کوردستان ئازادکراوە ئەوەندە رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ
و تەلەفزیۆنە هەیە کە مەرج نییە میدیاى حزبی بێت، خۆ میدیاى حزبیش
کوردستانیە و هى کوردانە دەى با ئەرکى سەرشانى خۆی هەڵبستێ، بەڵام
دیسانەوە ئێمە بە ئومێدین.
*
دوا پەیامت بۆ خوێنەرانى ماڵپەڕەکەمان چییە..؟
- لە رێگاى ماڵپەڕەکەتانەوە
پەیامى خۆمان ئاراستەى هەموو خوێنەران دەکەین و داواکارین لە هەموو
لایەک لە هەموو کوردە دڵسۆزەکان و نیشتمان پەرەرەکان، ببنە خاوەنى
دەسکەوتەکانى خۆیان و خۆیان بە خاوەنى وڵاتەکەى خۆیان بزانن، بۆ یەکێتى
نەتەوەیى کار بکات چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانى با بە دڵسۆزانە ئەرکەکانى
سەر شانى جێ بەجێ بکات، چونکە ئەمڕۆ گەیشتووینەتە قۆناغێکى زۆر باش، لە
رووى لێک حالیبوون و دانووستاندن و هەستى نەتەوەیى، با هەرکەس بۆ
برایەتى و یەکێتى کارو خەبات بکات بۆ ئەوەى رۆژە رەشەکان دووبارە
نەبنەوە، لێرەوە سڵاو ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین،
هەروەها زۆر سوپاس بۆ ماڵپەڕەکەى ئێوەش کە ئەو دەرفەتەتان بۆ رەخساندین
تا لە نزیکەوە رێچکە و رێباز و بۆچوونەکانى کۆنگرەى نەتەوەیی
کوردستانتان پێ ئاشنا بکەین.
ماڵپهڕی شێرزاد عومهر مهحمود
|